گەڕانەوە لە کەلاوەکانی دەوروبەرەوە

2019-07-20 19:36:48



د.رێبوار کەریم مەحمود

لەچوارچێوەی راگەیاندنی پرۆژەکەی، بەڕێز مەلا بەختیار، هێرشێکی هەڵقوڵاو لە خەفەتەوە، بەرامبەر بە د.بەرهەم سالح ئەنجامدا. تەنها بۆ بەرچاوڕوونی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەمە بەردەم خەڵکی هۆشیاری ئەم وڵاتە:

یەکەم: تێناگەم بۆچی سەرکردەی حزبێک، ئەوەندە نارەحەتە بە سەرکەوتنی حزبەکەی لەپرۆسەیەکی دیموکراسیداو بەسەر حزبێکی مونافسیدا؟! یان تەنها مەسەلەکە ئەوەیە کە بەڕێزی نەبوە کاندیدی یەکێتی و ئەو کەسەش کە کاندید کرا بەدڵی ئەو نەبو؟ ئایا بەڕاستی کوتلەگەری ئەوەنیە تۆ دژایەتی کاندیدێکی پەسەندکراوی زۆرینەی رەهای حزبەکەت بکەیت؟

دووەم: ئەم عەشقی پاشکۆیەتیە بۆ پارتی لەچیەوە هاتوە؟ بۆ هەر ئەبێ پرۆژەکانی پارتی موهیمترو پەسەندکراوتربن؟

بۆ مێژوو ئەیڵێم پرۆژەی پارتی بۆ رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی لەپرسی سەرۆککۆماردا، پرۆژەی تەسلیمبون بو. پارتی ئەیویست ئێسقانی یەکێتی بهاڕێ. چۆن دەبێ پرۆژەی ئێسقانهاڕین بۆ حزبەکەت لاپەسەندبێ؟! تەنها لەبەرئەوەی د.بەرهەم نەبێ بە سەرۆککۆمار.

ئاخر لەدوای جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەپارتی و لە شەستەکانی سەدەی رابردوەوە، تەنها لە مەسەلەی هەڵبژاردنی د. بەرهەم بە سەرۆککۆمار بە پارتی وتراوە ستۆپ. تۆ وەک یەکێتییەک! بۆ ئەبێ ئەم ستۆپەت پێناخۆش بێت؟!

لەمەشدا پارتی تەسلیمی واقع بوە، بەڵام بۆ ئەبێ سەرکردەیەکی خودی حزبەکە هێشتا واز لەو بابەتە نەهێنێت!

سێیەم: سەبارەت بە دۆخی کەرکوک، ئەوەندە بەسە بپرسین ئایا لەسەردەمی فەرمانڕەوایی حزبی و حکومی د. بەرهەمدا وا بەسەر کەرکوک هات؟ یان ئەوکاتەی بەڕێز مەلا بەختیار لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا بو؟!

سەبارەت بە دانانی پارێزگاریش بۆ کەرکوک، دڵنیای بەڕێز مەلا بەختیار دەکەمەوە کە ئەوە د. بەرهەمە رێی لە چەندین بڕیاری پارێزگاری ئێستای کەرکوک گرتوە کە دژ بە پێکهاتەی کورد بوە لەو شارەدا، بەڵام پێشوتریش دۆستەکانی بەڕێز مەلا بەختیاربون کە ئەو دۆخەیان بەسەر شارەکەدا هێناو دواتر رایانکرد بۆ هەولێر.

ئێستاش کە پارێزگارێکی یەکێتی بۆ ئەو شارە دادەنرێت، بەدڵنیاییەوە بەپێداگری د.بەرهەم و بڕیاری موەحەدی یەکێتیە، کە لەسەردەمی بەڕێز مەلابەختیاردا نەتوانراوە بڕیاری موەحەدی لەو جۆرانە بدرێت.

چوارەم: لەپرۆسەی بڕیاردروستکردنی ئەم ماوەیەی یەکێتی، د.بەرهەم رۆڵی گەورەی هەیەو شانبەشانی سەرکردەکانی یەکێتی دەیانەوێ سەربەخۆیی و ئازایی بۆ بڕیاری یەکێتی بگەڕیننەوە. هەنگاوەکانی ئەوانەی ئێستا یەکێتی ئاراستە دەکەن، ئەگەرچی سەرەتایە، بەڵام رۆژبەڕۆژ ئومێد لەنێو خەڵکیدا دروست دەکات. بەتایبەت ئەوانەی چەندین ساڵ گیرۆدەی بێ بڕیاریی و پاشکۆیەتی و پەرشوبڵاوی یەکێتی بون. ئەوانەی ساڵانێکی زۆر بەناوی کۆدەنگی و یەکڕیزییەوە بونە قوربانی. لەو باوەڕەدا بوم بەڕێز مەلا بەختیار دوای ئەم چەند مانگە بەدەستخۆشییەوە ببوایەتە بەشێک لەو بڕیاردروستکردنە.

بەشێوەیەکی گشتی دۆست و دوژمن، شاهێدی ئەو راستیەن، کە رۆڵی د.بەرهەم سالح لەئێستادا باشترین رۆڵەو دەتوانێت لەداهاتوشدا، کاریگەرتر لەئێستا، هەنگاوی گەورەی سیاسی بنێت، کە هەمویان لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و عیراق و دوورە لە گەڕان بەشوێن بەرژەوەندی کەسیدا. لەمەشدا ئەرکی هەمومانە پشتگیری ئەو ئاراستەیە بکەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار