وەهمی سەرۆک و خودا لە ڕۆمانی دەریاس ولاشەکان دا

5 ساڵ لەمەوپێش



دلێر محەمەد نووری

 رەنگە هیچ شتێک لە سەر ئەم گۆی زەوییە هێندەی قۆناغەکانی مێژووی کورد لە یەک نەچن. ئەم مێژووە ئەوەندە دووبارەیە گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکانی وشوێنەکان و کاتەکانیش تۆزقاڵێک کۆمەکی ناکەن لەوەی کەمێک ئەگەر بە ئاستەمیش بێت؍ خەت وخاڵ وشێوەی دەموچاوی قۆناغەکانی لە یەک دووربکەونەوە.ئەم قۆناغانەی مێژووی کورد کۆپییەکی هێندە کووشندەن ولە بەریەکگرتنەوەیەکی هێندە ترسناکن کە خودی کارەکتەرەکانیشی کە خۆیان داهێنەرین ڵەو دووبارە بوونانە تێناگەن ووانەیەکی ئەوتۆی لێ وەرناگرن تا هەنگاوی داهاتوویان لە هەڵگری هیچ گەرایەکی میحنەتەکانی دوێنێ نەبن. کورد لەو کەمە نەتەوانەیە کە لە هەموو قۆناغکانی مێژووی خۆیدا سوننەتەکانی پێشووی پیادە دەکاتەوە وزۆربەی خەلک وەکو خزمەتکارو مورید ژیاوە بۆ بتە شکاوەکانی دوێنێ و بتە درووستکراوەکانی ئەمرۆی؍ بە جۆرێک هەر سە رۆکێک کە خۆی دروستی دەکات هەموو هیواکانی تا پلەی قودرەتی ئیلاهی بە پێوە هەڵدەواسێت. کاتێکیش پێچەونەکەی بۆدەردەکەوێ بتەکەی خۆی تێک ئەشکێنی وساتێک بێ هیوا ولە وەهمدا دەژی تا کاتی درووستکردنی بتێکی تازە وپەرستنی بە هەمان سوننەتەکانی پێشووەوە. لە بەرەبەیانی مێژووەوە شۆڕببەرەوە تادەگەیتە رۆژی ئەمڕۆمان ڕاستی ودروستی ئەم گریمانەیەت بۆ روون دەبێتەوە. ئەمە کرۆکی بیرۆکەی ڕۆمانی دەریاس ولاشەکانە. وەهمی سەرەکی مێژووەیەکی دوور ودرێژی کوردە کە هەر گەیشتنە لووتکەیەک بەداڕمان ووەهمێک کۆتایی دێت. بەختیار عەلی هاتووەلە دووتوێی رۆمانەکەیدا ئەم ڕاستییە تاڵانە بەرجەستە بکات. هەرچەندە من دەرچووی بواری زمان وئەدەبی کوردیم؍ بەڵام ئەم تێکستەم بە ڕەخنەیەکی ئەدەبی رووت لێ وەرمەگرن؍ هیندەی ئەوەی کەچەند وردە سەرنجێکی بچووکە لە هەندێ ڕەمزی ناو ڕۆمانەکە کە سەرنجی منی بۆخۆی بردبوو. ئەوەی من هەستم پێکردبێت نووسەر پەنجە بۆ قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرینی هەرێمی کوردستان ڕائەکێشێت و زۆری ئاماژەکان بۆ سەرۆک و سەرکردەی حزبە کانی کوردستانە؍ جا وەکوو خوولقێنەری ئەو مێژووە بێت . یان مێژوو مێژووی خەڵکە و بە جۆرێک لە جۆرکان خەڵکی خۆی عەرشێک دادەمەزرێنێ و سەرۆکێک لە وێنەی خودا دەخاتە سەر عەرش و لە قۆناغێکی تردا هیوای بەم خودایەش نامێنێت وبە سەرپەرشتی خودایەکی تازە هەوڵی تێکشکانی بتی سەرۆک یان خودا کۆنەکە دەدات؍ یان هەر نەبیت لە سەر عەرش دەیهێنێتە خوارەوە.نووسەر لە لاپەرە ۵ و٦ و۷ ودواتریش بە گێڕانەوەیەک دەستمان ئەگرێت و دەمانباتە ناو ڕۆمانەکەوە کە باس لە هێنانەوەی تەرمی سەرۆکێک ئەکات کە شانزەساڵە بە ئەمانەت نێژراوەو لە مەراسیمێکدا ئەهێنرێتەوە بۆ خاکی وەتەن. بە هەندێ سەرنجی سەیرو هەندێ جار دژبە یەک کە لە ڕووانگەی خوودی خەڵکەکە خۆی سەرچاوەی گرتبوو؍ دەیەوێت بینینی خەڵک بۆ سەرۆک نیشانبدات لەو کات ودەڤەرەدا. هێنانەوەی تەرمی سەرۆکێک دوای شانزەساڵ لە مردنی لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا؍ لەولاشەوە ئەلیاس کە دواتر ئەبێت بە کاراکتەرێکی سەرەکی رووداوەکان لاشەی ئەو سەرکردەیەی وەکو دارجگەرەیەکی رزیوی بێ بایەخ تەماشا دەکات و ئەو بۆ کەسێکی دی دەگەڕا تا بیکا بە سەرۆکی خۆی وهیواکانی پیا هەڵواسێت. لە سەرێکی دیکەشەوە باسکردن نووسەرلە ژمارەی زۆری سەرۆکەکان و مردنی لەناکاوویەک لە دوای یەکیان وتێگەیشتنی حیزبەکان لەوەی کە هەمیشە پێویستە سەرۆکی یەدەک وخەزنکراویان هەبێت وشەڕی سەرۆکەکان لە سەر موڵکایەتی ئازادی ورزگاری و دانانی گۆرستانی تایبەت بە سەرۆکەکان دەیەوێت گرنگی سەرۆکمان لای ئەم میللەتە بۆبخاتە ڕوو کە مەحاڵە شۆرش بە بێ سەرۆک هەڵگیرسێ وسەررێبکەوێت. لە باسکردن لە تەرمی قەمەرخانیشدا کە دوای شانزە ساڵ لە مردنی تێکنەچووە و بۆنی مردووی لێ نایات و لە کەسێکی نووستوو ئەچوو تا مردوو. درووستکردنی ئەم هالەیە لە موعجیزە سەیرکردنی خەڵکیمان نیشان ئەدات بۆ سەرۆک جیاواز لە سەیرکردن بۆ مرۆڤێکی ئاسایی؍ کە دواتریش لە کەسایەتی ژەنەرال بیلال و تارماییەکەشی جوانتر ڕەنگدەداتەوە. کە هەندێک لە سیفەتی نەمری یان خوایی بوون پێئەبەخشێت لە ڕۆمانەکەدا کە لە ڕاستیدا وا نییە و بەڵام بۆ بەردەوامی دان بە ڕێبازی سەرکردەیەک پێویستی بە جۆرێک لە نەمرییە. بۆ زیاتر پاڵپشتی ئەو بۆچوونەشم سەرنجتان بۆ گفت وگۆیەکی نێوان مامۆستا مەردان و دەریاس ڕادەکێشم لە لاپەڕە ۸۹ کاتێ مامۆستا بە دەریاس دەڵێت ( خەڵک ئەسڵەن ئایینیان بۆ گرنگ نییە؍ لە راستیدا هیچ بیروڕاو ئەفکارێکی دونیاشیان بۆ گرنگ نەماوە....خەڵکی ئێرە شتێکیان دەوێت بیپەرستن؍ خودا بە تەنها بەشیان ناکات...گەر خودا بە تەنها بەشی بکردینایە نەدەکەوتینە عیبادەتی شتی تر...)ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە بەختیار عەلی ویستوویەتی ل ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە بیگەیێنێ؍ کە ئەرکی سەرۆک وخودا بە جۆرێک تێکەڵ بووە کە خەڵکی چاوەڕوانی تواناوقودرەتی ئیلاهی لە سەرۆک ئەکەن و تا ئەو ڕادەیەی کە باوەڕێکی ئەوتۆیان بە تواناکانی خوداش نییە ولە گۆڕانکارییەکانی ژیاندا ئەوە خودایە کە لە سەرۆکدا بەرجەستە بووە لەم سەرزەمینە تا دونیایان بۆ بگۆڕێت. کاتێکی سەرۆک دەمرێت یان دەکوژرێت یاخود پەیام وئەرکەکەی بە هەر هۆکارێک بێت ناگات ئەوا وەهمێکی کووشندە؍ بێ ئومێدییەکی ڕووخێنەر؍ بێ هیوابوونێکی ڕەش سەرتاسەری کۆمەڵگا دادەگرێت؍ وەک ئەوەی نەک تەنها سەرۆک بەڵکو خوداش جێیهێشتبن. رێگەم پێ بدەن بۆ ئەوەی لە بیرۆکەکە نزیکتان بخەمەوە ووتەیەکی فرۆید بە نموونە بهێنمەوە کاتێ لە باسی ئاییندا لە کتێبی (ئاینده ی وەهم ١٩٢٧) کە شیکارییەکی دەروونییە لەبارەی سەرهەڵدان وپێشەوەچوونی ئایینەکان، دەڵێت ئایینەکان هیچ نین جگە لە وەهمێک کە لە هیوایەکی قووڵی مرۆڤ سەریهەڵداوە بۆ پاراستنی خۆی. بە ڕای فرۆیید ئایین لە لای تاک لە گرێی ئۆدیبەوە سەریهەڵداوە کاتێک لە ململانێیدا لەگەڵ سرووشت وشارستانییەت ومەرگدا پێویستی بۆ خوا پەیدادەبێت، هەروەک پێویستی مناڵ بۆ باوک.. تد نەتەوەی کوردیش بەو پێییەی یەکێکە لەو نەتەوەدەگمەنانەی کە سەرڕای هەبوونی زمان وخاک وکولتورو کۆی پێداویستییەکانی تری سەربەخۆبوون؍ کەچی تا ئەمرۆش لە وەهمی دەوڵەت بوون وئازادیدا دەژی. هەربۆیە هەمیشە بە دوای فریادرەسدا گەڕاوەو هەر لە خوداوە تا ڕاپەڕین وشۆڕش وچالاکی چەکداری وسیاسی وکۆبوونەوە لە دەوری سەرۆک وڕەمزی نەتەوەیی..هتد هەتا ئەمڕۆش هیچکام لەوفریادرەسانە لە وەهم وبێ هیوابوون لەولاوە هیچی تری بۆ بەرهەم نەهێناوە. من نموونەیەکی سادەی خەڵکێکی سادەی هەشتاکان دەهێنمەوە بۆ ئەو بێهیوابوونە؍ لە کۆتایی هەشتاکاندا کە کورد لەوپەری نائومێدی و تێکشکاندا بوو بەرانبەر بە رژێمێک لە ئەوجی سەرکەوتنەکانیدا بە سەر کورددا چەندین جار نەنکی خۆمم بە سەر بەرماڵەوە گوێ لێ بووە کە ووتوویەتی خوایە تۆ ئەم ستەمە دەبینی؟ ئەی بۆ بە جواب نایەیەت؟ دەیان ڕەخنە وگازەندەی تریش...هەمان بێهوابوون وهەمان وەهم بەرانبەر بە مێژوو؍ حیزب؍ سەرکردە؍ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەبووە وکراوە. لە خەیاڵدانی دەریاس ولاشەکاندامەودایەکی فراوان بۆ حیزب وسەرۆک بەرانبەربەئایین وخوداوەند دانراوە. نووسەری ڕۆمان بەمەبەست وەها ئەم گوزارشتانەی ئاوێتەی یەکتری کردووە کە خوێنەر لە قوولایی خوێندنەوەدا لێکیان جیا ناکاتەوە ولە ناو هزریدا بێ گوێدانه مانای تایبەتی خۆیان ووشەی خواوەند ئەبەستێتەوە بەسەرۆک وحیزبیش وەکو ئایین تەماشا ئەکات و فەرمانەکانی زۆر پیرۆزتر لە هەر شتێکی تر ئەبینێت ئەمەش بە روونی هەست پێ دەکەین کاتێک لە ناشتنی تەرمی ژەنەرال بیلالدا ئەلیاس ئامادە نابێت لە مەراسیمی ناشتنی دایکی ئامادەبێت. دەبینین هەرچەندە بابەتی سەرەکی ماددەکە باس لە ڕووداوی مێژوویی وململانێی حیزبی وسیاسی ئەکات کەچی فۆڕمی ئایین وخواوەند له نێو هەر لاپەڕە وپنتێکدا وجودییان هەیە بەڵام لە بەرگی سەرۆک وحیزبدا. نووسەر لەمەیاندا بەبێ ویستی خۆمان ڕاممان دەکات بۆ باوەڕهێنان بەوەی له سەردەمی ئەم ڕووداوانە بە ڕادەی پەرستن خەڵکی سەرۆک وسەرکردەکانی حیزبی دەپەرست وملکەچی وبەندەیی خۆی بۆ دووپات دەکردنەوە، وەبە ئەندازەی پیرۆزی ئایین پەیڕەوی لە پرۆگرامەکانی حیزب کردووە. بە گشتی ئەم وەهمانەی کە پەیوەستکراوە بە سەرکەوتنەوە لە زیهنییەتی تاکی کورد؍ وای کردووە نووسەر کارێکتەری سەرەکی رۆمانەکەی بۆداتاشێت کە ئەویش دەریاسە ودکتۆرای هەیە لەمێژووی وەهم؍ لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە بە گوومانێکی گەورەوە تا سەر لەم وەهمە دەربکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار