کۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى شه‌فافیه‌ت له‌ کابینه‌که‌ى مه‌سرور بارزانى ده‌کات

2019-07-12 09:19:50



هاوڵاتى
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی،  جێگرى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى په‌یامێکى له‌باره‌ى پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بڵاوکرده‌وه‌و داواى شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجى و داهات له‌ کابینه‌که‌ى مه‌سرور بارزانى ده‌کات. 

کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى له‌و په‌یامه‌یدا که‌ کۆپیه‌کى ده‌ست(هاوڵاتى) که‌وتووه‌، رایگه‌یاند" دواجار به‌ خواست وئیراده‌ى هه‌مو لایه‌ک تێکڕاى ئاسته‌نگه‌کانمان بڕى و کابینه‌ى نۆهه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌ ستافێکى نوێوه‌ پێکهێنرا، ئومێدمانوایه‌ ببێته‌ حکومه‌تێکى به‌هێزو خزمه‌تگوزار و له‌ سایه‌یدا کار بۆ چه‌سپاندنى عه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجى و داهاتدا و ئاسوده‌یى و خۆشگوزه‌رانى بۆ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان ده‌سته‌به‌ر بکات".


ده‌قى په‌یامى کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لى:
به‌ سڵاوێکى گه‌رمه‌وه‌، به‌ بۆنه‌ى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، پیرۆزبایى گه‌رمى خۆم ئاڕاسته‌ى ته‌واوى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان به‌ گشتى و که‌س و کارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و جه‌ماوه‌رو هه‌وادارانى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان به‌ تایبه‌ت ده‌که‌م و سوپاسى ماندووبوون و خۆڕاگریتان ده‌که‌م، ده‌زانم که‌ چاوه‌ڕوانیتان بۆ پێکهێنانى ئه‌م کابینه‌ وه‌زاریه‌ى ئێستا کاتى زیاتر له‌ پێویستى خۆى خایاندو کاریگه‌رى نه‌رێنى خۆى له‌سه‌ر ئاستى گوزه‌رانى هاووڵاتیان و سست بوونى بازار و خزمه‌تگوزاریه‌کان به‌جێ هشتبوو.

به‌ڵام دواجا ر به‌ خواست وئیراده‌ى هه‌موو لایه‌ک تێکڕاى ئاسته‌نگه‌کانمان بڕى کابینه‌ى نۆهه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌ ستافێکى نوێوه‌ پێک هێنرا، که‌ ئومێدمان وایه‌ ببێته‌ حکومه‌تێکى به‌هێزو خزمه‌تگوزار و له‌ سایه‌یدا کار بۆ چه‌سپاندنى عه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجى و داهاتدا و ئاسووده‌یى و خۆشگوزه‌رانى بۆ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان ده‌سته‌به‌ر بکات.

سه‌ربارى پیرۆزبایشمان له‌سه‌رۆک و جێگرو ته‌واوى ئه‌نجوومه‌نى نوێى وه‌زیران، ڕوویى قسه‌مان له‌ به‌ڕێزیانه‌و داوایان لێده‌که‌ین که‌ هه‌رچى له‌ توانایاندایه‌ له‌ ووزه‌ و تواناى ماددى مرۆیی، ژیرانه‌ بیخه‌نه‌ خزمه‌ت دابینکردنى ئاشتى و ئارامى و ئاسایشى نیشتمانى مسۆگه‌ر بکه‌ن و ڕێگا خۆشکه‌ر بن بۆ بونیادنانى ژێرخانى ئابوورى پته‌و له‌ هه‌رێمى کوردستان ،که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى پایه‌کانى ئابووریه‌کى به‌هێز هه‌بێت بۆ دابینکردنى کۆمه‌ڵگایه‌کى ئاسووده‌و خۆشگوزه‌ران و هه‌م له‌ناوه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان و هه‌م له‌و ناوچانه‌ى که‌ کوردستانین و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌ت هه‌رێمدان.

بژى کورد بژى کوردستان
نه‌مرى و سه‌ربه‌رزى بۆ شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادى و سه‌رفرازى گه‌له‌که‌مان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار