هاوڵاتی درەنگانی شەوی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی  تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناو سەیوان سەحیحی،  لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە لە سنووری بانە کوژرا. بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاو کردۆتەوە، دوێنێ یەکشەممە یەکشەممە ١١ی شوبات  لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە  هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد، یەکێکیان بە ناوی سەیوان سەحیحی، کە تەمەنی 20 ساڵە کوژرا. سەیوان سەحیحی خەڵکی گوندی «بلەکێ» بووە و تەرمەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ  دووشەممە ١٢ی شوبات لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ١١٦ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. هاوکات بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 460 کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە هەزار و 400 کۆڵبەریش بریندار بوون، بەڵام هیچ تەقەکەرێک لەلایەن دامودەزگا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادگەیی نەکراون.

هاوڵاتی بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان دوو بنەماڵەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە دوای  هەشت کاتژمێر شەڕ و ئاڵۆزیی لە کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری دهۆک دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرا و چوار کەسیش دەستگیرکران. هێمن سلێمان، ووتەبێژی پولیسی دهۆک ڕاگەیاند" ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتژمێر سێی دوای نیوەرۆ لەکۆمەڵگای چرە سەر بەشێخان بەهۆی روداوێکی تەقەکردن 2 کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینەکەی یەکێکیان گیانیلەدەستدا ." وتیشی، " لەسەر روداوەکەی کۆمەڵگای چڕە چوارکەس دەستگیرکراون و فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەک کەسی تر دەرچووە هیوادارین بەزووترین کات خۆیان ڕادەستی پولیس بکەن" ئەوەشی ڕونکردەوە کە " ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی نزیکەی 70 ساڵەو کورەکەی برینداربووە و لەنەخۆشخانە چارەسەر وەردەگریت، هاوکات ئەو شوێنەی شەڕ و ئاڵوزی تیادا روویداوە بەتەواوی کونتروڵکراوە" جێگەیباسە بە گوێرەی زانیارییەکان ڕوداوەکە لەسەر زەویوزار بووە هاوکات شەڕو پێکدادان لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر بەردەوام بوو.

هاوڵاتی سەفا عائیلی، خاڵی ژینا ئەمینی کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو سزای ٥ ساڵ زیندانی و هەندێک سزای دیکەی وەکوو قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران و نووسین سەبارەت بەو هێزە حکومییانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراون بەسەریدا سەپێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕۆژانی ڕابردوودا سەفا عائیلی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەریکراوە. سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە  5/9/2023 لە ماڵەکەی خۆیدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکراو  دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی کەفالەتی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەن هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا و دوای دادگایکردنەکەی سزای زیندانی بۆ دەرچوو.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسێکی بەریتانی باسی لە ماترسییەکانی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووەو لە خاکی عێراقدا و دەڵێت لەوانەیە عێراق بەرەو جەنگ ببەن. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی (بی بی سی) بریتانی راگەیاند، هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گروپە چەکدارەکان لەوانەیە عێراق بەرەو جەنگ ببەن، لەوبارەیەشەوە نامەیەکی هۆشدارکردنەوەیان ئاڕاستەی گروپە چەکدارەکان کردوە و هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی ئێران کراوە . وتیشی، "نیگەرانین لە دەسەڵاتی هەمو ئەو لایەنانەی لە عێراقدا هەیە، نەک تەنها ئێران، هەولیش دەدەین سەرجەم ئەو هەژمونانە نەهڵێن و سەرجەم بڕیارەکانی عێراق لە بەغداوە بدرێت."  فوئاد حسێن ئەوەشی خستەڕو، پێویستە دانوستانەکانی کشانەوەی دو هەزار و 500 سەربازە ئەمریکییەکان دەستپێبکات، کە لە ساڵی 2014 وەک راوێژکاری سەربازی بۆ هاوکاریکردن لە رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش هاتنە عێراق، چونکە ماوەی مانەوەیان تێپەڕاندوە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نامەیەک ئاڕاستەی گروپە چەکدارەکان کراوە و پێیان وتراوە، ئەگەر بەردەوام بن ئەوا عێراق بەرەو جەنگ دەبەن، هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی تاران کراوە.  

هاوڵاتی لیرەی تورکی تا دێت نرخەکەی دادەبەزێت، ئەمەش وایکردووە کە هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆک و زاخۆ چیتر مامەڵە بە لیرە نەکەن، بەپێچەوانە پێشتر زۆر کەس کاری کڕین و فرۆشتنی لیرەی دەکرد. رەمەزان سلێڤانەیی، سەرۆکی سەندیکای ئاڵوگوڕی پارە لە دهۆک بە هاوڵاتی وت "لیرەی تورکیا بەرێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیو، لەئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر سێ هەزار و٧٧ لیرەی تورکییە، پارساڵ لەم کاتەدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر هەزار و٨٨٠ لیرە بوو، هاوکات ٢٠٢١دا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر هەزار و٣٥٠ لیرە بوو، ئەمە وا بۆمان دەردەخات کە لیرەی تورکی لە ١٠٠٪ دابەزیوە". ئاماژەی بەوەشکرد " ئەم دابەزینە وایکردووە کە خەڵک بە تایبەت لە دهۆک و زاخۆ چیتر مامەڵە بە لیرەی تورکی نەکەن، چونکە تەنها زیانیان بەردەکەوێت و هیچ ئاسۆیەک نییە تا بەرزبێتەوە بەپێچەوانەوە هەر دادەبەزێت، هەروەها خەڵکیش هەبووە زیانی پێگەیشتووە". سەرۆکی سەندیکای ئاڵوگوڕی پارە لە دهۆک وتیشی "پێشتر خەڵک بۆ گەشتکردن یاخۆد بۆ سەرەدانی پزیشک یان کڕینی شمەک هەر لە دهۆک بە بەهای هەزار دۆلار یان زیاتر پارەکەی دەکرد بە لیرە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، ئەگەر کەسێک پێویستی پێ هەبێت هەر لە تورکیا و بەپێی پێویستی خۆی پارەکەی دەکاتە لیرە".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بە تۆمەتی هاککردن کەسێکی دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسی لە هاوڵاتییەک کردبوو، هەروەها کەسێکی دیکەش دەستگیرکراوە کە پەیوەندیی بە تاوانەکەوە هەبووە. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند "لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک کە بەوتەی خۆی پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لێ هاککراوە، دەستبەجێ دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر دەستکرا بە لێکۆڵینەوە و تواندرا هاککەرەکە و تۆمەتبارێک دیکەش کە پەیوەندی بەهەمان تاوانەوە هەیە له لایەن بنکەی پۆلیسی راپەڕین بە هەماهەنگی هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیر بکرێن و یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش دانی ناوە بە تاوانەکەیدا کە بەوتەی خۆی دەستی هەبووە لە هاککردنی فەیسبوکی سکاڵاکار". ئاماژە بەوەکراوە "تۆمەتبار هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی زانیاری کەسیەتی کردووە بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە، لە وتەکانیدا دانی بەوەشدا ناوە پێشتریش فەیسبووکی هاوڵاتیەکی دیکەی هاککردووە، لە ئێستادا هاککەرەکە و تۆمەتبارەکەی تر بە مادەی دووی لە یاسایی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراون و لێکۆڵینەوەش لە دۆسیەکەدا بەردەوامە".

هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی کێشە لەنێوان مەفرەزەیەکی هاتووچۆ و دوو هاوڵاتیدا بەهۆی جامی رەشی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە دروستبوو، بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان لەو رووداوەدا تەقەکراوە. هاوڵاتی بۆ زانینی زانیاریی زیاتر پەیوەندیی بە هاتووچۆی سلێمانییەوە کرد و هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە ڕایانگەیاند "کێشەکە لە گەڕەکی ئاشتی سلێمانی بووە و لێکۆڵینەوە دەستیپکردووە و دواتر زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو". شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە هاوڵاتی راگەیاند" کێشەکە لەنێوان دوو هاوڵاتی و مەفرەزەیەکی هاتووچۆی سلێمانیدا بووە و لە رووداوەکەدا تەقەکراوە".

هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "هۆشداری جدی دەدەین لەهاتنی شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بارانبارینی سەرتاسەری بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان سەرەتای گەیشتنی شەپۆل چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەبێت بۆ رۆژانی دواتر کاریگەری زیاد دەکات و کۆتایی هەفتە لوتکەی قوڵبوونەوە و بەهێزیەکەی دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد "کاریگەری ئەم سیستەمە تەڕ و داباراناوییە جگە لەم شەپۆلە شەپۆلی تریشی بەدوادا دێت و بۆ ماوەیەکی باش لەسەر ناوچەکان دەمێنێتەوە". روونیشیکردەوە "خێرایی با زیاد دەکات و لە مەودای شەپۆلەکەدا هەورە بروسکەی زۆر توند روودەدات و تەرزە دەبارێت و لەگەڵ بارینی بەفر لە لوتکەی چیا بەرزەکان و ناوچە سنوریەکان". ئەو شارەزای کەشناسە وتیشی "بۆ یەکەمجارە لە ئەمساڵدا هەردوو شەپۆلی دەریای سور و دەریای ناوەڕاست بەشێوەی بەرفراوان و بەهێز پێکەوە دێن و یەکدەگرن و قوڵدەبنەوە لەسەر تەواوی ناوچەکان پێشبینی رێژەیەکی زۆر لەبارانی لێدەکرێت بەڕێژەی 50 ملم تا 300 ملم هەرچی کانیاو چەم هەیە تائێستا نەبوژاوەتەوە دەبوژێنەوە مەترسی وشکە ساڵی لەسەر باشوور و ناوەڕاستی گەرمیانیش کۆتایی پێ دێنێت و دەڕوێنێتەوە". شاڵاو هیدایەت هۆشداریدا و وتی "ئەگەری دروستبوونی لافاو لەسەر تەواوی ناوچە نزمایەکانی گەرمیان و هەرێم هەیە"، وتیشی "چاودێری دەکەین ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە بۆ پێنجشەممە بەتایبەتی داوادەکەین پشووی فەرمی رابگەینرێت".

هاوڵاتی دوای چەندجارێک لە دواخستنی بڕیارە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەند سکاڵایەکی دیکەش تاوتوێ دەکرێت.  بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی بێت، ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چوار سکاڵای جیاواز کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بەو سکاڵایەی کە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە تیایدا داواکراوە مادەکانی (١، ٩، ١٥، ٢٢، ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نا دەستووری دابنرێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان. لە رۆژی ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی لەبارەی ئەو سکاڵایە ئەنجامدا، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ١١ی ئەم مانگە دواخرا بەھۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای لە کۆمیسیۆن کرد زانیاری لەسەر ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ بنێرێت. ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە: مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت. مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات. مادەی ٢٢: ١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن. ٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون. مادەی ٣٦: ١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

هاوڵاتی  مامۆستا محەمەد خزرنەژاد کەسایەتیی ئایینی خەڵکی شاری بۆکان کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی «فساد فی الارض» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی رابردوودا مامۆستا محەمەد خزرنەژاد مامۆستایی ئایینی تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی فساد فی الارض سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی نیزام سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، دانیشتنی دادگای مامۆستا محەمەد خزرنەژاد لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بووە و ئەم چالاکە ئایینیە کە زیاتر لە یەک ساڵە لە بەندیخانە دەستبەسەرە مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەم سزایە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەسەریدا سەپێندراوە و دادوەرەکە ئامادە نەبووە مافی بەرگری بە مامۆستا محەممەد بدات. مامۆستا محەمەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە رەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کورەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کورەکەی لە دوای چەند ئازادکرا. دەستگیرکردنی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد لە دوای رێوڕەسمی یادی ئەسعەد رەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە کە ناوبراو لەم رێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و رەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.

هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند،ئەمڕۆ شەممە هەردوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و وێستگەی غازی کۆنیکۆ لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کراونەتە ئامانج. روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، بە درۆن و مووشەک ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و سەرەتا ٢٠ موشەک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا کراوە، دواتریش بە درۆن بۆردومانکراون. سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکەش ڕوانگەی سوری دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکەوە لەنێو ھێزە سەربازییەکانی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر بریندار ھەیە.  ئەوەشی خستۆتە روو کە، کەمێک پێش ئەو هێرشە، دوو هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک لە لایەن گروپەچەکدارەکانەوە کرایە سەر بنکەی ئەمریکا لە وێستگەی غازی کۆنیکۆ بەڵام تائێستا زیانەکان دیارنین. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری لە رۆژی ١٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ١١٤ هێرش لەلایەن گروپەچەکدارەکانەوە کراوەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.  

هاوڵاتی لە هێرشێکی گروپەچەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور  پێنج ئەندامی ئەو هێزە کوردییە شەهیدکران. ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس لە زاری سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێره‌زوور ڕایگەیاند، "دوێنێ هەینی له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی دیمه‌شق، كه‌ دزه‌یان كردبوو بۆ ناوچه‌كه‌، پێنج ئه‌ندامی هێزەکانی “هه‌سه‌ده‌” گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنه‌." سەبارەت بە هێرشەکە ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ به‌ نۆرس پرێسی گوتووە  چەکدارەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فوراتەوە كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی "حكومه‌تی دیمه‌شق و میلیشیاكانی ئێرانه‌،" دزەیان کردۆته‌ شارۆچکەی شه‌عفه‌ کە له‌ژێر ده‌سهه‌ڵاتی “هەسەدە”دایە ”، لە گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی دێره‌زوور. ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەو گرووپە دزەیان کردۆتە ناو یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی  هه‌سه‌ده‌ و له‌ئه‌نجامدا پێکدادان دروست بووه‌ و پێنج ئه‌ندامی “هه‌سه‌ده”‌ شه‌هید بوونه‌، هەروەها ئەندامێکی دیکەش بێسه‌روشوێنه‌. لە ڕوداوێکی هاوشێوەشدا مانگێک لەمەوبەرهێرشێکی هاوشێوە بۆ سه‌ر هه‌مان خاڵی سه‌ربازی ئه‌نجامدرا، و سێ ئه‌ندامی “هه‌سه‌ده”‌ شه‌هید بوون.

هاوڵاتی  تورکیا ئامێری شکاندنی بەردی هێناوەتە گوندی کێستە و هرور لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ بۆ دروستکردنی ڕیگە بۆ خاڵەکانی خۆیان لەو سنوورە. سوپای تورکیا پێنج خاڵی سەربازی لە دەوروبەری گوندی هرور و سێ خاڵی دیکەی لە دەوروبەری گوندی کێستە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ داناوە بۆ ئەم مەبەستەش ئامێرەکانی شکاندنی بەرد و دروستکردنی رێگەوبانیان بۆ خاڵەکانی خۆی هێناوەتە ناوچەکە. ئازاد هروری، موختاری گوندی هرور بە هاوڵاتی وت "سوپای تورکیا ژمارەیەک شۆفڵ و قەڵاب و ئامێری تری بۆ شکاندنی بەرد و دروستکردنی ڕێگە بۆ خاڵەکانی خۆیان هێناوەتە دەوروبەری گوندی هرور و کێستە، بەشێوەیەکی ئاسایی ئیشی خۆیان دەکەن". موختاری گوندی هرور دەشڵێت "پێنج خاڵی سەربازی لە دەوروبەری گوندی هرور و سێ خاڵی دیکە لە دەوروبەری گوندی کێستە لەلایەن سوپای تورکیاوە دانراون".

هاولاتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت گەنجێکی کوردی یارسان لە ئێران ئەگەری لە سێدارەدانی هەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستگیرکراوە، ئاماژە بەوەشدەکات دایکی گەنجەکە داوای لە حکومەت کردووە کوڕەکەی لە سێدارەنەدەن. ڕەزا ڕەسایی گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵە و کوردی یارسانە و لەکاتی خۆپیشاندانە فراوانەکەی ئێران دەستگیرکرا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە، ئەو گەنجە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و لەژێر کاریگەریی ئەشکەنجەدانێکی تووند و لێدانی تەزوی کارەبا و هەناسە لێبڕین و هەڵواسین‌ و چەندین جۆری دیکەی توندوتیژیدا ناچاركراوه‌ دانپێندانان بکات. ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت "ڕه‌زا به‌هۆى ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه‌وه‌ شینهەڵگەڕاوه‌و ئێسكه‌كانیشى له‌چه‌ندین لاوه‌ شكاون‌ و برینیش به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، هەربۆیە پارێزەرەکانیشى بەهۆکاری بوونی چەند ناڕونییەک داوای ڕاگرتنی سزاکەو پێداچونەوەیان بەبڕیاری دادگا کرد، بەڵام دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داواکاریی پارێزەرەکانی ڕەزا ڕەساییان بەپاساوی ئەوەی هیچ مەرج‌ و بنەمایەکی یاسایی تێدانییە، ڕەتکردووەته‌وە". هەروەها لە پەیامێکی دەنگیدا دایکی ڕەزا ڕەسایی بەگریانەوە باسى ڕەوشى كوڕه‌كه‌ى ده‌كات‌ و دەڵێت "تكایه‌ كوڕه‌كه‌م بێتاوانه‌.. له‌سێداره‌ى مه‌ده‌ن". جێگەی ئاماژەیە، لە ئەنجامی ئەو توندتیژییەی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان‌ و خۆپیشاندەرانی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی ڕوویدا، نادر بەیرامی، بەرپرسی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران لە شارۆچکەی سەحنەی پارێزگای کرماشان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵى ٢٠٢٢ کوژرا، هەفتەیەک دوای ڕووداوەکەش ڕەزا ڕەسایی‌ و ١٠ كه‌سى دیكه‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك کورد بە تۆمەتی لێدان‌ و بریندارکردنی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەستگیرکران.

هاوڵاتی. ئەمڕۆ شەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣بەڕێوەبەرایەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوی پاڵێوراوانی بڵاوکردەوە بە مەبەستی دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی کار- سلێمانی. ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییانەی فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە بە شێوەی گرێبەست ناوەکانیان گەڕاوەتەوە، وە ئاگاداری ئەو هاوڵاتییە بەڕێزانەی کە فۆرمیان پڕکردووەتەوە وە ناوەکانیان نەگەڕاوەتەوە دەتوانن سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن بە پێی خاڵبەندیەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کار/ سلێمانی، لە کاتژمێر 9ی بەیانی بۆ 12 ی نیوەڕۆ لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ تاوەکو ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤