هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى هەرێم بڵاویکردەوە، لە ماوەى ١٢ کاتژمێرى ڕابردوودا زۆرترین بڕى بارانبارین لە بازیان بووە بە بڕى ٩٣.٤ ملیمەتر و لە بەرامبەردا لە بامەڕنێ کەمار لە یەک ملیمەتر بارران باریووە. بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بوومەلەرزەزانى هەرێمى کوردستان، ئاماری بڕی بارانبارینی ١٢ کاتژمێری ڕابردووی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە "لهدوای بازیان، زۆرترین بڕی باران له قهزای ماوهت باریوه كه 44.4 ملیمهتر بووه". ئهمهش بڕی بارانی 12 كاتژمێری رابردووی ههندێك له ناوچهكانی ههرێمه:
هاوڵاتی وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ڕاگەیاند، لە کاتی خۆپیشاندانی ئەمڕۆیاندا بۆ ئازادی ئۆجەلان، لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە نزیکەی 50 کەسیان دەستگیرکراون کە لە ناویاندا هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیشی تێدایە. جومعە کەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،" ئەمڕۆ 15ی شوبات ڕۆژی پلانگێڕیە لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان، بەم بۆنەیەوە کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان ویستی خۆپیشاندان ئەنجامبدات لە سەهۆڵەکەبۆ باخی گشتی، کە پێکهاتبوون لە هەڤاڵانی ئێمە و کۆمەڵێک خەڵکی وڵاتپارێز و ڕۆشنبیرو ڕاگەیەندنکار، بەڵام ئاسایش ژمارەیەکی زۆری لەو کەسانە دەستگیرکرد." وتیشی،" نزیکەی 50 کەس لەخۆپیشاندەران دەستگیرکراون، کە لە ناویاندا هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و ڕۆشنبیر و ڕاگەیەندنکار و کەسانی بێ لایەن هەیە." لای خۆیهوه سهلام عهبدولخالق بهڕێوهبهری راگهیاندنی دهزگای ئاسایشی ههرێم لهو بارهیهوه رایگهیاند كه "ئهوان ویستبوویان خۆپیشاندان بكهن، بهڵام به هۆكاری ئهوهی شوێنهكهیان گونجاو نهبوو، ئاسایش دووری خستوونهتهوه و ژمارهیهكیشیان پێدهچیت دهستگیركرابن". وتیشی: "له راستیدا مۆڵهتیشیان نهبووه، باوهڕناكهم زۆریش بمێیننهوه له ئاسایش". وتەبێژی تەڤگەری ئازادییش دەڵێت خۆپیشاندانەکەیان مەدەنی بووە و بە پێی یاسا مۆڵەتی پێویست نییە، تەنها ئاگادار کردنەوە نەبێت. ئهم دهستگیركردنه له كاتێكدایه كه رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆكی توركیا ڕۆژی پێنجشهممه هۆشداری دا له دژی یهكێتی نیشتمانی كوردستان و تۆمهتباری كرد به پشتیوانیكردن له "تیرۆر".
هاوڵاتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە زیانی لافاوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی شاری هەولێر ڕایگەیاند، لافاوەکەی ئەمڕۆی هەولێر قوربانی گیانی تێدا نەبووە، و لە کاتێکی کەمدا بارانێکی زۆر باری بۆیە لافاو دروست بوو و توانیویانە زیانەکان کەم بکەنەوە، بەڵام تەنها لە دەوروبەری پردی سەیداوە نزیکەی ١١ ئەوتومبێل ژێرئاوکەوتن. سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی كەشناسی لە چەند کاتژمێری رابردودا لە شاری هەولێر نزیكەی (20) ملم باران لە شاری هەولێر باریوە، "كە هەمان ئەو بڕەبوە كە موسڵی ژێر ئاوخستوە، بەڵام ئێمە توانیومانە پێشتر ئامادەكاری بۆ بكەین و زیانی لافاوەكەمان كەمكردوەتەوە." وتیشی که "لە 24 کاتژمێری رابردوودا، سەرجەم تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر "هاوکات پێشتر شۆفێران له ههر بارودۆخێكی لهم شێوهیه ئاگادار كراونهتهوه بۆ ئهوهی ئامادهیی بكهن و خۆیان له زیانهكان بهدوور بگرن. سەڕەڕای ئەمەش ئەمڕۆ تەنها لە دەوروبەری پردی سەیداوە لە هەولێر، 11 ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و لە شوێنەکانی دیکەی شارەکەش دەیان ئۆتۆمبێلی دیکە زیانیان بەرکەوت. پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو شوێنانەی کە ئوتومبێلی ژمارەی هاوڵاتی ژێرئاوکەوتبوون وتی "ئهو شوێنهی ئۆتۆمبێلهكان بهتایبهتی كه ئۆتۆمبێلی تاكسین زیانیان بهركهوتووه، یهكێكه له قووڵترین شوێنهكانی ههولێر". ئەوەشی ڕونکردەوە كه ئهو كۆنكرێتانهی له نزیك پردی سهیداوهن و هی پاشماوهی كۆمپانیاكهن كه پڕۆژهكه لهو ناوچه دروست دهكات، بڕیار دراوه دهستبهجێ لهو شوێنه ههڵبگیرێن و بۆ شوێنێكی دیكه بگوازرێنهوه" . جێگەیباسە ئەو بەربەستە کۆنکرێتییانە بە هۆکاری کۆبونەوەی ئەو ئاوە دادەنرێت کە بەهۆیەوە ئوتومبێلی ژمارەیەکی زۆری هاوڵآتیان ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێگەشت.
هاوڵاتی لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەنجێك ، مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی لەڕۆژی ٢ی نیسانی ٢٠٢٣ کاتژمێر ١١:٠٠ی شەو گەنجێك لە قەزای سەیدسادق كوژرا، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی سلێمانی بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد كە تۆمەتباران بۆ شوێنی نادیار هەڵاتبوون، دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادان بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتباران دەركرد، لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران بەردەوام بوو، سەرەنجام دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد و گەڕانی بەردەوام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن". ئاماژە بەوەشکراوە "لەئێستادا هەر سێ تۆمەتبار دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە .
هاوڵاتی مامۆستایەکی ناڕازی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە دەوام زیاتر لە ١٠٠ مامۆستا سزادراون. فەرهاد قادر، مامۆستای ناڕازی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هاوڵاتی راگەیاند "لەم چەند رۆژەدا لە سنووری پەروەردەی هەڵەبجە زیاتر لە ١٠٠ مامۆستا سزادراون بەهۆی بەردەوامبوونیان لە بایکۆت". ئەو مامۆستایە روونیشیکردەوە "تەنها رۆژی سێشەممەی رابردوو ٦٧ مامۆستا سزادراون، هەروەها ئەمڕۆش نزیکەی ٧٠ مامۆستای دیکە سزادراون". ئاماژەی بەوەشکرد "قوتابخانە هەیە بەڕێوەبەر و سەرجەم مامۆستاکان سزادراون، بۆ نمونە قوتابخانەکانی بیارە و خورماڵ و باڵانبۆ و گۆران، هەروەها باخچەی ساوایانی شەونم بە هەمان شێوە مامۆستا و بەڕێوەبەرەکەی سزادراون"،
داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەین کە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە (٢٠٥٣) لەگەڵ بەڕێز (مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئەنجومەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکە چەند دێڕێکی بۆ زیادکراوە کە وتەی بەڕێزیان نییە، بەڵکوو رۆژنامەنووسەکە لێی بەرپرسە و رای تایبەتی رۆژنامەنووسەکەیە. دووبارە داوای لێبوردن لە بەڕێزیان و خوێنەرەکانمان دەکەین. هاوڵاتی دێرە زیاد کراوەکەی کۆتایی چاوپێکەوتنەکە : "چەندین ساڵە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگریی عێراق، بەڵام لەڕووی ماددی و لۆجیستی و پڕچەککردنەوە لەشایستە داراییەکانی خۆی بێبەش کراوە، لەکاتێکدا بودجەی حەشدی شەعبی ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر دەبێت. هەروەها لەکاتی شەڕی داعشەوە ئەمەریکاو هاوپەیمانان بڕێک لەبودجەیان دیاریکردبوو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەبڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار، دواتر بەهۆی پابەندنەبوونی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و ئەم پاڵپشتییە داراییە کەمیکرد بۆ ٢٢ ملیۆن دۆلار، لەئێستاشدا بڕی پاڵپشتییە داراییەکان کەمتربووەتەوەو تەنها ١٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری دەدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە. لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکاو هێزەکانی هاوپەیمانان نیگەرانن لەوەی ئەو چاکسازییانەی کەئەوان چاوەڕوانیان دەکرد لەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی پێویست نییەو پرۆسەی یەکگرتنەوەکە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوام بێت ئەگەری هەیە ئەمەریکا کاردانەوەی دیکەی هەبێت و هاوكارییەکانی کەمتربکاتەوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر مووچەو کارو چالاکییەکانی ئەو هێزە."
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر هاوڵاتییان و شۆفێران لە کڕینی چەند جۆرێکی ئۆتۆمبێل ئاگاداردەکاتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند "ئاگاداری هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەینەوە خۆیان بە دوور بگرن لە کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی کە لاشە (شانسی) یان بڕاوەتەوە بە تایبەتی ئۆتۆمبێلی جۆری کیای دوو تەنی". هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە هاوڵاتییان خۆیان لە کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەش بەدووربگرن کە ژمارەو ساڵیانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیان بۆ بەستراوە".
هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان بێت بارانبارین بەردەوام دەبێت. بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بارانبارین بەردەوام دەبێت و ئاستی دابارین لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان مامناوەند دەبێت". ئاماژە بەوەشکراوە، کە زۆرترین رێژەی بارانی پێشبینیکراو لەکاتەکانی دوانیوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە باشووری پارێزگای سلێمانی دەبێت، هەندێک کاتیش هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، کاتەکانی شەو کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر هەرێمی کوردستان لاواز بێت. هەروەها سەبارەت بە سبەینێ هەینی روونکراوەیەوە، سبەینێ ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە دوانێوەڕۆوە بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمە باران و مامناوەند دەبێت، بەتایبەتی لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی.
هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ سوپای تورکیا بە دووری ٥٠٠ مەتر دەوروبەری گوندی گوهەرزێی لە سنووری قەزای ئامێدی بە چڕی بۆردوومانکرد و زیانەکان نەزانراوە. کارڤان گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گۆهەرزێ تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند "کاتژمێڕ ٩:٣٠ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی گۆهەرزێ-یان بۆردوومانکرد". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە تەنها ٥٠٠ مەترێک لەسەنتەری گوند دوورە، تائێستا هیچ کەسێک نەچووەتە ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە، چونکە تڕس هەیە جارێکی تر بوردوومان بکرێتەوە لەبەر ئەو کەس نازانێت زیانەکان چی بوون". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانکردن بووەتە شتێکی ئاسایی لەژیانی ئێمە، چونکە رۆژ هەیە جارێک یان چەند جارێک ناوچەکە بۆردوومان دەکرێت، دانیشتووانی گوندەکە بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێیان هەیە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن ئاگاداری دەرچووانی زانکۆی نیشتەجێی سنوورەکە دەکاتەوە و داوایان لێدەکات سەردانیان بکەن. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن رایگەیاند "بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەرچووی زانکۆن و نیشتەجێی سنووری قەزای پێنجوێنن داواکارن بکرێنە وانەبێژ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە سبەینێ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دیوانی بەڕێوەبەرێتییەکە ئامادەبن بۆ کاری زۆرپێویست". ئاماژە بەوەشکراوە "ئەوکەسانە ئامادەبن کە دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانن و پسپۆڕییەکانی زمانەکانی کوردی –عەرەبی - ئینگلیزی، لەگەڵ زانست- کیمیا- فیزیا -بایۆلۆجی- کۆمەڵایەتیین".
هاوڵاتی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوایی سلێمانی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستگیرکرد کە کاری سیحر و جادوو و روقیەی شەرعی دەکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "بەبریاری دادوەری لیکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنیکی سەرکەوتوودا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەماوەیەکی کەمدا توانرا سەرجەم ئەوکەسانە دەستگیر بکەن کە کاری جادوو نوشتە سیحر وروقیەی شەرعیان ئەکرد لە سنووری قەزای چەمچەماڵ". ئاماژە بەوەشکراوە "بڕیارەکە پاڵپشت بووە بە نیگەرانی و ناڕەزایەتی هاوڵاتییان و مامۆستایانی ئایینی لەو جۆرە کەسانە کە هۆکارێک بوون بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی خەڵک".
هاوڵاتی پارێزگای هەولێر لەبارەی پشووی سبەینێوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " لەسەرجەم دامو دەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە". لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەولێر رایگەیاند "سەبارەت بەو شەپۆلە باران بارینە ناوچەکەی بە گشتیی گرتووەتەوە، دواى هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و دیراسەتکردنی لایەنی پەیوەندیدار، سبەی پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ پشوو نییە و لەسەرجەم دامو دەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە". ئاماژە بەوەشکراوە "لە ماوەى ساڵانى راابردوو و بەر لە وەرزى باران بارینى ئەمساڵ، لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى، هەموو رێکارێک لە پاککردنەوەى (ڕێرەوەکانى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار) گیراوەتەبەر و پڕۆسەکەش تاکو ئێستا بەردەوامە". ئەوەشخراوەتەڕوو "سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگاکان (شارەوانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی) لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو، هەروەها دواى ئهو هەموو هەوڵ و کارەکانە کە لە ئێستا و لە رابردوودا بۆ بەرگرتن لە لافاو و روونەدانی کراوە، بەپێویست نازانرێت سبەی بکرێتە پشوو".
هاوڵاتی نزیکەی هەفتەیەکە ڤایرۆسێکی وەرزی لەناو منداڵان لە شاری دهۆک بڵاوبووەتەوە، تائێستا ٣٠٠ منداڵ لە نەخۆشخانە داخڵکراون، تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت "دەرمانی پێویستمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی توۆشی ئەم جۆرە ڤایرۆسە بوون". تابان فازڵ، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "هەندێک جۆری ڤایرۆس هەن زوو بڵاودەبنەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە جۆرە ڤایرۆسێک بەناوی (RCV) لەناو منداڵان بڵاوبووتەوە ئەمەش وایکردووە کە ژمارەی تووشبوون دووقات و سێ قات زیادببێت، هەروەها تائێستا لە نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان ٣٠٠ منداڵ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە داخڵکراون". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم جوڕە ڤایرۆسە زیاتر تووشی سینگی منداڵ دەبێت و هەناسەی تووند دەبێت و پێویست دەکات داخڵی نەخۆشخانە بکرێت تا چارەسەری پێویست وەربگرێت، زیاتر ئەو منداڵانە تووش دەبن کە تەمەنیان لە خوار دوو ساڵە". د. نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان لە شاری دهۆک بە هاوڵاتی رایگەیاند "چارەسەر ئەوەیە دایکان زیاتر شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن و خۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتو، چونکە شیری دایک بەرگریی لەشی منداڵ بەهێز دەکات". ئەو پزیشکە داوا لە کەسوکاری منداڵان دەکات هەرکاتێک هەستیان کرد منداڵەکانیان نەخۆشە بەزووترین کات بیهێننە نەخۆشخانە تا ئێمەش بەزوویی چارەسەربکەین. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی وتیشی "ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەموو ساڵێک بڵاودەبێتەوە، ڤایرۆسێکی وەرزییە لەنێوان کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و سەرەتای بەهار، هەروەها دەرمان و پێداویستی تایبەت بەم ڤایرۆسە بەردەستە".
هاوڵاتی چهندین بیروڕای جیاواز لهسهر مێژووی ڤالانتاین ههیه، یهكێك لهو بیروڕایانهی کەزۆر باسدەکرێت دهڵێت، له سهدهکانی سێههمی زایینی لهڕۆما، سهرکردهیهک ههبوو بهناوی کلادیۆسی دووەم كهپێی وابوو ئهو سهربازانهی کههاوسهرگیریان نهكردووه باشترو بههێزترن لهو سهربازانهی که ژن و منداڵیان ههیه، ههربۆیه بڕیاردهدات کهسهربازهکانی ئیمپڕاتوری رۆم نابێت ژن بخوازن و دهبێت سهڵت بمێننهوه، کلۆدیۆس زۆر زاڵم بووهو تهنها بڕیار لای خۆی بووهو كهس نهیتوانیوه پێچهوانهی یاساكانی مامهڵه بكات. بەڵام ڤالانتاینی قەدیس کە رەبەنێکی گاور بووە، دژی بڕیارهكهی ئیمپڕاتۆر وەستاوەتەوەو ژێربهژێرو بەنهێنی گرێبهستی ژنهێنانی بۆ سهربازهكان ئهنجامداوە. دوای ئهوهی ئیمپڕاتۆر بهوهی زانیوە، دهستگیری كردووەو زیندانی کردووە، پاشان بڕیاری لهسێدارهدانی بهسهردا سەپاندووەو لهڕۆژی (14/2/270)ی زایینی لەسێدارە دراوە، دواتر پاپا رۆژی كوژرانی (ڤالانتاین)ی قەدیس، كهبانگهوازی بۆ خۆشهویستی و ئاشتی دەكرد، بەجهژنی خۆشهویستی لەقەڵەمدا.
هاوڵاتی چەند بانکێکی ئەهلی مانگانە چەندین ملیۆن دینار لەڕێگەی «هەژماری من» وەکو عمولە لەمووچەی فەرمانبەران دەچننەوە، ئەوەش نیگەرانی فەرمانەبەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕەکە کەمەو جێگەی نیگەرانی نییە. وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ هەر فەرمانبەرێک مانگانە دوو هەزارو ٥٠٠ دینار لەمووچەکەی وەکو خزمەتگوزاریی عمولە وەردەگیرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەوەزارەتی پیشمەرگە ئەو پارەیەی کە لەمووچەی پیشمەرگەیەک وەرگیراوە دەکاتە ٠.٥%. چاودێرانی دارایی پێیانوایە ئامانج لە «هەژماری من» رزگارکردنی حکومەتە لەقەیرانی نەبوونی نەختینەی دارایی، بەڵام بانکە ئەهلییەکان بەقازانج لێی دێنە دەرەوەو هەروەها بەزیانی بانکە حکومییەکان دەشکێتەوە. رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەكرێتەوە. تائێستا ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکەیان بۆ کراوە. وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من»و دەشڵێت هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە مووچەیان پێدەدرێت. دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە ١%ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەشێوەی عمولە بۆ ئەو بانکە ئەهلییانەی هەژمارەکەی تێدا دروستدەکرێت )بانکی ئاڕ تی RT، بانکی بی بی ئەی سی BBAC، بانکی ئێن بی ئای NBI) ین. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسفكردو وتی، «هیچ بڕە پارەیەک لەفەرمانبەران وەرناگیرێت و دەنگۆی بڕینی ١%ی مووچەی فەرمانبەران لەهەژمارەکەوە مانگانە دوورە لەڕاستییەوە». هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونکردەوە کە «مانگانە تەنها بری دوو هەزارو ٥٠٠ دینار بەشێوەی عمولە بانکەکان لەمووچەخۆرانی وەردەگرن و لەبەرامبەر ئەمەشدا چەندین خزمەتگوزاری دیکەیان پێشکەش دەکرێت هاوکات هیچ بڕە پارەیەکیش لەفەرمانبەران لەبەرامبەر وەرگرتنی کارتەکە وەرناگیرێت». بەڵام کارمەندێکی وەزارەتی پیشمەرگە بەهاوڵاتی رایگەیاند «بەشێک لەفەرمانبەران مووچەی مانگی یەکیان لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وەرگرتووە، تەنها لە ٠.٥%یان لێبڕاوە نەک لە ١%، بەڵام ئەگەر ببێتە لە ١% ئەوا بۆ ئێمەی فەرمانبەران زۆرەو بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی ئێمە نابێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار نەدات کەئەو رێژەیە زیادبکرێت». لەتشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی (هەژماری من) دەستپێكرد، مانگی شوباتی ساڵی رابردوو (٢٠٢٣) پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان ٨٤١ فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد. لەئێستادا نزیکەی ٦٠هەزار کارت تەواو بووەو نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لەم مانگەوە بەهەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن. شارەزایەکی بواری دارایی و بانکیش دەڵێت، «بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، بڕێکی پارەی خانەنشینی فەرمانبەران دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». گوڵاڵە سدیق، شارەزا لەبواری دارایی و بانک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەربمانەوێت سەیری پێشکەوتنی ئابووری وڵاتێک بکەین دەبێت سەیری سیستمی بانکییەکەی بکەین، بەڵام ئێمە سیستمی بانکییەکەمان بەقاسەیەکی بەتاڵی حکومەتی هەرێمەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی بازرگانی و پارە پەیداکردن بۆ بانکە ئەهلییەکان». وتیشی «ئێمە لەکوردستاندا نزیکەی ٩٠ بانکی حکومیمان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆ ئەم پرۆژەی هەژماری منە، چەند بانکێکی تایبەت دەستنیشانکراون، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ عمولە وەردەگیرێت لەکاتی کردنەوەی هەژمار یان راکێشانی پارە دەبێتە داهات بۆ ئەو بانکە تایبەتانە، ئەمەش لەڕۆڵی بانکە حکومییەکان کەمدەکاتەوە». کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، گوڵاڵە سدیق ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر هەموو فەرمانبەرێک لەکاتی راکێشانی مووچەکەی لە ١%ی عمولەی لێوەربگیرێت واتە لەهەر ١٠٠ هەزار دینارێک یەك هەزار دینار دەبێتە عمولە بۆ ئەو بانکە. وتیشی «ئەم ٩١٤ ملیار دینارە عمولەی مانگانەی دەبێتە نۆ ملیارو ١٤٠ ملیۆن دینار، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بۆ بانکە حکومییەکان بووایە ئەوا داهاتێکی باش دەبوو». ئەو شارەزایە باسی لەکێشەیەکی دیکەی سیستمی هەژماری من کردو وتی «بڕیارە نزیکەی ئامێری پارە راکێشان (ئەی، تی، ئێم) دابنرێت بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سلێمانی و دەوروبەری ٥٠٠ دانەی بەردەکەوێت و هەولێرو دهۆک و دەوروبەریشی ٥٠٠ دانەکەی دیکەیان بەردەکەوێت، بۆ نموونە لەسلێمانی نزیکەی ٧٠ هەزار مامۆستا هەیە، لەڕۆژی دابەشکردنی مووچە ئەم ٧٠ هەزارە پارە رادەکێشن ئەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستدەبێت، ئەمەش وادەکات کە فەرمانبەران نەتوانن لەو رۆژەی دیاریکراوە مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکە بەوشێوەیە خاو بەڕێوەدەچێت». وتیشی «ئەگەر سیستمێکی بانکی رێکوپێک هەبێت و ئامێری راکێشانی پارە لەهەموو بازاڕو دوکانەکاندا هەبێت و متمانەی بانکی لەنێوان هاووڵاتییان و بانکەکاندا هەبێت ئاساییە کەپرۆژەی هەژماری من جێبەجێبکرێت لەبانکە حکومییەکاندا نەک ئەهلییەکان، چونکە کارەساتە فەرمانبەرانی بانکە حکومییەکان بێئیش بکەیت بۆ بانکە ئەهلییەکان». روونیشکردەوە «ئێمە تاوەکو ئێستا سندوقی خانەنشینیمان نییە، کاتێک پارەی مووچە کە ٩٤٤ ملیار دینارە دێتەسەر هەژماری بانکەکان، ئەو فەرمانبەرانەی کە لەدەوامی ئاساییدان و هیچ خانەنشین و چاودێرییەکی کۆمەڵایەتییان نییەو پێویستە خانەنشینیان لێببڕیت بڕی پارەکەیان ٧٣٢ ملیار دینارە، کاتێك لە ٧%ی بۆ خانەنشینی لێدەبڕێت دووبارە بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، ئەو پارەیە دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من»، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی داراییش لەئێستادا پێنج بانک بەشدارن، بەڵام بەپێی ئەو فۆڕمەی فەرمانبەران پڕیدەکەنەوە تەنها سێ بانک دانراوە، هاوکات لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ناوتۆمارکردن لەو پڕۆژەیە لەشاری سلێمانی و دهۆکیش دەستیپێکردووە. بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لەڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون، پارەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، ئەوە جگە لەهاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کەمانگانە نزیکەی ٢٥ ملیار دینارە.
