هاوڵاتی سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی گەیشتنى پارەکەى بەغداد و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى بۆ ئاژانسى بەغداد یەوم ئاشکراکرد و ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت،" حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ بەغدا نەناردووە بۆیە 618 ملیار دینارەکە نەهاتووە”. ئاژانسی بەغداد یوم لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای دەستپێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی عێراق بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە تا کۆتایی ئەم هەفتە، پارەکە دەنێرێت. سەرچاوەکە راشیگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ سەر حسابی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کۆکردنەوەی داهاتە داراییەکانی تر کە لە باج و گومرگەوە دەستیکەوتووە، حکومەتی هەرێم بڕی 900 ملیار دینار تەواو دەکات و دەست دەکات بەخەرجکردنی مووچە لە کۆتایی ئەم هەفتە، یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو. هاوکات شەوی ڕابردوش لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق لهگهڵ تهیف سامی وهزیری دارایی عێراق كۆبووهوه، نەمرین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، " وەزارەتی دارایی جەختی لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە تایبەت مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگەو مانگەکانی دواتریش، بەڵام بەو مەرجەی هاوشێوەی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵی وردبینی بکرێت لە لیستی ناوی فەرمانبەران و مووچەکانیان وحکومەتی هەرێم داتا و زانیاری بدات بە حکومەتی فیدڕاڵ." سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی وتیشی: حکومەتی عێراق چاوەڕێی حکومەتی هەرێمە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەست بکات، تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بنێرێت، چونکە تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ نزیکەی 300 فەرمانبەر کراوە و نیوەی دیکەی ماوە”. تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی 10 ،11، 12ی ساڵی ڕابردوو مانگی 1 ی ئەمساڵ 2024 یان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمیش لەم بارەیەوە دەڵێت ئەو سێ موچەیەی ساڵی ڕابردوو قەرزە لەسەر حکومەتی عێراق و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەو 618 ملیارەن کە بڕیارە عێراق بینێرێت .
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەكاتەوە كە لە سبەی سێ شەممەوە كامێرا جێگیرەكانی ناو سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەونە بواری جێبەجێكردن و تۆماركردنی سەرپێچی خێرایی. بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کاتی کەوتنە کاری کامێرا جێگیرەکانی سلێمانی ڕاگەیاند و باسی لەوەکردووە سبەینێ سێشەممە بەرواری 23/01/2024 كاتژمێر 10:00 ی سەرلەبەیانیی کامێراکان دەکەونە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن . بەڕێوەبەرایەتیەكە داواش لەسەرجەم شۆفێران دەكات پابەندی ئەو خێراییە دیاریكراوانە بن كە لەسەر شەقامەكان بۆیان دیاریكراوە بەپێی هێما و تابلۆكانی هاتووچۆ. سەبارەت بە سیستەمی کامێراکان هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند" وەك بەرچاو ڕوونیەك بۆ هەموو لایەك ئەم كامێرایانە سیستەمی پۆینت تو پۆینت نییە و بە سیستەمی یەك خاڵ خێراییەكان تۆمار دەكات."
هاوڵاتی دهزگای ئاسایشی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ دوشهممه رایگهیاند، ئهو تۆمهتبارانهی تهقهیان له هێزێكی پۆلیسی نههێشتنی تاوانی سلێمانی كرد دهستگیركران و لهئێستاشدا لێپرسینهوهیان بهرامبهر ئهنجامدهدرێت. پۆلیسى سلێمانى بەرەبەیانى ئەمڕۆ بڵاویکردەوە؛ لەکاتی دەرچونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی داواکراو، مەفرەزەکە روبەروی هێرش بونەوە و لەئەنجامدا ئەفسەرێک و کارمەندێکی پۆلیس و هاوڵاتییەک بریندار بون. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە بەهۆى سەختى برینەکەیەوە هەر شەوى رابردو پۆلیسەکە بە ناوى (رزگار ئەحمەد) گیانى لەدەستدا. هەر لەبارەى ئەم روداوەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتى ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى لەسەر روداوى تەقەکردنەکە لەلایەن ئاسایشى هەرێمەوە راگەیاند و دەڵێت:بههەوڵى هاوبەشی هێزەکانی (ئاسایش، ئۆپەراسیۆن، کۆماندۆو پۆلیس)، هەردوو تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکراون".
هاوڵاتی بەهۆی رووداوی تەقەكردنەكەی شەقامی پیرەمێردی سلێمانی لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی داواكراوێكدا لەلایەن هێزێكی پۆلیسەوە، سێ پۆلیس بریندار بوون و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە یەكێكیان گیانی لەدەستدا. سەرچاوەیەك لە پۆلیسی سلێمانی بە هاوڵاتی وت "ئەمشەو یەكشەمە 21ی كانونی دووەمی 2024، هێزێكی پۆلیسی سلێمانی لەشەقامی پیرەمێرد لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی داواكراوێكدا، لەلایەن داواكراوەكەوە تەقە لەهێزەكەی پۆلیس كراوە سێ كارمەندیان بریندار بوون، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە یەكێكیان گیانی لەدەستداوە".
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند هەرێم لەساڵی رابردوودا هیچ داهاتێكی رادەستی بەغدا نەكردوە، تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگە حكومییەكان كردوە. ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت وەزیری دارایی پێڕاگەیاندین مانگانە ناردنی پارە بۆ مووچە بەردەوام دەبێت بەو مەرجەی هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواوی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵەو لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كە تائێستا نەیان ناردوە. ئەمڕۆ یەكشەمە 21ی كانونی دووەمی 2024، دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەیی هەبوەو وەزیری دارایی دووپاتیكردوەتەوە، هەرێمی كوردستان لەساڵی 2023 دا هیچ داهاتێكی دارایی رادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردوە، تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگە حكومییەكان كردوە". عەتوانی ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەگەڵ وەزیری دارایی تاووتوێی ئەو كێشانەیان كردووە كە روبەڕووی جێبەجێكردنی بودجە بونەتەوە، بەتایبەت بڕگەكانی دامەزراندن و گرێبەستەكان، رێشكەوتون لەسەر تەواوكردنی خشتەكانی هەژماركردنی خەرجییە داراییەكان بەئامانجی دەستپێكردنیان لەساڵی 2024". هاوكات د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە كە كۆبوونەوەكەی لیژنەی بەئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدڕاڵ بۆ بەدواداچوون بووە سەبارەت بەجێبەجێكردنی بودجەی ساڵی رابردوو گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكاری هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024. ئەوەشی خستوەتەڕوو كە لەوەڵامی پرسیارێكیدا لەوەزیری دارایی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم پێیڕاگەیاندین "خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی لەمانگی یەكی ئەمساڵەوە كە بەبڕی 618 ملیار دیاریكراوە مانگانە بەردەوامدەبێت، بەمەرجێك هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواویی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵەو لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەك ئەوەی لەناوەڕۆكی نوسراویان لە 16ی ئەم مانگە ئاماژەی پێدراوە".
هاوڵاتی پەروەردەی دەربەندیخان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژانی سنوری پەروەردەكەیان ئاگادار دەكاتەوە هەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا كۆمێنت و وتەی نەشیاو بنوسێت ڕووبەڕوی دادگا دەكرێتەوە. هۆبەی كاروباری یاسایی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی دەربەندیخان راگەیەنراوێكی بڵاوكردوەتەوەو هۆشداری دەداتە مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەكەی و رایگەیاند "سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژانی سنوری پەروەردەكەمان ئاگاداردەكەینەوە، هەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت تەشهیرو ناوزڕاندن و كاری ناپەروەردەیی بكات بۆ پەكخستنی پڕۆسەی پەروەردە، یاخود لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا كۆمێنت و وتەی نەشیاو بنوسێت بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان مامەڵەی ئیداری و سزایی لەگەڵدا دەكرێت و ڕووبەڕوی دادگا دەكرێتەوەو لەدۆسیەی كەسی فەرمانبەر ئەرشیف دەكرێت".
هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد، سەرەڕای بوونی چەندین تانەش بەڵام كورسی لایەنەكان لەكەركوك وەك خۆی مایەوە. ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی كانونی دووەمی 2024، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی ئەو تانانەی یەكلاییكردەوە كە لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درابوون و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندكرد. رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2023 پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، حزبە كوردستانیەكان لەكەركوك و نەینەواو دیالەو سەڵاحەدین بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كردو لەكەركوك و نەینەواو دیالە كورسیان بەدەستهێنا. لەپاش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنیش، كۆمسیۆن دەرگای تانەدانی لەپرۆسەكە بەڕووی پاڵێوراو و قەوارە و هاوپەیمانیەتیەكان كردەوە، 338 تانە لەپرۆسەكە دران و ئەمڕۆ پاش یەكلاییكردنەوەی تانەكان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.
هاوڵاتی دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند سەرۆكی لیژنەی ئەو كەسانەی وەك پاسەوانی بیرە نەوتییەكانی كەركوك دانراون لەكاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیركرا. دەستەی دەستپاكی عێراق لەبارەی دەستگیركردنی بەرپرسێكی باڵای كۆپانیای نەوتی باكور راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "دەستگیركراوەكە سەرۆكی لیژنەی كاروباری ئەو كەسانەیە وەك پاسەوانەی بیرە نەوتییەكانی كەركوك دانراون بەرپرسێكی باڵای كۆمپانیای نەوتی باكورە كە ، بۆ راییكردن و خەرجكردنی سلفەی ئەو كەسانەی وەك پاسەوانی بیرە نەوتەكان دانراون، بەرتیلی وەرگرتووە و كێچەڵی پێكردووە. دەستەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە "لەلایەن دەستەی دەستپاكی كەركوكەوە بۆسە بۆ ئەو فەرمانبەرە دانراوەو لەكاتی وەرگرتنی بەرتیلەكەدا دەستگیركراو بەماددەی 307 لەیاسای سزادانی عێراق راگیراوە".
هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی تورکی لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردەوە سوپای تورکیا بنکەیەکی نوێی سەربازی لە ڕووبەرێکی فراوانی هەرێمی کوردستاندا دروستکردووەو دەشڵێت بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دروست دەکرێت لە ڕاپۆرتێکی دەیلی سەباحی تورکیدا هاتووە کە لە ئێستادا سوپای تورکیا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ قفڵ"و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بەدرێژایی 620 کیلۆمەتر کە دەکاتە 385 میل، ڕێگهی سەربازیی لەو ناوچانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تێدا ئەنجامدەدات دروستکردوە. بەگوێرهى ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەهەماهەنگیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدەدات. هەروەها ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە :"هەماهەنگییەکی گەورە لەنێوان ئەو دوو لایەنە لەبواری سیاسییو سەربازییدا هەیە، بەڵام چاوەڕوانییەکانی تورکیا سەبارەت بەدروستکردنی هاوبەشییەکی هاوشێوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دژ بەپەکەکە بەدینەهاتوە". ئەمەش لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بێ گوێدانە هەر ڕێگرییەک کە دێتە بەردەمیان. جێگەیباسە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و تائێستاش بە شێوەیەکی جدی کاری لەسەر نەکراوە و ژمارەیەکی زۆریش لە گوندە سنوورییەکان بەهۆی بۆردومانەکانەوە چۆڵکراون.
هاوڵاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان سکاڵای تایبەت بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم و مافی خاوەندارێتی زەوییەکانی کەرکوک دواخران. ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١-١ - ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە هەرێم دانیشتنی ئەنجام دا کە بریتی بوون لە : ١- داواکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان لە کەرکووک ٢- هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٣- سکاڵا دژی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ٤- سکاڵایەک بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت پلەبەرزکردنەوە دەستپیبکاتەوە ٥- سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی سەبارەت بە نادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر تائێستاش کە کۆبونەوەکە بەردەوامە سێ لەو کەیسانە دانیشتنەکانی دواخراون : دانیشتنی دادگەی فیدراڵی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ 18-02-2024 دانیشتنی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 04-02-2024 دواخران. دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی کێشەی خاوەندارێتیی زەوییەکانی شاری کەرکووک بۆ 21-02-2024 دواخراوە. جێگەیباسە یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، کە تاوەکو ئێستا شەش دانیشتنی لەسەر کراوە سکاڵاکانی سەر ئەم یاسایە دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان . هاوکات سەبارەت بە سکاڵای تایبەت بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم دادگای فیدڕاڵی دەڵێت سکاڵاکە بەهۆی نەناردنی داتای میلاکی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ 18-02-2024 دواخراوە. ئەوەشلەکاتێکدایە ، سکاڵای پێنەدانی موچەی فەرمانبەران لەلایەن عەدالەت رەحیم و بوخاری جەمیل و حەیدەر عوسمان دژی محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و داوا لە دادگا دەکات بڕیار دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
هاوڵاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە پێنج سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پیکردووەو بەردەوامە. بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر چەند سکاڵایەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و مافی خاوەنداریەتی زەوییە کشتووکاڵییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کۆببێتەوە، سێ لەو سکاڵایانەش کە ئاڕاستەی دادگاکە کراون تایبەتن بە موچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان. لە سکاڵایەکی دیکەشدا داوا لە دادگاکە کراوە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم بدات کە تایبەتن کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن. ئەو سکاڵایانەی دادگا کۆبونەوەی لەسەر دەکات بریتین لە : ١- داواکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان لە کەرکووک ٢- هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٣- سکاڵا دژی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ٤- سکاڵایەک بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت پلەبەرزکردنەوە دەستپیبکاتەوە ٥- سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی سەبارەت بە نادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، سکاڵاکان دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان. سکاڵایەکیشیان تایبەتە بە مامۆستایان کە لەلایەن عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەممەد عوسمانەوە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە تیایدا سکاڵاکاران داوایان لە دادگاکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023 و جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و داوادەکەن دادگا حکومەتی هەرێم و عێراق پابەند بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق. دادگای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەکیش دەکات کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانییەوە تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگاکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان تایبەتە بە جووتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کە تیایدا داوای زەوییەکانیان دەکەنەوە ئەمیش سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر و رەمزی حەمید حوسێنن؛ سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە. داوا دەکەن دادگاکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش، ژمارە 949ـی ساڵی 1997دەربکات. لە سەردەمی بەعسدا بە سەدان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیرا، بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکاتە لە خاوەنە رەسەنەکانیان سەندرا و درانە عەرەبی هاوردە یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمار کران. ئێستا خاوەن ئەو زەوییانە داوای زەوییەکانیان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 40 رۆژە مانیان گرتووە.
هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی له سنووری پارێزگاكانی سلێمانی، ههڵهبجه، ئیداره سهربهخۆكانی گهرمیان و راپهڕین دهستیان به خۆپیشاندان كردهوه و داوا دهكهن حكومهت و وهزارهتی پهروهرده له بری فشارهكانیان بۆ دهستپێكردنهوه دهوام، مافهكانیان جێبهجێ بكات. لەم بارەیەوە ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لە دۆخى مامۆستایان تێدەگەین و رێزیان لێ دەگرین و سوپاسى خۆڕاگرییان دەکەین، بەڵام چارەنوسى خوێندن لەو سنورانە گرنگە و لەو پێناوەشدا بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەو سنورانە (سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەڕین) ساڵنامەیەکیان ئامادە کردوە و خوێندن لەو ناوەندانە دەستیپێکردوەتەوە. وتیشی: لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەوروەردە تاوتوێی میکانزمێک دەکەن بۆ قەرەبوکردنەوەی کاتی لەدەستچوی قوتابیانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی و چۆنییەتی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان، جەختیکردەوە کە "ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێغی تێدا ناکەن". هاوکات بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لیژنەیەکی ئینزیباتی پەروەردەى سلێمانى سەردانی خوێندنگاکانی کردووە، و داوای لیستی ئەو مامۆستایانەیان کردووە کە دەوام ناکەن و غیابن. هەروەک لەبارەى سزادانى ئەو مامۆستایانەى ئامادەى دەوام کردن نین، وەزیرى پەروەردە ئامادە نەبو وەڵامێکى رون بداتەوە و رایگەیاند؛ تەواوى بابەتەکانى بۆ رۆژنامەنوسان شیکردوەتەوە و لەبارەى دەستگیرکردنى ژمارەیەک مامۆستایشەوە وەزیرى پەروەردە وتى: پەیوەندیم بە ئاسایشەوە کرد، ئەوان ئەو مامۆستایانەیان بانگهێشت کردبو و دەستگیریان نەکردبون. شەوی ڕابردوش چەند سەرچاوەیەک لە پەروەردە بە میدیاکانیان ڕاگەیاند لەم ڕۆوە مامۆستایان غیاب دەدرێن گەر لە بایکۆت بەردەوام بن؛ مامۆستایانی وانەبێژ تا ٢٣ ی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن و مامۆستایانی میلاکیش گەر لە بەیانییەوە تا ٩ی مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن. بڕیاریشە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت پلەکەی لێوەبگیرێتەوە." و هەر ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ بەشێکی زۆری سەرپەرشتیاری قوتابخانەکان کۆدەبێتەوە. لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، 39 هەزار و 13 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە 29 هەزار و 466 مامۆستای میلاک، نۆ هەزار و 546 فەرمانبەر و 600 وانەبێژن. 386 هەزار و 422 قوتابیش لە قوتابخانە حکومییەکان وانە دەخوێنن. لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، 101 قوتابخانەی تایبەت هەن کە سێ هەزار و 470 مامۆستا تێیاندا وانە دەڵێنەوە و 29 هەزار و 555 قوتابیش تێیاندا وانە دەخوێنن. داواكاری مامۆستایان رێكخستنهوهی مووچهكانیان و دهستپێكردنهوهی پله بهرزكردنهوه و دامهزراندنی مامۆستایانی وانهبێژ و دیاریكردنی چارهنووسی مووچه پاشهكهوتكراوهكانیانه.
هاوڵاتی نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شایستەی دارایی مانگی 10ی ساڵی 2023ـی مامۆستایانی وانەبێژ لە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە کوردستان دابەشدەکرێت. عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی وت :شایستە داراییەکانی مانگی10ی وانەبێژان لەماوەی پێنج رۆژ دا دابەش دەکرێن بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکشەممە ٢١ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی شێخان ،دووشەممە ٢٢ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی سێمێل و بنەسڵاوە،سێشەممە ٢٣ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی شەنگال و دەوروبەر" عەلی رەئووف ووتیشی: هەروەها لە رۆژی چوارشەممە ٢٤ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی بەردەڕەش و ئامێدی،کۆتا رۆژیش پێنجشەممە ٢٥ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی ئاکرێ و زاخۆ ، شەقڵاوە ، خەبات ، کۆیە ، ناوەند. کەرکوک بەشی کوردی دابەش دەکرێت" بە پێی ڕێنوێنییەکانی وەزارەتی دارای مامۆستایانی وانەبێژ کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالریۆسن شایستە داراییەکانیان لە نێوان 250 بۆ 400 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمیش لەنێوان 250 بۆ 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 37 هەزار مامۆستا دەبێت، شایستە داراییەکانی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینار دەبێت.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەمە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ی ئەمریکی لە زاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە دوای چوار مانگ بوردومانی بەردەوامی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە ، پێدەچێت کە لە ٪20بۆ٪30 چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرابن . هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هەرچەندە بزوتنەوەکە چەند مانگێکە لە لایەن سوپای ئیسرائیلییەوە گەمارۆ دراوە ، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی حەماس جبەخانەیەکی فراوانی لەبەردەستا ماوە و دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ئامانجەکانی لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت. لەلایەکی ترەوە بەرپرسە ئیسرائیلییەکان لەلایەن خۆیانەوە ئەوەیان ئاسکرا کردووە ، کە بزووتنەوەی حەماس هەوڵی سەرکەوتن لە جەنگەکەدا نادات بەڵکو هەوڵی ئەوە ئەدات کە بە کەمترین زیان لە جەنگەکە بێتە دەرەوە . لەلایەن خۆیشیەوە وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ڕایگەیاند ، کە تا ئێستا 24،927 هەزار فەڵەستینی لە ئاکامی بوردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە کووژراون و لە تازەترین ئاماریشدا سوپای ئیسرائیلی ئەوەی ئاشکرا کە تا ئێستا لە جەنگی غەزە 195 سەربازی کووژراوە.
هاوڵاتی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە بکەوێتە ناو ململانێکەوە. جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت و عێراقیش بەدەر نییە لەو ململانێیانە، ئەوەش ھەڕەشەی سەرھەڵدانی رووبەرووبوونەوەیەکی گەورەتر دەکەن. پلاسخارت دەشڵێت، سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە رابکێشرێتە ناو ئەو ململانێیەوە. دووپاتیشیکردەوە، ئەو ھێرشە بەردەوامانەی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، دەبێتە ھۆی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی دوای ھەوڵێکی زۆر لە عێراقدا بەدەست ھاتووە. راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە پێشینەی کارەکانیانە و بانگەوازی خۆیان بۆ ھەموو لایەنەکان دووپاتدەکەنەوە کە زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن. هۆشدارییەکەی یونامی لەکاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 100 رۆژی تێپەڕاندووەو تا دێت گرژییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەبن، حوسییەکانی یەمەن هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە سنوورە ئاوییەکان و ئێران هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و پاکستان وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. هاوکات بەیانی ئەمڕۆش شەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق، بەگوێرەی زانیارییەکان لانی کەم 10 کەس کوژراون، لەنێویاندا دوو فەرماندەی سوپای پاسداران هەبوون.
