تورکیا بەرەو قۆناغێکی نوێی سیاسی

دۆڕانی هەڵبژاردن بەس نەبوو بۆ ئەردۆغان، دۆڕانێکی دیکە لەهەگبەدایە

2019-09-10 05:49:45



کاکەلاو عەبدوڵا

پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) بەمدواییانە دوو گەرەترین شاری تورکیا، ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەی، دۆڕاند لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، بەڵام هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵێک لەسەرکردە دیارەکانی ناو پارتەکە وادەکات خەسارەتەکە گەورەتربێت بۆ ئەردۆغان.

لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا و یەکێک لەسەرکردەکانی ئەکەپە بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە جیادەبێتەوە لە ئەکەپە و ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیدا کە پارتێکی نوێ دادەمەزرێنێت. پاشان لە سەرەتای مانگی تەمموز، عەلی باباجان قەیسەری پێشووی ئابوری تورکیا وازی لە ئەکەپە هێناو بەهەمان شێوە ڕایگەیاند پارتێک دادەمەزرێنێت.

باباجان لە ناو کۆمەڵەی بازرگانان و ئابووریدا پێگەیەکی قایمی هەیەو پشتگیری عەبدوڵا گول سەرۆک وەزیرانی پێشوویشی هەیە. باباجان دەڵێت کە پاڵپشتی چەند کەسایەتیەکی باڵاشی هەیە.

کاتێک کە لەدەستدانی دەنگ دەستپێدەکات، ئەگەری زۆرە سەرکردە باڵاکان هەڵبگەڕێنەوە. ئەمەش ڕێکەوت نییە کە ئەم هەڵگەرانەوانە دوای لەدەستدانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی مارسی ئەمساڵ دەستیپێکرد

بۆچی ئێستا؟

ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆست دەریدەخات کە سێ هۆکاری سەرەکی هەن بۆ ئەم هەڵگەڕانەوانە لە ئەکەپە کە خۆیان دەبیننەوە لە پوکانەوەی ئابوری، لەدەستدانی متمانەی دەنگدەران، تاکڕەوی.

داڕوخانی ئابوری ئەگەری هەڵگەڕانەوە زیاتر دەکات. ئابورییەکی لاواز هۆکارێک دەدات بەدەستی نەیارانی ئەردۆغانەوە تا ڕەخنە لەڕژێمەکەی بگرن و ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت هەڵگەراوەکان پاڵپشتی لەدەرەوەی ئەکەپە بدۆزنەوە. لە تورکیا داودئۆغلۆ و باباجان بەڕوونی ئاماژەیان بۆ خراپبونی دۆخی ئابوری کردووە لەڕەخنەکانیاندا دژی ئەکەپە.

دووەم، کاتێک کە لەدەستدانی دەنگ دەستپێدەکات، ئەگەری زۆرە سەرکردە باڵاکان هەڵبگەڕێنەوە. ئەمەش ڕێکەوت نییە کە ئەم هەڵگەرانەوانە دوای لەدەستدانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی مارسی ئەمساڵ دەستیپێکرد. لەم چەند مانگەی دواییدا داودئۆغلۆ ئاکپارتی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەبنەماکانی خۆی لایداوە. یەکێک لەڕەخنەکانی داودئۆغلۆ ئەوەبوو کە دژی سووربوونی ئاکپارتی بوو بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ لەمانگی حوزەیراندا کە تێیدا کاندیدەکەی بە جیاوازی ٨٠٠ هەزار دەنگ دۆڕا بە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی یەکەمدا جیاوازی دوو کاندیدەکە تەنها ١٣ هەزار دەنگ بوو کە ئەمەشی بۆ گۆڕان لە «سیاسەت و ڕەفتار و کردەوەی» ئەوانەدا گەڕاندەوە کە پارتی دادو گەشەپێدان بەڕێوە دەبەن. هەروەها دژی لابردنی سێ سەرۆک شارەوانییەکەی هەدەپە بوو لە ماردین، وان، ئامەدو وتی «دەستنیشانکردنی هەرکەس کە جیاواز لەتۆ بیربکاتەوە وەک تیرۆریست لادانە لەویژدانی گەل».

سێیەم، پەیڕەوکردنی «پێرسۆنالیزم»ە کە دەستەواژەیەکی زانستی سیاسییە بۆ پێناسەکردنی بەڕێوەبردنی بێسنور بەکاردێت لەلایەن تاکە سەرکردەیەکەوە. لێرەدا تورکیا چەقی باسەکەیە، لەم چەند ساڵەی دوایدا سیاسییە دیارەکانی ئاکپارتی تووڕەن لەبەرئەوەی ئەردۆغان کۆنترۆڵی شەخسی خۆی بەسەر پارتەکەدا زاڵ کردووە. ساڵێک لەمەوبەر ئەردۆغان دەسەڵاتە نوێیەکانی خۆی لە سیستەمی سەرۆکایەتی بەکارهێنا بۆ دانانی زاوا چڵ ساڵەکەی وەک وەزیری دارایی و خەزێنە کە پێشی دەوترێت «قەیسەری ئابوری» بە بازدان بەسەر چەند کاندیدێکی باڵای دیکەدا. لەمانگی حوزەیراندا داودئۆغلۆ ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرت لەبەرامبەر ئەو هەنگاوە شەخسیانە و وتی: «ئەکەپە پارتێکی کەسێک، خێزانێک، یان یەک گروپ نییە بەتەنها. پێکهاتەی حکومەتی و پەیوەندی خێزانی دەبێت بەتەواوی لێک جیابن. نابێت هیچ یەکەمییەک هەبێت بۆ خزمایەتی».

بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی تورکی پارتەکەی باباجان لەکۆتایی ساڵدا بەئەگەرێکی زۆرە دادەمەزرێت

بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی تورکی پارتەکەی باباجان لەکۆتایی ساڵدا بەئەگەرێکی زۆرە دادەمەزرێت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی سیاسەت و ئامانجەکانی. بی بی سی لێدوانی لە کەسێکی نزیکی باباجان وەرگرتووە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت و یەکێکیش دەبێت لەدامەزرێنەرانی پارتەکە، ئەوەی راگەیاندووە «لەکۆتایی  مانگی تشرینی دووەم یان سەرەتایی کانونی یەکەم پارتەکە بەرجەستە دەبێت و دەبێتە قەوارەیەکی یاسایی».

باباجان کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەکەپە، بەبیانوی ئەوەی پارتەکە لایداوە لە سیاسەتەکانی و سەرەتا دەستیلەکارکێشایەوەو بانگەشەی «جیاوازی گەورە»ی دەکرد لەگەڵ سیاسەتی ئێستای پارتەکەو پێیوایە تورکیا پێویستی بە «دیدگایەکی نوێ»یە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە باباجان کە ڕۆژنامەنوسی تورک-کورد، موژگان هالیس، چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون باس لەوەدەکەن چەند کەسایەتییەکی ئابوری دەیانەوێت بێنە ناو پارتەکەی باباجان بۆ بوژانەوەی ئابوری تورکیا، بۆیە ئامانجی سەرەکی باباجان بوژانەوەی ئابورییە.

هەرچەندە  باس لەوەدەکرێت عەبدوڵا گول، سەرۆکی پێشووی تورکیا بەشداری دەکات لە پارتە نوێیەکەی باباجان، بەڵام ئەو کەسایەتییە نزیکانەی باباجان نەیانتوانی ئەوە پشڕاست بکەنەوە، بەڵام باس لەوە دەکەن کە «زۆرجار کۆدەبینەوەو سوود لە بیرۆکەکانی دەبینین» بۆیە چاوەرێ ناکرێت بچیتە ناو پارتەکەوە و پێگەیەکی فەرمی وەربگرێت، بەڵکو وەک «ئامۆژگاریەک و برایەکی گەورە» لەگەڵیان دەبێت.

لەلایەکی ترەوە یەکێک لە سیاسەتەکانی پارتە نوێیەکەی باباجان، نەهێشتنی خزم خزمێنەیە کە بەیەکێک لەو خاڵە سەرەکییانە دادەنرێت، باباجان لەناو پارتی ئەکەپەدا ڕەخنەی لێگرتووە. یەکێک لە سەرکردەکانی نزیک باباجان دەڵێت «لە ساڵەکانی سەرەتای ئاکپارتیدا خزم رێگەی پێنەدەدرا پێگەی بەرز وەربگرێت لەپارتەکەدا، لەپارتە نوێیەکەدا ئەو بنەمایانەی ئاکپارتی دەهێنینەوە مەیدان و کاریان پێدەکەین، ئێمە تەنها دوو پێوەرمان دەبێت: کەسێکی باش بەو کارەکەت بەدروستی ئەنجامبدە».

کەسایەتییەکی نزیکی داودئۆغلۆ بڵاویکردوەتەوەو قسەی لەسەر هەردوو پارتەکە کردووە، لەسەر پارتەکەی باباجان دەڵێت، «ئەوان [باباجان و گول] بەدیدگایەکی دیموکراسییەوە ڕێنمایی و سیاسەتەکانیان پەیڕەودەکەن بۆ راکێشانی دەنگدەرانی سیکولار

سەبارەت بە راکێشانی دەنگدەری کورد، موژگان هالیس باس لەوە دەکات کە «چاوەڕواندەکرێت چەند کەسایەتیەکی ناو ئەکەپە کەسەرکردایەتی چارەسەری  پرسی کوردیان کردووە لە پارتەکەدا بچنە ناو پارتە نوێیەکەی باباجانەوە. هەرچەندە ئەگەری کەمە کە پارتەکە دەنگی هەدەپە ببات بۆ خۆی، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەنگی ئەکەپە دەباتەوە لەشارە کوردییەکاندا».

هەروەها بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەحوال نیوزی تورکی کە لەزاری کەسایەتییەکی نزیکی داودئۆغلۆ بڵاویکردوەتەوەو قسەی لەسەر هەردوو پارتەکە کردووە، لەسەر پارتەکەی باباجان دەڵێت، «ئەوان [باباجان و گول] بەدیدگایەکی دیموکراسییەوە ڕێنمایی و سیاسەتەکانیان پەیڕەودەکەن بۆ راکێشانی دەنگدەرانی سیکولار، هەروەها لەهەوڵدان ڕێگەچارە بدۆزنەوە بۆ بازرگانان و چینی ناوەند و قەیرانی ئابوری ئێستا».

لەلایەکی ترەوە، بەپێی راپۆرتێکی دیکەی هەمان پێگە، ئەحمەد داودئۆغلۆ بنکەی سەرەکی پارتەکەی لەئیستەنبوڵ و ئەنقەرە دامەزراندووەو ئامادەیە لە ٧٠ پارێزگا دەستبەکاربێت لەکۆی ٨١ پارێزگاکەی تورکیا، بەڵام باسی کاتی دیاریکراوی راگەیاندنی نەکراوە. هەروەها ئاماژەش بەوە دراوە کە لەم مانگەدا داودئۆغلۆ کارنامەیەکی نوێ بڵاودەکاتەوە.

داودئۆغلۆ دەیەوێت بنەما سەرەکییە ئیسلامییەکانی ئاکپارتی لەپارتە نوێیەکەدا لەخۆبگرێت و دەنگدەری پارێزگارو ئیسلامی بەئامانج بگرێت. بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە داودئۆغلۆ، «ئەو دەیەوێت چەند شتێک بگۆڕێن لەوانە، سەرۆکی تورکیا دواتر زیادکردنی دەسەڵاتی پەرلەمان، هەروەها پارتەکەی کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەنێو بازنەی ئیسلامییەکان و ژناندا.»

داودئۆغلۆ دەیەوێت هاوپەیمانی ئاکپارتی لەگەڵ پارتی راستڕەوی مەهەپە کۆتایی پێبهێنرێت و پەرلەمان دەسەڵاتی بۆ بگەڕێتەوە

ئایا تاچەند سەرکەوتوو دەبن؟

عەلی باباجان ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٥ وەک جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی و ئابوری کاری کردووە و ئابوری تورکیا لەژێر دەستی ئەودابوو کە نازناوی «قەیسەری ئابوری» هەبووە. لەو ماوەیەدا ئابوری تورکیا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بۆیە وەک بەڕێوبەرێکی کاریگەر ناوو ناوبانگی دەرکردووە. بەپێی راپرسییەک کە لەلایەن ڕۆژنامەی «تی٢٤»ی تورکییەوە ئەنجامدراوە پارتەکەی باباجان دەتوانێت لەسەدا ١٨%ی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبهێنێت. بەپێی راپرسییەکە لەسەدا ٣٠%ی ئەو دەنگدەرانە دەنگدەری ئاکپارتین، کە پێیانوایە کاتی ئەوەهاتووە دەنگ بە پارتێکی نوێ بدەن کە ئایدۆلۆژیای سەرەتای سەردەمی دامەزراندنی ئاکپارتی هەڵگرتبێت و لەسەدا ٣٠% تریش هاوڵاتی تورکین کە دەیانەوێت بێجگە لە ئاکپارتی دەنگ بەپارتی تر بدەن، بەڵام نەک ئەو پارتانەی ئێستا هەن، بەڵکو دەڵێن تورکیا ئێستا پێویستی بەپارتێکی نوێ هەیە.

لەبەرئەوەی داودئۆغلۆ دروستکردنی پارتە نوێیەکەی بەدوا ڕێگەچارە داناوەو دەیەوێت  لەئاکپارتیدا چاکسازی بکرێت، بۆیە دیارنییە کەپشتگیری بەرفراوانی لێدەکرێت یاخود نا، بەڵام چەند راپرسییەک دەریدەخەن کە لەسەدا پێنج بۆ لەسەدا 10%ی دەنگەکان دەباتەوە.

داودئۆغلۆ دەیەوێت هاوپەیمانی ئاکپارتی لەگەڵ پارتی راستڕەوی مەهەپە کۆتایی پێبهێنرێت و پەرلەمان دەسەڵاتی بۆ بگەڕێتەوە، کە ئێستا سیستمی سەرۆکایەتی پەیڕەودەکرێت، بەڵام وادیارە ئەم داواکاریانەی جێبەجێناکرێت و ئەردۆغان گوێی بۆ ناگرێت.

لەلایەکی ترەوە بەبەراورد بەساڵی رابردوو، ئاستی پەسەندکردنی ئەردۆغان لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەپێی راپرسییەکی دامەزراوەی مێترۆپۆل لەئەنقەرە، ئاستی پەسەندکردن لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ ئەردۆغان وەک سەرۆکی تورکیا بە لەسەدا ١٠% دابەزیوە. ئەوانەی کەساڵی رابردوو ئەردۆغانیان بەدڵبووە، ڕێژەیان لەسەدا ٥٣% کەمبوەتەوە بۆ لەسەدا 44%. هەروەها ژمارەی ئەوانەش بەرزبوەتەوە کە ئەردۆغانیان وەک سەرۆک بەدڵ نەبووە لەسەدا ٣٨.٢%ەوە بۆ لەسەدا ٤٨.٥%. لەکاتێکدا لەسەدا ٢٧.٧% دڵنیانەبوون لەوەڵامەکانیان.

کاردانەوەی ئەردۆغان

زۆربەی هەواڵەکانی تایبەت بەپارتە نوێکانی باباجان و داودئۆغلۆ سانسۆری لەسەرە لەلایەن میدیاکانی حکومەتەوە و گرنگی پێ نادرێت. تەنانەت ئەردۆغان خۆی چەند جارێک هێرشی کردووەتەسەر «هەڵگەراوەکان» و باسی لەوە کردووە کە بەرگەی ئەو کێشە و قەیرانانەیان نەگرتووە کە ئێستا پارتەکەی پێیدا تێپەڕدەبێت بۆیە لەبیر دەکرێن. ئەردۆغان بە «خیانەتکار»یش ناوی بردوون و تۆمەتی ئەوەی خستوونەتە پاڵ کەهەوڵ دەدەن «دڵسۆزەکان دابەش بکەن». سەرۆکی ئاکپارتی هۆشداری ئەوەشیداوە کە «خیانەتکاران باجی قورس دەدەن بۆ خیانەتەکەیان».

ئەردۆغان کە بێزارە لەڕەخنە بەردەوامەکانی داودئۆغلۆ، چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ دەرکردنی و دوایین هەنگاو دووشەمەی رابردوو بوو. ڕۆژی ٢ی ئەیلولی ٢٠١٩ دوای چوار کاتژمێر کۆبونەوەی ئەنجومەنی راپەڕاندنی ئاکپارتی کەئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات بەکۆی دەنگ بڕیاردرا ئەحمەد داودئۆغلۆ و سێ سەرکردەی تری ئاکپارتی بنێردرێنە بەردەم ئەنجومەنێکی لیپێچینەوە تا ئەوەی لە پارتەکە دەربکرێن. پێش کۆبونەوەکە ئەردۆغان رایگەیاند، «ئەگەر کەسانێک هەبن کە لەسەر کاغەز ئەندامی پارتەکەن، بەڵام رێگایان گۆڕیوەو دڵیان لێرە نەماوە، ئەوا پێویست ناکات خۆمان بەدووربگرین لەڕوووبەڕووبونەوەیان».

ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان بەهەنگاوێکی تەکتیکی ناودەبرێت، چونکە دەیەوێت نەیارەکانی ناچاربکات تا پارتەکانیان رابگەیەنن پێش ئەوەی کاتی لەبارو  گونجاوی خۆی بێت. عەبدولقادر سەلڤی، ستوننووسی ڕۆژنامەی حوریەتی تورکی دەڵێت: «جارێکی تر ئەردۆغان ململانێی هەڵبژارد بەسەر سازاندا. هەنگاوێکی ناوە کەڕەنگە سەربکێشێت بۆ لەدایکبوونی پیشوەختەی پارتە سیاسییەکان. دەرکردنی داودئۆغلۆ قۆناغێکی نوێ تۆماردەکات بۆ پارتیە نوێیەکان.»

هەروەها سەلڤی باس لەوەش دەکات کە دەرکردنی داودئۆغلۆ ئاماژەیەکە بۆ کەسایەتییەکانی تر وەک عەلی باباجان کە ئەردۆغان سوورە لەسەرئەوەی رووبەڕوویان ببێتەوە.  هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات کە «ئەمە تەنها سەرەتایە و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەبینین ئەردۆغان لەتوانایدایە چی بکات».

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار