کێ هەیه ئەم منداڵه نەناسێ

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوار ته‌یب

 

ئەم منداڵه نەناسراو نییه

لەم کەونەدا گەڕیدەکە

هەر ڕۆژەی له شارێکە

ڕۆژێک لە ئۆرشەلیمە

نزا بۆ پاکبوونەوە دەکات

ڕۆژێکی دی لەپاریسە و

دەپرسێ ئێرە شاری تیرۆرکردنی ناسنامەی منە

شەوێکیان میوانی تارانە و خەریکی لابردنی ماسکەکانە

بەیانییەک لە ئەنقەرە سەرخەوێک دەشکێنێ و

دەڵێت: ئازادی دیل ناکرێ و

پەیامێک ئاڕاستەی بەغدا دەکاو

ئێژێ وڵات بە خوێن ئاو نادرێ

لە دیمەشقەوە هاوار دەکات

سەرۆک ئەوە ڕۆژی ڕەشی تۆیە

کە پەپوولەکان بە ئاسمانتا نافڕن و

بیرکردنەوەکانت دیلی جەنگن.

ئەم منداڵە

گەڕێدەیەکی عاشقه

له مهاباد و ماردیندا بهدوای ئازادیدا

له هەڵەبجه به دوای هەناسەیەکی بێ بۆنی سێو

له لالش به دوای ناسنامەی منداڵانی دوای شەڕ ئەگەڕێ

له کوبانی بەدوای خەندەی سەرلێوی دایکیدا

دەگەڕێ.

ئەو منداڵە

گەڕیدەیەکه بۆ ژیان نزا دەکا

گەڕیدەکی ڕووتە وەک ڕووتی حەوا

ئەو نازانێ سەر بە کام ڕەگەزە و

بۆ هێندە دەگەڕێ

ئینسانیبوونی ئەو منداڵە

لە حەقیقەتی مێژووەوە هاتووە و خەون دابەش دەکات

وەهم تا ئەوجی بیرکردنەوە

دیل دەکات.

گەڕیدەیی ئەو کۆنترە لە مێژوو

 گەڕیدەیی ئەو کۆنتره له شەڕ

پێش شەڕ بانگەوازی ژیانی کرد

پێش باران گوڵەگەنمێک بوو

پێش تفەنگ عاشقێکی وێڵ بوو.

گەڕیدەیەک بوو لە چوار کانی ئاوی خواردەوە،

بەڵام هێشتا تینوو بوو.

ئاوێنەیەک بوو

دەم و چاوی ڕاستەقینەی مێژووی خۆی تیادا دەبینی.

ئێستاش ئاوارەیەکە لەباخچەکانی پووچگەراییەوە

وەهمەکانی تۆ باڵ دەکات و

لە پشت پەنجەرەکانەوە خەیاڵ تا ئەوجی نغرۆبوون لە لای هابیل و قابیل دیل دەکات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار