شەڕی هاوپیشەکان لە کایەی شانۆدا

(کاتێک ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی یەکتری جێگەی ڕەخنە و کاری شانۆیی دەگرێتەوە)

5 ساڵ لەمەوپێش



 ئامانج عەبدوڵا

دەمەوێت ڕاستەوخۆ و بە بێ هیچ پێشەکییەک بچمە ناو باسەکەوە، کە ئەمەیە: یەک لە سەرەکیترین و یەکەمین خاڵ لە ریزبەندی گرفتەکانی شانۆ لە باشوری کوردستاندا شانۆکاران خۆیانن. پشت بەست بە بینینی هەمان گرفت و دیاردە لە ئەزموون و کارە شانۆییەکانی سەر بە گرووپ و کۆمەڵە جیاوازاکانی ناو ئەو مێژووە کورتەی شانۆ لە کوردستاندا، ئەو ڕاستییەت بۆ دەردەکەوێت کە ڕێژەیەکی زۆری شانۆکاران چەندە هەوڵیان داوە بۆ بەرهەم هێنانی کاری شانۆیی و بە زیندو هێشتنەوەی ئەم هونەرە ئەوەندەش هەوڵی سڕینەوە و قبوڵ نەکردنی کاری هاوپیشەکانی خۆیان داوە.

ئەگەرچی مێژووی  دروست بوونی ئەم دیاردەیە لە ئاستی جیاوازدا بە تەریبی لەگەڵ بەردەوامی ڕەوتی شانۆ لە کوردستاندا  ڕاستەوخۆ  یا ناڕاستەوخۆ بوونی هەبووە و بەشێوەیەکی نێگەتیڤ لەسەر پڕۆژە و ئەزمونە شانۆییەکان  بەردەوام ئامدەیی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بە ئەندازەیەکی ئێجگار گەورە و دیار لەناو شانۆکاراندا بوونی هەیە و ڕۆژ لە دوای رؤژ بەرەو سەر هەڵدەکشێت.

هەڵبەت چەندین هۆکار و هێڵی ڕێخۆشکەر لەپشت ئەم دیاردەیەوەن، کە هەریەکەو بە ئەندازەی خۆی یارمەتی دەر و دروستکاری ئەو دۆخەن. من لێرەدا و بەپێێ تێگەیشتنی خۆم و پشت بەست بە بینین و بەدواداچونم بۆ ئەزمونی جیاوازی وڵاتانی پێشکەوتوو باس لە بەشێک لەو هۆکار و  دەرئەنجامانە دەکەم کە لە پشت ئەم دیاردەیەوەن.

  • نە بوونی رەخنەی دروست و زانستی و پڕکردنەوەی بۆشایی ڕەخنەی شانۆیی لە ڕێگەی  سۆشیال ـ میدیا بە گشتی و فەیسبوک ـەوە بەتایبەتی.

لە ئەنجامی نەبوونی کەسانی پسپۆڕ لە بواری رەخنەی شانۆدا کە بتوانن بە شێوەیەکی پیشەیی و دروست و دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەزمون و کارە شانۆییەکان بنوسن، بەشێک لە شانۆکاران یاخود ورد تر بڵێم کەسێک یان چەند کەسێک لەهەر گروپ و کۆمەڵەیەک دەست دەکەن بە نوسین و شیکاری جیا جیا و لە سەر دیواری فەیسبوکەکانیان بڵاوی دەکەنەوە. وە بەداخەوە بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە بابەتی زۆر خراپ و بێ ئەندازە نا هونەرین و ناتوانیت وەک بابەتی ڕەخنەیی سەیریان بکەین. چونکە بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە لەسەر بنەمای ڕەخنەی شانۆیی نە نووسراون، زیاتر ریزکردنی ووشە و ڕستە دەچن لە شێوەی پەخشاندا کە هیچ بەهایەکی هونەری ڕەخنەسازیان تێدا نیە. وە زۆر جار نوسینەکان لە چێوەی دووری و نزیکی   کەسەکان لەیەکتری و لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بونیات دەنرێن و جۆرێک لە ستایش یا شکاندنی تێدایە.  ئەمەش دەبێتە گرێیەکی دەرونی و کەسی لە بارەوە نوسراو وەڵامی کەسی نوسەر دەداتەوە، ئیتر لەوێوە شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو جۆرێک لە گفتوگۆ و قسەکردن کە شیاوی وتن و نووسینی کەسی شانۆکار نییە.

خۆ ئەگەر بابەتێکی ئاست بەرزی رەخنەییانەش لە لایەن شانۆکارێکەوە لەسەر کارێکی شانۆیی بنوسرێت و سیما و بنەماکانی هونەری رەخنەسازی تێدا بەرجەستە بێت، ئەوا لە کۆتایدا هەر وەک دژایەتی یاخود ستایش کردن دەخوێنرێتەوە! واتە هێشتا بەشی هەرە زۆری شانۆکاران  لە بازنەی ستایشکردن یان ڕەتکردنەوەدا خوڵ دەخۆن و توانای بەرهەم هێنانی ڕەخنەیەکی دروست و بونیاتکاریان لەسەر کارە شانۆییەکان نییە.

لێرەوە و بۆ خاڵی یەکەم، دەبێت بگەینە دەرئەنجامێک کە لەوە تێبگەین  نمایشی شانۆیی و هونەری رەخنەسازی دوو پڕۆسەی جیاوازی هەمان کاری هونەرین بەڵام لە دوو سیاق و شێوەی جیاوازدا. وە بەهەمان شێوەی ڕەچاوکردنی بنەماو ڕێساکانی کاری دەرهێنان و نواندن لە لای دەرهێنەر و ئەکتەرەکانەوە دەبێت ڕەچاوی ڕێسا و بنچینەکانی هونەری ڕەخنەسازی بکرێت. وە دەبێت کاری رەخنەیی لە شێوەی نوسراوی فەرمی و لەناو بڵاوکراوە و پێگە فەرمییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، یاخود لە شێوەی کۆڕ و سیمیناری تایبەتدا بخرێتە ڕوو. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە دەبێت هەموو نوسراوێکی سەر دیواری فەیسبوک و قسەی ناو دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکان و هاوشێوەکانی وەک ڕایەکی شەخشی و دوور لە کاری پرۆفێشناڵی سەیر بکرێت و نەکرێتە سەرچاوە و کەرەستەی هیچ جۆرە گڤتوگۆیەکی جدی.

  • شانۆکار و ڕەتکردنەوە و بڕوا نەبوون بە شێوەی کارکردنی ئەوانی تر.

بەشێکی زۆری شانۆکاران توانای وەرگرتن و جێژ بینین لە کاری یەکتریان نییە و هەمیشە وەک چاوێکی ئامادە بۆ ڕەخنەگرتن و دۆزینەوەی کەم و کورتییەکان دەچنە هۆڵەکانی شانۆوە بۆ بینینی نمایشەکان. زۆر جار تەنانەت ئامادە نین  کاری هاوپیشەکانیان ببینن. بڕوا بوون و تەنیا بە دروست زانینی شێوەی کارکردنی  گروپێک یان کەسانێک لای خۆیان، تێڕوانین و بۆچونی  نا دروست و بە کەمتر بینینی کارەکانی تری لێ کەوتۆتەوە. ئەمەش پەرتەوازەیی و دابەشکارییەکی گەورەی لای شانۆکارن دروست کردووە، وە پرۆسەی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە کار کردن بۆ شانۆیەکی دەوڵەمەند و کاریگەری زۆر زەحمەت و ئاڵۆز کردووە.

بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی پۆزەتیڤ و  بونیاتکار لە خاڵی دووەمدا، دەبێت شانۆکاران لەوە تێبگەن کە بۆ ئەوەی شانۆیەکی زیند و کاریگەرمان  هەبێت و ببێت بە بەشێکی چالاکی ناو چالاکییە کولتورییەکان، دەبێت لە یەک ڕەنگی و هاوشێوەیی ڕزگاری بکەین و نمایشی سەر بە ڕێباز و شێوە جیاوازەکانمان هەبێت. وە لەگەڵ هەبوونی کاری شێوە جیاوازدا دەبێت هونەرمەندی شانۆکار  بیر و ڕوانگەی خۆی  بۆ شانۆ نەکاتە پێوەر و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی تر. هەر نمایشێک وەک خۆی و بە ئەندازەی ئاستی هونەری و توانای کاریگەری لەسەر بینەران لێی بڕوانین. دەبێت زۆر سادە و ئاسان لەوە تێبگەین کە توانا و تێروانینەکان بۆ شانۆ جیاوازن، هەر لەبەر ئەوەشە کە بەرهەمە شانۆییەکان جیاوازن. وە لە کۆتایشدا ئەم جیاوازییە لە بەرهەمهێناندا دەبێتە زەمینەیەک بۆ دروست بوونی شانۆیەکی دەوڵەمەند و کاریگەر کە لە توانایدا هەبێت زۆرترین بینەر بێنێتە  هۆڵەکانی شانۆوە و ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی بە کولتور کردنی شانۆ.

  • جیاکاری و نا یەکسانی لە دابەشکاری هاوکاری نێوەندە شانۆییەکاندا.

بەو پێیەی تا ئێستا شانۆکاران ناتوانن تەنیا لە ڕێگەی فرۆشتنی بلیتەوە ئیدارەی کارەکانیان بدەن، زۆر جار پێویستیان بە هاوکاری مادی و یارمەتی ئیداری نێوەندە شانۆییە حکومی و نا حکومییەکان دەبێت کە سەرچاوەی دارای و دابەش کردنی ئەو برە یارمەتیەن کە لە لایەن حوکمەتەوە بۆ شانۆکاران دابین کراوە. بەڵام بە داخەوە زۆر جار جیاوازی لە نێوان شانۆکاراندا دەکرێت و خودی ئەو شانۆکارانەی لەو نێوەندانەدا کاربەدەستن بودجەیەکی باش و کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هەندێ لە شانۆکاران بەردەست دەخەن، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک فەرامۆش دەکەن و وەک پێویست هاوکاریان ناکەن و دەبنە ڕێگر لە بەردەم پرؤژەکانیاندا. واتە زۆر جار هاوکارییەکان لەسەر ئاستی نزیکی و گەرمی پەیوەندییە کۆمڵایەتییەکاندایە نەک ئاستی هونەری و جۆری پڕؤژەکە. ئەم جیاکارییەش دابەشکارییەکی گەورەی لە ناو شانۆکاراندا دروست کردووە و بووەتە خولقێنەری جۆرێک لە جەنگی دەروونی.

بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی دروست و کاریگەر کە ئەم خاڵە نێگەتیڤە لەناو ببات، دەبێت هەموو ئەو دەسەڵات و هاوکارییە مادییانە لە ژێر دەستی تاکە کەس دەربهێنرێت و بە لیژنە و دەستەی پسپۆڕ بسپێردرێن، تا بتوانن بە یەکسانی و بە پێی قەبارەی کارەکان هاوکارییەکان دابەش بکرێن و ئەو جیاکاری و دابەش بوونە نەهێڵێت.

  • ناکۆکی نێوان گروپ و کەسەکان.

بەداخەوە کە ناکۆکی و دژایەتی نێوان بەشێک لە شانۆکاران چ وەک تاک یان گروپ، دیاردەیەکە بوونی هەیە و کاریگەریەکی خراپی هەیە. ئەگەر چی ئەم دیاردەیە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا نییە، بە ڵام تارماییەکی گەورەی ڕوخێنەری لەناو کایەی شانۆدا دروست کردووە و جەمسەر گیری بۆ کار و پڕۆژە شانۆییەکان خولقاندووە. مەترسی ئەم ناکۆکی و تەنیا خۆ بە درووست زانینە تەنیا لە یەک زەمەندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بەشێک لە نەوەی نوێ یاخود کەسانێک کە تازە دێنە ناو دونیای کاری شانۆوە و ئاگاییەکی ئەوتۆیان لە مەترسییەکانی ئەم جەمسەرگیرییە نییە دەکەونە ژێر کاریگەری (ستایش یان رەتکردنەوە)ی کەسێک یان گروپێکەوە و دەوامە بەو کارە نا دروست و روخێنەرە دەدەن. یەک لە دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی  ئەم دیاردەیە بریتییە لە ستایشکردن و گەورە کردنی لە ڕادە بەدەر بۆ کار و پڕۆژەی کەسانێک و رەتکردنەوە و قبوڵ نەکردنی تەواوەتی کەسانێکی تر لە کایەی شانۆدا، وە بۆ ئەوانی ترش بە پێچەوانەوە.

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت شانۆکاران سودمەند و دەوامەپێدەر و تەواوکاری کارەکانی یەکتر بن. واتە هەرکەس و گروپە لەسەر هێڵ و شێوەی کارکردنی خۆی، بەڵام بەرەو یەک ئاراستە، ئاراستەیەک ڕوەو  بونیاتنانی شانۆیەکی زیند و دەوڵەمەند . نەک یەکتر ڕەتکردنەوە و خۆ سەپاندن و دژایەتی کردنی یەکتری.  

ئەمانە وەک خاڵی سەرەکی و هەندێ هۆکاری تر خولقێنەری ئەو گرفتەی نێوان بەشێکی زۆر لە شانۆکارانن کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئەوەی پێویستە و دەبێت بکرێت، کار کردنە بە ئاراستەی جێ هێشتنی ئەو گرفتانە و بە کولتور کردنی هونەری شانۆ و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی دەسەڵات و سیاسەت لە کایەی شانۆدا دروستیان کردووە. چونکە بەرپرسیاری یەکم و بەکار خستنی ئەم پرۆسەیە شانۆکاران خۆیانن، نەک دەسەڵات و بینەر.

 

      

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار