مورسی؛ مردنێکی تەمومژاوی... ناشتنێک بەبێدەنگی

هیومان رایتس وۆچ: مورسی لەخراپترین دۆخی تەندروستیدا بووە، هەر جارێک لەدادگا ئامادەبووایە، داوای چارەسەری تەندروستی دەکرد

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

مردنی محەمەد  مورسی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە لە جیهاندا، لایەنگران و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ گومانیان هەیە لەسەر بابەتەکە،  مردنەکەی بە کوشتن ناودەبەن و  گرنگی پێنەدانی باری تەندروستی بە هۆکاری سەرەکی مردنەکەی دەزانن.

لەکاتی ئامادەبوونی لە دانیشتنی دادگا بە تۆمەتی خیانەت لە نیشتمان، محەمەد مورسی یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی شەرعی میسر داوای لێکرا قسە بکات بەڵام لەهۆشخۆی چوو پاشان گیانی لەدەستدا لەڕێگەی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە. دواتریش ڕاگەیەندرا کە جەڵتەی دڵ هۆکاری مردنەکەی بووە.

مورسی تەمەن ٦٧ ساڵ، لە ٢٠١٢ بە بردنەوەی 51% دەنگەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بووە سەرۆکی میسر بەڵام ماوەی سەرۆکایەتیەکەی زۆری نەخایاند کاتێک دوای ساڵیک و لە ٢٠١٣ لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری بەرگری کابینەکەی مورسیەوە کودەتای بەسەردا کرا و لە هەڵمەتێکی پاکتاوکردندا مورسی و چەندین سەرکردەی ئیخوان موسلیمینی دەستگیرکرد. دوای چەندین دانیشتنی دادگا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی و  لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

مردنی مورسی لەڕۆژی دووشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩، کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتی میسر بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە هۆکاری سەرەکی مردنی مورسییە چونکە لەگەڵ ئەوەی زانیویانە نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێنی لەگەڵدایە، بەڵام ڕێکاری تەندروستیان بۆ نەگرتوەتە بەر و لە دەرمانەکانی بێبەشیان کردووە لەماوەی ٦ ساڵی زیندانیدا. تەنانەت لەو ماوەیەدا زۆرجار لە ژووری تاکەکەسیدا دانراوە و سەردانیکردنی لەلایەن هەموو کەسێکەوە  لێ قەدەغەکراوە و بەدرێژایی ماوەی زیندانیەکەی خانەوادەکەی تەنها  سێ جار سەردانیان کردووە.

سارا لی ویتسن، بەڕێوبەری جێبەجێکاری لقی  هیومان رایتس وۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا مردنەکەی مورسی بە ناخۆش بەڵام لەهەمان کاتدا چاوەڕوانکراو وەسف کرد بە گرتنە بەرچاوی ئەوەی حکومەتی میسر نەیهێشتووە بەپێی پێویست گرنگی تەندروستی پێ بدرێت.

ویتسن دەربارەی دۆخی مورسی دەڵێت، «ئەوەی ئێمە وەک بەڵگە کۆمانکردووەتەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە مورسی لە خراپترین دۆخی تەندروستیدا بووە. هەر جارێک لە دادگا ئامادەبوایە، داوای چارەسەری تەندروستی دەکرد.”

دەشڵێت، «مورسی بەپێی پێویست دەرمان و خۆراکی پێنەدرابوو. حکومەتی میسر زۆر  باش دەربارەی خراپ بوونی باری تەندروستی مورسیان دەزانی. کێشی لەشی زۆر دابەزیبوو هەروەها چەند جارێکیش لە دادگادا بورابوەوە.”

هاوکات محەمەد سودان، ئەندامێکی دیاری ئیخوان موسلیمین لە لەندەن مردنەکەی مورسی بە «کوشتنی ئەنقەست» وەسف کرد و باسی لەوەشکرد کە سەرۆکی پێشووی میسر وەرگرتنی دەرمانی لێ قەدەغەکراوە و زانیاری کەم هەبووە لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە و  کەسیش نەیتوانیوە سەردانی بکات.

سودان دەشڵێت، «مورسی لەنێو قەفەسێکی شووشەیی دادەنرا {لەکاتی دادگایکردنیدا}. نە کەس دەیبینی و نە کەس گوێی لێدەبوو. ماوەی چەند مانگێک یان نزیکەی ساڵێک سەردانیکردنی نەبوو. پێشتر دەربارەی بەدەست نەگەشتنی دەرمانەکانی گازندەی کردبوو. بۆیە مردنەکەی کوشتنی ئەنقەست بوو. کوشتنێکی لەسەرخۆبوو.”

موحەمەد مورسی هەر  لەسەرەتای دادگایکردنی لە ئەیلولی ٢٠١٣ەوە هەڵدەچو و تووڕە دەبوو بۆیە داوەرانی دادگا بڕیاریاندا لەکاتی دادگایکردنیدا بخرێتە نیو قەفەسێکی شوشەی کپکراو بۆ ئەوەی بتوانن مایکرۆفۆنەکەی بکوژێننەوە هەرکاتێک بیانەوێت. لە ٢٠١٧دا پارچە دەنگییەکی مورسی لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگادا  دزەیپێکرا لەکاتێکدا ناڕازییە لە بارودۆخی و دەڵێت بە تەواوی دابڕاوە لە دادگا چونکە ناتوانێت تیمی پارێزەرانی خۆی ببینێت و گوێی لێیان بێت هەروەها چاوەکانی ئازاریان پێدەگات بە گڵۆپی ناو قەفەسەکە.

لەپارچە دەنگییەکەدا دەڵێت، «من نازانم لەکوێم ، ئێرە پۆڵا لەدوای پۆڵایە و شووشە لە دوای شووشەیە. رەنگدانەوەی وێنەی خۆم گێژم دەکات لێرە.”

لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی مردنەکەیەوە، داوادەکرێت تیمێکی لێکۆڵینەوە سازبکرێت بۆ ئەوەی هۆکاری دروستی مردنەکەی بزانرێت.

حزبی ئازادی و دادپەروەری سەر بە ئیخوان موسلیمین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی میسر بەرپرسیارن لە مردنە ئەنقەست و لەسەرخۆکەی مورسی. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، «بەرپرسانی میسر مورسیان خستوەتە زیندانی تاکەکەسییەوە و دەرمانیان لێ بڕیوە و خواردنی پیس و بۆگەنیان داوەتێ. بێبەشیان کردووە لە سەرەتایترین مافەکانی.”

ئیخوان موسلیمینش حکومەتی میسری بە کوشتنی مورسی تاوانبارکرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ هۆکاری مردنەکەی.

ئیخوان موسلیمین رایگەیاند، «کوشتنی یەکەم سەرۆکی دیموکراسی میسر سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت.”

هاوکات ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بۆ بەرگریکردنی مافەکانی مرۆڤ داوای بەپەلەی لە بەرپرسانی میسر کرد لێکۆڵینەوە لە مردنەکەی مورسی بکەن، لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و ڕۆشن کە بەوردی لە زیندانی تاکەکەسی و دابڕانی لە جیهان بکۆڵێتەوە لەگەڵ وردبونەوە لە دۆخی تەدروستی و گرنگیدان پێی هەروەها لێکۆڵینەوە بکرێت لە هەر کەسێک کە بەرپرسیارە بۆ مردنەکەی.

هەرچەندە ساڵێک لەمەوبەر پانێڵی پێداچوونەوەی دەستەبەسەرکردن، کە پانێلێکی پەرلەمانتارانی بەریتانیایە، لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری ئەوەیدا کە کەمی چارەسەری تەندروستی ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی پێشوەختەی مورسی، بەڵام بەرپرسانی حکومەت پشتگوێیان خست.

هەر دوای مردنی مورسیش، کریسپن بلەنت، بەرپرسی پانێلەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند مردنەکەی گوزارشتە لە کەمتەرخەمی بەرپرسانی میسر و نەگونجانی لەگەڵ  یاسا نێودەوڵەتییەکان.

بلەنت وتیشی «حکومەتی میسر ئەرکی سەرشانییەتی ڕوونکردنەوە بدات لەسەر مردنە نەخوازراوەکەی مورسی. ئێمە هەموو ئەوانە بە تاوانبار دەزانین کە دەستیان هەبوو لە ئەشکەنجانیدا جا ئاخۆ ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆ بن یاخود لێپرسراوان و ئەوانەی ئەم کردەوانە پەسەند دەکەن. لەئێستادا باشترین هەنگاو  ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نیودەوڵەتی سەربەخۆیە لەسەر مردنەکەی.”

محەمەد مورسی پێش ئەوەی لەهۆشخۆی بچێت لە دادگا، دووپاتیکردوەتەوە کە ئەو سەرۆکی شەرعی میسرە و داوای دروستکردنی ئەنجومەنێکی سەربەخۆ و  تایبەتی کردووە بۆ دادگایکردنی. هەروەها داواشی لە دادوەرانی دادگا کردووە کۆبونەوەیەکی داخراوی بۆ ڕیکبخرێت بۆ درکاندنی هەندێک نهێنی کە تەنانەت بە تیمی پارێزەرانی خۆشی نەوتووە، چونکە ئەو زانیاریانەی بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی میسر ناو بردوە، بەڵام داواکەی ڕەتکراوەتەوە.

محەمەد مورسی لە بەرەبەیانی ١8ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی تونددا لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری قاهیرەی پایتەخت نێژرا بەئامادەبوونی خانەوادەکەی و دوور لەچاوی میدیاکاران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار