هاوڵاتی پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕوفاتی 172 ئەنفالکراوى کورد لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە باشورى عێراق دۆزرانەوە، ئەمڕۆ روفاتەکان گەڕێنرانەوە چەمچەماڵ و لە مۆنۆمێنتى ئەنفال بەخاک دەسپێردرێن. ڕوفاتی ئەو 172کەسەی لەبەغدادەوە هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ کاتژمێر 10 پێش ئەوەی پشکنینی ناسینەوەی کەسوکارەکانیان دەربچێت بەخاک دەسپێرێن، دواتر کە کەسوکاری روفاتەکان دیاریکران ناسنامەی ئەنفالکراوەکان لەسەر گڵکۆکەیان دیاری دەکرێت. هاوکات پێنج رۆژ لە 17 مانگەوە تا 23ـی مانگ هەڵمەتى وەرگرتنى نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان دەستیپێکردووە و تیمێکى پزیشکى بۆ ماوەى شەش رۆژە نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەردەگرن و دواتر لەرێگەى پشکنینى دى ئێن ئەى، لەگەڵ رووفاتەکاندا بەراورد دەکرێت و رووفاتەکان دەناسرێنەوە. سێ هەزار و 400 کەسوکاری ئەنفالکراو پێویستە نموونەی خوێنیان لێ وەربگیرێت، هاوکات لە مانگی ئادار لە گەرمیانەوە دەست بە هەڵمەتەکە دەکەنەوە.
هاوڵاتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا سەر بەناحیەی دینارتە-یان بۆردوومانکرد، سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکرد بەهۆی بۆردوومانکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە چوار هاوڵاتی بەناوەکانی (بەشیر عومەر،عارف تەها، سادق تاهیر، عەبدوڵلا تاهیر) برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان دووان لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوەیەکی تایبەت کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە زانیارییەکانی پشت راستکردەوە و وتی "لەو چوار هاوڵاتییەی کە برینداربوون دووانیان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە". ئاماژەی بەوەشکرد " ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندی بامشمش کە نزیکە لە گوندی کافیا ئەو شوێنە بۆردوومانکراوە خۆیان ئامادەکردووە تابچنە شوێنی بۆردوومانکە و تەرمەکان بهێننەوە".
هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دوو کەسیان دەستگیرکرد. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هێزەکانی ئاسایش دوای چاودێریکردن و بەدواداوچون بەبڕیاری دادوەری لێکۆلێنەوەی ئاسایش لە رۆژی ٢٠٢٤/٢/١٩ توانیان هەردوو تۆمەتبار کە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس)ی بێ سەرەتا، بەشێوەی قاچاغ و بە تابلۆی سەربازی ساختە، بۆ مەبەستی گواستنەوەی حەوت هاوڵاتی بیانی بەکارهێنراوبوون دەستگیربکەن و دەستگیرکرا بەسەر (چەکێکی) بێ مۆڵەت و سەرجەم پاسپۆرتەکانی تۆمەتباران کەبەنایاسایی سنووریان بەزاندبوو". ئەوەشخراوەتەڕوو "لەئێستادا تۆمەتباران بە یاسای نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ی هەرێمی کوردستان راگیراون".
هاوڵاتی تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا لە سنووری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ بۆردوومانکرد، گۆمان دەکرێت سێ هاوڵاتی لە شوێنی بۆردوومانەکە بێ سەروشوێن. سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی وت "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەکانی سوپای تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا-یان بۆردوومان کردووە، سێ کەس لە شوێنی بۆردوومانەکە بوون و تائێستا بێ سەروشوێن، نازانرێت برینداربوون یاخۆد گیانیان لەدەستداوە". "لەبەرئەوەی شەبەکەی هێلەکانی پەیوەندیی لەو شوێنە نییە، بۆیە تائێستا هیچ شتێکی ورد و دروست پێمان نەگەیشتووه لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە" سەربەست سەبری وای وت.
هاوڵاتی هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە خۆرئاوای شارەکە دوو داواکراویان بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیرکرد، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند کە توانیویانە دوو "تیرۆریست" لە قەزاكانی حەویجە و ریاز لە پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن، کە بەپێی بڕگەکانی مادەی چواری یاسای دژە تیرۆر فهرمانی دهستگیركردنیان ههبووه. روونیکردۆتەوە کە دەستگیرکردنەکە "هەوڵێکی تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنێکی جۆری پێشوەختە" بووە ، کە تێیدا چەند هیزێک بەشدارییان تێدا کردوە لەوانە؛ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک. هەر لە ڕاگەیەنراوەکەداهاتووە دوو تۆمەتبارەکە ڕەوانەی بهشی لێکۆڵینەوە کراون بۆ تەواوکردنی پهڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان. قەزای حەویجە بە دووری نزیکەی ٦٥ کلم دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەرکوکەوە، هەروەها ناحیەی ڕیازیش بە دووری ٥٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شارەکەوە.
هاوڵاتی بهرپرسی مهڵبهندی ههولێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایدهگهیهنێت، بهزهبری چهك و ههڕهشهكردن و بهفهرمانی عهبدوڵای حاجی مهحمود جێگری سهرۆكی حزبهكهی له بارهگای مهڵبهند دوریانخستۆتهوه و دەڵێت، زیاد لە ١٠ جار هەڕەشەملێکراوە. شکور خەیات بهرپرسی مهڵبهندی ههولێری پارتی سۆسیال دیموكرات له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهنوسان رایگهیاند، "عهبدوڵا حاجی مهحمود جێگری سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكرات كۆمهڵێك كهسی لهگهڵدابوو 10 جار زیاتر ههڕهشهیان لێكردوم و دهنگهكانیشیان تۆماركراون، بهیانی ئهمڕۆش پاسهوانێكی عهبدوڵا حاجی مهحمود هات لهناو مهڵبهند بهزۆر دهریكردمه دهرهوه، جگه لهوهش ئهندامان و لایهنگران و جێگران و كارگێڕانی مهڵبهند ههڕهشهیان لێدهكرێت هاتوچۆی مهڵبهند نهكهن." دەشڵێت هەر کێشەیەک بۆ من و خانەوادەکەم دروستبێت،خوێنی من لە ئەستۆی عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سهرۆك و، فارس رهحمان حاجی كارگێڕی مهكتهبی سیاسی، باهر فهقێ ساڵح ئهندامی مهكتهبی سیاسیه. لە وڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسانیشدا سەبارەت بەوەی کە بۆ لەناو مەڵبەندی حیزبەکەیدا کۆنگرەکەی ئەنجام نەداوە وتی، عەبدوڵای حاجی مەحمود ژمارەیەک پاسهوانی وهزارهتی شههیدانی هێناوەو لە ژورەوەن . وتیشی، "منیش لهبهر رۆحی خۆم نهمتوانیوه بچمه مهڵبهندهوه، بهڵام لهههمو بارێكدا سهرۆكی ئێمه محهمهد حاجی مهحموده و كهسی دیكهش به سهرۆك نازانین، ئهوانهشی لایانداوه له پهیڕهو و پرۆگرامی حزب دهردهكرێن". و ناكۆكییهكانی ناو پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەک ئاڵۆز بوووە سێ ڕۆژ لەمەو پێش گهیشته پێكدادانی سهربازی و له گوڵهخانه روبهڕوبونهوه رویداوه، دواتریش هێزێكی دهزگای ئاسایشی ههرێمی كوردستان رهوانهی گوڵهخانهكرا بۆ ئهوهی دۆخهكه ئاسایی بكاتهوه، روبهڕوبونهوه دوای ئهوه رویداوه كه لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی کەوتوەتە نێو حزبهكه بەتایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی وەرزشیی بەختیاری.
هاوڵاتی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان له مانگی ئایاردا ناكرێت و كۆمسیۆن مانگی حوزهیرانی بۆ ههڵژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمان پێشنیاز كردووه. ئهمڕۆ سێشهممه 20ی حوزهیرانی 2024، شاندێكی كۆمسیۆن و یونامی له عێراق لهگهڵ سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی وادهیهكی نوێ بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەگەر سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەمواری یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بدات ئەوا ئەوان لەنێوان 1/6 بۆ 10/6 ئامادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنن. لە رابردوودا چەند جارێک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، هەرچەند تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی 15 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، بەڵام بڕیاری نەداوە. ئەوەش ئاشکرا کراوە؛ پێدەچێت سبەینێ دادگاى فیدراڵى لە بڕیارەکەیدا لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێم، بازنەکانى هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکاتە چوار بازنە و کورسى پێکهاتەکانیش لە 11 کورسییەوە بۆ پێنج کورسى کەم دەکاتەوە. بەهۆى هەڵپەساردنى کارەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات.
هاوڵاتی چەند ڕۆژێکە نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوەو بەڕێوبەری گومرگی هەرێمیش دەڵێت هۆکاری بەرزبونەوەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێنێتەوە. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە. وتیشی، " بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکەی لە وڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت و بەهۆی بەرزی نرخەکەی لەسەر ناوخۆش زیاتر دەکەوێت هەربۆیە نرخەکەی بەرزبۆتەوە". سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ڕێگری لە هەناردەکردنی ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵآتی وت، "ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە ڕێژەکە لە پێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ ڕێگرییەک نییە". ئەوەشی ڕونکردەوە کە ،"ئێستا ڕێژەی هاوردەکردن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ کەمی کردووە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی نرخەکەی". نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شار و شارۆچکەکان جیاوازە. بۆ نموونە لە سلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە بەڵام لەناو بازاڕەکاندا بە نرخی فەرمی نافرۆشرێت ولە ئێستادا لەناو بازاری سلێمانی بە ٢٤ بۆ ٢٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت ئەمەش بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست کردووە. بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابینبکرێت، کە نزیکەی 75 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت. ئەو هاوردەیەش لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریا و بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لە چەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت.
هاوڵاتی بە وتەی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ یونامی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەن ، سەرچاوەیەکیش لەناو کۆمسیۆنیش دەڵێت، "ئاگاداری هیچ کۆبونەوەیەک نین". جومانه غهلای وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق ڕایگهیاند، "بۆ دیاریكردنی كاتی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان ئهمڕۆ لهگهڵ سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان كۆدهبینهوه، بهڵام ئهو وادهیهى بۆ بهڕێوهچونی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دادهنرێت، كۆتایی نییهو ڕهنگه گۆڕانكاریی تێدابكرێت". سەرچاوەیەکیش لە کۆمسیۆنی عێراق لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت،"هیچ زانیارییەکی ڕەسمییان پێنەگەیشتووە لەبارەی ئەنجامدان یان نەدانی کۆبوونەوەکە " دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق بڕیاریدا ماوهی نوێكردنهوهی تۆماری دهنگدهران بۆ 10 ڕۆژى دیكه درێژبكرێتهوه، كه بڕیاربوو ئهمڕۆ 20ی شوبات كۆتایی پێبێت. بڕیارهكه زیاتر ئهوانه دهگرێتهوه كه لهدایكبوی ساڵی 2006ن، بۆ ئهوانهشه كه لهپێشودا كارتی بایۆمهتریان نوێ نهكردوهتهوه، بۆ ئهوهی دهرفهتی زیاتریان بۆ بڕهخسێت. وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئێستادا لەبەرئەوەی ھەنگاوی باش نراوە بۆ ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانن لە ماوەی چوار مانگدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات.
هاوڵاتی سزای سێدارەی بەندكراوێكی كوردی خەڵكی سەڵماس بەناوی ئیرەج پاكی كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندی ئەردەبیل جێبەجێ كرا. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد بەناوی ئیرەج پاكی خەڵكی گوندی "ستوونڕەش"ی سەر بە شاری سەڵماس، لە بەندیخانەی ناوەندی ئەردەبیل جێبەجێ كرا. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئیرەج پاكی شەش ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر كرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. هەتا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو بەندكراوە لە میدیا حكوومییەكان بەتایبەت میدیا نزیكەكان لە دادوەری ئێرانەوە بڵاونەكراوەتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان لە سبەینێوە دابەشدەکرێت لە رێگەی بریکارەکانەوە. ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند "یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ لە سبەیةی سێشەممەوە دابەشدەکرێت و کۆمپانیای گشتی بازرگانی مادە خۆراکییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە تەواوکردووە و بڕی پێویستی خۆراکی لە کۆگاکاندا دانراوە". ئاماژە بەوەشکراوە "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین سەردانی بریکارەکانی خۆراک بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە و لەکاتی بوونی ھەر سەرپێچیەکدا پەیوەندی بە وەزارەتەوە بکەن".
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە میدیاکان بەیاننامەیەک بەناوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بڵاوکرایەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی مامۆستایان و هەڵپەساردنی بایکۆت، ئەندامێکی ئەنجومەنەکە رایگەیاند "ئێمە هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەمان نەیاوە". هادی حەمە رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن". لەبارەی ئەو بەیاننامەی کە بڵاوکراوەتەوە بەناوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت ناوبراو وتی "ئەو بەیاننامەیە فەیکە و هیچ بڕیارێکی وانەدراوە". دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی کە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە: پاش کۆبوونەوەی بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، ناوبراو هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدا پاش هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق: ١- پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەپێی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن. ٢- بەگرێبەستکردنی وانەبێژان بە قۆناغبەندی. لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان دا، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان؛ بەردەوام لەسەر خەت دەبن و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ. ئێمەش وەک ئەنجومەنی سەرتاسەریی، لەژێر رۆشنایی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی جێگری سەرۆکی حکومەت؛ وەک دەرفەتێکی تر بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش، بەگوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە. لێرەوە جێی خۆیەتی؛ سوپاسی یەک بەیەکی مامۆستایانی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و تەواوی چینوتوێژەکان بکەین؛ کە جوامێرانە و ماندوونەناسانە بەتەنگ سەرخستنی ئەم خەباتە مەدەنییەوە بوون. ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج جار ناوچەی بەرێگارەی و جارێکی دەوروبەری گوندی سگێرێ لە سنووری قەزای ئامێدی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردومانکران. مێڤان ئامێدی، دانیشتووی قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٥:٠٠ جارێک دەوروبەری گوندی سگێرێ بۆردومانکراوە، هاوکات پێنج جار ناوچەی بەرێگارەی لەسنوری قەزای ئامێدی بۆردومانکراوه". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانەکە چەند سەد مەترێک لە دانیشتووانی هەردوو گوندەکە دوور بووە، تائێستاش زیانەکان نەزانراون".
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش. ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە بۆ گشت بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەی ناردووە، تیادا بڕیاری داوە "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش و رێگریكردن لە دیاردەی ڕێكلامكردن، سەرجەم نەخۆشخانە و بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكان ئاگادار بكرێنەوە، كە پێدانی كارتی تایبەتی نۆڕینگە، یان كارتی كەسی لە نەخۆشخانە و سەنتەر و تاقیگە و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت لە ناو نەخۆشخانە بۆ نەخۆش قەدەغەیە، نابێت نەخۆش ناچار بكرێت بۆ ئەوەی سەردانی نۆڕینگە و نەخۆشخانەی تایبەت بكات." هەروەها وەزارەتی تەندروستی جەختی كردووەتەوە، هەر پزیشكێك، كارمەندێك یان هەر فەرمانبەرێك ئەو كارە بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی لە دژ دەگیرێتە بەر.
هاوڵاتی ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار دەنگدەرە و ئەوانەشی کارتی دەنگدانیان ھەیە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دەنگدەر. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند دەنگدەرانی ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەیان ١٥٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت و مافی ئەوەیان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن ، بەم پێیەش کۆی ژمارەی دەنگدەران لە هەرێم سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٤٠٥ دەنگدەرە . وتیشی،ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دەنگدەرە. سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە لە سەرجەم پارێزگانی عێراق و هەرێم بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایگەیاند،" ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە ھەرێم سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەترییان کردووە تا ١٥ ئەم مانگە گەیشتووە ٣١ ھەزار و ٨٨٩ و دەنگدەر کە زیاتر لە ١٨ ھەزار دەنگدەریان لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦ن. هاوکات سبەینێ سێ شەممە کۆتا ڕۆژی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانە واتا سبەینێ كۆتا وادەى تۆماری بایۆمەتریی لە دایكبووانی ساڵی ٢٠٠٦ و ئەو كەسانەیە، كە هێشتا تۆماریان نوێ نەكردووەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە كارەكانی خۆی بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم.
