هاوڵاتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەرزاییەکانی گوهەرزێ و بڵاڤەیان لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. سەعدوڵلا گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گۆهەرزێ بە هاوڵاتی ی راگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ دەوروبەری کاتژمێر ٣:٠٠ زیاتر لە دوو جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بەرزاییەکانی گوهەرزێ و بڵاڤە بۆردوومانکران". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانەکە له سەنتەری گوندەکە دووربووە و ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون ناوچەی قەدەغەکراون بۆیە نازانرێت زیانەکان چین". هەروەها بۆردوومانی ئەو ناوچانە لەکاتێکدا کە دوێنی بەهەمانشێوە لەم کاتانەدا بەچڕێ دەوروبەری گوندی سەرگەلێی لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆردومانکرد.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان زانیاری نوێ دەخاتەڕوو. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران هەمواری یاسای بودجە تەواو بکات و لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران". لەبارەی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە مانگانە حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، هەروەها تا کۆتایی ئەم مانگە حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیاری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت". بڕیارە لەگەڵ هاتنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی عێراق وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبە دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵی فەرمانبەران بکات.
هاوڵاتی جێگری بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە شێکی زۆری مامۆستایان گەڕاونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن و هیچ مامۆستایەک سزا نادرێت. نەژاد عەبدوڵا یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی هەزار و 307 ناوەندی خوێندن، هەزار و 208یان دەوامیان تێدا دەکرێت. وتیشی، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بە نەهاتو تۆمارکرابون زیاتر لە دو هەزار و 500 مامۆستابون وئەو مامۆستایانەی بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنەوە غیابدراون سزا نادرێن . ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بە دەوامکردوەتەوە و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە.
هاوڵاتی عهلی حهمهساڵح ئهندامی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، حكومهتی ههرێم سهرهڕای ئهوهی ناتوانێت موچهی كارمهندان و خانهنشینان دابینبكات، مانگانه 26.5 ههزار دۆلار دهداته راوێژكارێك. عهلی حهمهساڵح ئهندامی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە کە ڕاوێژکارێکی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا مانگانە "موچەی 16.500 دۆلار (165 گهڵا) دهدهنێ و لهگهڵ 10 ههزار دۆلار (100 گهڵا) خهرجی دیكه". ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، نوسینگهی مهسرور بارزانی سهرۆك وهزیرانی ههرێم، عهبدولمهجیدیان بەو مووچە زۆرە دامەزراندووە کە دیار نییە کێیە ، هاوکات گەر ئەو ڕاوێژکارە دهستكهوتی ههبێت له ئیشهكهیدا بهخشیش و پارهی دیكهش وهردهگرێت. وێنەیەک لە گرێبەستەکەی ئەو ڕاوێژکارە کە لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە بڵاوکراوەتەوە:
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان له نێوان نیمچه ههور بۆ ههوری تهواو دهبێت، لهسبهینێوه بارانبارین لهزۆربهی ناوچهكانی ههرێم دهستپێدهكات و پلهكانی گهرماش رو لهنزمبونهوه دهكهن. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ سێشهممه ئاسمان نیمچه ههور دهبێت له دوایی نیوهڕۆوه دهگۆڕێت بۆ ههوری تهواو، پلهكانی گهرماش كهمێك بهرزتر دهبنهوه بهراورد به تۆماركراوی دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبهی چوارشهممه له كاتهكانی بهیانی ئاسمان نیمچه ههور و ههوری تهواو دهبێت له ئهنجامی كاریگهری شهپۆلێكی باران بارین له دوایی نیوهرۆ به شێوهی نمه باران سهرهتا له سنوری پارێزگای دهۆك دهستپێدهكات، رێژهی دابارین زیاد دهكات له كاتهكانی شهودا دهگۆڕێت بۆ بارانی مامناوهند وه ههندێك ناوچهش لێزمه باران و ههوره تریشقهشی لهگهڵدا دهبێت به تایبهتی له سنوری پارێزگای دهۆك و ناوچه شاخاویهكان به گشتی". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 16 سلێمانی : 17 دهۆک : 15 کەرکوک : 18 هەڵەبجە : 17 زاخۆ : 16 سۆران : 14 حاجی ئۆمەران : 8 گەرمیان : 21
هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پشدەر داوا لە مامۆستا و خوێندکاران دەکات، سبەینێ دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پشدەر رایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین، کە سبەی سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و دەستپێکردنەوەی دەوام". ئاماژە بەوەشکراوە"داوا لە کەسوکار ی خوێندکاران دەکەین کە جگەرگۆشەکانیان رەوانەی باخچەکانی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان بکەنەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو "لەهەر ناوەندێکی خوێندن گرفتی نەبوونی مامۆستا هەبوو لە هەر پسپۆڕییەک، با بەڕێوەبەرەکان پەیوەندی بە هۆبەی خۆیەتی و میلاکی پەروەردەوە بکەن".
هاوڵاتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی دەوروبەری گوندی سەرگەلێ-یان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد و زیانەکان نەزانراون. بارزان سەرگەلێ، دانیشتووی گوندەکەیە و بە هاوڵاتی وت "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤ دەوروبەری گوندی سەرگەلێ-یان بۆردوومانکرد، ئەو ناوچەیەی کە بۆردوومانکراوە تەنها ٥٠٠ مەترێک لە دانیشتوانی گوند دوور بوو و دووکەڵێکی زۆر بەرزبووەتەوە". ئەمەش لەکاتێکدا لە مانگی رابردوودا تورکیا شوێنێکی بەخێوکردنی ئاژەڵداری ل ەگوندی سەرگەلێ کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتەوە.
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچووە، ئاشکراشیکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتن دەکرێت. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند "گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیوە و لەسەر رێڕەوی راستن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە داهاتوویەکی نزیکدا". وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوە هەناردەی نەوتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمەکە".
هاوڵاتی هێزێکی زۆری ئۆپراسیۆن ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڕەکی کەنەکەوەی سلێمانی چواردەوری ماڵی کوێخا دێرین عوزێریانداوە، کە خۆی وەك فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی دەناسێنێت و بە گوێرەی زانیارییەکان دەستگیراوە بەسەر ماڵەکەیدا. پەیامنێری هاوڵاتی لە سلێمانی رایگەیاند: ھێزی ئۆپراسیۆن لە گەڕەکی کەنەکەوەی سنوری شاری سلێمانی، بە فەرمانی دادوەربە مەبەستی دەستگیرکردنی چوونەتە ماڵی کوێخا دێرین و دەستگیراوە بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوە و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی لەلایەن ئەو فەرماندەیەوە دروستکرابوو. وتیشی، لە ئێستادا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دەستگیرکردنی نییە و زانیاری جیاواز دەدرێت هاوکات لایەنە فەرمییەکانیش هیج زانیارییەکیان سەبارەت بە خۆشاردنەوە یان دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە سەربازییە پشتڕاست نەکردۆتەوە. ئاسایشی سلێمانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیە ڕایگەیاند،" پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا،دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت ، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیرکرا." هاوکات "دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای ( دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە." لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیشدا هاتووە کە، " ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بە پێی مادەی 405 - 31ـی لە یاسای سزادانی عیراقی کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی ." ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە،"هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی."
هاوڵاتی لەلایەن ئاسایشى سلێمانییەوە کۆمەڵێک مەرج بۆ کارکردنى نوسینگە و ئاڵوگۆڕکارانى دراو دەرکرا، بەوپێیە چیتر ئەو کاسبکارانە ناتوانن مامەڵەى هەوایی بە دۆلارەوە بکەن و تەواوى مامەڵەکانیش بە دراوە ئەلیکترۆنییەوە قەدەغە کران. بهگوێرهی نوسراوێكی هۆبهی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومهكی ئاسایشی سلێمانی، ئاگاداری سهرجهم كۆمپانیا و نوسینگه و دهستگێڕ و كاسبكاران دهكاتهوه، پابهندی پێنج بڕیاری دیاریكراو بن، بهپێچهوانهوه روبهڕوی لێپێچینهوهی یاسایی دهبنهوه. ئەوانیش لە پێنج خاڵدا خۆیان دەبیننەوە: ١- نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان دۆلاری چاپی کۆن و نوێ. ٢- لە کاتی وەرگرتنی حەواڵي داوای کەفیل نەکرێت و بدرێت بەو کەسەی کە بە ناویەوە هاتووە. ٣- مامەڵەکردن ڕاستەو خۆو ڕوبەڕوبێت؛ بەوپێیەش لەمەودا مامەڵەى هەوایی بە دۆلار و دراوەکانەوە قەدەغەیە. ٤- مامەڵەکردن بە دراوى ئەلیکترۆنییەوە بەهەمو شێوەیەک رێگە پێنەدراوە و لە ئەگەرى بونى سەرپێچیشدا کەسى سەرپێچیکار روبەڕوى لێپێچینەوەى یاسایی دەبێتەوە. ٥- ئەو کەسەی حەواڵە وەردەگرێت پێویستە پێناسی پێبێت.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناو سەیوان سەحیحی، لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە لە سنووری بانە کوژرا. بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاو کردۆتەوە، دوێنێ یەکشەممە یەکشەممە ١١ی شوبات لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد، یەکێکیان بە ناوی سەیوان سەحیحی، کە تەمەنی 20 ساڵە کوژرا. سەیوان سەحیحی خەڵکی گوندی «بلەکێ» بووە و تەرمەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوبات لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ١١٦ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. هاوکات بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 460 کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە هەزار و 400 کۆڵبەریش بریندار بوون، بەڵام هیچ تەقەکەرێک لەلایەن دامودەزگا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادگەیی نەکراون.
هاوڵاتی بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان دوو بنەماڵەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە دوای هەشت کاتژمێر شەڕ و ئاڵۆزیی لە کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری دهۆک دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرا و چوار کەسیش دەستگیرکران. هێمن سلێمان، ووتەبێژی پولیسی دهۆک ڕاگەیاند" ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتژمێر سێی دوای نیوەرۆ لەکۆمەڵگای چرە سەر بەشێخان بەهۆی روداوێکی تەقەکردن 2 کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینەکەی یەکێکیان گیانیلەدەستدا ." وتیشی، " لەسەر روداوەکەی کۆمەڵگای چڕە چوارکەس دەستگیرکراون و فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەک کەسی تر دەرچووە هیوادارین بەزووترین کات خۆیان ڕادەستی پولیس بکەن" ئەوەشی ڕونکردەوە کە " ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی نزیکەی 70 ساڵەو کورەکەی برینداربووە و لەنەخۆشخانە چارەسەر وەردەگریت، هاوکات ئەو شوێنەی شەڕ و ئاڵوزی تیادا روویداوە بەتەواوی کونتروڵکراوە" جێگەیباسە بە گوێرەی زانیارییەکان ڕوداوەکە لەسەر زەویوزار بووە هاوکات شەڕو پێکدادان لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر بەردەوام بوو.
هاوڵاتی سەفا عائیلی، خاڵی ژینا ئەمینی کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو سزای ٥ ساڵ زیندانی و هەندێک سزای دیکەی وەکوو قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران و نووسین سەبارەت بەو هێزە حکومییانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراون بەسەریدا سەپێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕۆژانی ڕابردوودا سەفا عائیلی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەریکراوە. سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە 5/9/2023 لە ماڵەکەی خۆیدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکراو دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی کەفالەتی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەن هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا و دوای دادگایکردنەکەی سزای زیندانی بۆ دەرچوو.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسێکی بەریتانی باسی لە ماترسییەکانی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووەو لە خاکی عێراقدا و دەڵێت لەوانەیە عێراق بەرەو جەنگ ببەن. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی (بی بی سی) بریتانی راگەیاند، هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گروپە چەکدارەکان لەوانەیە عێراق بەرەو جەنگ ببەن، لەوبارەیەشەوە نامەیەکی هۆشدارکردنەوەیان ئاڕاستەی گروپە چەکدارەکان کردوە و هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی ئێران کراوە . وتیشی، "نیگەرانین لە دەسەڵاتی هەمو ئەو لایەنانەی لە عێراقدا هەیە، نەک تەنها ئێران، هەولیش دەدەین سەرجەم ئەو هەژمونانە نەهڵێن و سەرجەم بڕیارەکانی عێراق لە بەغداوە بدرێت." فوئاد حسێن ئەوەشی خستەڕو، پێویستە دانوستانەکانی کشانەوەی دو هەزار و 500 سەربازە ئەمریکییەکان دەستپێبکات، کە لە ساڵی 2014 وەک راوێژکاری سەربازی بۆ هاوکاریکردن لە رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش هاتنە عێراق، چونکە ماوەی مانەوەیان تێپەڕاندوە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نامەیەک ئاڕاستەی گروپە چەکدارەکان کراوە و پێیان وتراوە، ئەگەر بەردەوام بن ئەوا عێراق بەرەو جەنگ دەبەن، هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی تاران کراوە.
هاوڵاتی لیرەی تورکی تا دێت نرخەکەی دادەبەزێت، ئەمەش وایکردووە کە هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆک و زاخۆ چیتر مامەڵە بە لیرە نەکەن، بەپێچەوانە پێشتر زۆر کەس کاری کڕین و فرۆشتنی لیرەی دەکرد. رەمەزان سلێڤانەیی، سەرۆکی سەندیکای ئاڵوگوڕی پارە لە دهۆک بە هاوڵاتی وت "لیرەی تورکیا بەرێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیو، لەئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر سێ هەزار و٧٧ لیرەی تورکییە، پارساڵ لەم کاتەدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر هەزار و٨٨٠ لیرە بوو، هاوکات ٢٠٢١دا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر هەزار و٣٥٠ لیرە بوو، ئەمە وا بۆمان دەردەخات کە لیرەی تورکی لە ١٠٠٪ دابەزیوە". ئاماژەی بەوەشکرد " ئەم دابەزینە وایکردووە کە خەڵک بە تایبەت لە دهۆک و زاخۆ چیتر مامەڵە بە لیرەی تورکی نەکەن، چونکە تەنها زیانیان بەردەکەوێت و هیچ ئاسۆیەک نییە تا بەرزبێتەوە بەپێچەوانەوە هەر دادەبەزێت، هەروەها خەڵکیش هەبووە زیانی پێگەیشتووە". سەرۆکی سەندیکای ئاڵوگوڕی پارە لە دهۆک وتیشی "پێشتر خەڵک بۆ گەشتکردن یاخۆد بۆ سەرەدانی پزیشک یان کڕینی شمەک هەر لە دهۆک بە بەهای هەزار دۆلار یان زیاتر پارەکەی دەکرد بە لیرە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، ئەگەر کەسێک پێویستی پێ هەبێت هەر لە تورکیا و بەپێی پێویستی خۆی پارەکەی دەکاتە لیرە".
