هاوڵاتی بەهۆی کەمی گەشتیار لە سەنتەری شاری دهۆک ٦٨ هۆتێل داخراون، هەروەها لە ئامێدی 13 هوتێل و لە زاخۆش لە ٥٠٪ی هوتێلەکان داخراون. ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەى هۆتێل و مۆتێلەکان لە پارێزگای دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "بەهۆی کەمی گەشتیار لە سەنتەری شاری دهۆک ٦٨ هوتێل و مۆتێل داخراون، هەروەها لە ئامێدی ١٣ هوتێل و موتێل و لە زاخۆش لە٥٠٪یان داخراون، بەپێی بە دواداچوونەکانمان ٧٥٠ کەس کە لەو هوتێل و موتێلانە ئیشیان دەکرد بێکاربوون". ئاماژەی بەوەشکرد "ساڵی پار و ئەمساڵیش رێژەی گەشتیاران بۆ دهۆک کەمبووەتەوە بە نموونە پشووى پێش سەرى ساڵ لە ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ تاوەکو ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ نزیکەى هەزار گەشتیار لەناو هۆتێل و موتێلەکانى پارێزگاى دهۆک ماونەتەوە، هەروەها لە بۆنەکانی دیکەش بەهەمانشێوە رێژەی گەشتیار کەمبووە".  

ھاوڵاتی  به‌پێی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، ئاماژه‌ به‌ نووسراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران/ سكرتاریه‌ت ژماره‌ (١٦٩٢٠) له‌ (٢٤/١٢/٢٠٢٣) وه‌ ئاماژه‌ به‌ فه‌رمانی وه‌زاریمان ژماره‌ (٧٤٣) له‌ (٢٢/١/٢٠٢٤) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ مه‌به‌ستی (پۆلێنكردنی هه‌ڵسه‌نگاندنی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌و بڕوانامانه‌ی كه‌ به‌ بێ مۆڵه‌تی خوێندن به‌ده‌ست هاتون، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕوی زانستی و كارگێڕی و دارایی و یاساییه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێندرێن)، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دو فۆرمی زانیاری ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان ده‌كات، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی داتای پێویست. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی 15 ڕۆژدا هه‌ردو فۆڕمه‌ پڕكراوه‌كانی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی به‌بێ مۆڵه‌تی خوێندن، بڕوانامه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌ بۆیان ڕه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌، تاوه‌كو كاری پێویست ئه‌نجامبده‌ن.

هاوڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و تاوەکو ئێستا ئەو مامۆستا ناڕازییانە لە ئاسایشی شارەزوور دەستبەسەرن. ئاوات ئازاد، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٤چەند ئەندامێکی مامۆستایانی ناڕازیی لە شارەزوور لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون، لەوێ ڕاگیراون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە ماڵەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوانەی دەستگیرکراون پێنج بۆ شەش ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوورن و ٢٠ی مانگی ڕابردووش بانگکرابوون بۆ ئاسایشی سلێمانی". سەرچاوەیەک کە لەگەڵ ئەو مامۆستایانە بووە بە هاوڵاتی وت "ئەو مامۆستایانە لە یەکێک لە پارکەکانی شارەزوور کۆبوونەتەوە تەنها کۆبوونەوەیەکی هاوڕێیانە بووە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش چوونەتە پارکەکە و ئەو مامۆستایانەیان دەستگیرکردووە".  

هاوڵاتی وەزیری بەگری تورکیا دەڵێت بەلای وڵاتەکەیەوە گرنگە کە “کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چارەسەر بکرێت.” لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتە کرد، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی شوبات بە سەردانێک گەیشتنە بەغدا و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بکەن. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لە تەوەرەکانی گفتوگۆی لەتیف رەشید و شاندە باڵا سەربازییەکەی تورکیا کردووە و رایگەیاندووە: "سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن نەوەک بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانیان." هەردوولا لەبارەی قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیش قسەیان کردووە و بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار: "سەرۆککۆمار باسی ئەو رێکارانەی کردووە کە بووەتە هۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و شارەکانی تورکیا. ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ئەو رێکارانە دەبێتە هۆی تێکدانی هاوئاهەنگیی هاوبەش و رێگری لە هەوڵەکانی بەردەوامبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات." هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگری تورکیا  بە سەرۆککۆماری عێراقی وتوە کە بەلای وڵاتەکەیەوە گرنگە کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چارەسەر بکرێت. نزیکەی ساڵێکە حکومەتی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستوە و بەوەش هاتووچۆ و گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بە نزیکەی لە٦٠٪ کەمیکردوە.

هاوڵاتی لەتازەترین پێشهاتدا، بانکی ناوەندیی عێراق ژمارەیەک لە بانکەکانی ناوخۆی بێبەشكرد لە بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی، كە ئەمەش هەر زوو كاردانەوەی لەبازاری دۆلار دروست كردو نرخەكەی لەدوێنێوە بە ناجێگیری ماوەتەوە. لەو بارەیەوە، دانا مەولود، شارەزایی ئابوری لەبازاڕی دراوی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، جی پی مۆرگان سەرپەرشتی سەرجەم بانكەكانی ناوخۆی عێراق دەكات و دەڵێت، ئەم هەنگاوە بانكی ناوەندی عێراق داویەتی نەك جی پی مۆرگان، بە بیانوی ئەوەی هەر یەك لەو بانكانە هاوكاری گروپەكانی سەر بە ئێرانیان كردووە . ھەر ئەمڕۆش نرخی دۆلار دابەزی و ۱۰۰دۆلار بە۱٥۱ هه زار و ۷۰۰ دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەوەش بەراورد بە دوێنێ‌ ھەزار دینار دابەزیوە. لەبارەی هەنگاوەكەی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئەم شارەزایە پێی وایە بانكەكە دەیەوێت دۆلارەكە لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە و نەچێتە بازاڕ و بانكەكانەوە. ئەوەش ئاشكرادەكات، بانكەكانی ناو عێراق سەرجەمیان لایەن و كەسایەتییە سیاسییە باڵادەستەكانەوە كۆنترۆڵكراون، بەو مانایەی هەر یەكەیان لەدژی ئەوانەی دیكە تۆمەت دروست دەكەن و دۆلار لە بانكەكانی دژیان قەدەغە دەكەن. پێشی وایە بەگشتی كاریگەری لەسەر دۆخی بازار و بەرز بونەوەی نرخی دینار و دۆلار نابێت راگەیاندنی ئەم لیستە نوێیە لە بانکە بێ بەشکراوەکان لە مامەڵەكردن بە دۆلار دوای ئەوەدێت، هەفتەی رابردوو برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەردانی بەغدادی کرد  

هاوڵاتی وەزیری بەرگری تورکیا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە بە یاوەری شاندێک بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس بەیانی ئەمرۆ سێشەممە گەیشتنە بەغدا. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە سەردانەکە ڕایگەیاندووە،یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندیکی یاوەریان بۆ کۆبونەوە دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەیشتنە بەغدا. سەردانەکەی ئەو دوو بەرپرسەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردووش ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەی ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق لەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی عێراق و دواتریش لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبویەوە. ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا لەکاتێکدایە، ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە بەردەوامن.    

هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای میسر دەڵێت، داهاتی ڕێڕەوی بازرگانی سوێس بۆ نزیک لە نیوە دابەزیوە و هێرشەکانی حوسییەکان بۆ پشتیوانیکردنی غەزە کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی ناچارکردووە خۆیان بەدووربگرن لە ڕێگا ئاوییەکە و ئەمەش زەبرێکە بۆ سەرچاوەی داهاتی سەرەکی میسر.   ئوسامە ڕابی، بەڕێوبەری  جێبەجێکاری کەناڵی سوێس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی میسری ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێرشەکان کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی ناچارکردووە خۆیان بەدووربگرن لە ڕێگا ئاوییەکە، ئەمەش بووە تە هۆی ئەوەی داهاتی مانگی ڕابردوو بۆ 428 ملیۆن دۆلار داببەزێت بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو کە 804 ملیۆن دۆلار داهاتەکەی بوو. حووسییەکان لە دوای جەنگی غەززەوە، وەک خۆیان دەڵێن، بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی رێڕەوێکی بازرگانیی دەریایی گرنگی جیهان.  هاوکات هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە بازرگانییەکان بە کەناڵی سوێس و گەرووی باب ئەلمەندا تێنەپەڕن و ڕێگەی دیکە و دورتر بگرنە بەر وەک ڕێگەی کەیپی هیوای باش لە ئەفریقا ئەمەش بۆتە هۆی دواکەوتنی کەستییەکان بەهۆی ئەوەی کەناڵێکی بێ خزمەتگوزارییەوە ڕێگەیەکی دورترە وەک لە بەکارهێنانی کەناڵی سوێس . ڕابی ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە  ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە لە ئێستادا  بە کەناڵەکەدا هاتوچۆ دەکەن بە ڕێژەی 36٪ کەمیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا،  وتی کەناڵی سوێس بە "باشترین و خێراترین و سەلامەتترین ڕێگا" دەمێنێتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگای کەیپی هیوای باش "ناتوانرێت بەردەوام  باکاربهێنرێت ، چونکە بەبێ خزمەتگوزارییەو گەشتکردن تیایدا زۆر قورسە." وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم هێرشانە لە نوێترین وڵامدانەوەیدا هێزەکانی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک بەلەمی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن ،ئەو هێرشەش دوای زنجیرەیەک هێرشی دیکەی تاکلایەنانە و هاوبەش دێت کە ئەمریکا لە دژی حووسییەکانی لایەنگری ئێران ئەنجامیداون.   رۆژی یەکشەممەش ئەمریکا  هێرشی کردە سەر پێنج مووشەکی حووسییەکان، یەکێکیان بۆ هێرشی وشکانی و ئەوانی دیکە بۆ بە ئامانجکردنی کەشتییەکان بوون، ئەمە وەک سێنتکۆم باسی کرد.   بە گوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، درەنگیی شەوی شەممەش، بەریتانیا و ئەمریکا سێیەم ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی هاوبەشیان دژی 36 پێگەی حووسییەکان لە 13 شوێن ئەنجامدا.  یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رۆژی دواتر وتی: "ئەم هێرشانە لە هەڵوێستی خۆمان بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە، نامانوەستێنن." حووسییەکان لە نۆڤەمبەری پارەوە دەستیان بە هێرشەکانیان کرد و رایانگەیاند، ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، دەکەنە ئامانج و بەیانی ئەمڕۆش هێرشیانکردە سەر كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری سه‌ر به‌ بریتانیا  زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتوه‌. لە پاڵ هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان بۆ سەر حووسییەکان، ئەمریکا هێزێکی دەریایی لەگەڵ چەند هاوپەیمانێک پێکهێنا بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە دەریای سوور کە 12٪ی کۆی بازرگانی جیهانی پێدا دەربازدەبێت.      

هاوڵاتی ئەنجومەنی خزمەتی گشتی فیدڕاڵی لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە فۆڕمی ئەلیكترۆنی بەشێوەی ئۆنلاین ڕاگەیاند بۆ دامەزراندنی دوو هەزار و 980 پلەی وەزیفی بۆ دەرچووانی بەشەكانی كۆلێژی زانست. بەپێی زانیارییەكان، دامەزراندنەكە دەرچووانی زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێم ناگرێتەوە، بەڵكو دەرچووانی زانكۆ حكومییەكانی هەرێم دەگرێتەوە، كە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانن. لینکی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی یەکەم لینکی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی دووەم

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند کە قسەی ناشیاویان بە خەڵک وتووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان چووەتە بەردەم خوێندنگای کچان و بێڕێزی بە مامۆستا و خوێندکاران کردووە. رائید عیماد حسێن، وتەبێژی پولیسی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ کەسێکمان دەستگیرکردووە کە چووەتە بەردەم خوێندنگایەکی کچان و بێ رێزی بەرامبەر خوێندنکاران و مامۆستایان کردووە، لەبەردەم دادوەر دانی بەتاوانەکەی خوی داوە و بەپێی مادەی ٤٠٢ لە یاسای سزادان دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوە بەردەوامە".  وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی "تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٥ ساڵە خەڵکی ئاکرێیە و دوو خوێندکار سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە، سزای ئەم جۆرە تاوانانە بەپێی یاسای زیندانیکردنە بۆسێ مانگ یان پێبژاردنە". ئەوەشی خستەڕوو "هاوکات لەلایەكی دیكەوە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (أ.ن.أ.) و (أ.ئ.أ.) كە ویستوویانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەنجامدانی كاری نەشیاو بەكاربهێنن دەستگیركراون رێكارە یاساییەكانیان بەرامبەر گیراوەتەبەر".

هاوڵاتی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی پێنجوێن وەڵامی پەیامەكەی پەروەردەی قەزاکەیان دەدەنەوە و دەڵێن "بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان". ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ پەروەردەی پێنجوێن ئاگاداریی مامۆستایانی کردەوە کە رۆژی چوارشەممە دەوامی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی پێنجوێن ڕایانگەیاند "دوای ئەوەی پەروەردەی پێنجوێن بڵاویان کردەوە، کە چوارشەممە دەوام دەسپێدەکاتەوە، ئێمە وەک مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژانی پێنجوێن بە هیچ جۆرێک ناچینە ژێرباری ئەو بڕیارە". ئاماژەیان بەوەشکرد "ڕۆژی چوارشەممە لە بەردەم بینای پەروەردەی پێنجوێن گەورەترین خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و داواکارین لە مامۆستایانی سنوورەکە ئامادەبن".

هاوڵاتی شەوی ڕابردوو لە سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندارکراون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند "شەوی یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ چوار کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە لەکاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە سەختی بریندارکراون". وەک ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێکردووە، ئەو چوار کۆڵبەرە ناویان (خالق ئەبوبەکری تەمەن ٣٧ ساڵ، عەلی ئەبوبەکری تەمەن ٣٠ ساڵ، ناسر بەری تەمەن ٤٣ ساڵ و هێمن)ە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو چوار کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری بانە.

هاوڵاتی بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە دوێنێوە لە گوندی بۆڵێ حەوت هاوڵاتی گیریان خواردبوو، بەرگریی شارستانی سۆرانیش دەڵێت "توانیومانە رزگاریان بکەین". ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەو هاوڵاتییانە ژمارەیان حەوت کەس بووە و دانیشتووی سۆرانن و بە مەبەستی گشت روویانکردووەتە گوندی بۆڵی، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگەیان لێگیرابوو و خواردنی پێویستییان پێنەبوو". ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئاگادارکردنەوەمان تیمەکانمان ناردە گوندەکە بۆ ڕزگارکردنیان، تیمەکانمان توانیان ئەو حەوت هاوڵاتییە ڕزگار بکەن و خواردنی پێویستییان بۆ بەرن". ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچە جیاوازەکان هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.

هاوڵاتی وابڕیارە  دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، پێشبینی ناکرێت کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت. ئەمرۆ دووشەممە 5/2/2024 لە  کاتژمێر ٢ ئەوە زۆرینەی ئەنجوومەنە نوێیەکانی پارێزگاکانی عێراق یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکان هەڵدەبژێردرێن بەڵام لە بەشێک لە پارێزگاکان، بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی، چاوەڕێ ناکرێت رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان تەواو ببێت و کۆبوونەوەکە بکرێت. بە گویرەی زانیارییەکان عەرەب و تورکمانەکان بایکۆتی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووەو گەر سەرجەم لایەنە کوردییەکانیش بەشداری بکەن کە هەشت کورسییان هەیە ڕێژەی "نیسابی یاسایی" تەواو نابێت و ناتوانن کۆبوونەوەکە بەڕێوەببەن، ئەمە لە کاتێکدایە هەموو لایەنەکان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوانیاندا نییە. هاوکات لەم بارەیەشەوە فراکسیۆنی قیادە لە کەرکوک ڕایگەیاند لەگەڵ یەکیتی نیستیمانی کۆبونەتەوەو لە بارەی پۆستەکان لە ئەنجومەنی پارێزگاکە بەڵآم نەگەیشتوون بە ڕیککەوتن.  ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 ئەندام و ئەندامێکی کۆتای کریستیان پێکدێت. یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی هەیە، کورسییەکەی کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. لایەنە عەرەبییەکان شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسییان هەیە.  بڕیاریدان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان پێویستی بە 50 کۆ یەک هەیە، بەمەش دەبێت نۆ ئەندام لە کۆبوونەوەکان ئامادەبن.  

هاوڵاتی بە پێی بڕیارێکی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک هەر کەسێک بە دەمامک یان هەر پارچە قوماشێک دەموچاوی بشارێتەوە دەستگیردەکرێت. فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا  بڵاویکردەوە، لەمەدوا مامەڵەی یاسایی لەگەڵ هەرکەسێک دەکەن کە دەموچاوی داپۆشێت یان بیشارێتەوە بە دەمامک، یان هەرپارچە قوماشێک کە بۆ شاردنەوەی دەموچاو بەکاردەهێندرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرسێک دەموچاوی بشارێتەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بڕیارەکەی پۆلیسی کەرکوک لەکاتێکدایە، لەمانگی 12ی ساڵی ڕابردو لەناو بازاڕی لەنگەی شاری کەرکوک، دوو پۆلیس لەلایەن کەسێکی نەناسراوە کە روخساری شاردبۆوە، دەستڕێژی گولـلەیان لێکراو یەکێکیان راستەوخۆ گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمرۆ دوشەممە  رایگەیاند " ئەمڕۆ شەش شەڕڤانمان بەهۆی فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراو کە سەرچاوەکەی بەکرێگیراوەکانی رژێمی سووریا بووە، شەهید بوون." ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ دوشەممە 2/5/2024 لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو ناوچەیەی بۆردومانکراوە  ئه‌كادیمیایه‌كی مه‌شق و ڕاهێنانی له‌ مه‌یدانی له‌ كێڵگه‌ی عومه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دێره‌زۆر . ڕاشیگەیاندووە، بنکەکەیان له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كراوەتە ئامانج كه‌ سه‌رچاوه‌ی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كه‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌كرێگیراوانی سوریا بو. لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکە هەسەدە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت، "وەڵامی گونجاومان بۆ سەرچاوەی هێرشەکە دەبێت. هاوکات بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەش  گرووپی  موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکا لە سنوری دێرەزور لەناو خاکی سوریادا و بەرپرسیاریتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ. هێرشەکەی  موقاوەمەی ئیسلامی، سێ رۆژ دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دێت.