هاوڵاتی بهڕێوهبهرى گشتىیی پهروهردهى سلێمانى له ڕێگهى نوسراوێكهوه بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی نۆی بنەڕەتی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پەروەردەکەی ئاگادار دەکاتەوە. دڵشاد عومهر، بهڕێوهبهرى گشتىی پهروهردهى سلێمانى نووسراوێکی ئاڕاستهى ههریهك له پهروهردهكانى (ڕۆژههڵات، ڕۆژئاوا، دهربهندیخان، چهمچهماڵ، پێنجوێن، شارباژێر، شارهزور، سهیدسادق، دوكان و قهرهداغ) كردووه لەبارەی كهمكردنهوهى پرۆگرامهكانى خوێندن ئاگاداری کردوونەتەوە. بهڕێوهبهرى گشتى پهروهردهى سلێمانى لە نووسراوێکدا بۆ ١٠ بەڕێوەبەرایەتی سنووری پەروەردەکەی ڕایگەیاندووە "ئاگادارتان دهكهینهوه، كه كهمكردنهوهى پرۆگرامهكانى خوێندن، پۆلى نۆى بنهڕهتى ناگرێتهوه و هیچ وانهیهكى پۆلى نۆیهم كورتناكرێتهوه".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە ساڵی 2023 تەنها سێ حاڵەتی توشبووی نوێی تالاسیمیا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند "بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی بۆ کەم بوونەوەو ڕێگڕی کردن لە توشبوون بە تالاسیمیا دانراوە لە رێگەی کۆمەڵێك رێکاری زانستی و ئیداری، کە جێبەجێدەکرێن لەلایەن سەنتەری تالاسیمیا و تاقیگەی گشتی ناوەند لە سلێمانی، پشکنینی پێش هاوسەرگیری بۆهەموو ئەو هاوڵاتییانە بکرێت، کە تازە ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن یان پشکنینی بۆ دایکانی دووگیان کە دایك یان باوك تووشبووی تالاسیمیابوون بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتی کۆرپەکانیان". ئاماژە بەوەشکراوە "بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە حاڵەتەکانی تووشبووی نوێ بە تالاسیمیا بەڕێژەی بەرچاو ڕووی لە کەمیکردووە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک دەستگیرکردنی خاوەن دەرمانخانەیەکی ڕاگەیاند و کۆگایەکی دەرمانیشی داخست. ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، خاوەن دەرمانخانەیەکمان دەستگیرکردووە کە دەرمانی قاچاغ و بێ مۆڵەتی لەناو باڵەخانەیەکی شارەکەدا کۆگا کردبوو و ئامادەکاری دەکرد بە هاوڵاتییانی بفرۆشێت". ئاماژە بەوەشکراوە "هێزەکانیان دەستیان بەسەر ئەو دەرمانە قاچاغەدا گرتووە کە تۆمەتبار لەناو باڵەخانەیەکی شارەکەدا کۆگای کردبوو و ئامادەکاری دەکرد لە چەند رۆژی داهاتوودا بیفرۆشێت، تۆمەتبار ڕەوانەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
سازگار ئەحمەد بەرپرسانی کورد لەخانەقین منداڵەکانیان لەقوتابخانە کوردییەکان دەردەهێنن و دەیانگوێزنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبیەکان بەهۆی ئەوەی ترسیان لەئایندەی منداڵەکانیان هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی قوتابخانە کوردییەکان چەند مانگێک نەکرانەوە بەهۆی بایکۆتکردنی دەوامی مامۆستایانەوە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. بەشێک لەقوتابخانەکانی قەزای خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە سەر بەهەرێمی کوردستانن و خوێندن تییاندا بەزمانی کوردییە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا نزیکەی 155 قوتابییان وەرگرتووە، چونکە کەسوکاری قوتابیان هەستدەکەن ئایندەی منداڵەکانیان دەفەوتێت بەهۆی فەرامۆشکردنی خوێندنی کوردی لەشارەکەدا، بەتایبەتی لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەدەسەڵاتی هەرێم بەسەر شارەکەدا نەما. حسێن جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەخانەقین رەخنە لەبەرپرسانی کورد دەگرێت لەشارەکە لەبری ئەوەی گرفتی خوێندنی کوردی چارەسەربکەن، بەڵام منداڵەکانیان دەبەن بۆ خوێندنی عەرەبی. حسێن جەلال بەهاوڵاتی وت «پەروەردەو زمانی کوردی لەقەزای خانەقین بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و لەبری خەمخواردن لەبابەتەکە، بەرپرسان منداڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە عەرەبییەکان». گرفتەکانی خوێندنی کوردی لەخانەقین زۆرن، دیارترینیان دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی کوردە لەشارەکە کە سەر بەپەروەردەی هەرێمی کوردستانن. مامۆستا کوردەکانی ئەو شارە هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێم لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد بەهۆی پینەدانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیداو راگرتنی پلەبەرزکرەنەوەیان. حسێن جەلال وتی «ماوەی چوار مانگە دەرگای قوتابخانە کوردییەکانی شاری خانەقین هاوشێوەی هەرێمی کوردستان داخرابوون و لەتەنیشتیان ئەو قوتابخانانەی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراقن دەوامی ئاساییان دەکرد، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو بەرپرسان لەبری بەدەمەوەهاتنی داواکاریی مامۆستایان و چارەسەرکردنی داخستنی دەرگای قوتابخانە کوردییەکان منداڵەکانیان ناردووەتە قوتابخانە عەرەبییەکان». ئەو بەرپرسە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تەنانەت لەناو بازاڕەکاندا ناوو ناونشیانی شوێنەکان بەزمانی عەرەبین و زمانی کوردی کەمبووەتەوە. وتیشی «کوردەکانی ئەوێ زۆرینەیان خانەقینیان جێهێشتووەو چوونەتە شارەکانی سلێمانی و هەولێر». بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان لە 31 قوتابخانەوە کەمبووەتەوە بۆ 22 قوتابخانە و لەبەرامبەردا ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان لە 40 قوتابخانەوە زیادیان کردووە بۆ 62 قوتابخانە. حەسەن تاڵەبانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین رەتیدەکاتەوە کەهیچ منداڵێکی قوتابخانە کوردییەکان گواسترابنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات کەبایکۆت لەخانەقین شکاوە بۆیە مناڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکانیان. حەسەن تاڵەبانی بەهاوڵاتی وت «بێمووچەیی کاریگەریی زۆری لەسەر ژیان و گوزەرانی مامۆستایان کردووە... ئەگەر لەخانەقین بایکۆت بەردەوام بووایە دانیشتووانی ئەوێ منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە عەرەبییەکان و بەمەش مەترسی زیاتر لەسەر خوێندنی کوردی دروست دەبوو». لەبارەی کێشەکانی خوێندنی کوردی لەو سنوورە بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین دەڵێت «تەنها کێشەی کەمی بینای قوتابخانەمان هەیەو لەڕووی پێداویستیی و کەلوپەلی خوێندنەوە کەموکوڕیمان نییە. چالاکانی مەدەنی شارەکە دەڵێن لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەخانەقین هەر کەسێک کوردبوایە دەبوو منداڵەکەی بخاتە قوتابخانەی کوردی، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو مەرجە نەماوەو هەرکەس ئازادە لەوەی منداڵەکەی دەخاتە قوتابخانەی کوردی یان عەرەبی. ئەمیر خانەقینی چالاکێکی مەدەنی خانەقینە بەهاوڵاتی وت «ساڵ بەساڵ ژمارەی ئەو قوتابییانەی دەچنە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان روو لەکەمبوونەوە دەکەن، بەپێی ئامارێک بۆ خوێندنی ئەمساڵ (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) نزیکەی ١٥٧ قوتابی چوونەتە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان». ئەو چالاکوانە باسی لەگرفتێکی دیکە کردو ئاماژەی بەوەدا «گرفتێکی دیکەی خوێندکارانی قوتابخانە کوردییەکانی قەزای خانەقین ئەوەیە کاتێک ١٢ی ئامادەیی تەواودەکەن بەئاسانی قبووڵناکرێن لەپەیمانگاو زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، یان بەشێکی زۆریان لەزانکۆی گەرمیان وەردەگیرێن کەتاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێدانانی بۆ نەکراوە». وتیشی «تەنانەت لەناو فەرمانگەکانیش فەرمانبەرە کوردەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و فەرمانبەری عەرەب لەشوێنیان دادەنرێت، هەرکاتێکیش دەپرسین بۆ بەو جۆرەیە لەوەڵامدا دەڵێن تەنها رێکارێکی حکومییەو ئەنجامدەدرێت». کێشە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەن بۆ لاوازی زمانی کوردی لەخانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەش، چونکە لەئێستادا حکومەتی عێراق لەو ناوچانە دەسەڵاتی زۆری هەیە. کە بەبڕوای ئەمیر خانەقینی حکومەتی عێراق خوێندنی کوردی بۆ گرنگ نییە. لەسنووری قەزای خانەقین دوو جۆر قوتابخانەی کوردی هەیە، بەشێکیان سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دیالەن لەسەر حکومەتی عێراق، بەشێکی دیکەشیان سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیانن و لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانن. ژمارەی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی لەخانەقین سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن سێ هەزارو ٦٥٠ مامۆستاو فەرمانبەرن. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەکو ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لایەنە کوردییەکان لەشاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەسەڵاتی تەواویان هەبووە، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە کورد لەو ناوچانە دەسەڵاتی لەدەستداو پرۆسەی تەعریبکردن بەفروانی لەو ناوچانە دەستیپێکرد.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی عەرەبی دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەمریکییەکان نییە و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵمان بەشدارە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان. محهممهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق لهلێدوانێكی بۆ كهناڵی (ئهلعهرهبیه حهدهس) ئاشكرایكردووە:" دوای هێرشهكانی ئهمریكا بۆسهر هێزە چهكدارهكان لهعێراقو سوریا، هیچ پهیوهندییهكمان لهگهڵ ئهمریكییهكان نییه و هێنانی هاوپهیمانان لهسهر داوای عێراق بوهو لهسهر داوای عێراقیش كۆتایی بهئهركیان دێت". سەبارەت بە سەرنجی هەرێمی کوردستانیش لەسەر کشانەوەی ئەو هێزانە دەڵێت، "ههرێمی كوردستانیش بهشداره لهگهڵمان لهگفتوگۆكانی تایبهت بهگۆڕینی ئهركی هاوپهیمانان لهعێراق و كشانهوهیان". سودانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا قسە لەسەر ئاڵۆزییو ڕوبهڕوبونهوهكانی نێوان ئهمریكاو چهكداره میلیشیا عێراقییهكانی هاوپهیمان لهگهڵ ئێران دەکات و دەڵێت، "گهیشتوین بههاوكێشهیهك، وهستانی هێرشی میلیشیاكان لهبهرامبهر وهستانی وهڵامه سهربازییهكانی ئهمریكا دهبێت". بەرەبەیانی ڕۆژی سێی کانونی دووەم ی ٢٠٢٤، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەعێراقو سوریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران، سوپای قودسو گروپە پاشکۆکانیان ئەنجامداوهو زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە.
هاوڵاتی شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری عەفریندا تێدەپەڕێت، لە ١٨_٣_٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا دوای ٥٨ رۆژ شەڕکردن و ئاوارەبوونی بەهەزاران عەفرینی و بریندارکردن و کوشتنیان. دەستی بەسەر شارەکەدا گرت.لەو رۆژە بەدواوە هەتاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام کار لەسەر سڕینەوەی شوناس و تێکدانی سیمای سەرەکی شوێنەوارو ئاسەوارە دێرینەکانی ئەو ناوچەیە دەدرێت. جینۆسایدی سپی و جینۆسایدی رەش لەعەفرین رۆژانە روودەدەن و بەردەوام ژنان رووبەڕووی کوشتن و رفاندن و دەستدرێژی دەبنەوە. عەفرین یەکێکە لەشارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای کانتۆنی فورات. زۆرترین دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن و هەریەکە لەعەرەب و چەرکەس و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا دەژین. ئاینەکانی موسڵمان و مەسیحی و عەلەوی تێدا جێی خۆیان دەگرن. بەپێی ئاماری دامەزراوەی مافی مرۆڤی کانتۆنی عەفرین رێژەی کوردان لەساڵی ٢٠١٨ ٨٤٪بوون. رێژەی عەرەبەکان ١٠٪بوون و بەڕێژەی ناکۆتاکان ٦٪ بوون. هەر لەدوای داگیرکردنیەوە هەتاوەکو رۆژی ئەمڕۆ عەفرین لەڕووی سروشتی و ژینگەی لەڕووی دارایی و بەرهەمداریەوەو لەهەمانکاتتدا لەڕووی دانیشتوانەوە بەرە ئاسیملاسیۆن و گۆڕانکاری دیمۆگرافیا دەبێتەوە. لەسەرەتای داگیرکاریەکانەوە بەنزیکەی ٣٠٠هەزار خەڵکی ئەم شارە ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەر بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان رێژەی کورد لەئێستادا کەمبووەتەوە بۆ ٢٥٪ لەماوەی ساڵانی ٢٠١٨_٢٠٢٤. لەجێگەی ئەوان عەرەب و تورکمانەکانی «حمس و حەماو غوتێ» بەجێکراون. رێژەی هەریەکە لەعەرەب و تورکمان لەئێستادا بەنزیکەی ٧٠٪دەبێت. لەلایەکی دیکە ئەو کەسانەی لەدوای کۆچبەر بوونیان دەیانەوێت بگەڕێننەوە بۆ عەفرین و لەسەر زەویوزارەکانی خۆیان کاربکەن. دەبێت باج و سەرانە بدەن بەچەتەکانی تورکیاو چەتەکانی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان. هەتا ئەو کەسانەی لەکاتی داگیرکردندا لەجێی خۆیان ماونەتەوە کۆچبەر نەبوونە لەماڵەکانی خۆیان دەرکراون و لەجێگەی ئەوان عەرەب و تورکمان نیشتەجێبوونە، ئەگەر هەرکەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە سەر کاروبارەکانی خۆی سەر ماڵی خۆی دەبێت ببێت بەبەردەستی تورکمان و عەرەبە هاوردەکان. هاوکات ، ئەگەر کەسێک هەزار داری زەیتوونی چاندبێت ئەم کەسە دەبێت بۆ هەر دارێک ١٠٠٠ هەزار دۆلار مانگانە بدات بەچەتە داگیرکارەکان ئەگەر ئەم پارەیە نەدات ئەوا رووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و دەرکردن دەبێتەوە. بەپێی راپۆرتێکی دەزگاکانی دەرەوە تورکیا بەڕێژەی لەسەدا ٣٥٪ رێژەی بەرهەمداری زەیتی زەیتوونی زیادکردووەو لەپلەی ١١ هاتووەتە پلەی سێهەمین لەسەر ئاستی جیهان. دروستکردنی ماڵی میتینگەری یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی کەمبونەوەی دانیشتوانی عەفرین، هەریەکە لەوڵاتەکانی قەتەرو فەلەستین و تورکیا پێکەوە خانەی نیشتەجێبوون و پەروەردەو ژیاری لەعەفرین دروستدەکەن. تاوەکو لەڕووی دیموگرافیەوە رەنگێکی دیکە بدات بەم ناوچەیەو لەسەر نەخشەڕێیەکی نوێ عەفرینێکی نوێ و بەکۆمەڵگەیەکی عەرەب و تورکمان پێشکەش بکات. هەریەکە لەزمانەکانی تورکی و عەرەبی لەئێستادا زمانی سەرەکی خوێندن و بەڕێوەبردن و کاروبارەکانن. لەزۆر لایەنی دیکەوە عەفرین لەکوردایەتی دەردەهێنرێت و قاڵبێکی عەرەبی و تورکی بەبەردا دەکرێت، ئەم گۆرانکاریە دەستکردە ماوەی شەش ساڵە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامەو هیچ دەزگاو رێکخراوێکی جیهانی بەتایبەت لەم بارەیەوە ناتوانێت لێکۆڵینەوە بکات لەبەرئەوەی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا لەعەفرینن لەنێو خودی خۆیاندا لەڕووی مەزهەب و رێکخستنەوە نەک تەنها جیاوازن بەڵکو فرە رەنگ و ناکۆک و دوژمنکارن.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ و سبهینێ ئهگهری نمه باران ههیه و ئاسمان بهگشتی ههور دهبێت، پلهكانی گهرماش بهڕێژهی 4-6 پلهی سیلیزی بهرزدهبنهوه. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی بڵاویكردهوه، "ئهمڕۆ چوارشهممه ئاسمان ههور دهبێت ههندێك كات دهگۆڕێت بۆ نیمچه ههور، ئهگهری نمه باران ههیه له سهر ههندێك له ناوچه شاخاویهكان، له كاتی نمه باران بهفر دهبارێت له سهر لوتكهی شاخه بهرزهكان، لهسهنتهری پارێزگاكان زۆربهی كاتهكان ئاسمان نیمچه ههور و ههوری تهواو دهبێت". ئاماژهی بهوهشكردوه، "سبهی پێنجشهممه ئاسمان بهگشتی نیمچه ههور دهبێت، لهگهڵ بهرزبونهوهی پلهكانی گهرما به نزیكهی (4-6) پله ی سیلیزی و دورستبونی تهم لهسهر ناوچه شاخاوییهكان له كاتهكانی بهیانی زو". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی پێنجشەممە: هەولێر : 16 سلێمانی : 15 دهۆک : 17 کەرکوک : 16 هەڵەبجە : 15 زاخۆ : 17 سۆران : 10 حاجی ئۆمەران : 5 گەرمیان : 20 بەشى پێشبینى وێنەی پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ چوارشەممە بە پلەی سلیزی:
هاوڵاتی سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانی قوتابخانەکانی ناحیەی سەرکەپکانی سەر بە قەزای ڕانیە ئاماژرە بەوەدەکەن، لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو فشارانە و ناچارکردنیان بەسزادانی مامۆستایان بەکۆی گشتی دەستلەکارکێشانەوەی گشتی ڕادەگەیەنین. ئەمشەو سێشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٤ کۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنووری ناحیەی سەرکەپکان کۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ئەو چەند خاڵەی کە لەلایەن (بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە) بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا بەرپرسیارێتی بڕینی مووچە و قوتی مامۆستایان و وانەبێژانی خستووەتە سەر شانی بەڕێوەبەرەکان، دوای ڕاوێژ و گفتوگۆکردن گەیشتینە ئەم بڕیارانەی خوارەوە: ١- ناوهێنانی بەڕێوەبەرەکان و بێ منەتکردنیان لەئەگەری پابەندنەبونیان بەو داواکارییانەی (بەڕێوەبەری پەروەردە) بە سوکایەتی بە خزمەت و توانستمان تێدەگەین بۆیە بە هەمو جۆرێک ڕەتی دەکەینەوە. ٢- بابەتی (بایکۆت) لەسەرەتاوە لەسەر دەستی بەڕێوەبەرەکان نەکراوە، بەڵکو مامۆستایان و وانەبێژان خاوەنی بڕیاری بایکۆتی گشتی بوون. ٣- ئێمە سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانی ئەو سنوورە ڕایدەگەیەنین لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو فشارانە و ناچارکردنمان بەسزادانی مامۆستایان بەکۆی گشتی دەستلەکارکێشانەوەی گشتی رادەگەیەنین.
هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکات. لە پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی هاتووە "بەبۆنەی تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێزتان و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حیزبە بەڕێزەکەتان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم". ئاماژەی بەوەشکردووە "هیوادارم یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەک چۆن لە ڕابردوودا وەک هێزێكی سیاسی میانڕەو ڕۆڵی خۆی بینیوە لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان، لەم کاتەشدا کە هەرێمەکەمان بە دۆخێکی مەترسیدار و نەخوازراودا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان رۆڵی نیشتیمانیی خۆی ببینێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و گەڕانەوەی هیوای و ئومێد بۆ گەلەکەمان و رزگارکردنیان لەم دۆخە ناهەموارە".
هاوڵاتی بەو پێیەی تائێستاش، تەیف سامی، وەزیری دارایی و بەرپرسانی بەغدا جەخت لە پێویستی پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجەوە دەكەنەوە، بەو شێوەیەی رێككەوتنی لەسەركراوە، كە دەبێت هەرێم پەیوەست بێت بە ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و لە سەدا پەنجای داهاتی نانەوتی بە بەغدا. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەم قۆناغەدا پابەندنەبووە بەو رێككەوتنەوە بە بیانووی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، ئەمەش مەترسی نەناردنی پشك و بەشە بودجەی هەرێمی لای فەرمانەرانی كوردستان زیاتر كردووە. د.نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "بڕی پارە بۆ مووچە تا هەمواری یاسای بودجە مانگانە دەنێردرێت، بەڵام بەپێی خەرجی کرداری گۆڕانکاری بەسەردادێت". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت "چاوەڕواندەکرێت بۆ ئەم مانگە بڕی ٦١٨ملیار دینارەكە زیاتر بێت". هاوكات جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوڵاتییەوە، جارێكی دیكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە، ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکە كێشەی نابێت و تا هەمواری یاسای بودجە مانگانە لە ٢٠ بۆ ٣٠ هەموو مانگێك دەنێردرێت. ترس و دوو دڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، تا ناوەڕاستی مانگی دوو دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك بەردەوام دەبێت و مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووش لەلایەن حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاشەكەوت كراوە.
هاوڵاتی بەهۆی کەمی گەشتیار لە سەنتەری شاری دهۆک ٦٨ هۆتێل داخراون، هەروەها لە ئامێدی 13 هوتێل و لە زاخۆش لە ٥٠٪ی هوتێلەکان داخراون. ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەى هۆتێل و مۆتێلەکان لە پارێزگای دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "بەهۆی کەمی گەشتیار لە سەنتەری شاری دهۆک ٦٨ هوتێل و مۆتێل داخراون، هەروەها لە ئامێدی ١٣ هوتێل و موتێل و لە زاخۆش لە٥٠٪یان داخراون، بەپێی بە دواداچوونەکانمان ٧٥٠ کەس کە لەو هوتێل و موتێلانە ئیشیان دەکرد بێکاربوون". ئاماژەی بەوەشکرد "ساڵی پار و ئەمساڵیش رێژەی گەشتیاران بۆ دهۆک کەمبووەتەوە بە نموونە پشووى پێش سەرى ساڵ لە ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ تاوەکو ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ نزیکەى هەزار گەشتیار لەناو هۆتێل و موتێلەکانى پارێزگاى دهۆک ماونەتەوە، هەروەها لە بۆنەکانی دیکەش بەهەمانشێوە رێژەی گەشتیار کەمبووە".
ھاوڵاتی بهپێی نووسراوێكی وهزارهتی دارایی و ئابووری، ئاماژه به نووسراوی ئهنجومهنی وهزیران/ سكرتاریهت ژماره (١٦٩٢٠) له (٢٤/١٢/٢٠٢٣) وه ئاماژه به فهرمانی وهزاریمان ژماره (٧٤٣) له (٢٢/١/٢٠٢٤) كه تایبهته به پێكهێنانی لیژنهیهك بۆ مهبهستی (پۆلێنكردنی ههڵسهنگاندنی حاڵهتهكانی ئهو بڕوانامانهی كه به بێ مۆڵهتی خوێندن بهدهست هاتون، بۆ ئهوهی لهڕوی زانستی و كارگێڕی و دارایی و یاساییهوه ههڵبسهنگێندرێن)، بۆ ئهم مهبهسته دو فۆرمی زانیاری رهوانهی وهزارهت و فهرمانگهكان دهكات، بۆ پڕكردنهوهی داتای پێویست. ئاماژهی بهوهشكردوه، پێویسته له ماوهی 15 ڕۆژدا ههردو فۆڕمه پڕكراوهكانی ئهو فهرمانبهرانهی بهبێ مۆڵهتی خوێندن، بڕوانامهیان بهدهستهێناوه بۆیان ڕهوانه بكهنهوه، تاوهكو كاری پێویست ئهنجامبدهن.
هاوڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و تاوەکو ئێستا ئەو مامۆستا ناڕازییانە لە ئاسایشی شارەزوور دەستبەسەرن. ئاوات ئازاد، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٤چەند ئەندامێکی مامۆستایانی ناڕازیی لە شارەزوور لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون، لەوێ ڕاگیراون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە ماڵەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوانەی دەستگیرکراون پێنج بۆ شەش ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوورن و ٢٠ی مانگی ڕابردووش بانگکرابوون بۆ ئاسایشی سلێمانی". سەرچاوەیەک کە لەگەڵ ئەو مامۆستایانە بووە بە هاوڵاتی وت "ئەو مامۆستایانە لە یەکێک لە پارکەکانی شارەزوور کۆبوونەتەوە تەنها کۆبوونەوەیەکی هاوڕێیانە بووە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش چوونەتە پارکەکە و ئەو مامۆستایانەیان دەستگیرکردووە".
هاوڵاتی وەزیری بەگری تورکیا دەڵێت بەلای وڵاتەکەیەوە گرنگە کە “کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چارەسەر بکرێت.” لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتە کرد، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی شوبات بە سەردانێک گەیشتنە بەغدا و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بکەن. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لە تەوەرەکانی گفتوگۆی لەتیف رەشید و شاندە باڵا سەربازییەکەی تورکیا کردووە و رایگەیاندووە: "سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن نەوەک بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانیان." هەردوولا لەبارەی قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیش قسەیان کردووە و بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار: "سەرۆککۆمار باسی ئەو رێکارانەی کردووە کە بووەتە هۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و شارەکانی تورکیا. ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ئەو رێکارانە دەبێتە هۆی تێکدانی هاوئاهەنگیی هاوبەش و رێگری لە هەوڵەکانی بەردەوامبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات." هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگری تورکیا بە سەرۆککۆماری عێراقی وتوە کە بەلای وڵاتەکەیەوە گرنگە کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چارەسەر بکرێت. نزیکەی ساڵێکە حکومەتی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستوە و بەوەش هاتووچۆ و گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بە نزیکەی لە٦٠٪ کەمیکردوە.
هاوڵاتی لەتازەترین پێشهاتدا، بانکی ناوەندیی عێراق ژمارەیەک لە بانکەکانی ناوخۆی بێبەشكرد لە بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی، كە ئەمەش هەر زوو كاردانەوەی لەبازاری دۆلار دروست كردو نرخەكەی لەدوێنێوە بە ناجێگیری ماوەتەوە. لەو بارەیەوە، دانا مەولود، شارەزایی ئابوری لەبازاڕی دراوی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، جی پی مۆرگان سەرپەرشتی سەرجەم بانكەكانی ناوخۆی عێراق دەكات و دەڵێت، ئەم هەنگاوە بانكی ناوەندی عێراق داویەتی نەك جی پی مۆرگان، بە بیانوی ئەوەی هەر یەك لەو بانكانە هاوكاری گروپەكانی سەر بە ئێرانیان كردووە . ھەر ئەمڕۆش نرخی دۆلار دابەزی و ۱۰۰دۆلار بە۱٥۱ هه زار و ۷۰۰ دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەوەش بەراورد بە دوێنێ ھەزار دینار دابەزیوە. لەبارەی هەنگاوەكەی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئەم شارەزایە پێی وایە بانكەكە دەیەوێت دۆلارەكە لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە و نەچێتە بازاڕ و بانكەكانەوە. ئەوەش ئاشكرادەكات، بانكەكانی ناو عێراق سەرجەمیان لایەن و كەسایەتییە سیاسییە باڵادەستەكانەوە كۆنترۆڵكراون، بەو مانایەی هەر یەكەیان لەدژی ئەوانەی دیكە تۆمەت دروست دەكەن و دۆلار لە بانكەكانی دژیان قەدەغە دەكەن. پێشی وایە بەگشتی كاریگەری لەسەر دۆخی بازار و بەرز بونەوەی نرخی دینار و دۆلار نابێت راگەیاندنی ئەم لیستە نوێیە لە بانکە بێ بەشکراوەکان لە مامەڵەكردن بە دۆلار دوای ئەوەدێت، هەفتەی رابردوو برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەردانی بەغدادی کرد
