هاوڵاتی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگهیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش به فڕۆكهیهكی تایبهت گهیهنراوهته ئامهد، ئهوهش لهسهر داوای سەدیە دەمیرتاش-ی دایكی ناوبر كه تهندروستی تێكچوه و له نهخۆشخانه چارهسهر وهردهگرێت. پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەناوی سەدیە دەمیرتاش بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی دیاربەکر لەژێر چاودێریدایە، هەڤاڵمان سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر داوای دایکی برایە دیاربەکر و سەردانی دایکی کرد، دوعاکانمان لای دایکمان سدیهیە، ئاواتمان ئەوەیە کە بە زوترین کات چاكببێتهوه". سەدیە دەمیرتاش دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی دیاربەکر لەژێر چاودێریدایە و دوای تێکچونی تەندروستی داوای بینی کوڕەکەی کردووە کە لە زیندانی ئەدیرنهدا دەستگیرکراوە. هاوکات میدیاكانی توركیا دەڵێن، لهكاتی گواستنهوهی سهڵاحهدین دهمیرتاش بۆ نهخۆشخانه رێوشوێنی ئهمنی توند گیراوهتهبهر و بڕیاریشه ههر ئهمڕۆ دهمیرتاش بگهڕێنرێتهوه بۆ زیندان.
هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی تووندی راگەیەندراوی سەرکردایەتی یەکێتییان دایەوە کە داوای شکاندنی بایکۆتیان کردبوو. دوێنێ دووشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، بایکۆتی مامۆستایان جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەو دەڤەرە "زەرەرمەندی سەرەکی دەبن"، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە. لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام "ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپێشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە". ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئهمشهو له بهیاننامهیهكدا وەکو وەڵامێک بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێن، "بایکۆت پرسێکی سیاسی نییە تا بە کۆبوونەوەی سیاسی و سەرکردایەتی هیچ حیزبێک بشکێت و بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن و بەبێ ئەنجام کۆتاییان نایەت". دەقی ڕاگەیەندراوەکە: وەڵامێک بۆ بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕۆژی ٢٢/١/٢٠٢٤ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەوی زۆنێکی گەورە و کاریگەرە، پاش زیاتر لە چوار مانگ و نیو لە بایکۆتی مامۆستایان و فەوتانی وەرزێکی تەواوی خوێندن و لەسەرەمەرگی وەرزی دووەمدا و لە پەراوێز و کۆتا خاڵی کۆبوونەوەکەیاندا، زۆر بە لاستیکیی و ئینشائییانە و بەبێ هیچ چارەسەرێک و بەدەستەواژەی پڕ لە شەرمەزاریی(بایکۆت تەنیا لەم دەڤەرە هیچ ئەنجامێکی لێ بەدینەهاتووە) داوا لە مامۆستایان ئەکەن کە بایکۆت بشکێنن! کۆبوونەوە و داواکارییەکانی ناو کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە کەسی دووەمی ئەو حیزبە جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستانە و بە فیعلییش سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی زۆنەکەیانە، ئەو بەڕێزە لە پێنج مانگی ڕابردوودا جگە لە کۆمەڵێک لێدوان، هیچ هەنگاوێکی بۆ سەرپێخستنەوەی خوێندن نەناوە لە قەڵەمڕەوییەکەیاندا، کە لایەنی کەم ئەیتوانی بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک لە پێنج خاڵی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، مامۆستایانیان دڵخۆش بکردایە و ئومێدێکی بۆ شکاندنی بایکۆت دروست کردبا ! یەکێتیی ئەتوانێت خەڵکیتر چەواشە بکات، بەڵام مامۆستایان کە وانەی (هۆشیاریی) بە کۆمەڵگا ئەڵێنەوە، بەرچاویان ڕوونە کە یەکێتیی خۆی بەشێکە لە کێشەکان و هەر بۆ خۆیشیان ئەتوانن بەشێک بن لە چارەسەر. یەکێتیی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە زۆنەکەدا و لە کۆی هەرێمیش وەک پارتیی بەرپرسیارە و ناتوانێت خەڵک بەلاڕێدا ببات و وەک ئۆپۆزسیۆن لەلایەک موخاتەبەمان بکات و لەلایەکیترەوە مەڵبەند و کۆمیتەکانی و بەڕێوەبەرەکانی پەروەردەمان بۆ بخاتەگەڕ تا ناچار بە دەوامکردنمان بکات! لە بەلاغەکەدا ناوی سەرۆکی یەکێتیی(بافڵ تاڵەبانیی) هاتووە کە داکۆکیکار بووبێت لە مافەکانمان، ئەو بەڕێزە بە هەندێ جووڵە و لێدوان، بڕوایەکی لای خەڵک دروستکرد کە ببێت بە سەرەتایەکی ئەوتۆ کە ئومێد بگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵگاکەمان، بەڵام دیسان ئەویش جگە لە دیاردەیەکی میدیایی، چی دیکەی لێ شین نەبوو ! ئێمە لەوان ئەپرسین؛ باس لە هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتیی دەکرێت لە بەغدا، ئایا هەوڵەکانی چیبوون و ئەنجامەکانی چی بوو؟! بە پێچەوانەوە، ئێستا بڕوایەک لەناو خەڵکدا هەیە، کە یەکێتیی پێنج مانگە پرسی(بایکۆتی مامۆستایان)ی بۆ دوو مەبەست ڕاگرتووە و فشارێکی ئەوتۆی لە مامۆستایان ننەکردووە تا بایکۆت بشکێنن : یەکەم: تا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی ڕادەربڕین لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات. دووەم: وەک فشارێک و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە، تا دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆیان و سەرکردەکانیان بەدەست بهێنن! ئێستاش کە کاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوکە و پێویستی بەدەنگی پارتییە، ئەیەوێت بە فشار و چاوسوورکردنەوە و غیابدان و نانبڕینی نایاسایی و کۆمەڵێک دەسەواژەی چەواشەکارانە، پرسەکە بێنێتەوە گۆڕێ! ئێمەش بە خەڵکی کوردستان ئەڵێین : ١- بە ڕاوێژ و پرسکردن بە هیچ کەس و لایەنێک بایکۆتمان نەکردووە، تا بە خواست و ویستی ئەویش بیشکێنین! ٢- بایکۆت پرسێکی سیاسیی نییە تا بە کۆبوونەوەی سیاسیی و سەرکردایەتی هیچ حیزبێک بشکێت! بۆ یەکێتییش وا باش بوو کە لەبری کۆبوونەوەی خۆی، فشاری لە(قوباد تاڵەبانیی) کردبا تا ببێتە فریادڕەسی(خوێندنی ئەم ساڵی خوێندکاری هەژار و نەداران) بەوەی کە ئەگەر (مەسرور بارزانیی) و پارتیی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ نەکات، ئەوا لە کابینە وزارییەکەی ئەکشێنەوە، نەک وەک ئۆپۆزسیۆن و تەنێکی نامۆ بە جەستەی حکومەت چەواشەکاریی بکەن! ٣- داخوازییەکانمان ڕوونن، ئێستاش نەچووە و بچێت، ئەتوانن دڵی شکاوی مووچەخۆران بە دەست بێنن و لە هەمان کاتدا دڵی خوێندکاران و کەسوکاریشیان خۆش بکەن. بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ئەبن و بەبێ ئەنجام کۆتایی نایەت.. دروود بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان و وانەبێژان.. سەربەرزیی بۆ خەڵکی بەهەڵوێستی چین و توێژەکانی دیکە.. ( ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ) ٢٣ / ١ / ٢٠٢٣
هاوڵاتی پاسەوانی سنورى عێراق لەبارەى سوکایەتیکردن بە ژمارەیەک کۆڵبەر ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و قژتاشینی چەند کۆڵبەرێک لە سنوری بیارە پێکھێنراوە و ئەوانەی کەمتەرخەمبوون سزا دەدرێن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نیگەرانین لەو رووداوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە سنوری بیارە روویداوە، لیژنەی لێکۆڵینەوەشمان لە سەر رووداوەکە پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون لە سەر رووداوەکە . ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەکەمان سزاى سەرجەم ئەو کەسانە دەدات، کە کەمتەرخەم بوون. ڕاگەیەندراوەکە دوای ئەوە هات یەكشەمە 21ی كانونوی دووەمی 2024، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنور لە سنووری تەوێڵە سوكایەتیان بە هەشت كۆڵبەر كربوو و سەریان تاشیبون و ئەشكەنجەیان دابوون. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو دوێنێ دووشەممەش 22ی كانونی دووەمی 2024، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە، كۆڵبەرێكی تەمەن 40 ساڵان بەناوی هوشیار مەحمودی خەڵكی ئاوایی شمشێری پاوە گیانی لە دەستدا و دوو كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو ڕوداوە نەکراوە.
هاوڵاتی كەشناسی هەرێم رایگەیاند ئەمشەو و سبەینێ لە شارەكان باران و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكانیش بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم لەبارەی پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی رایگەیاند" لەدوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە لە ناوەندی پارێزگاكان نمە باران دەبارێت و لە شەویشدا بەفر لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەبارێت". ئەوەشی خستوەتەڕوو "پێشبینی دەكرێت سبەینیش لە هەرێم بەگشتی بەشێوەی نمە باران، باران ببارێت و لە هەندێك ناوچەش بارانی مامناوەند دەبێت، هاوكات بەفریش لە زۆربەی لووتكەی شاخە بەرزەكان دەبارێت
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم داوای لیستی مووچەی مانگی یەك لەگەنجینەكانی هەرێم و سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دەكات و بۆ مانگەكانی داهاتووش دەبێت پێش هەموو 5ی مانگێك لیستەكە ئامادە بكرێت. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەڕێی دوو نووسراوەوە كە یەكێكیان بۆ سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) و ئەوی تریان بۆ گەنجیەكانی ناردوە داوایان لێدەكات لیستی مووچەو جۆری دەرماڵەكان، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەتی فەرمانبەران بە وردبینی و پەسەندكراوی وەزارەتەكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەت بەزووترین كات بۆ مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2024 رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەیان بكرێت بەمەبەستی خەرجكرنی مووچە. هەر بەپێی نوسراوەكە، دارایی داواش دەكات مانگانە پێش هەموو پێنجی مانگێك لیستی مووچە بگاتە دەستیان بۆ كاری پێویست. وەزارەتی دارایی عێراقیش رۆژی 16ی كانوونی دووەمی 2024، بەنوسراوێك كە ئاڕاستەی سەرجەم دامەزراوەكانی عێراقی كردوە، داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان لێدەكات، نووسراوەكە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی تێدایەو دەبێت لیستەكە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و سەرجەم دەرماڵەكان و پارەی لێبڕینی خانەنشینی تێدابێت لە دوای وردبینیكردنی لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتی یان بەشی ژمێریاریی وەزارەتەكان، بۆ ئەوەی لە خەرجیی مانگانەی پارەكانیان پشتی پێ ببەسترێت.
هاوڵاتی بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەهاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند لەئەمڕۆوە لەسلێمانی كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی دەكەونە كارو لەشەقامی مەلیك مەحمودیش كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە تا 69 تۆمار ناكرێت. رائید فەرهاد گرون بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند " سەرجەم كامێراكان لەناو سلێمانی و شەقامی راپەڕین بۆ تاسڵوجە هەفتەیەك وەك تێست تاقیكراونەتەوە تا شۆفێران ئاگادار بكرێنەوە بۆ خستنەكاریان". وتیشی: لەشەقانی بازنەی مەلیك مەحمود كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لەكاتی خێرایی شۆفێراندا تا 69 تۆمار ناكرێت، بەڵام كە خێراییەكەی گەیشتە 70 كامێراكان تۆماری دەكەن". ئەوەشی خستەڕوو "سەرجەم ئەو كامێرایانەی ئەمڕۆ دەست بەتۆماركردنی سەرپێچی دەكەن بەسیستەمی (پۆینت توو پۆینت) كار ناكەن". بەپێی بڕیارەكەی هاتووچۆی سلێمانی لە كاتژمێر 10ی بەیانییەوە كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی شۆفێران، لەشاری سلێمانی كە ژمارەیان 23 كامێرایەو لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سلێمانی- تاسڵوجەو چەند شەقامێكی تر جێگیركراون دەكەونەكار.
هاوڵاتی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە تەقەیان لەسێ كۆڵبەر كردو یەكێكیان گیانی لەدەستداوەو دوانەكەی دیكەش بریندار بوون. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی كانونی دووەمی 2024، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە، كۆڵبەرێكی تەمەن 40 ساڵان بەناوی هوشیار مەحمودی خەڵكی ئاوایی شمشێری پاوە گیانی لە دەستدا و دوو كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون. بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە"ئەو كۆڵبەرە فیشەك بەر سەری كەوتوەو راستەوخۆ گیانی لەدەستداوەو دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناسنامەی یەكێكیان ئاشكرا كراوە بە ناوی رزگار فەرەجی بریندار بوون و بەمەبەستی چارەسكردن بۆ نەخۆشخانەی شاری نەوسوو گواستراونەتەوە". كوژرانی ئەم كۆڵبەرانە دوای ئەوە هات، كە دوێنێ یەكشەمە 21ی كانونوی دووەمی 2024، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنووری تەوێڵە سوكایەتیان بە هەشت كۆڵبەر كردوەو سەریان تاشیون و ئەشكەنجەیان دابوون.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە دوو بڕیاری لەبارەی سزای گرێبەستە ئەلکترۆنییەکان و سەرپێچی هاتوچۆی شۆفێران دەرکرد و ڕایگەیاند، بۆ بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی كەم دەرامەتی و بێئاگایی لە رێنماییە یاساییەكان، سزا دراون، سزای گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكان هەڵگیرا. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢/١/٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆ دوو بڕیاری نوێی لەبارەی سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی و سەرپێچی هاتووچۆی شۆفێران دەرکرد : بڕیاری یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە رێکخراوە بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (3)ـی ساڵی 2021 و هەموارەکانی. وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم لێخۆشبوونە، هەموو ئەو شۆفێرانە دەگرێتەوە کە تاوەکو 31-12-2023 سزای داراییان هاتووەتەسەر بەهۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بەهۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێ ئاگایی لە رێنماییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە، "پێویستە لەمەو بەدوا هاووڵاتییان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدووربن". بڕیاری دووەم: راگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وەزاری ژمارە 25582 لە 10-09-2023 کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (20) لە یاسای هاتووچۆ ژمارە (86)ـی ساڵی 2004 لە دوای 28-02-2024. ئەمەش لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لەکاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتووچۆ. ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وزارییەکەیە: لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە: یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن. دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ. داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە. ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ
هاوڵاتی لەناو بازاڕى نیشتیمانى شارى هەولێر بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە شەڕە تەقە رویداوە و بەهۆیەوە فەرمانبەرێكی كۆمپانیای (دیناری عێراقی) بە سەختی برینداربووە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناو بازاڕی هەولێر شەڕە تەقە ڕیداو لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی دیدار کە فەرمانبەر بووە لە کۆمپانیای "دیناری عێراقی" لە شاری هەولێر، کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن بەسەختی برینداربوو هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری هێرشەکە کێشەی کۆمەڵایەتییە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوانەی تەقەیان کردووە دوو کەس بوون و لە ئێستادا ئەو کەسەی بریندار بووە لە ناخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، خاوەنی سێ منداڵە و دانیشتوانی گەڕەکی گەلاوێژە. هەروەها لەدوای رووداوەکەوە تۆمەتبارەکە رایکردووە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
هاوڵاتی خشتەى کارى نوێى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایەنێت و کۆمسیۆنیش دوو وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، خشتەى کارى نوێى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایێنێت کە ئێستا لە بەردەستى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندایە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 19 بۆ 30ی ئایارى وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشنیار کردووە. یەکێک لە گرنگترین ئامادەکارییەکان کە دەبێت ئەنجام بدرێت لەو خشتە نوێیەى کارى کۆمیسیۆندا بریتییە لە پێشکەشکردنى ناوى کاندیدان و دواتر چاپکردنى فۆڕمى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. پێشتریش بە گوێرەى خشتەى کارى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبوو تاوەکو 4ی کانوونى یەکەمى 2023 ناوى کاندیدان رادەست بکرێت بۆ وردبینیکردنیان و لە 7ی هەمان مانگیشدا بە تیروپشک ژمارەى لیستە بەشداربووەکانى پەرلەمانى کوردستان بکرایە، تاوەکو 12ی کانوونى یەکەمى 2023، فۆڕمى دەنگدان دروست بکرایە بەڵام بە پاساوى سەرقاڵى بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق و نەبوونى پارەى پێویست کۆمیسیۆن ئەو هەنگاوانەى نەناوە. هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ دواکەوتنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چاوەڕێى ئەنجامى ئەو سکاڵایەیە کە لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەش بە دادگاى باڵاى فیدراڵى کراوە کە 21ی کانوونى دووەم دانیشتنێکى دیکەى لەسەر کرد و دواى خست بۆ 4ی شوباتى 2023.
هاوڵاتی سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی گەیشتنى پارەکەى بەغداد و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى بۆ ئاژانسى بەغداد یەوم ئاشکراکرد و ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت،" حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ بەغدا نەناردووە بۆیە 618 ملیار دینارەکە نەهاتووە”. ئاژانسی بەغداد یوم لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای دەستپێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی عێراق بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە تا کۆتایی ئەم هەفتە، پارەکە دەنێرێت. سەرچاوەکە راشیگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ سەر حسابی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کۆکردنەوەی داهاتە داراییەکانی تر کە لە باج و گومرگەوە دەستیکەوتووە، حکومەتی هەرێم بڕی 900 ملیار دینار تەواو دەکات و دەست دەکات بەخەرجکردنی مووچە لە کۆتایی ئەم هەفتە، یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو. هاوکات شەوی ڕابردوش لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق لهگهڵ تهیف سامی وهزیری دارایی عێراق كۆبووهوه، نەمرین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، " وەزارەتی دارایی جەختی لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە تایبەت مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگەو مانگەکانی دواتریش، بەڵام بەو مەرجەی هاوشێوەی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵی وردبینی بکرێت لە لیستی ناوی فەرمانبەران و مووچەکانیان وحکومەتی هەرێم داتا و زانیاری بدات بە حکومەتی فیدڕاڵ." سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی وتیشی: حکومەتی عێراق چاوەڕێی حکومەتی هەرێمە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەست بکات، تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بنێرێت، چونکە تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ نزیکەی 300 فەرمانبەر کراوە و نیوەی دیکەی ماوە”. تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی 10 ،11، 12ی ساڵی ڕابردوو مانگی 1 ی ئەمساڵ 2024 یان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمیش لەم بارەیەوە دەڵێت ئەو سێ موچەیەی ساڵی ڕابردوو قەرزە لەسەر حکومەتی عێراق و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەو 618 ملیارەن کە بڕیارە عێراق بینێرێت .
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەكاتەوە كە لە سبەی سێ شەممەوە كامێرا جێگیرەكانی ناو سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەونە بواری جێبەجێكردن و تۆماركردنی سەرپێچی خێرایی. بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کاتی کەوتنە کاری کامێرا جێگیرەکانی سلێمانی ڕاگەیاند و باسی لەوەکردووە سبەینێ سێشەممە بەرواری 23/01/2024 كاتژمێر 10:00 ی سەرلەبەیانیی کامێراکان دەکەونە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن . بەڕێوەبەرایەتیەكە داواش لەسەرجەم شۆفێران دەكات پابەندی ئەو خێراییە دیاریكراوانە بن كە لەسەر شەقامەكان بۆیان دیاریكراوە بەپێی هێما و تابلۆكانی هاتووچۆ. سەبارەت بە سیستەمی کامێراکان هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند" وەك بەرچاو ڕوونیەك بۆ هەموو لایەك ئەم كامێرایانە سیستەمی پۆینت تو پۆینت نییە و بە سیستەمی یەك خاڵ خێراییەكان تۆمار دەكات."
هاوڵاتی دهزگای ئاسایشی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ دوشهممه رایگهیاند، ئهو تۆمهتبارانهی تهقهیان له هێزێكی پۆلیسی نههێشتنی تاوانی سلێمانی كرد دهستگیركران و لهئێستاشدا لێپرسینهوهیان بهرامبهر ئهنجامدهدرێت. پۆلیسى سلێمانى بەرەبەیانى ئەمڕۆ بڵاویکردەوە؛ لەکاتی دەرچونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی داواکراو، مەفرەزەکە روبەروی هێرش بونەوە و لەئەنجامدا ئەفسەرێک و کارمەندێکی پۆلیس و هاوڵاتییەک بریندار بون. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە بەهۆى سەختى برینەکەیەوە هەر شەوى رابردو پۆلیسەکە بە ناوى (رزگار ئەحمەد) گیانى لەدەستدا. هەر لەبارەى ئەم روداوەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتى ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى لەسەر روداوى تەقەکردنەکە لەلایەن ئاسایشى هەرێمەوە راگەیاند و دەڵێت:بههەوڵى هاوبەشی هێزەکانی (ئاسایش، ئۆپەراسیۆن، کۆماندۆو پۆلیس)، هەردوو تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکراون".
هاوڵاتی بەهۆی رووداوی تەقەكردنەكەی شەقامی پیرەمێردی سلێمانی لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی داواكراوێكدا لەلایەن هێزێكی پۆلیسەوە، سێ پۆلیس بریندار بوون و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە یەكێكیان گیانی لەدەستدا. سەرچاوەیەك لە پۆلیسی سلێمانی بە هاوڵاتی وت "ئەمشەو یەكشەمە 21ی كانونی دووەمی 2024، هێزێكی پۆلیسی سلێمانی لەشەقامی پیرەمێرد لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی داواكراوێكدا، لەلایەن داواكراوەكەوە تەقە لەهێزەكەی پۆلیس كراوە سێ كارمەندیان بریندار بوون، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە یەكێكیان گیانی لەدەستداوە".
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند هەرێم لەساڵی رابردوودا هیچ داهاتێكی رادەستی بەغدا نەكردوە، تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگە حكومییەكان كردوە. ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت وەزیری دارایی پێڕاگەیاندین مانگانە ناردنی پارە بۆ مووچە بەردەوام دەبێت بەو مەرجەی هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواوی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵەو لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كە تائێستا نەیان ناردوە. ئەمڕۆ یەكشەمە 21ی كانونی دووەمی 2024، دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەیی هەبوەو وەزیری دارایی دووپاتیكردوەتەوە، هەرێمی كوردستان لەساڵی 2023 دا هیچ داهاتێكی دارایی رادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردوە، تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگە حكومییەكان كردوە". عەتوانی ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەگەڵ وەزیری دارایی تاووتوێی ئەو كێشانەیان كردووە كە روبەڕووی جێبەجێكردنی بودجە بونەتەوە، بەتایبەت بڕگەكانی دامەزراندن و گرێبەستەكان، رێشكەوتون لەسەر تەواوكردنی خشتەكانی هەژماركردنی خەرجییە داراییەكان بەئامانجی دەستپێكردنیان لەساڵی 2024". هاوكات د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە كە كۆبوونەوەكەی لیژنەی بەئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدڕاڵ بۆ بەدواداچوون بووە سەبارەت بەجێبەجێكردنی بودجەی ساڵی رابردوو گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكاری هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024. ئەوەشی خستوەتەڕوو كە لەوەڵامی پرسیارێكیدا لەوەزیری دارایی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم پێیڕاگەیاندین "خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی لەمانگی یەكی ئەمساڵەوە كە بەبڕی 618 ملیار دیاریكراوە مانگانە بەردەوامدەبێت، بەمەرجێك هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواویی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵەو لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەك ئەوەی لەناوەڕۆكی نوسراویان لە 16ی ئەم مانگە ئاماژەی پێدراوە".
