حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

5 ساڵ لەمەوپێش



هاولاتی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە دووەمین کۆبوونەوەی خۆی ساز کرد و چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.

بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا ماڵپەڕی نوێی حکومەتی ناسێنرا، وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بە شێوەیەکی "پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو".

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاردرا، لیژنەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا بەم زووانە دەست بە گفتوگۆ بکات و بۆ بەدەستخستنی زانیاری و بەڵگەنامەی پێویست مالپەڕی نوێی حکومەت GOV.KRD بەکاربێت.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی رووداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە رێستورانتێکی هەولێر سەرکۆنە کرد و دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیربکەن. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران هاوخەمیشی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەربڕی".

ئینجا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا و وەزیرەکان سەرنج وتێبینی خۆیان خستەڕوو. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاووڵاتیان بگێری و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت. پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەکان رێنمایی تایبەت دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق روونکردبووەوه . کە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردوولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی وبایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کرا وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا هاتووە. ئاماژە بەوەش درا کە ئێستا ماڵپەڕی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە وزانیاری پێویست پێشکەشی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات و ببێتە هەنگاوێک بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی ئیشوکارەکانی حکومەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار