هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند،ئەمڕۆ شەممە هەردوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و وێستگەی غازی کۆنیکۆ لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کراونەتە ئامانج. روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، بە درۆن و مووشەک ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و سەرەتا ٢٠ موشەک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا کراوە، دواتریش بە درۆن بۆردومانکراون. سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکەش ڕوانگەی سوری دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکەوە لەنێو ھێزە سەربازییەکانی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر بریندار ھەیە.  ئەوەشی خستۆتە روو کە، کەمێک پێش ئەو هێرشە، دوو هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک لە لایەن گروپەچەکدارەکانەوە کرایە سەر بنکەی ئەمریکا لە وێستگەی غازی کۆنیکۆ بەڵام تائێستا زیانەکان دیارنین. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری لە رۆژی ١٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ١١٤ هێرش لەلایەن گروپەچەکدارەکانەوە کراوەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.  

هاوڵاتی لە هێرشێکی گروپەچەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور  پێنج ئەندامی ئەو هێزە کوردییە شەهیدکران. ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس لە زاری سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێره‌زوور ڕایگەیاند، "دوێنێ هەینی له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی دیمه‌شق، كه‌ دزه‌یان كردبوو بۆ ناوچه‌كه‌، پێنج ئه‌ندامی هێزەکانی “هه‌سه‌ده‌” گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنه‌." سەبارەت بە هێرشەکە ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ به‌ نۆرس پرێسی گوتووە  چەکدارەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فوراتەوە كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی "حكومه‌تی دیمه‌شق و میلیشیاكانی ئێرانه‌،" دزەیان کردۆته‌ شارۆچکەی شه‌عفه‌ کە له‌ژێر ده‌سهه‌ڵاتی “هەسەدە”دایە ”، لە گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی دێره‌زوور. ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەو گرووپە دزەیان کردۆتە ناو یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی  هه‌سه‌ده‌ و له‌ئه‌نجامدا پێکدادان دروست بووه‌ و پێنج ئه‌ندامی “هه‌سه‌ده”‌ شه‌هید بوونه‌، هەروەها ئەندامێکی دیکەش بێسه‌روشوێنه‌. لە ڕوداوێکی هاوشێوەشدا مانگێک لەمەوبەرهێرشێکی هاوشێوە بۆ سه‌ر هه‌مان خاڵی سه‌ربازی ئه‌نجامدرا، و سێ ئه‌ندامی “هه‌سه‌ده”‌ شه‌هید بوون.

هاوڵاتی  تورکیا ئامێری شکاندنی بەردی هێناوەتە گوندی کێستە و هرور لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ بۆ دروستکردنی ڕیگە بۆ خاڵەکانی خۆیان لەو سنوورە. سوپای تورکیا پێنج خاڵی سەربازی لە دەوروبەری گوندی هرور و سێ خاڵی دیکەی لە دەوروبەری گوندی کێستە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ داناوە بۆ ئەم مەبەستەش ئامێرەکانی شکاندنی بەرد و دروستکردنی رێگەوبانیان بۆ خاڵەکانی خۆی هێناوەتە ناوچەکە. ئازاد هروری، موختاری گوندی هرور بە هاوڵاتی وت "سوپای تورکیا ژمارەیەک شۆفڵ و قەڵاب و ئامێری تری بۆ شکاندنی بەرد و دروستکردنی ڕێگە بۆ خاڵەکانی خۆیان هێناوەتە دەوروبەری گوندی هرور و کێستە، بەشێوەیەکی ئاسایی ئیشی خۆیان دەکەن". موختاری گوندی هرور دەشڵێت "پێنج خاڵی سەربازی لە دەوروبەری گوندی هرور و سێ خاڵی دیکە لە دەوروبەری گوندی کێستە لەلایەن سوپای تورکیاوە دانراون".

هاولاتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت گەنجێکی کوردی یارسان لە ئێران ئەگەری لە سێدارەدانی هەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستگیرکراوە، ئاماژە بەوەشدەکات دایکی گەنجەکە داوای لە حکومەت کردووە کوڕەکەی لە سێدارەنەدەن. ڕەزا ڕەسایی گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵە و کوردی یارسانە و لەکاتی خۆپیشاندانە فراوانەکەی ئێران دەستگیرکرا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە، ئەو گەنجە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و لەژێر کاریگەریی ئەشکەنجەدانێکی تووند و لێدانی تەزوی کارەبا و هەناسە لێبڕین و هەڵواسین‌ و چەندین جۆری دیکەی توندوتیژیدا ناچاركراوه‌ دانپێندانان بکات. ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت "ڕه‌زا به‌هۆى ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه‌وه‌ شینهەڵگەڕاوه‌و ئێسكه‌كانیشى له‌چه‌ندین لاوه‌ شكاون‌ و برینیش به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، هەربۆیە پارێزەرەکانیشى بەهۆکاری بوونی چەند ناڕونییەک داوای ڕاگرتنی سزاکەو پێداچونەوەیان بەبڕیاری دادگا کرد، بەڵام دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داواکاریی پارێزەرەکانی ڕەزا ڕەساییان بەپاساوی ئەوەی هیچ مەرج‌ و بنەمایەکی یاسایی تێدانییە، ڕەتکردووەته‌وە". هەروەها لە پەیامێکی دەنگیدا دایکی ڕەزا ڕەسایی بەگریانەوە باسى ڕەوشى كوڕه‌كه‌ى ده‌كات‌ و دەڵێت "تكایه‌ كوڕه‌كه‌م بێتاوانه‌.. له‌سێداره‌ى مه‌ده‌ن". جێگەی ئاماژەیە، لە ئەنجامی ئەو توندتیژییەی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان‌ و خۆپیشاندەرانی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی ڕوویدا، نادر بەیرامی، بەرپرسی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران لە شارۆچکەی سەحنەی پارێزگای کرماشان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵى ٢٠٢٢ کوژرا، هەفتەیەک دوای ڕووداوەکەش ڕەزا ڕەسایی‌ و ١٠ كه‌سى دیكه‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك کورد بە تۆمەتی لێدان‌ و بریندارکردنی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەستگیرکران.

هاوڵاتی. ئەمڕۆ شەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣بەڕێوەبەرایەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوی پاڵێوراوانی بڵاوکردەوە بە مەبەستی دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی کار- سلێمانی. ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییانەی فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە بە شێوەی گرێبەست ناوەکانیان گەڕاوەتەوە، وە ئاگاداری ئەو هاوڵاتییە بەڕێزانەی کە فۆرمیان پڕکردووەتەوە وە ناوەکانیان نەگەڕاوەتەوە دەتوانن سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن بە پێی خاڵبەندیەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کار/ سلێمانی، لە کاتژمێر 9ی بەیانی بۆ 12 ی نیوەڕۆ لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ تاوەکو ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەدەکات بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانی پچڕ پچڕ لە هەندێ ناوچە لە پاشووری هەرێم و پلەی گەرمیش بە رێژەی یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبێتەوە بەراورد بە پلەی گەرمی دوێنێ". ئەوەشی خستەڕوو، سبەی یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەوری جیا جیا و پلەی گەرمیش بە رێژەی یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت". بەرزترین پلەکانی گەرمی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 20 سلێمانی : 19 دهۆک : 19 کەرکوک : 21 هەڵەبجە : 19 زاخۆ : 19 سۆران : 18 حاجی ئۆمەران : 1 گەرمیان : 23

هاوڵاتی  بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕانیە مامۆستایانی وانەبێژی یەدەگ ئاگاداردەکاتەوە و داوایان لێدەکات مۆبایلەکان دانەخەن و وەڵامی پەیوەندییەکان بدەنەوە. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕانیە ڕایگەیاند "ئاگاداری هەموو ئەو وانەبێژانە دەکەین کە یەدەگن لە سنووری پەروەردەکەمان، وەڵامی پەیوەندییەکانی پەروەردەمان بدەنەوە یاخود ئەو ژمارە مۆبایلەی لای ئێمە تۆمارکراوە دانەخرابێت". هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "بەپێچەوانەوە ئەو مامۆستایانە خۆیان بەرپرسیار دەبن لە دواکەوتنی ڕیزبەندی لەکاتی دانانی وانەبێژ".

هاوڵاتی  وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو پارەیەی لەلایەن کۆمپانیای کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە دابین دەکرێت، دابەشی دەکات بەسەر نووسینگەی وەزیری بازرگانی و بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی. بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئاڕاستەی نووسینگەی بریکاری کاروباری بازرگانی کراوە، ئەو بڕە پارەیەی لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە رەوانە دەکرێت، بەسەر نووسینگەی وەزیری بازرگانی و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگان و بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دابەش دەکرێت. ئەوەش لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەرێوەبەرەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتی پلاندانان، کە ژمارەیان هەشت بەرێوەبەرە، هەر یەکەیان ٢٠٠ هەزار دیناریان بۆ خەرجدەکرێت و فەرمانبەرەکانیش ١٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، هەروەها ئەو پارەیەی لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە دابیندەکرێت، بڕی ملیۆنێک دیناری بۆ وەزیری بازرگانی دەبێت و بریکارانی وەزارەت ٩٠٠ هەزار دینار وەردەگرن.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیردنی حەوت تۆمەتباری ڕاگەیاند بە تۆمەتی تەقەکردن و هەڕەشەکردن و دزیکردن لە هاوڵاتییان، ئەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی دیکەیان هەبووە. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لەڕۆژی ٢٠٢٤/٢/٥ بە تۆمەتی (تەقەکردن و هەڕەشەکردن و دزیکردن) حەوت تۆمەتبار دەستگیردەکەن، هەندێک لە تۆمەتباران پێشینەی تاوان و فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە". ئاماژە بەوەشکراوە "لەئێستادا تۆمەتباران بە مادەکانی (١٥،٤٣١،٤٣٢،٤٤٣) پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دۆسییەکانیان ڕادەستی یاسا کراون".  

هاوڵاتی بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کچێکی کوردی خەڵکی شاری سنە بە ناوی وریشە مورادی، بە کۆدی ڕێکخراوەیی "جوانا سنە" و لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە شەش مانگ لەمەوپێشەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرە، لەلایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی "بەغی"ی دراوەتە پاڵ و ئەمەش نیگەرانی ئەوەی دروستکردووە کە تۆمەتی قورس بدرێتە پاڵ ئەم ژنە چالاکە کوردە. بەپێی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، وریشە مورادی لەم حەفتانەی دواییدا دوو جار براوەتە بەردەم لقی پێنجی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران و تۆمەتی "بەغی" بە هۆی ئەندامبوون  لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) دراوتە پاڵ. دوای پێڕاگەیاندنی سزاکەی دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی. "بەغی" بە واتای "چالاکی چەکداری لە بەرامبەر حکومەتی ئیسلامیدا" لە ڕیزی تۆمەتە سیاسی -ئەمنییەکانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە بەپێی مادەکانی ٢٨٨ و ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزا دیاریکراوەکەی دەشڵێت، لە بەندکرانەوە هەتا لەسێدارەدان بگرێتەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە پێنج مانگی سەرەتای دەستبەسەرکردندا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر زەخت و گوشارەوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەی دادسەرا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و تەنها پێڕاگەیاندنی سزاکەی  توانیویەتی پەیوەندی بە پارێزەرەوە بکات. وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٣ دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتادا لە زیندانی  ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و لە (٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣) دوای پێنج مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی ئەم زیندانە. ماڵپەڕی "بێتاوان" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە (٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە رێکەوتی دەستگیرکردنیان ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی پژاک بوون.

هاوڵاتی دوای چەندجارێک لە دواخستنی بڕیارە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژدنی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەند سکاڵایەکی دیکەش تاوتوێ دەکرێت.  بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی بێت، رۆژی یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چوار سکاڵای جیاواز کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بەو سکاڵایەی کە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە تیایدا داواکراوە مادەکانی (١، ٩، ١٥، ٢٢، ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نا دەستووری دابنرێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان. لە رۆژی ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی لەبارەی ئەو سکاڵایە ئەنجامدا، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ١١ی ئەم مانگە دواخرا بەھۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای لە کۆمیسیۆن کرد زانیاری لەسەر ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ بنێرێت، ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە: مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت. مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات. مادەی ٢٢: ١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن. ٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون. مادەی ٣٦: ١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

هاوڵاتی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە، مەهاباد و سەقز، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران برینداربوون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆمەڵێک کۆڵبەریان دەستبەسەرکردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان داون و لە مەودای چەند مەترێکەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کردوون، بەم هۆیەشەوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی یووسف مەهابادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و فەرزاد (ناوبانگ نادیار) کە هەردووکیان خەڵکی شاری مەهاباد بوون دەستیان بەسەختی بریندار بووە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سۆران ڕەحیمی، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و ئەیووب مەحمودی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری بانە برینداربوون. لە درێژەی بەردەوامیی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی نیزام تەیمووری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە قاچی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

هاوڵاتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ووۆچ هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیای بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ ناوبردووە و دەڵێت تورکیا بۆردومانی ژێرخانی ئابوری ئەو ناوچەیە دەکات و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیش زەنگی مەترسی لێدەدات. لە ڕاپۆرتێکدا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(هیومان ڕایتس وۆچ)  ڕایگەیاندووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای ٢٠٢٤ تورکیا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و مرۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا سەرچاوەی چەندین جۆری خزمەتگوزاری مرۆی لەو ناوچەیە براوە. هیومان ڕایتس ووۆچ هێرشەکانی تورکی لە چوارچێوەی تاوانی جەنگدا داناوەو ئاماژەی بەوەکردووە کە" ئەو هێرشانەی زیانێکی نایاسایی بە هاوڵاتیانی مەدەنی و خزمەتگوزاری و دامودەزگا مەدەنییەکان دەگەیەنن بە پێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی قەدەغەکراون و بەئامانجکردنی ژێرخانی مەدەنی بە مەبەست تاوانی جەنگە  ". وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر وێستگەکانی ئاو و کارەبا و دامەزراوە نەوتییەکان و تاکە وێستگەی گاز لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، ملیۆنان کەس بێ ئا و کارەبا بوون.  هەڕوەها له مانگەکانى کانوونى یەکەم و کانوونى دووەمدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانى زیاتر کردووه و بنکەى تەندروستى و ڕێگا ستراتیژییەکان کە کارمەندانى فریاگوزاریى بەکاریدەهێنن بۆردوومان کردووه. هاوکات لە ۲۹ی کانوونی دووەم، کۆڕبەندی ناحکومی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (NES) کە هاوپەیمانێتییەکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە لە ناوچەکەدا کاردەکەن  ڕایگەیاند،  یەک ملیۆن کەس لە شارەکان و گوندەکان کارەبایان بڕاوە و زیاتر لە ۲ ملیۆن کەس توانای گەیشتنیان بە سەرچاوەی ئاوی پاک سنوردارە لەو ناوچانەی هێرشیدەکرێتە سەر لەلایەن تورکیاوە و مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی بەهۆی ئاوی پیسەوە لە بەرزبونەوەدایە. هەروەها بەهۆی هێرشەکانی مانگی ١٢ ی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان بوونەتە هۆی سنوردارکردنی توانای دابینکردنی ئۆکسجین بۆ زیاتر لە 12 نەخۆشخانەی تایبەت و گشتی ،کۆڕبەندەکە زەنگی مەترسی لێدەدات وهۆشداری دەدات لەوەی کە "قەبارەی زیانەکان لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان هێندە زیاددەکات کە چیتر ڕێکخراوەکانی هاوکاری مرۆی توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان نامێنێت و زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە." تورکیا چەندین ساڵە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات بە ئامانجیهێرشکردنە سەر   یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چڕبونەوەی هێرشەکانی تورکیاش دوای پەسەندکردنی دەستوری ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە ، لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی دەستور و بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی و هێزەکانی پاراستنی گەلیش هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە ئەمەش وای لە تورکیا کردووە وەک مەترسییەک بۆ سەر قەوارەکی بیبینێت.

هاوڵاتی كه‌شناسی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان له‌ نیمچه‌ هه‌وره‌وه‌ بۆ هه‌وری ته‌واو ده‌گۆڕێت و سبه‌ینێ شه‌ممه‌ ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی كه‌مێك تۆز و خۆڵ هه‌یه‌. کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9ی شوباتی 2024، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە له‌ پله‌ی گه‌رمای دوێنێ.  سبەینێ شه‌ممه‌ش 10ی شوباتی 2024، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری هەبوونی کەمێک تۆزو خۆڵ هەیە لە کەشدا هاوکات سبەی  پلەکانی گەرما بە نزیکەی یه‌ك تــــا دوو پلە بەرزتر دەبێته‌وه‌ لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وبەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:  هەولێر : 18 سلێمانی : 16 دهۆک : 18 کەرکوک : 18 هەڵەبجە : 17 زاخۆ : 18 سۆران : 13 حاجی ئۆمەران : 8 گەرمیان : 21  

هاوڵاتی سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت هیچکام لە لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەگەڵ کورد "تەنازول" بۆ یەکتری بکەن، ڕەنگە لەداهاتوودا دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە یەکلایی بکرێتەوە. نەجات حوسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، هەریەک لە عەرەب و تورکمان ڕێککەوتنیان هەیە و داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن، و کوردیش دەست لە پۆستەکە هەڵناگرێت هەربۆیە پێدەچێت یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بچێتە دادگای فیدراڵی. ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت، "کورد و برا کریستیانەکان خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنن و عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوە 8 کورسییان هەیە، بۆیە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، مەگەر جیابوونەوە لەنێو بەرەیەکیاندا ڕووبدات." ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. نەجات حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت ،"ڕەنگە عەرەب و تورکمان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن نەکەن و دواتر مەسەلەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلایی بکرێتەوە، بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود بڕیاری تر دەربکرێت." لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەچوو لە هەڵبژاردنەکەدا و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.