هاوڵاتی لەماوەی 24 كاتژمێردا لەسلێمانی دوو هونەرمەندی بواری میوزیك كۆچی دوواییان كرد. شەوی رابردوو هونەرمەند موزیسیان توانا فەرەج، دوای چەند رۆژێك مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی توشبوون بەجەڵتەی مێشك لەسلێمانی كۆچی دوایی كرد. هاوكات بەرەبەیانی ئەمڕۆ هونەرمەندی موزیسیان ئیبراهیم نەقدی ناسراو بە (مام شێر) كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەهۆی نەخۆشی دڵ لەسلێمانی كۆچی دوایی كرد.
هاوڵاتی مامۆستایەكی ناڕازی رایگەیاند تیمێك لە پارێزەرانی خۆبەخش ئامادەن ببنە پارێزی كەیسی ئەو مامۆستایانەی كە لەلایەن پەروەردەكانەوە هەڕەشەی غیابدان و فەسڵكردنیان لێدەكرێت. ئاوات ئازاد مامۆستای ناڕای بڵاویكردەوە "تیمێك لە پارێزەرانی خۆبەخش ئامادەن لەپێناو كەیسی مامۆستایان خۆبەخشانە ببنە پارێزەری مافی مامۆستایان بەهۆی ئەو بابەتی غیابدان و فەسڵكردنەی لەلایەن پەروەردەكانەوە بڵاو دەكرێتەوەو بۆتە هۆكاری ترس و دڵەڕاوكی لەنێوان مامۆستایاندا". ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەمە وەك فشارێك بەكار دەهێنرێت لەپێناو گێڕانەوەی مامۆستایان بۆ ناوەندەكانی خوێندن بەشێوەیەكی نایاسایی". ئەو مامۆستا ناڕازییە دەشڵێت "هەر مامۆستایەك یان كۆمەڵە مامۆستایەك دەتوانن لەڕێگای دادگای كارگێڕییەوە سكاڵای یاسایی تۆمار بكرێت لەسەر ئەو سزانە نایاسایەی كە پەروەردەكان دەستیانپێكردوە بەرامبەر بە مامۆستایان".
هاوڵاتی ماتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشكەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "پشتیوانی لە هاوبەشەكانمان لە عێراق و لەنێویاندا هەرێمی كوردستان دەكەین لە دژی ئەو كردەوە دڕندەو بێ مانایانە، داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەكەین لێكۆڵینەوە بكەن و ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی دادپەروەریی بكەنەوە". " هێرشەكە گروپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئەنجامیانداوە" ماتیو میلەر وا دەڵێت. وتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی وتوە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پشتیوانیكردنی سەروەریی و ئاسایشی عێراق".
هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەهۆی هێرشەكەی سەر كۆرمۆرەوە كارەبای هاوڵاتیان نەماوەو داواكارین هەموولایەك هاوكاری لیژنەی حكومەتی فیدراڵی بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تیرۆریستان پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای نزیكەی 24 سەعات لەهێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەداوە "شەوی رابردوو هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و ئەنجامەكەی نەمانی كارەبای هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان بوو". "ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێكی گرنگی وەك كارەبا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵك و ئیش و كاروباری رۆژانەیان" وتەبێژی حكومەت وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئێمە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان داواكارین هەموولایەك هاوكاری لیژنەی حكومەتی فیدراڵی بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تیرۆریستان و سزادانییان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی كردەوەی هاوشێوە".
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ئەو هێرش و پەلامارانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان هەوڵە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و داوا لەخەڵكی كوردستان دەكەم هەستی نیشتمانپەروەرییان بەهێز بێت، دەبێت حكومەتی عێراق هەرێم بپارێزێت. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشە درۆنی و موشەكییەكانی سەر هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیانوایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، كوردستان هەرەس دەهێنێت". "سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەكەین، كە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار كردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزاركردن، كۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناكات". سەرۆكی حكومەت وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو "گرنگە هەنگاوی كرداری لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانەو دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بەهەرێمی كوردستانیشەوە بپارێزێت". لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا دەشڵێت "داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەكەین، كە ڕێكاری جدی بگرنەبەر و هاوكاری مەیدانیمان بكەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵكی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت". سەرۆكی حكومەت لەپەیامەكەیدا وتیشی "داوا لەخەڵكی كوردستانیش دەكەم، بەخۆڕاگری و ورەیەكی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاكفرۆش و كۆیلەی ناحەزان نەدەن".
هاوڵاتی دوای هێرشكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی كۆرمۆر كە بەرهەمهێنانی غازی لەكێڵگەكەدا وەستاندوە بەهای پشكەكانی كۆمپانیای دانە غاز لە بازاڕی ئەبوزەبی نزیكەی 3% دابەزی. كۆمپانیای دانەغاز لە ساڵی 2005ەوە لە بازاڕی ئەبوزەبی تۆماركراوەو وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان و وڵاتی میسر لە بواری وزەدا ئەنجام دەدات. هەر گۆڕانكارییەك لە بڕی بەرهەم لەو كێڵگانە كاریگەری لەسەر بەهای پشكەكانی كۆمپانیاكە دروست دەكات كە ئێستا بەهای بازاڕییەكەی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلارە. هاوكات راگەیاندنی شانەی ئەمنی عێراق ئەمڕۆ هەینی، بڵاویكردەوە؛ بەفەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بۆ بەدواداچون لە هێرشەكەی دوێنێ شەوی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەتی عێراق هەوڵدەدات ژێرخانی وڵات پەرەپێبدات و بژێوییەکی شایستە بۆ هاووڵاتیان دابین بکات و ئابوریی نیشتمانی بپارێزێت، بەڵام تێکدەرەكان کێڵگەی غازی کۆرمۆریان لە باشووری پارێزگای سلێمانی، هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرتوە. ئەوەشخراوەتەڕو، لەسەر ئەو روداوە تێکدەرانەیە، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کردوە لیکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە بکرێت و تەواوی نهێنییەکانی لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئاشکرا بکرێت. لە راگەیەنراوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان باس لەوەشکراوە، سودانی داواشیکردوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتە بەر کە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە و هەڕەشەی لەسەر پڕۆژەیەکی وزەی سنوری هەرێمی کوردستان دروستکردوە.
هاوڵاتی رێكخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران رایگەیاند ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەولێرو ئێران بەردەوامەو هیچ گۆڕانكارییەكی وا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا رووینەداوە. محەمەد قەناد زادە، جێگری بەڕێوەبەری رێكخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاند "رووداوەكانی ئەمدواییە كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەولێر نەبووە، ئێستاش وەك جاران بازرگانی نێوان هەردوولا بەردەوامەَ". ئەوەشی رونكردوەتەوە"هەوڵەكانی نێوان هەردوولایان بەردەوامە لە دروستكردنی هاوبەشی بازرگانیی نێوان هەولێر و تاران و لابردنی ئاستەنگییەكانی بەردەمیان". دوای هێرشە موشەكییەكانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر كە بووە هۆی بەئامانجكردنی خەڵكی مەدەنی، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئێران، ژووری بازرگانی هەولێر داوای لەهاووڵاتیان و بازرگانان كرد بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵا ئێرانییەكان بكەن و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن هەرێمی كوردستان بازاڕێكی گرنگی ساغكرنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردە دەكرێن، بەپێی زانیاریەكانیش رۆژانە 600 بۆ 650 بارهەڵگر كاڵاو شمەك لە دەروازەی حاجی ئۆمەران هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش تەنها دەروازەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر كە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان.
هاوڵاتی بهگوێرهی كارنامهی پهرلهمانی عێراق، سبهی شهممه دهنگدان لهسهر ههڵبژاردنی سهرۆكی نوێی پهرلهمان و خوێندنهوه و پهسهندكردنی ژمارهیهك پڕۆژهیاسا بهڕێوه دهچێت. له كارنامهی دانیشتنی رۆژی شهممه 27ـی كانوونی دووهمی 2024ـدا هاتووه، له كۆبوونهوهی یهكهمدا سهرۆكی نوێی پهرلهمان ههڵدهبژێردرێت، كه له دانیشتنی 14ـی ئهم مانگهدا پرۆسهكه قۆناغی یهكهمی بڕی و تێیدا شهعلان كهريم، كاندیدی حزبی تهقهدوم 152 دهنگ و سالم عيساوی له سیاده 97 دهنگیان بهدهستتهێنا، بهڵام بههۆی دروستبوونی كێشهوه نهتوانرا گهڕی دووهمی دهنگدان بۆ ههڵبژاردنی سهرۆكی نوێ ئهنجام بدرێت. هاوكات له خشتهكهدا هاتووه، دوابهدوای ههڵبژاردنی سهرۆكی نوێی پهرلهمان، خوێندنهوه و دهنگدان لهسهر كۆمهڵێك پڕۆژهیاسا ئهنجام دهدرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانیش لە نێوان کوتلە سیاسیەکان تائێستا رێککەوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە نەکراوە و ئەو کاندیدانەی لە دانیشتنی رابردو زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنا، جارێکی تر ھەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە. ڕۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایهوه. حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ـی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار. بۆ هەڵبژاردنی کەسێکیش بۆ شوێنی حەلبوسی ١٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران گەڕی یەکەمی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە رێکخست و تێیدا شەعلان ئەلکرەیم کاندیدی تەقەدووم بە بەدەستھێنانی ١٥٢ دەنگ زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا، بەڵام دواتر گەڕی دووەمی دانیشتنەکە دواخرا.
هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەو شەپۆلە باران و بەفرەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، کاریگەرییەکی لە درەنگانی شەوی شەممە لاواز دەبێت و پلەکانی گەرما تا 5 پلە نزم دەبێتەوە. به گوێرهی راگهیهندراوی وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندنی حكومهتی ههرێمی كوردستان - بهشی پێشبینی كهشوههوا، ئهمڕۆ (ههینی 26ـی كانوونی دووهمی 2024) ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە سنووری پارێزگای دهۆک باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە، پاشان کاریگەریەکەی درێژ دەبێتەوە لە کاتەکانی شەو لەزۆربەی ناوچەکان باران دهبارێت. هەربەپێی پێشبینییەکان سبەی شەممە، ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان نمە باران و بارانی مام ناوەند دەبارێت. هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانەی نزیک لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و لە درەنگانی شەوی شەممە کاریگەری ئەو شەپۆلە لاواز دەبێت، ئاماژە بەوەش کراوە، پلەکانی گەرما بەگشتی دو تا پێنج پلە نزم دەبێتەوە و نزم پلەی گەرماش کە دو پلە دەبێت لە حاجی ئۆمەران تۆمار دەکرێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر: 12 پلەى سیلیزى سلێمانی: 9 پلەى سیلیزى دهۆک: 7 پلەى سیلیزى کەرکووک: 15 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 9 پلەى سیلیزى زاخۆ: 6 پلەى سیلیزى گەرمیان: 15 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 2پلەى سیلیزى سۆران: 8 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی رۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت لە ڕاپۆرتیکیدا باس لە ناوەڕۆکی نامەیەکی نهینی دەکات کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە گەیهنراوهته حکومەتی عێراق و تیایدا بهرپرسانی واشنتن هۆشداری دهدهن لهوهی كه كشانهوهی هێزهكانیان "بێ باج نابێت". رۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت، ناوهڕۆكی پهیامێكی واشنتنی بۆ بهرپرسانی عێراقی بڵاوكردوهتهوه، كه تیایدا "شێوازی کشانەوەی هێزهكانی هاوپهیمانان له عێراق و خشتەی کاتی لەخۆگرتوه" بهڵام جهختیكردوهتهوه كه "كشانهوهكه، ئەگەر روبدات، بێ باج نابێت". رۆژنامهی شەرق ئەلئەوسەت له زاری چهند سهرچاوهیهكهوه بڵاویکردۆتەوە کە، "واشنتن نیگهران نییە بچێتە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لهگهڵ بهغدا، بەڵام دەڵێت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە ناوچەکە هێرشەکانیان بەرامبەر بە گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران ناوەستێت و بەردەوام دەبێت بەتایبەت ، ئهگهر هۆکاربن لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە". بەگوێرەی سەرچاوەکان، سودانی "لایەنە گرنگەکانی" پەیامەکەی ئەمەریکای لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەش کردووە، لەوانە "پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا دژی لایەنەکانی سەر بە ئێران ناوەستێت." لە نامەکەدا هاتووە " دانوستانە تەکنیکییەکانی داهاتوو بۆ ڕێکخستنی کشانەوەی هێزە هاوپەیمانییەکان ئاسان و خێرا نابن و کاتی پێویست دەوێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو دۆسیەکانی پەیوەست بەو کشانەوەیە چارەسەر دەکرێن." هاوکات بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "واشنتن لەنامەکەدا هانی بەغدای داوە بۆ تێگەیشتن و درککردن بە دەرئەنجامەکانی کشانەوەکە، لەوانەش ئەو پابەندبونە دارایی و ئابورییانەی کە هەردو وڵاتیان بهیهكهوه بەستوەتهوه". هەروەها سێ سهرچاوهی ئاگادار به رۆژنامهكهیان وتوه، "لهئێستادا چهند پارتێكی شیعە كه لهناو چوارچێوهی ههماههنگیدا كاریگهرن، ههوڵدهدهن كه ئهو لایهنانه رازیی بكهن كه دهستیان ههیه له پهرهسهندنی گرژییهكان له دژی ئهمریكیهكان و ههوڵدهدهن له ههندێك له داواكانیان پاشهكشه بكهن". ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە، راوێژکاریی و هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێکی زۆری عێراق و سوریادا گرت و له ئێستاشدا سودانی روبەڕوی فشاری زیاتری ناوخۆیی بوەتەوە، بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دوای ئەوەی سوپای ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشی كرده سهر گروپه چهكدارهكان له وڵاتهكهدا.
هاوڵاتی كهمێك لهمهوبهر هێرشكرایه سهر كێڵگەی غازی كۆرمۆری كۆمپانیای دانهغاز له ناحیهی قادر كهرهم لهسنوری قهزای چهمچهماڵ و ئاگرێكی گهوره كهوتۆتهوه، تاوهكو ئێستاش دیار نیه هێرشهكه به فڕۆكهی بێفڕۆكهوان (درۆن) ئهنجامدراوه، یاخود لهڕێگهی موشهكهوه بوه. سهرچاوهیهكی ئاگاداریش بە هاوڵاتی وت، دوای ئهوهی دهنگێكی گهوره لهناو كێڵگهی غازی كۆرمۆر بیستراوه، ژمارهیهك ئهمبوڵانس و تیمهكانی بهرگری شارستانی گهیشتونهته شوێنی روداوهكه. ئهو سهرچاوهیه باسی لهوهشكرد، تا ئێستا نازانرێت ئهو هێرشهی ئهمشهو بۆسهر كێڵگهی غازی كۆرمۆر ئهنجامدرا لهڕێگهی درۆنهوه بو، یاخود موشهك. لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی نەدراوە، بەڵام شایەتحاڵەکان ئاماژە بە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگە غازییەکە دەکەن بۆ کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو. کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی دانەغاز و هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
هاوڵاتی دژه تیرۆری كوردستان (پارتی) رایگهیاند، ئهمشهو فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانی بۆمبڕێژكراو كه ئاڕاستهی بنكهی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرابو، تێكشكێندرا و خرایهخوارهوه. دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمشەو پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 21:07، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە. پێشتریش ژمارهیهك له میدیاكان بڵاویانكردهوه، دهنگێكی گهوره له بهحركهی شاری هەولێر بیستراوه، زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە لایهن کونسوڵخانەی ئەمریکاوه لێدەدەرێت تا ئێستا هیچ لایهنێك بهرپرسیارێتی ئاڕاستهكردنی درۆنهكهی ئهمشهوی بۆسهر شاری ههولێر رانهگهیاندوه،بەڵام پێشتریش چهندجارێك گروپی مقاوهمهی ئیسلامی بهرپرسیارێتی لهو هێرشانه راگهیاندبو كه لهڕێگهی درۆنهوه دهكرانهسهر شاری ههولێر.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردوە بەشێكی نوێی چاودێری چڕ كە بیناو ئامێرەكانی ئامادەیە بكەنەوەو مانەوەی نەخۆش تێیدا بۆ شەوێك بە 150 هەزار دینار بێت. د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری هاووڵاتی -دا لەبارەی بەشی چاودێری چڕ، وتی " بەشی چاودێری چڕ یەكێكە لە كێشەی گەورەكانی تەندروستی سلێمانی، چونكە لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی ( هەڵەبجە، گكەرمیان، راپەڕین بەشی چاودێری چڕ نیەو هەموو فشارەكە دەكەوێتە سەر پارێزگای سلێمانی، تەنانەت لەكەركوك و شوێنەكانی تریشەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ نەخۆش دێت". وتیشی " لەبەشی چاودێری چڕ، ژمارەی قەڵەوێرەكان و كارمەندەكانمان دیاریكراوە، بۆ چارەسەری كێشەكەش داوامان لەحكومەتی هەرێم كردوە سیستمێكی نیمچە تایبەت دابمەزرێنێت، لەبری ئەوەی نەخۆشخەكان لەشوێنی بێ بەرامبەر جێگایان نەبێتەوەو بچنە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و شەوانە ملیۆنێك دینار بدەن، ئێمە تەنها بە 150 هەزار دینار كە كرێی ئەو پزیشك و كارمەندانەیە لەوێ دەمێننەوە چارەسەریان بۆ دەكەن". بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت "بیناو ئامێرەكانمان بۆ ئەو بەشی چاودێری چڕە ئامادەیە، ئەنجومەنی وەزیرانیش نوسراوەكەی ناردوە بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دارایش بەئەڕێنی وەڵامی نوسراوەكەی داوەتەوەو ئێستا نوسراوەكە لەلای ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بەزووترین وەڵامی ئەو نوسراوە بداتەوە ئەوا زیاتر لە 40 نەخۆش بۆ بەشی چاودێری چڕ لەو بەشە نوێیەمان سودمەند دەبن".
هاوڵاتی زیاتر لە سێ مانگە رۆژنامەنوسێكی رۆژنیوز دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئاسایشی دەروازەی فیشخاپورەوە لەپارێزگای دهۆك دەستگیركراوەو چارەنوسی نادیارە. ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی كانونوی دووەمی 2024، دەزگای میدیای رۆژنیوز لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەدا كە 93 رۆژە، رۆژنامەنوسێكیان بەناوی سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لەدەروازەی فیشخاپور لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی دەروازەكەوە دەستگیركراوە. ئەوەشیان خستەڕوو "سەرەتا ئاسایشی دهۆك نكوڵی كرد لەوەی كە رۆژنامەنوسەكەمان لەلای ئەوان بێت، دواتر دڵنیا بوینەوە كە كەیسەكەی لەلای پاراستنی پارتییە". باسیان لەوەشكرد "هەموو رێكارە یاسایی و مەدەنییەكانمان گرتوەتەبەر بۆ دیاریكردنی چارەنوسی رۆژنامەنوسەكەمان و دەیان رێكخراو سەندیكای جیاوازیش دژی رفاندنی رۆژنامەنوسەكەمان هەڵوێستیان دەبڕیوە كە رفاندنی پێچەوانەی هەموو یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینە، چونكە بێتاوانەو لەسەر كاری رۆژنامەوانی رفێنراوەو چارەنوسی نادیارە و دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بكرێت" لەبەشێكی تری كۆنگرەكەیاندا ئەوەشیان خستەڕوو كە رۆژنامەنوس سلێمانی ئەحمەد سێ مانگ پێش سەردانەكەی داوای مۆڵەتی لەدەروازە كردوەو ئەوانیبش رەزامەندیان دەربڕیوەو بۆ ماوەی 25 رۆژ لە رۆژئاوای كوردستان ماوەتەوەو دوای گەڕانەوەی لەپرسەی باوكی لەرۆژئاوای كوردستان لەدەروازەی فیشخاپور دەستگیركراوە، لەكاتێكدا ئەگەر گومانی لەسەر بووە چۆن رێگەیان پێداوە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات".
هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند دوو برای تۆمەتباری شەهیدكردنی رێپێدراوی پۆلیس رزگار ئەحمەد دەستگیركراون. بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لەلایەن مەفرەزەكانیانەوە دوو برای تۆمەتباری شەهیدكردنی (ڕێپێدراوی پۆلیس ڕزگار ئەحمەد) دەستگیركران، كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی هەیەو پێشتر لەلایەن دادگاوە سزادراوە. پۆلسی سلێمانی راشیگەیاند "دوای ئەوەی لەڕۆژی 6ی1ی 2024، هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد، كە لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە بەچەك چوونەتە سەری و بە زۆر سواری ئۆتۆمبێلیان كردووەو هەڕەشەیان لێكردووە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٤٠٥-٣١ لەیاسای سزادانی عیراقی، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوام بوو بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران، سەرەنجام توانرا لە رۆژی ٢٤ی١ی ٢٠٢٤ دوو تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیربكرێن". ئاماژەی بەوەشكردوە"لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت هەردوو تۆمەتبار برای تۆمەتباری شەهیدكردنی (ڕێپێدراوی پۆلیس ڕزگار ئەحمەد)ن، كە یەكێك تۆمەتبارەكان پێشینەی تاوانی هەیەو پێشتر بەبڕیاری دادوەرو لەلایەن دادگاوە سزادراوە"
