یەکێتیی و پارتیی و ئەگەرەکان

5 ساڵ لەمەوپێش



بایز ره‌شید ئه‌مین
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی رەگ و رێشەیەکی مێژویی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی رابردو.لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ئەم دو پارتە بە شەڕ وململانێ وئاشتیدا گوزەریان کردوە.شەڕی چەکداری نێوان ئەم دو پارتە دوای پێکدادانێکی زۆر و رژانی خوێنی هەزاران لاوی کورد و بێسەروشوێنبونی سەدانیتر .لەساڵی ١٩٩٨دا لەسەر دەستی ئەمریکاو بە فشاری ئەوان لە( واشنتۆن) ی پایتەخی وڵاتە یەکگرتوەکان بەئامدەبونی ئۆلبراییت سکرتێری دەولەت کە دەکاتە وەزیری دەرەوە رێکەوتنی ئاشتی ئەنجامدرا. لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ئەم دوپارتە شەڕی چەکداریان بەرامبەر یەکتر ئەنجامنەداوە.  .ئەم ئاشتیە لە  لایەن ئەمریکاوە بەسەر هەردو پارتدا سەپێنرا کە تەنها ئاشتیەک بو کە توندوتیژی  رابگرێت و لەهەمانکاتدا هەرێمی کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا پەنجا بە پەنجا دابەشکرد.،کە ئەم جۆرە ئاشتیە لەلایەن بیرمەندی دامەزراندنی سەنتەری ئاشتی (ئۆهانس گالتونگ) بە ئاشتی نەرێنی ناودەبرێت.بۆیە ئاشتی ئەم دوپارتە لەهەناوی کادیرانی خوارەوەو سەرەوەدا  سەرچاوەی نەگرتوە بەڵکو لە ئەنجامی فشاری هێزە دەرەکیەکانەوە لە دایک بوە.بۆیە لەڕەوشێکی وەهادا کە دوپارتی خاوەن هێزی چەکدارو پێگەی جوغرافی سەربەخۆ چەند ئەگەرێک بەدەر لە رۆلی هێزە دەرکییەکان لە پرسی گرژییەکان و کێشەی پێکهێنانی کابینەی نوێدا چاوەڕواندەکرێت.
ئەگەری یەکەم..
پارتی شەرعیەتی یاسایی بەدەستەوەیەو دەتوانێت لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن سەرۆکی هەرێمیان هەڵبژارد ،بەهەمانشێوەش  دەست بەدامەزراندنی کابینەکە بکەن . بەبێ بەشداری یەکێتی هەنگاوەکانی کابینەی تازە دەستبەکارەکانی دەکات و هەنگاوەکانی چاکسازی دەستپێدەکەن کە لەوانەیە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقدا بتوانن پشتیوانی بەدەست بهێنن . بەشێوەیەک کە روی یاساییەوە مافی خۆیانە و ئەگەر پرۆسەی چاکسازیش ئەنجامبدەن ئەوا لەسەر ئاستی شەقامی کوردی رای گشتی فەراهەم دەکەن کە یەکێتی دەرفەتی جوڵاندنی شەقامی لە دەست بچێت.کەنارگیرکردنی یەکێتی تەنها بەئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی دەتوانێت سەرکەوتوبێت ، بە پێچەوانەوە پارتی و گۆڕان ناتوانن تەنها بەڕاگەیاندنی حکومەت بێکێشە بن ئەگەر لە ڕێگەی چاکسازییەوە رای گشتی بۆ لای کابینەکە رانەکێشن.
ئەگەری دوەم...
پێدەچێت یەکێتی پرسی  پارێزگاری کەرکوک وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت ئەگینا دانانی پارێزگار هیچ دەسکەوتێک بۆ ئەم پارتە نایەنەتە دی لەکاتێکدا کەرکوک لەژیر هەژمونی سەربازی عێراق و گروپە چەکدارەکاندایە. دانانی پارێزگا کە هیچ دەسەڵاتێکی لەڕوی هێزی سەربازییەوە بەدەستەوە نەبێت هیچ سود بە یەکێتی ناگەیەنێت.ئامانجی یەکێتی لە بنەمادا بەشدارینەکردنە لە کابینەیەکی وەها کە پشکەکانی نیوەی پارتی نەبێت و لەهامان کاتیشدا لەسنوری سلێمانی لایەننێکی وەک گۆڕان لەبەرامبەریدا بەهێزبکرێت .لەبەرئەوە کێشەی سەرەکی یەکێتی هاتنە ناوەوەی هێزی سێیەمە بۆناو هاوکێشەی حوکمڕانی بەشێوەیەک کە هاوکێشەی باڵەکانی ناو یەکێتی لاسەنگ کردوە ، لە کاتێکدا ئەم پارتە  پێویستی بە پۆستی زیاترە بۆ ئەوەی لە ناوخۆیاندا رێکبکەون و پشکەکان بەشی هەمو باڵەکان بکات.لەم سۆنگەیەوە یەکێتی لەوەناچیێت بتوانێت بەم پشکە کەمانەوە لە پرۆسەی سیاسی ئایندەدا بەشدار بیێت بۆیە لەوانەیە هەوڵی بەشدارینەکردن بدات و سەرچاوەی دارایی ئەم کابینەیە لە رێگەی بەغدادەوە وشکبکات. 
ئەگەری سێیەم.
دەگوترێت لە سیاسەتدا بەرژەوەندی هاوبەش لە سەروی هەمو ڕێکەوتن ودۆستایەتییەکە .بەرژەوەندی نێوان یەکێتی و پارتیش لە ئاستێکی وەهادایە کە بەئاسانی دەست لەیەکتر هەڵناگرن و ئامادە نین لەپێناو کابینەیەکدا هەڵوێست لەیەکتر وەربگرن .بۆیە پێدەچێت ناکۆکی نێوانیان لە بنچینەدا سیناریۆ بێت بۆ ئەوەی گۆڕان لەم نێوەندا  جەماوەرەکەی بە هۆی هەنگاوەکانی لە بەرژەوەندی پارتیدا  لە دەستبدات وپاشان پارتی بەبیانویەک لە حکومەت بیانخاتە دەرەوەو یەکێتی بگەڕێتەوە ناو کابینەکە . ئەڵبەتە  ئاستی رێکەوتنی یەکێتی و پارتی و جێگرانی هەردو پارت  لە هی پارتی و گۆڕان کە ئەندامی خانەو مەکتەبی سیاسی بو  باڵا تر بو .ئەوە لە کاتێکدا هیچ بەرژەوەندییەکی دارایی  لە نێوان پارتی وگۆران نییە. تاکە کارتی گۆڕان لەو کابینەیەدا چاکسازییەو ئەنجامنەدانی کۆتایی هاتنی ئەم بزوتنەوەیە .کە پێناچیت پارتی جارێکی تر ئەم هەلە بداتەوە گۆران و چاکسازی ئەنجامبدات کە دواجار بەسودی گۆران کۆتایی دێت.ئەگەر دواجار پارتی ناچار بێت ویەکێتی ملنەدات  و لە نێوان یەکێتی وگۆڕان یەکێکیان هەڵبژێرێت ئەوا یەکێتی هەڵدەبژێرێت نەک گۆڕان.
ئەگەری چوارەم..
 پێدەچێت پارتی ویەکێتی لەسەر داخوازی وبەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوە نەتوانن رێکبکەون و لەبنچینەدا مەبەستایان نیە ئەم کابینەیە بەیەکەوە پێکبهێنن.بەشیوەیەک یەکێتی بیەوێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی سەربەخۆ دابمەزرێنیت و شەرعیەت لە کابینەکە وەربگرێتەوە ،هەمان نمونەی پارتی دوبارە بکاتەوە کە  بزوتنەوەی گۆڕانی لە کابینەی پێشو وەدەرناو لەسەر ئاستی نێو خۆ و نێودەوڵەتی هیچ زیانی پێنەگەیشت . لە هەلبژاردنەکان کورسیەکانی پارتی لە بری دابەزین    زۆرتر بون.  .بۆیە یەکێتی بەتایبەت نەوی تازەی داوی تاڵەبانی مەبەستیانە توانای خۆیان نیشانی نێوخۆو ناوچەکەو جیهان بدەن کە خاوەن هێز و بڕیارن و توانای گۆڕینی هاوکێشەکانیان لە توانادایە. تاڕادەیەک ئەم نەوەیە لە پرسی کەرکوک ودانانی سەرۆک کۆمار بریارەکانی خۆیان سەپاند بەجۆرێک لەسەر ئاستی ناوخۆ بەسودیان شکاوەتەوە  ، بینرا ئەمانیش لە بری کەمکردنی کورسییەکانیان کەچی لە کەرکوک  بەرەو پێشچون.
بەکورتی لە بۆشایی ئاشتی ئەرێنی هەمیشەییدا هەمو ئەم ئەگەرانە چاوەروانکراون. هەرکاتێک بنەماکانی ئاشتی نێوان لایەنەکان لەسەردەستی هێزی دەرەکی ئەنجامبدرێن هەمیشەیی نابن و دەکرێت هەر ئەم هێزانە  ئاشتیەکە  هەڵبوەشێننەوە.ئاشتی نێوان ئەم دو پارتەش لە دەرەنجامی فشاری دەرەکی بوەو لەسەربنەمای دابەشکردنی داهات بوە ،کەئەمڕۆ بەهۆی ناکۆکی هێزە دەرەکییەکان لەم ناوچەیەداو و گەڕانەوەی دەسەڵاتی دارایی بۆ دەست حکومەتی ناوەند ،هیچ فاکتەرێک  بۆ رێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بۆیە پێناچێت بە ئاسانی بگەنە هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە. 

  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار