هاوڵاتی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان رایگەیاند راگرتنی هەناردەی نەوتنی هەرێم هەڕەشەی لەسەر ئابوری هەرێم دروستكردووە كە هاوپەیمانێكی ئەمنی ئەمریكایە. دەشڵێت داوایان لە كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە فشار بخاتەسەر بەغدا تا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە. كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە ماوەی 10 مانگە نەتوانراوە كێشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت راشیگەیاند "ئەوەش هەڕەشەی لەسەر ئابوری هەرێمی كوردستان دروستكردووە كە هاوپەیمانێكی ئەمنی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمپانیاكانی ئەمریكاو وڵاتانی تریش بە بەهای 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لەكەرتی وزەی كوردستاندا كردووە". ئەپیكۆر ئەوەشی خستوەتەڕوو "داوامان لە كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە رێكاری بەپەلە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر، چونكە راگرتنی نەوت بۆ ماوەی 10 مانگ كاریگەری نەرێنی كردووەتەسەر ئابوریی و ئارامی ناوچەكە". لەبەشێكی تری راگەیەنراوەەكەیدا كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان دەشڵێت "داوامانكردوە كۆنگرێس فشار بخاتەسەر بەغدا، تا بەر لە سەردانە چاوەڕوانكراوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، كێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت".
هاوڵاتی لەسەر رێگای هەولێر – گوێر پاڵاوگەیەكی نەوت ئاگریگرت و بەهۆیەوە چەند كەسێك بریندار بوون و زیانێكی زۆری مادیشی لێكەوتەوەتەوە. موقەدەم كاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئاگر لەپاڵاوگەیەكی سەر رێگای هەولێر - گوێڕ ئاگر لەپاڵاوگەیەكی نەوت كەوتوەتەوەو بەهۆیەوە زیانێكی زۆری مادی بەر پاڵاوگەكە كەوتووەو سێ كەسیش بریندار بوون". ئەوەشی خستەوەڕوو كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن، بەڵام بەهۆی گەورەی ئاگرەكەوە تائێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە.
هاوڵاتی لەبەردەم كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی لەسەر رێگەی سلێمانی - ڕاپەڕین بەئاڕاستەی ناوشاری سلێمانی لەئەنجامی پێشبڕكێی دوو ئۆتۆمبێل كەسێك گیانی لەدەستداو دووانی تریش بریندار بوون. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەبەردەم كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی لەسەر رێگەی سلێمانی - ڕاپەڕین دوو ئۆتۆمبێل پێشبڕكێیانكردوەو لەئەنجامدا یەكێك لەئۆتۆمبێلەكان لەجۆری نیسان پیكاب خۆی كێشاوە بەڕاگری سەرشەقامەكەداو بەهۆیەوە گەنجێكی تەمەن 17 ساڵ كەسەكنی بووە گیانی لەدەستداوەو دوو كەسی تریش بریندار بوون". هاتووچۆی سلێمانیش لەبارەی رووداوەكە، بڵاویكردەوە، هۆكاری رووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ تیژڕەوی و لەدەستدانی كۆنترۆڵ لەلایەن شۆفێری ئوتومبێلی جۆری نیسان پیكاب دوای ئەوەی كۆنترۆڵ لەدەست دەدات دەپەڕێتەوە شەقامی بەرامبەر و خۆی دەكێشێت بە دوو ئوتومبێلی تردا.
هاوڵاتی وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند داتاو زانیارییەكانمان پێشكەشی حكومەتی عێراق كردوە رۆژانە لەگەڵ وەزیرو نوێنەرانمان بۆ چاودێریكردنی رێكارەكانی ناردنی 618 ملیارەكە لەسەر هێڵین. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمیدیای نزیك لەپارتی وتوە "حكومەتی هەرێم هەموو رێكارێكی ناردنی مووچەی جێبەجێكردوەو داتاو زانیارییەكانی پێشكەشی حكومەتی فیدراڵ كردوە". لەبارەی ناردنی 618 ملیار دینارەكەش، ئەوەی خستوەتەڕوو "رۆژانە لەگەڵ وەزیرو نوێنەرانمان بۆ چاودێریكردنی رێكارەكانی ناردنی 618 ملیارەكە لەسەر هێڵین، چاوەڕێش دەكەین لەم چەند رۆژەدا ئەنجامی هەبێت". وەزیری دارایی هەرێم دەشڵێت "لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەسەر هەمواردكردنەوەی یاسایی بودجە رێككەوتووین".
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەكاتەوە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت رێكەوتبن. عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند “شتێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییەو ئاگامان لێی نییە رێككەوتن كرابێت، هەر شتێك هەبێت خۆمان رایدەگەیەنین".لە رۆژی 25ـی ئازاری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، کە دۆسیەی نێوان بەغداد و ئەنقەرەی یەکلایکردەوە و بڕیاریدا تورکیا پابەند بکرێت بە قەرەبووکردنەوەی عێراق بە بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەرێگەی چەند سەرچاوەیەکی میدیای جیاوازەوە ئاماژە بەهەدەردانی ئەو بڕه پارانه دەکات کە لەسەر عێراق بڵاوکراوەتهوەو دەڵێت، "ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو موچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك نوسیویهتی، "لەوەتەی دروستبونی کێشەکان لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک، لەکاتێکدا ئێمە ڕون و ئاشکرا هەمو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدڕاڵ کردوە!". قسەکانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوای ئەوەهات کە بەبەردەوامی حکومەتی هەریم تۆمەتبار دەکرێت بە هۆکاری نەناردنی ئەو پارەیەی کە بڕیارە لە موچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا سەرف بکرێت ، هەر ئەمڕۆش موعین کازمی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند" تائێستا هەرێم شەفاف نەبوە لەگەڵ عێراق ئاماری موچەخۆرانی بەتەواوی نەناردوە" و بە گەندەڵ ناوی بردن. پێشەوا هەورامانی لە بڵآوکراوەکەیدا ژمارەیەک سەرچاوەی میدیای بەکار دەهینێت و عێراق بە گەندەڵ ناودەهێنێت و دەڵێت،ئایا ئەم شەفافییەتو تەوزیحەی لەئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟". دهقی بڵاوکراوەکەی وتهبێژی حكومهتی ههرێم: ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟ لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک،لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە! بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە! ئایا ئەم شەفافییەت و تەوزیحەی لە ئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟ گەڕانێکی سادە، لە چوار هەواڵی بڵاوکراوەی ژمارەیەک سەرچاوەی میدیایی باوەڕپێکراو: ئەلجەزیرە، 20%ی پارەی مووچەی عێراق بۆ مووچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی 10 ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لە موچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەلحوڕە: 300 ملیار دۆلار لە عێراق بۆ پڕۆژە و مووچەی وەهمی چووە.. ئەلبەغداد ئەلیەوم: لە لیستی خانەنشینانی عێراقدا، 22 هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن کە 800 ملیار دینار لەژ خەزێنەی عێراق دەبەن. بی بی سی: ساڵی 2014 حکومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 50 هەزار سەربازی وەهمی مووچەیان لە خەزێنەی عێراق وەردەگرن،وەهمی نەک بندیوار!. ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟ ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق رابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە! پێشەوا هەورامانی
هاوڵاتی لە ئێستادا شەپۆلێک ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری فەرمانگەکانی سلیمانی گرتووەتەوەو ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو فەرمانگانە بەرزدەبێتەوە کە بایکۆتی دەوام دەکەن بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیانەوە. ئەمڕۆ دوشەمەش هەریەک لە فەرمانگەکانی کارەبا و دادنووسی ٢ی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاندو ، نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆی تایبەت بە چاو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بایکۆتی کارەکانیان کردووە و دواتر لە پێشنیوەڕۆدا دەستیان پێکردووەتەوە. لەم بارەیەوە پەیامنێری هاوڵاتی لە سلێمانی ڕایگەیاند :" ئەمڕۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی دادنوسی ۲ی بەتەواوی بایکۆتی دەوامیان ڕاگرت و هیچ کاروبارێکی هاوڵاتیان جێبەجێ ناکەن هاوکات بەشێکی زۆری کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبایی سلێمانی مانیان لە کارەکانیان ڕاگەیاندوە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. جێگەیباسە دوێنێ یەکشەمەش سەرجەم کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند و کارەکانیان ڕاگرت بەڵام ئەمڕۆ مانگرتنەکەیان شکاند و گەڕانەوە سەر کارەکانیان ،سەرچاوەیەک بە پەیامنێری هاوڵاتی وت کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی مۆڵەتی هەفتەیەک دەدەنە لایەنی پەیوەندیدار ئەگەر کێشەی موچەیان چارەسەر نەبێت ،بەتەواوی بایکۆت ڕادەگەیەنن. لەم پەیوەندەدا زیاتر لە چوار مانگیشە مامۆستایانی سنوری سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیانەوە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپینەکەردنەوەی پلە بەرزکردنەوە بایکۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووەو پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە وەستاوە هاوکات دونی یەکشەممەش خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ئەنجام درا. ماوهی 46 رۆژه فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان مووچهیان وهرنهرگرتووه، وێڕای ئهوهی ئێستا له مانگی شوبات نزیك دهینهوه، فهرمانبهران و مووچهخۆران مووچهی مانگی 10ی ساڵی رابردوویان وهرنهگرتووه و هیچ ئاسۆیهكیش دیاری نییه بۆ دهستپێكردنی مووچهكانیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش دەڵێن، چیتر ئەو بارودۆخە قبوڵناکەین و لە بایکۆت و خۆپیشاندان بەردەوام دەبین.
هاوڵاتی ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی دەرەوەو نوێنەرایەتی دیپلۆماسی، تەنھا پەیوەندیی بەحکومەتی فیدراڵییەوە ھەیەو داوا لەھەرێم دەکات ئەو پرسە بۆ عێراق بەجێبھێڵێت. زیا ناسڕى، راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتى:" بەپێى ماددەى 110 لە دەستورى عێراق، سیاسەتى دەرەوە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان تایبەتن بە حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەستوەردانى نییە. دەشڵێت: داوا لە سەرۆکایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەم هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنى مەلەفى ژیان و خزمەتگوزارییەکانى هاوڵاتییانیان و بابەتى نوێنەرایەتیی دەرەوە بۆ حکومەتى عێراق جێبهێڵن. قسەکانی ئەو ڕاوێژکارەی سۆدانی لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە مەمسرور بارزانی لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لە دەرەوە کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن لە داهاتوودا ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات زیاتر بکەن. لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و گەشەیان کردووە، ژمارەی کۆنسوڵگەری و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کودرستان لە زیادبوون و بەرفراوانبوونەوە دان، لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە دەرەوە هەیە، لەوانە: ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا، سوێد، سویسرا، رووسیا، نەمسا و پۆڵەندا، لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەت لە یەکێتیی ئەوروپا.
هاوڵاتی ئێران سزاى سێدارەى چوار بەندکراوى سیاسیی کوردى جێبەجێکرد، ئەو چوا بەندکراوە سیاسییەش لەماوەى 18 مانگى دەستبەسەربونیاندا بە تۆمەتى ''افساد فی الارض''، لە مافى هەبونى پارێزەر بێبەشبون و دۆسییەکەیشیان ناڕون بوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووهەم کاتژمێر 5:00ی سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵان و خەڵکی شاری کامێران، موحسین مەزڵوم تەمەن 27 ساڵان و خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵان و خەڵکی شاری بۆکان و محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵان و خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکران، ماڵپەڕی میزان-ی فەرمیی دەزگای دادی ئێران ئەم هەواڵەی بە فەرمی پشتڕاستکردوەتەوە. سەرەڕای هەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و داواکاری رێکخراوە جیهانییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ئەم ٤ لاوە دوای ١٩ مانگ دەستبەسەر بوون لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران. رۆژی شەممە ٢٧ی کانوونی دووهەم، لە لایەن ناوەندە ئەمنیی و حکوومییەکانەوە پەیوەندی کرابوو بە بنەماڵەی ئەم ٤ گەنجەوە کە بۆ دوایین دیدار سەردانی کوڕەکانیان بکەن. رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم، بنەماڵەکان توانیان بۆ چەند خولەک کوڕەکانیان ببینن و لە زیندان پێێان راگەیاندبوون ئەمە دوایین دیدارە لەگەڵ کوڕەکانیان. بەرەبەیانی دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووهەم ، دوای بانگی بەیانی، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە دران. ئەم ٤ لاوە کوردە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بوون و مانگی تەمووزی ٢٠٢٢ دەستبەسەر کران. کۆماری ئیسلامی دوای دەستبەسەرکردنی ئەم لاوانە، باسی لەوەکرد ئەم لاوانە لە لایەن ئیسرائیلەوە راهێنراون و بە مەبەستی تەقینەوە لە ئیسفەهان نێردراونەتەوە بۆ ئێران و لە نزیک ئیسفەهان دەستبەسەر کراون. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە هەموو شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئێسرائیل رەت ئەکاتەوەو رایگەیاندووە ئەم لاوانە بە ئەرکی پێشمەرگانە راسپێردرابوون و لە نزیک ورمێ، لە باخێکدا دەستگیرکراون.
هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق بۆ دواداچوون و پێشكەشكردنی راپۆرتێكی بەپەلە لەبارەی رێكارەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق َ بۆ خەرجكردنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێنا. پەرلەمانی عێراق بەواژۆی عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئەندامێتی سێ ئەندام و راوێژكارێكی لیژنەی دارایی، لیژنەیەكی تایبەتی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێكهێنا. د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی لیژنەكەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت"لەبەردەوامیی پێداگری و هەوڵەكانمان بۆ زامنكردنی مافەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی، لەیاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی و چارەسەری ریشەیی بۆ پرسی مووچە لە هەمواری یاسای بودجە ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی كانوونی دووەمی 2024، لەسەر پێشنیازمان بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت" وتیشی " لیژنەكە لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی بەدواداچوون و پێشكەشكردنی راپۆرتێكی بەپەلە لەبارەی رێكارەكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بەتایبەتی لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە تەرخانكردنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی 2024 و ئاستی جێبەجێكردنی پابەندییەكانی سەر هەرێم لەیاسای بودجە".
هاوڵاتی – عەمار عەزیز لەكۆمەڵگەی مسریكی سەر بەقەزای سێمێل لەئەنجامی دروستبوونی شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا كەسێك كوژرا كە خەڵكی شەنگالە. خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بە هاوڵاتی وت"ئێوارەی ئەمڕۆ 28ی كانوونی دووەمی 2024، لەكۆمەڵگەی مسریك شەڕێك دروستبووە لەنێوان دوو بنەماڵە، بەهۆیەوە كەسێك كۆژراوە". سەرچاوەیەك لە كۆمەڵگەی مسریك بە هاوڵاتی ی وت" شەڕەكە لەنێوان بنەماڵەی گەودای كۆچەرەكان بوو لەگەڵ بنەماڵەیەكی تر كە خەڵكی شەنگال، شەڕەكە لەسەر منداڵ بووە، بە دارو چەقۆ شەڕ یانكردوە، كەسێك لەبنەماڵەی كۆچەرییەكان 11 چەقۆی لەكەسێكی شەنگالی داوەو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".
هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە سەر نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتوون، بەڵام دانووستانەکانی تایبەت بە بەهای گواستنەوەی نەوتی هەرێم هێشتا ماوە رێککەوتنی لە سەر بکرێت. میدیاى نزیك لهپارتى لەزارى سەرچاوەیەکی بەرپرس لەحکومەتی هەرێمهوه ئاشكرایكردهو، بڕی 20,6 دۆلار بۆ تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوەو لهسهر ئهو پرسه بهغداو ههولێر ڕێكهوتون، بهڵام حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هێشتا لەسەر بەهای گواستنەوەی نەوتی هەرێم نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنو دانوستانەکانیان بەردەوامە. ئهمهش لهكاتێكدایه 17ی ئهم مانگه د.فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەپەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس لەپانێڵێکدا ڕایگەیاند، هەولێرو بەغدا ڕێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردوە سەبارەت بەدۆسیەی نەوتو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوهو چاوەڕێدەکرێت لەداهاتویەکی زۆر نزیکدا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە. هەر لەو کۆڕبەندەشدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی رایگەیاند "ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان، هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە نزیكەی 10 مانگە راگیراوە". ئەوەشی خستوەتەڕوو "كۆمپانیاكانی نەوت، پرسێكیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەكە، گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە رێككەوتنێكی فەرمی". له 25ی ئاداری 2023ـەوە ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركیا راگیراوە، بهغدا و ههولێر و ئهنقهره خهریكی ئهنجامدانی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2024، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (ستییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی کانوونی دووەم دیاریکرد، کە بریتییە لە (270) دینار بۆ هەر کیلۆواتێک. هەروەها لە مانگى رابردوو (کانوونى دووەم) نرخى کیلۆواتێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان (280) دینار بوو، ئەوەش واتە نرخى کیلۆواتێک 10 دینار دابەزیوە. لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (ستییەکان) ڕایگەیاند، نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی (1 ) کانوونی_دووەم، بریتییە لە (270) دینار بۆ هەر کیلۆواتێک کە بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە مانگى رابردوو (کانوونى دووەم) نرخى کیلۆواتێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان (280) دینار بوو، ئەوەش واتە نرخى کیلۆواتێک 10 دینار دابەزیوە.دەشڵێت،" پێویستیشە سەرجەم ستیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە"
هاوڵاتی سهرهڕای مامۆستایان كه ماوهی چوار مانگه بههۆی دواكهوتنی مووچهكانیان بایكۆتی هۆڵهكانی خوێندنیان كردووه،ئەمڕۆش یهكشهممه 28ی كانوونی دووهمی 2024، لەگەڵ دەستپیکردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی ههریهكه له كارمهندانی بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی و بهڕێوهبهرایهتی كارهبای سلێمانیش بایكۆتی دهوامیان كرد. هاوکات جگە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی سەنتەری شاری سلێمانی کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەن بەرزبێتەوە لە ئێستادا کارماندانی شارەوانی کۆیەو کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتیی کەلاریش بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاندوە. بە گوێرەی زانیارییەکانیش بەهۆی مانگرتنی کارمەندانەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکان بە تایبەت بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دروست بووە و کاری هاوڵاتییان راوەستاوە. ماوهی 45 رۆژه فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان مووچهیان وهرنهرگرتووه، وێڕای ئهوهی ئێستا له مانگی شوبات نزیك دهینهوه، فهرمانبهران و مووچهخۆران مووچهی مانگی 10ی ساڵی رابردوویان وهرنهگرتووه و هیچ ئاسۆیهكیش دیاری نییه بۆ دهستپێكردنی مووچهكانیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش دەڵێن، چیتر ئەو بارودۆخە قبوڵناکەین و لە بایکۆت و خۆپیشاندان بەردەوام دەبین. مامۆستایان و فهرمانبهران داوا دهكهن حكومهتی ههرێم بهده م داواكارییهكانیانهوه بێت و مووچهكانیان دابهش بكات، ههروهك دهست به پله بهرزكردنهوه بكرێتهوه و وانهبێژان دابمهزرێن. حكومهتی ههرێمی كوردستان تائێستا موچهی مانگهكانی 10، 11 و 12ی ساڵی 2023ی دابهشنهكردوه و بە شێوەی قەرز لەسەر حکومەتی عێراق پاشەکەوتی کردووە، سەبارەت بە مووچەی مانگی یەکی ساڵی2024 یش دەڵێت چاوەڕوانی 618 ملیارن لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی مووچە. دیمەنێک لە قەرەباڵغی بەردەم هاتوچۆی سلێمانی دوای ڕاگەیاندنی بایکۆت لە لایەن کارمەندانەوە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە شاری هەڵەبجە دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی
هاوڵاتی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی مانگرتنیان لە کارکردن ڕاگەیاند، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت، ئەو مانگرتنە هۆشدارییە بۆ حکومەت. بهیانی ئهمڕۆ ئهفسهر و كارمهندانی بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی مانگرتنیان له كارهكانیان راگەیاند و دهڵێن، چیتر ئامادهنین كه مامهڵهی هاوڵاتیانی رایی بكهن و داوای موچه دهكهن. کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دهڵێن، چەند رۆژێکی دیکە دەبێتە مانگی دوو و هێشتا مووچەی مانگی 10ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. ئاماژەیان بەوەش کرد، تا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت و مووچەکانیان وەرنەگرن ئامادە نین بچنەوە سەر کارەکانیان. ئەمەشلەکاتێکدایە بڕیاروایه ئهمڕۆ لهسلێمانىو ناوچهكانى سنورى بایكۆت، خۆپیشاندانى فراوانو سهرتاسهرى ئهنجامبدرێتو پێشتریش ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵآتی ڕایگهیاندبوو، ئهمڕۆ خۆپیشاندانى فراوان دهكهنو ژمارهیهك فهرمانگهش بایكۆتى دهوام ڕادهگهیهننو بهشداریى خۆپیشاندانهكهیان دهكهن.
