گەندەڵی سەری ئابووریی ئێرانی خواردووە

هەژاری و بێکاری لە ئێران لە هەڵکشاندان ئەوەش لەکاتێکدایە خەڵکەکەی باجی گەمارۆکانی ئەمریکاو گەندەڵی وڵاتەکەیان دەدەن

هاوڵاتیانى ئێران نۆره‌یان گرتووه‌ بۆ کرینى مریشک

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

ئابوری ئێران هەنگاو دەنێت بەرەو داڕووخان و ئاستی گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە بەڵام بەپێچەەوانەی ئەم ڕاستییەوە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی ئەو قەیرانە گەورەیەی ڕووبەڕوویبونەتەوە و بەشێکی دەستی خۆیانی تێدایە.

هۆکاری سووربوونی حکومەتی ئێران بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئابوری وڵاتەکە زۆرن، خۆلادان لە پیشاندانی لاوازی سیاسی و ئابوری بۆ ئەو وڵاتانەی تاران بە نەیاری خۆیی دەزانێت، بەردەوامیدان بە دڵسۆزی میلیشیای رژێمەکە و گروپە تیرۆریستییەکانی و هەروەها خۆلادان لە بەرپرسیاریەتی هەڵگرتنی ئابوری داڕوخاوی ئێستای وڵاتەکە.

هەرچەندە هەندێک شیکەرەوەی سیاسیی و سیاسەتمەدار و لێکۆڵەر واشنتۆن بە بەرپرسیار دەزانن بۆ ئابورییە داڕوخاوەکەی ئێران بەڵام هۆکارە جەوهەرییەکان لە پشت قەیرانی ئابوری وڵاتەکە گەندەڵی فراوانی نێو دامەزراوەکان و خراپ بەڕێوبردنی کەرتی ئابوری و خواردنی سامانی گشتی و گواستنەوەی نایاسایی پارەن لە سیستمی بانکیدا و هەروەها بەهەدەردانی سامانی گشتی بۆ بەهێزکردنی میلیشیا و گروپە چەکدارییەکانی لە سەرتاسەری رۆژهەلاتی ناوەراست. گەندەڵی ڕەگی داکوتاوە لە دامەزراوە سیاسی و داراییەکاندا کە بڕبڕەی سەرەکی وڵاتەکەن.

بەشێکی بەرچاوی سیستەمی ئابوری و دارایی لەلایەن ئۆفیسی ڕابەڕی باڵا، ئایەتوڵا خامنەیی و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە خاوەنداریەتی دەکرێت و کۆنترۆڵ کراوە لەبەرئەوەی ئەوان دواین بڕیار دەدەن لەسەر بابەتە گرنگەکان. سەرۆکی بەناو میانڕەو، حەسەن رۆحانی بە هەموو جۆرێک شکستی هێناوە لە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی کە پیشتر بەڵێنی دابوو کۆنترۆڵی بکات. لەراستیدا زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکان بە ئەندامانی ئۆفیسی سەرۆکیشەوە زۆرجار دەستیان لە گەندەڵی وەردەبێت بۆ قازانجی سیاسی و دارایی خۆیان.

لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی حکومەت لە بۆنە جیاوازەکاندا هیوا دەبەخشنە خەڵکی ئێران و بانگەشەی ئەوە دەکەن ئابوری وڵات گەشە دەکات و هەلی کار زیاتر دەبێت، بەڵام لەساڵی ٢٠١٩دا ئابوری وڵاتەکە زیاتر داڕووخانی بەخۆیە بینیوە و دەبینێت. دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان وەکو بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نیودەوڵەتی بەمدواییانە ئاماژەیان بەوەکردووە کە ڕەشبینن لە هەر گۆڕانکارییەکی پۆزەتیف بە ئاراستەی چاکبوون یان گەشەکردنی ئابووری ئێران.

بۆ نمونە، بانکی نێودەوڵەتی، ئێرانی لە پلەکانی خواروو داناوە لە تێکرایی بەرهەمی ناوخۆیی کە تەنها لەپێش وڵاتی نیکاراگوایەوەیە. لە ٢٠١٨ دامەزراوەکە پێشبینی ئەوەی کرد گەشەی ئابوری ئێران ٤.١% گەشە دەکات لە ٢٠١٩ دا بەڵام بە تێپەڕبوونی تەنها مانگێک لەساڵی ٢٠١٩، بانکی جیهانی بەو ڕێژەیەدا چووە و ژمارەکەی بۆ ٣.٦% کەمکردەوە و لە دواین راپۆرتیشدا کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەرچوو، ژمارەکەی بۆ سالب ٤.٥% دابەزاند. لە پاڵ ئەمەشدا سندوقی دراوی نیودەوڵەتی پێشبینیەکەی بە بەراورد بە پێشبینی بانکی نیودەوڵەتی خراپترە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ٢٠١٩دا رووبەڕووی ناقس 6% دەبێتەوە لە گەشەی ئابوریدا.

هەرچەندە هەردوو ڕێکخراوەکە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەی ئێستای ئێران بۆ سزا قورسەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە بەڵام گەندەڵی لەناوخۆی وڵاتەکەشدا دەستێکی باڵای هەیە لە داڕووخانەکەدا. خراپ بەکارهێنانی پەیوەندی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و خزم خزمێنە  لە ئێراندا زەق و بەربڵاوە و لەم دواییانەشدا لە ئابڕوچوونێکی سیاسیدا دەرکەوت کە هادی رەزاوی، زاوای موحەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ٢٥ ملیۆن دۆلاری بە قەرزی نایاسایی لە بانکی سەرمایە وەرگرتووە.

داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە هادی رەزاوی سامانی گشتی بەکارهێناوە لە گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا لەگەڵ سکرتێرە ئافرەتەکەی. هەڵمەتی ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوام بوونی هەیە و وادیارە ئەم پرۆسەیە ناکۆتا بێت. تەنانەت ئەم هەڵمەتە وەلیوڵا سەیف، بەڕێوبەری پێشووی بانکی ئێرانیشی گرتوەتەوە کە لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی سیستەمی بانکی ئێران. ئەحمەد عێراقچی، جێگری پێشووی وەلیوڵا سەیف بۆ کاروباری دراوی بیانی ماوەی چەند مانگێکە دەستبەسەرە بەتۆمەتی شکستخواردن لە بەڕێوبردنی یەدەگی دراوی ئێران.

ئەحمەد عێراقچی برازای عەباس عێراقچییە، جێگری وەزیری دەروەی ئێران. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی سەدای ئیسلاحات، تەنها لەماوەی ساڵی ڕابردوودا سیستەمی دادوەری سەرقاڵی بەڕێوبردنی ٣٢ کەیسی گەندەڵی بوون. زۆربەی فایلی کەیسەکان ئاماژە بە تێوەگلانی چەند کەسانێک دەکەن نزیک لە سیاسییە باڵاکانی وڵاتەکە. دوو لەو کەیسانە برایەکی حەسەن ڕۆحانی و برایەکی ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئێرانی تێدایە.

ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران تا دێت خراپتر دەبێت و بێکاری سەرتاپای وڵاتەکەی گرتوەتەوە. بەپێی راپۆرتێکی شیکاری سەنتەری گالوپ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکان، خەڵکی ئێران، تەنەنات پێش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و دواتر سەپاندنی سزاکان، بێهیوا بوون لە دۆزینەوەی کار و تەنها 7%ی دانیشتوان پێیانوابووە کە دۆزینەوەی کار ئاسانە. هەر بەپێی ڕاپرسییەکە تەنها یەک کەس لە ٦ کەس کاری فول تایمیان هەیە کە دەکاتە 16% و رێژەیەکی کەمە لە وڵاتەکەدا.

هەمان ئاستی مەغریب و عێراق و هەرێمەکانی فەلەستینی هەیە و ئەم ڕێژەیە تەنها لە یەمەن بەرزترە کە لە ئێستادا ناوچەی جەنگە. راپرسییەکە ئەوەشی دەرخستووە کە زۆربەی خەڵکی ئێران پلەیەکی خراپیان داوە بە ئاستی گوزەرانی خۆیان و هیوایان کزە بۆ داهاتوو. ٣٤%ی خەڵک پلەی خراپیان داوەتە گوزەرانی خۆیان کە بەسە بۆ ئەوەی بوترێت لە کوێرەوەری و تەنگانەدا دەژین لەبەرامبەردا تەنها 12%ی خەڵک پۆزەتیڤانە پلەیان داوە بە گوزەرانیان و پێشبینیان بۆ بەرەوپێشچوونی ژیانیان کردووە. 

کێشەیەکی تر لە وڵاتەکەدا ئەوەیە کە زۆربەی کارمەندەکانی حکومەت لەکاتی خۆیدا مووچە وەرناگرن و بۆ چەند مانگێک موچەکانیان دوادەکەوێت. لەماوەی ڕابردوودا کارمەندە حکومییەکان لە کەرتە جیاوازەکانی حکومەت خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا بەڵام وەڵام دانەوەیان لەئاستی پێویستدا نەبووە. لەئیستادا80%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و کەمترین موچە نیوەی ئاستی هێڵی هەژارییە، بۆ نمونە هێڵی هەژاری بۆ خێزانێکی ٤ کەسی ٢٦٠ دۆلارە و کەمترین موچە ١٧٠ دۆلارە  کە دەبێتە نیوەی هێڵی هەژاری. 

ئابوری ئێران زیاتر دادەڕوخێت چ بە هۆکاری دەرەکی بێت وەک سزاکانی ئەمریکا و چ بە هۆکاری ناوخۆیی وەک گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی. دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکیان پیشان نەداوە بۆ چارەسەری ڕیشەیی و گۆرانکاری لە سیاسەتە توند و خراپ و گەندەڵکارییەکانی ڕژێمەکە تا هیوایەک بگەڕێتەوە بۆ خەڵک و ئابوری وڵاتەکە بەرگێکی نوێی بەبەردا بێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار