هاوڵاتی بڕیارە سبەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستێکی باڵادا کۆببنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و نەینەوا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن بە گوێرەی زانیارییەکان ، کۆبوونەوەکە سەعات ١١ ی پێش نیوەرۆی رۆژی  یەک شەممە ٤/٢/٢٠٢٤ لەدەباشان دەبێت و تیایدا دۆخی ئێستای ھەرێم و عیراق و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ دەکرێت. ھەروەھا پرسی پێکھێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و نەینەواو پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن. شانده‌كه‌ی پارتی پێكدێت له‌ فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مه‌حمود محه‌مه‌د و جه‌عفه‌ر ئیمینکی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، شاندی یه‌كێتیش له‌لایه‌ن بافڵ جه‌لال تاڵەبانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئاسۆ مامەند و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی ئەندامی شاندەكه‌ ده‌بن. دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە لە ئاستی باڵادا. دوایین کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، 7ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بوو کە لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا لە پیرمام کۆبوونەوە.

هاوڵاتی دوای شەڕێکی سەخت لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلایەکانی ١٠ گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی ڕاڤینای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەوتنە خوارەوە. ڕەفعەت ساڵح، موختاری گوندی ڕاڤینایە بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ شەڕێکی زۆر سەخت لەنێوان سوپای تورکیا گەریلایەکان لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ روویدا، ١٠ گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی ڕاڤینا کەوتوونەتە خوار، گولـلە تۆپێک بە دووروی ١٠ مەتر لە دەوروبەری ماڵەکەم کەوتە خوار، دەیان تۆپی دیکە لە دەوروبەری گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە". موختاری گوندی ڕاڤینایە ئاماژەی بەوەشکرد "زیانی گیانی نەبووە، دەنگی شەڕ و تەقە بەردەوام دەبیستین، یەکەمجارە گولـلە تۆپ بەو نزیکیە بکەوێتە خوارەوە". گوندی ڕاڤینا بەدووری ١٢ کێلومەتر دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانێ ماسێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی ٥٠ خێزان تیادا دەژین.

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوونی چوار ئەندامی ڕاگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی تورکیادا. لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "دوێنێ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای تورکیا ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج لە  ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ". ئەوەشخراوەتەڕوو، بە ئامانجگرتنەکە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار لە ئەندامەکانی ئاسایش و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاشیگەیاند، ناوی ئەو کەسانەی شەهیدبوون بریتین لە "عەبدولسەلام حەمەد، ڕەبا حسێن، محەمەد یوسف، یامەن شەداد".

هاوڵاتی هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە کە کامێراکانی  تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خال بۆ خال لە ڕێگەی شەقڵاوە – قەندیل بەشێوەی تاقیکردنەوە دەخرێنەکار. بەێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ھەولێر شوفێران ئاگاداردەکاتەوە و ڕایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خال بۆ خال لە ڕێگەی شەقڵاوە – قەندیل بەشێوەی تاقیکردنەوە دەخرێنەکار تا ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١٢ی شەو، لەدوای ئەو کات و رێکەوتەوە سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی تۆماردەکرێن لە سیستمی سزادانی ھاتووچۆ". هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە "بەرزترین خێرایی ڕێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلە بچوکەکان ۱٠٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و بۆ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورەش ٨۰ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاریکراوە".

هاوڵاتی  گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکەی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانییان لە سەرسنووری سوریا و عێراق، بنکەی ئاسمانی هەریریان لە پارێزگای هەولیر بە ئامانج گرتووە . ئەمرۆ شەممە ٣/٢/٢٠٢٤ میدیاکانی نزیک لە گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی ئاشکرایان کرد، کە چەکدارەکانی ئەو گروپە بە چەند درونێکی بۆمبرێژکراو هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی ئاسمانی هەریر کە هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆ دەگرێت. جێی ئاماژەیە دوا بە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و خوێناویترین هێرشی ئەو گروپانەش ، هێرشەکەی سەر تاوەری ٢٢ بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی  و برینداربوونی چەند سەربازێکی دیکە. ئەمەو تادانانی ئەم هەواڵە هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دژە تیرۆری کوردستان و هێزەکانی جێگیر لە بنکەی حەریری ئاسمانی نەخراوەتەڕوو.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمرۆ بوومەرلەزەیەک بە گوڕی ٤.٢ پلە لە سنووری پارێزگای دهۆک روویدا، بەشێک لە هاوڵاتییان بە تایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی هەستیان پێکردووە. محەمەد شەوکەت، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ بە هاوڵاتی وت "بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤هەستم بە بوومەلەرزە کرد، بەڵام ئەوەندە بەهێز نەبوو، زۆرێک لە خەڵک هەستیان پێنەکردووە، بەهۆی ئەوەی لەخەودا بوون". هەروەها ئومێد مەعسوم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەی دهۆک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "جارێ چاوەرێی وەرگرتنی زانیاری وردیین، بەڵام ئەوەندە دەزانین کە هیچ زیانی نەبووە". بوومەلەرزەزانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٦:٠٩ خولەک لە نزیک سنووری عێراق و تورکیا بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنووری دهۆک بوومەلەرزەکە روویداوە.

هاوڵاتی نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە، ئاماژە بەوەشدەکات ئێران بە رێژەی لە ١٠٪ گومرگی خستووەتەسەر بەرهەمەکانی پیاز و تەماتە. عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە و بازاڕیان سستە". ئاماژەی بەوەشکرد "لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەئێستادا هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە قەدەغەکراوە، چونکە لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی هەرێمی کوردستان عێراقیش بەهەمان شێوە هاوردەی تەماتەی قەدەغەکرد، بەڵام بەهۆی کەمی بەرهەمی تەماتەی عێراق لەئێستادا بە ڕێژەی لە ١٥٪ نرخی تەماتە لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە". ڕوونیشیکردەوە "قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان تا کاتێکی نادیارە، بەڵام ئەگەر نرخی تەماتە زۆر بەرزبێتەوە ئەوکاتە دەبێت کۆتایی بە بڕیاری قەدەغەکردنەکە بهێنرێت". لەبارەی نرخی بەرهەمەکانی دیکە لە عەلوە عەتا محەمەد وتی "تاڕادەیەک نرخی بەرهەمەکانی دیکەی سەوزە و میوە جێگیرن و هیچ هەڵئاوسانێک نییە". وتیشی "پێشتر هێنانی بەرهەم لە سنوورەکانی ئێرانەوە گومرگی نەبوو، بەڵام لەئێستا بە رێژەی لە ١٠٪ گومرگ چووەتەسەر بەرهەمەکانی پیاز و تەماتە، تاوەکو هەڵئاوسان لە ئێران دروست نەبێت".

هاوڵاتی چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە و بەهۆیەوە پێدانی مووچەکەیان راگیراوە. بەهۆی بایکۆتکردنی دەوام لە رۆژانی پێشوی کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ لە نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین و كارگێری نەخۆشخانەكەوە، دابەشكردنی موچەی کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ راگیراوە. هەروەها  بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێركاری رانیە بەمەرجی شكاندنی بایكۆتەكەیان و دەستكردنەوە بەدەوام موچەکەیان دابەشدەكات. هاوكات، لە بڵاوكراوەیەكدا، راگەیاندنی تەندروستی رانیە جەختی كردوەتەوە، بەهۆی دەوام نەکردنیان و ئامادەنەبونیان بۆکردنەوەی بەشی بوژانەوەی دڵ موچەی ئەوبەشە بەبڕیاری بەڕێوەبەری گشتی راگیراوە تا ئەو كاتەی دەست بەدەوام دەکەنەوە، چونکە لە ئێستادا بەناچاری نەخۆشەکان  رەوانەی  دەرەوەی سنورەکە دەكرێن. لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو نەدراوەتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 920 ملیار دینارە بۆ مووچە. بۆ مووچەی ئەم مانگە حکومەتی عێراق لە پشکی هەرێمی کوردستان 618 ملیار دیناری ناردووە و بڕیارە ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.

هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ دووبارە سوپای تورکیا گوندی گوهەرزێی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. هێرش گوهەرزێ، دانیشتووی گوندی گوهەرزێ بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ تاوەکو ئێستا چەند جارێک لەلایەن سوپای تورکیاوە گوندی گوهەرزێ بۆردوومانکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "زیاتر لە ١٠ گولـلە تۆپ بەر دەوروبەری گوندەکە کەوتوون، هەروەها بەهۆی ئەم بۆردوومانەوە دانیشتووانی گوندەکە ترساون و لە ماڵەکانیان هاتوونەتەدەرەوە".

هاوڵاتی وای بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی زیاتر لە چوارهەزار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، مامۆستایانیش شایەنی پلە بەرزکردنەوەن. لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هاتووە "ماوەی دە ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، دوێنێ پلەی (٤٣٠٤) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ بەرزکرایەو، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاک و نیشتمان بەردەوام بوونە". یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکەن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە: ١- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی. ٢- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران. ٣- دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ. ٤- هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.

هاوڵاتی لەگەڵ گەیشتنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو خشتەیە بێت کە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی مانگی کانونی دووەمی وەزارەتەكانی تەندروستی، دارایی، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان و یەكەی ٧٠ و ٨٠ دابەشدەكرێن. بڕیارە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەک هەفتەدا مووچەی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکات.

هاوڵاتی نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ناوی ژمارەیەک خێزانی دیکەی بڵاوکردەوە کە قەرەبوو دەکرێنەوە و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دیناری پێدەدرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ناوی ژمارەیەک خێزانی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لێدەکات بە مەبەستی وەرگرتنی قەرەبوو سەردانیان بکەن و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دینار پێدەدرێت. ئەو خێزانانەی ناویان لە لیستی قەرەبووەکەدا هاتوو ١٣٦ خێزانن و لە ڕێگەی چەکی بانکییەوە بڕی ملیارێک و ٣٦٠ ملیۆن دیناریان وەک قەرەبووی مادەی ١٤٠ پێدەدرێت. نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ داوا لەو خێزانانە دەکات بەڵگەنامەکانیان لەگەڵ کۆپی ڕەنگاورەنگ و دوو وێنەی خاوەنی مامەڵە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن تا بتوانن چەکی قەرەبوو وەربگرن. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردووشدا ٩٣٩ خێزانی کەرکوک گەڕاونەتەوە بۆئەوەی چەکی قەرەبوو وەربگرن، هەروەها بڕی نۆ ملیار و ٣٩٠ ملیۆن دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانە دابینکراوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، رۆژی هەینی ڕێککەوتی 02-02-2024 دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت . لیستەکە بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 08-02-2024 بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت. وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 618 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کەدەکاتە  65%یکۆی شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، دوای گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی 325 ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بوە، لە سبه‌ی هەینی دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە لە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٥٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون و ٩٢٪ ی قوربانییەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانەوە بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دا، ٦ کۆڵبەر کوژراون و ٤٤ی دیکەش بریندار بوون, هەروەها لە ناویشیاندا ٦ کۆڵبەری منداڵیش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون. ئەو مناڵانەی بریندار بوون ،دوانیان خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوانیان خەڵکی شاری سەقز و دوو کەسیان خەڵکی شارەکانی پاوەو شاهۆ بوون، هەروەها ٤ کەسیان لە سنووری نەوسوود و ٢ کەسیان لە سنووری بانە بریندار بوون. ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ، زۆرترین قوربانیش لە سنووری پارێزگای کرماشان بووە کە ٢٩ کەس کوژراون و بریندار بوون. جێگەیباسە هەر لەم مانگەدا و رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەم، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئاوایی شمشێری پاوە، بە ناوی هۆشیار مەحموودی تەمەن ٤٠ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە تەوێلە کوژراو دوو کۆڵبەریتریش بریندار بوون. هەر لەم پەیوەندەشدا دوو رۆژ پێشتریش ٨ کۆڵبەر کە زۆربەیان مێرمنداڵ بوون لە لایەن پاسەوانی سنوورەوە لە سنووری تەوێڵە دەستبەسەر کران و سووکایەتیان پێکراو  ئەشکەنجە دران و سەریان تاشرا. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی ناوەندی پیشەسازی لە کوردستان، بە ناچار روو ئەکەنە کاری  کۆڵبەری و لە لایەن هێزە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە تەقەیان لێئەکرێت و ئەکوژرێن و بریندار ئەکرێن. ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کۆڵبەری ئەکەن خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووەو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەریان هەیە.    

هاوڵاتی نرخى ئەمپێرێک کارەباى موەلیدە لە شارى سلێمانى دیاریکرا، بۆ مانگى رابردوش نرخى هەر ئەمپێرێک لەنێوان 13 هەزار و 500 بۆ 23 هەزار دینارە. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ی شوبات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبوونەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێڕ (42) دینارە.  به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێڕ كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان (13.500) بۆ (14.500) دیناره‌، بەوپێیەى موەلیدەکان لە نێوان (320 بۆ 345) کاتژمێر کاریان کردوە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان، نرخی ئه‌مپێڕێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت. ئاماژە بەوەکراوە، هەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە (7)ى بەیانى بۆ (1)ى شەو بووە، نرخى ئەمپێریان (18.000 بۆ 19.000 ) دینار، ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان (21.000 بۆ 23.000) دینارە.