شۆڕش حاجى: فراکسیۆنى گۆڕان لە جاران زیاتر چاودێریى حکومەت دەکات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شۆڕش حاجى ئەندامى خانەى راپەڕاندنی گۆڕان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند فراکسیۆنەکەیان لە جاران زیاتر چاودێریى حکومەت دەکات "لەپێناو جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە".

 جەخت دەکاتەوە لەوەى دروستبون و هەڵوێست و بڕیارە سیاسیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆئەوە بوە کە سیستمێک بێتە کایەوە هاوڵاتییانى کوردستان لەسایەیدا بحەسێنەوە و یاسا سەروەربێت و دژایەتى گەندەڵى بکرێت و وتى:"فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە جاران شێلگیرانەتر چاودێرى ئەداى حکومەت دەکات بەو وەزیرانەشەوە کە نوێنەرایەتى بزوتنەوەکە دەکەن، لەپێناو جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە".

شۆڕش حاجى لە وتەیەکدا کە لە مەراسیمى چلەى رێبەند فەرهاد ئەو پاسەوانەی مەکۆی گۆڕان کە مانگی حوزەیران لە گرژیەکدا کوژرا وتی "کاکە رێبەند قوربانیى ئەم سیستمە ناتەندروستەیە کە حکومڕانى ئەم هەرێمەى کوردستان دەکات، قوربانیى سەروەر نەبونى یاسا و نەبونى هێزى نیشتیمانییە".

وتیشی "باشترین وەفادارییش بۆ رێبەندەکان ئەوەیە درێژە بەو خەباتە بدەین، لەپێناو هێنانەکایەى سیستمى حکومڕانى تەندروست کە یاسا سەروەر بێت و هێزى نیشتیمانى باڵادەست بێت و هێزى چەکدارى ئەم و ئەو باڵادەست نەبن".

شه‌وی سێشه‌ممه‌ 11/6/2019، لە ئەنجامى دروستبونی ئاڵۆزیی لەگەڵ گروپێکی چه‌کداری کە وا بڵاوکرایەوە سەر بە یەکێتیە، رێبه‌ند فه‌رهادی تێدا کوژرا، كه‌ تاكو ئێستا کەیسەکە هیچ  به‌ره‌وپێش چونێكی یاسایی نەبڕێوە.

شۆڕش حاجى وتی "بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئەوە دروستبوە سیستمێک بێتە کایەوە رێبەندەکان نەبنە قوربانیى، هەڵوێست و بڕیارە سیاسیەکانیشى لەپێناو بەرجەستە بونى ئەو بەرنامە و پەیامەیە کە بزوتنەوەى گۆڕان بە شانازیەوە ئاڵاهەڵگرییەتى، بەشدارییکردنى لە حکومەتیش بۆ بەدیهێنانى بەشێک لەو ئامانجانەیە لە چاکسازى و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و بەدامەزراوەییکردن و بەنیشتیمانیکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ".

وتیشی "بزوتنەوەى گۆڕان سەرسەختانە داکۆکى دەکات لە بونیاتنانى حکومەتێک کە لە سایەیدا هاوڵاتیان بحەسێنەوە، چاوى لەوەیە پارتى دیموکراتى کوردستان پابەندى ئەو رێککەوتنە سیاسییە بێت کە لەگەڵ گۆڕان کردویەتى و حکومەتیش پابەند بێت بەو کارنامەیەى رایگەیاندوە، بزوتنەوەى گۆڕانیش شێلگیرانە هەوڵى جێبەجێکردنى هەمو خاڵەکانى دەدات لەپێناو بەرژەوەندى خەڵک و گەڕاندنەوەى متمانەى  خەڵک بە دەسەڵات و حیزبە سیاسیەکان".

زیاتر وتی "لە هەمانکاتدا فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە جاران شێلگیرانەتر چاودێرى ئەداى حکومەت دەکات بەو وەزیر و کەسانەشەوە کە ناردومانن پێش وەزارەتەکانى دیکە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە و تا ئەو کاتەى لەگەڵ ئەو بەڵێنانە راستگۆبن کە بە خەڵکیان داوە ئێمەش پشتیوان و پاڵپشت و هاوکاریان ئەگەرنا بزوتنەوەى گۆڕان بە قوربانیى هیچ کەسێک ناکەین، چونکە بزوتنەوەى گۆڕان و پەیام و داواکارییەکانى لە هەمو کەس خۆشەویستر و گەورەترە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار