ناکۆکییەکانی ئەنقەرەو واشنتۆن لەبەرژەوەندیی ڕوسیا دەشکێتەوە

ئێس ٤٠٠ بە یەکێک لە پێشکەوتوترین سیستەمی بەرگری دادەنرێت و دەتوانێت لەدووری ٤٠٠کم و بەرزی ٣٠ کم موشەکی ئاراستەکراو تێکبشکێنێت

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

گەیشتنی سیستەمی ئێس ٤٠٠ بۆ تورکیا قۆناغیکی نوێی لە ناکۆکی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دروستکردووە و ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە نهێنیەکانی فرۆکە نایابەکەی، کە لە هەموو رادارێک خۆی دەدزێتەوە، دەست رووسیا بکەوێت.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کاروانی سیستەمی بەرگری  ئێس ٤٠٠ی رووسی  بە چەند قۆناغێک گەشتە تورکیا کە کارێکە هەم دژی سیاسەتەکانی ئەمریکایە و هەم دژی هاوپەیمانی (ناتۆیە). سووربوونی تورکیا لە کڕینی ئەم سیستەمەدا بوەتە جێی پرسیار کە ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا تێکبچێت لەبەر خاتری هەبوونی سیستەمەکە و پێداگری زۆری لەسەر بەکارهێنانی سەرەرای ئاگادارکردنەوە بەردەوامەکانی واشنتۆن کە هەڕەشەی سزای سەخت دەکات دژی ئەنقەرە.

سیستەمی ئێس ٤٠٠ چییە؟

سیستەمی بەرگری ئاسمانی و دژە موشەکی ئێس ٤٠٠ سیستەمێکی پیشکەوتووی ڕووسییە کە لەچەند بەشێک پێکهاتووە، لەوانە سیستەمێکی تێکەڵە و فرە چینی رادار بۆ چاودێریکردن و ئاگادارکردنەوە،  سیستەمی موشەکی کە چوار جۆری جیاوازی موشەک لەخۆدەگرێت بۆ بەرپەرجدانەوەی موشەک و فڕۆکەی جەنگی لەگەڵ ناوەندێکی کۆنترۆڵ.

سیستەمەکە بە یەکێک لە پێشکەوتوترین سیستەمی بەرگری دادەنرێت و دەتوانێت لەدووری ٤٠٠کم و بەرزی ٣٠ کم موشەکی بالیستی و موشەکی ئاراستەکراو تێکبشکێنێت. هەروەها لەدوری نزیکەی ٣٠٠ کم بەهۆی سیستەمە ئالۆزە رادارەکەیەوە دەتوانێت شوێنی فرۆکەی جەنگی نەوەی چوارەم، وەک فرۆکەی ئیف ١٦،  ئاشکرا بکات و بە ئامانجی بگرێت. لە توانایدایە لەیەک کاتدا رووبەرووی ٣٦ موشەک ببێتەوە و تێکیان بشکێنێت.

لە نیسانی ٢٠١٨ رووسیا و تورکیا گەشتنە رێککەوتنێک بۆ کڕینی سیستەمی ئێس ٤٠٠ لەلایەن ئەنقەرەوە بەبەهای ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و تێچووی هەر دانەیەک ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەمریکا بۆچی ئەوەندە سوورە لەسەر ئەوەی تورکیا سیستەمەکەی بەدەست نەگات؟

پێشتر تورکیا داوای کڕینی ١١٦ فرۆکەی ئیف-٣٥ لە ئەمریکا کردووە و نزیکەی هەزار پارچەی فڕۆکەکەش لەلایەن کۆمپانیای تورکییەوە دروست دەکرێن لە پرۆگرامی هاوبەشی دروستکردنی فرۆکەی جەنگی ئێف ٣٥. بەرپرسانی ئەمریکی ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر تورکیا خاوەنی هەردوو فرۆکەی ئیف-٣٥ و سیستەمی ئێس-٤٠٠ بێت، ئەوا رەنگە ڕووسیا دەستی بگات بە تەکنەلۆجیای خۆدزینەوەی ئێف-٣٥ و خاڵە لاوازەکانی بدۆزێتەوە و تواناکانی بۆ دەربکەوێت و دواتر بتوانێت بە ئاسانی تێکی بشکێنێت. جگە لەمەش دامەزراندنی سیستەمەکە لە تورکیادا هەوڵەکانی ڤلادمیر پۆتین خێراتر دەکات بۆ هەبوونی ڕۆڵێکی گەورەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

هەروەها واشنتۆن جەند جارێک دووپاتیکردوەتەوە سیستەمی ئێس-٤٠٠ لەگەڵ سیستەمی بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ ناگونجێت کە لە تورکیادا بوونی هەیە و هاوپەیمانی ناتۆ لەئێستادا بەکاری دەهێنێت لە وڵاتەکدا بۆ رووبەرووبونەوەی هەڕەشەکانی سوریا.

تا ئیستا تورکیا ١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری داوە بە ئەمریکا بۆ فرۆکەی ئێف ٣٥ بەڵام واشنتۆن گواستنەوەی ١١٦ فرۆکەکەی دواخستووە و ئەو کارمەندە تورکیانەشی دەرکردووە کە بۆ فێربوونی بەکارهێنانی فرۆکەکە لە ئەمریکادا بوون. ئەمریکا هەڕشەی ئەوەش دەکات  سزا بەسەر ئەنقەرەدا دەسەپێنیت کە بە بەهای ٢ ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت.

ئایا ئێس ٤٠٠ مەترسی دروست دەکات بۆ ئیف-٣٥؟

لە ئێستادا ئێس ٤٠٠ ناتوانێت مەترسی بۆ فرۆکەی ئێف-٣٥ دروست بکات چونکە ئێف ٣٥ لە نەوەی پێنجەمی تەکنەلۆجیای شاراوەیە و فرۆکەیەکە ئەگەری ئاشکرابوونی نزمە لە رادارەکانی ئێس ٤٠٠. تەنها لە حاڵەتێکدا هەستی پێ دەکات ئەگەر لەدووری ٣٢ کم بێت بەڵام ئێف ٣٥ دەتوانێت لەدووری ٦٤کم و موشەک ئاراستەی ئێس ٤٠٠ بکات و تێکی بشکینێت. تەنانەت ئەگەر ئێس ٤٠٠ بتوانێت لەمیانەی ٣٢کم هەست بەبوونی ئیف ٣٥ بکات ناتوانێت بەئامانجی بگرێت و بیپێکێت.

ئێف ٣٥ پیشکەوتوترین فرۆکەی جەنگی ئەمریکییە و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی تێدا بەکارهاتووە و بەهێزترین فڕۆکەیە بۆ جەنگی وشکایی و دوایی ئیف ٢٢ بە باشترین فرۆکە دادەنرێت بۆ جەنگی ئاسمانی. تەکنەلۆجیای شاراوەی تێدا بەکارهاتووە کە دەتوانێت خۆی لە راداری سیستەمی بەرگری بدزێتەوە و باشترین هەستەوەری تێدایە کە ڕێ بە فرۆکەوانەکە دەدات هەموو شتێک ببینێت و بەئاسانی ئامانجەکەی دیاری بکات. جگە لە موشەکەکانی ناوەوەی دەتوانێت موشەکی دەرەکیش رەوانە بکات و توانای هەیە وەک فرۆکەیەکی چاودێری و هەواڵگری و کۆکردنەوەی زانیاریش کار بکات. خێراییەکەی لەڕادەبەدوەرە و توانای هەیە ١٩٣١ کم ببڕیت لە کاتژمێرێکدا.

شارەزایانی بواری چەک دەڵین ئەگەر سیستەمی ئیس ٤٠٠ و فرۆکەی ئیف ٣٥ پێکەوە کاریان پێ بکرێت لەلایەن تورکیاوە، دەگونجێت ببێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ بەرەوپێشبردنی توانای ئاشکراکردنی فرۆکەکە  لەلایەن رادارەکانی ئێس ٤٠٠ەوە. بە هەبوونی زانیاری زیاتر لەسەر ئێف ٣٥، خاوەنداران و بەکارهێنەرانی ئێس ٤٠٠ دەتوانن خاڵە لاوازەکانی ئیف-٣٥ بدۆزنەوە.

مایک کۆفمان، شارەزا لە کاروبارەکانی سوپای رووسیا لە ڕێکخراوی توێژینەوەی سی ئێن ئەی ئەمریکی، دەڵێت: «چارەسەرکردنی کێشەی بەئامانجگرتنی فرۆکەی هەستپێنەکراو، وەک ئێف-٣٥ و ئێف-٢٢ کێشەیەکە کە ڕووسیەکان بەردەوام کاری لەسەر دەکەن بەڵام دیارنییە کە کێشەکەیان چارەسەر کردبێت. وەبەرهێنانی زەبەلاحی رووسیا لە سیستەمی بەرگریدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر هێزی وشکانی رووسیا، هێزی ئاسمانی ئەمریکایە بۆیە شکستپێهینانی تەکنەلۆجیای شاراوە یەکێکە لە کارە یەکەمینەکانی کریملین.» 

کۆفمان دەشڵێت، «رووسیا تەکنیکی جۆراوجۆر بەکاردەهێنیت بۆ شکستپێهێنانی تەکنەلۆجیای شاراوە بەڵام هێشتا وەڵامەکی دیار نییە کە ئاخۆ ئەو هەوڵانەی چەندە کاریگەرن. شتێکی ناوازەیە ئەگەر بتوانی ئێف-٣٥ یان بەشێکی ببینیت بەڵام بەئامانج گرتنی و هەڵدانی موشەک بۆی کە لەسەدا سەد دڵنیا بیت دەیپێکیت هێشتا کارێکی ئەستەمە بۆ رووسیا.»

بۆچی تورکیا پێداگرە لەسەر هەبوونی سیستەمی ئێس-٤٠٠؟

پیشتر ئەوردۆغان رایگەیاندوە هەبوونی سیستەمە رووسییەکە یەکانگیرە لەگەڵ ماف و سەروەری تورکیا بۆ بەرگری کردن لەخۆی و هاوپایمانەکانی ڕۆژئاوای شکستیان هێناوە لە پاراستنی تورکیا دژی هەڕەشە موشەکییەکان کە لە وڵاتانی درواسێی سوریا و عێراقەوە دێن.

عەلی دەمیرداس، ستونووسی زە ناشناڵ ئینتریست دەڵێت، «سووربوونی ئەمریکا لە پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی هەرێمێکی سەربەخۆی کوردی لە سوریا، کە تورکیا بە هەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دەزانێت، وایکردووە ئەنقەرە خۆی لە رووسیا نزیک بکاتەوە. متمانە پێنەکردنی تورکیا بە ئەمریکا لە گەشەسەندندایە، بۆ نمونە هەڕەشەکەی ترەمپ، کە ئابوری تورکیا لەناودەچێت ئەگەر هێرش بکاتە سەر کوردانی سوریا، ئاماژەیەکی داوە بە دەسەڵاتدارنی تورکیا کە واشنتۆن بەساکاری ئامادەیە تورکیا بگۆڕێتەوە لەبەر خاتری نەتەوەیەکی بێ وڵات.»

هەروەها سینان ئۆلگن، بەڕێوبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەدەم لە ئەستەنبوڵ دەڵێت، «هیچ سیاسەتێکی تری ئەمریکا لە مێژوودا هێندەی سیاسەتی پڕچەککردنی یەپەگە زیانی نەگەیاندووە بە وێنەی ئەمریکا لە تورکیادا، ڕەنگە واشنتۆن ئەم قەوارەیەی وەک گروپێکی بەسوود زانیبێت بۆ لەناوبردنی داعش بەڵام باجی ئەم سیاسەتەی تەواو دوورکەوتنەوەی تورکیای لێکەوتەوە.»

عەلی دەمیرداس ئاماژە بەوەش دەکات کە دەنگۆی پێدانی موشەکی دژە تانک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ یەپەگە و بەکارهێنانی ئەو موشەکانە دژی سوپای تورکی لە سوریا، هاودەنگییەکی بەرفراوانی دروستکردوە لە بازنەی ئەردۆغاندا کە لە بەرژەوەندیدایەتی ئەگەر سیستەمێکی بەرگری وەک ئێس-٤٠٠ی هەبێت بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو موشەکانە و هەرهەڕەشەیەکی تری ئەمریکا بۆ سەر سوپای تورکیا.

نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کودەتا شکستخواردووەکەی ٢٠١٦ لە تورکیا کە ئەردۆغان ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ فەتحوڵا گولەن بۆ سازدانی کودەتاکە و چەندین جار داوای ڕادەستکردنی کردوەتەوە بەڵام ئەمریکا داواکەی سەرۆکی تورکیای پشتگوێخستووە. عەلی دەمیرداس هۆکارێکی تری سیستەمی ئیس-٤٠٠ دەخاتە ڕوو ئەویش پەیوەندی بە ناوخۆی تورکیاوە هەیە و دەڵێت، «لە کودەتاکە ئەو دوو فرۆکە ئیف-١٦ یەی لەدەستی کودەتاچییەکاندا بوو، یەکێکیان پەرلەمانی چەند جارێک  بوردومان کرد و ئەوەی تێبینی کرا لەو شەوەدا ئەوەبوو کە حکومەت هیچ میکانیزمێکی کاریگەری بەرگری نەبوو بۆ بەرپەرچدانەوەی فرۆکە جەنگییەکانی خۆی بۆیە ئەردۆغان ترسێکی شەخسی هەیە لەوەی نەهێڵێت جارێکی تر کودەتا سەربگرێتەوە بە هەبوونی سیستەمێک جگە لە سیستەمی بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار