هاوڵاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە پێنج سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پیکردووەو بەردەوامە. بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە  دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر چەند سکاڵایەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و مافی خاوەنداریەتی زەوییە کشتووکاڵییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کۆببێتەوە، سێ لەو سکاڵایانەش کە ئاڕاستەی دادگاکە کراون تایبەتن بە موچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان.   لە سکاڵایەکی دیکەشدا داوا لە دادگاکە کراوە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم بدات کە تایبەتن کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن. ئەو سکاڵایانەی دادگا کۆبونەوەی لەسەر دەکات بریتین لە : ١-  داواکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان لە کەرکووک ٢- هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  ٣- سکاڵا دژی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ٤- سکاڵایەک بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت پلەبەرزکردنەوە دەستپیبکاتەوە ٥- سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی سەبارەت بە نادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر  یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، سکاڵاکان دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان. سکاڵایەکیشیان تایبەتە بە مامۆستایان کە لەلایەن عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەممەد عوسمانەوە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە تیایدا  سکاڵاکاران داوایان لە دادگاکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023 و جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و داوادەکەن دادگا  حکومەتی هەرێم و عێراق  پابەند بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق. دادگای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەکیش  دەکات کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانییەوە تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگاکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت   یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان تایبەتە بە جووتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کە تیایدا داوای زەوییەکانیان دەکەنەوە ئەمیش سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر و رەمزی حەمید حوسێنن؛ سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە. داوا دەکەن دادگاکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش، ژمارە 949ـی ساڵی 1997دەربکات. لە سەردەمی بەعسدا بە سەدان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیرا، بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکاتە لە خاوەنە رەسەنەکانیان سەندرا و درانە عەرەبی هاوردە یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمار کران. ئێستا خاوەن ئەو زەوییانە داوای زەوییەکانیان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 40 رۆژە مانیان گرتووە.  

هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی له‌ سنووری پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرده‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ بری فشاره‌كانیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ ده‌وام، مافه‌كانیان جێبه‌جێ بكات. لەم بارەیەوە ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لە دۆخى مامۆستایان تێدەگەین و رێزیان لێ دەگرین و سوپاسى خۆڕاگرییان دەکەین، بەڵام چارەنوسى خوێندن لەو سنورانە گرنگە و لەو پێناوەشدا بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەو سنورانە (سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەڕین) ساڵنامەیەکیان ئامادە کردوە و خوێندن لەو ناوەندانە دەستیپێکردوەتەوە. وتیشی: لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەوروەردە تاوتوێی میکانزمێک دەکەن بۆ قەرەبوکردنەوەی کاتی لەدەستچوی قوتابیانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی و چۆنییەتی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان، جەختیکردەوە کە "ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێغی تێدا ناکەن". هاوکات بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لیژنەیەکی ئینزیباتی پەروەردەى سلێمانى سەردانی خوێندنگاکانی کردووە، و داوای لیستی ئەو مامۆستایانەیان کردووە کە دەوام ناکەن و غیابن. هەروەک لەبارەى سزادانى ئەو مامۆستایانەى ئامادەى دەوام کردن نین، وەزیرى پەروەردە ئامادە نەبو وەڵامێکى رون بداتەوە و رایگەیاند؛ تەواوى بابەتەکانى بۆ رۆژنامەنوسان شیکردوەتەوە و لەبارەى دەستگیرکردنى ژمارەیەک مامۆستایشەوە وەزیرى پەروەردە وتى: پەیوەندیم بە ئاسایشەوە کرد، ئەوان ئەو مامۆستایانەیان بانگهێشت کردبو و دەستگیریان نەکردبون. شەوی ڕابردوش چەند سەرچاوەیەک لە پەروەردە بە میدیاکانیان ڕاگەیاند لەم ڕۆوە مامۆستایان غیاب دەدرێن گەر لە بایکۆت بەردەوام بن؛ مامۆستایانی وانەبێژ تا ٢٣ ی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن و مامۆستایانی میلاکیش گەر لە بەیانییەوە تا ٩ی مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن. بڕیاریشە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت پلەکەی لێوەبگیرێتەوە." و هەر ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ بەشێکی زۆری سەرپەرشتیاری قوتابخانەکان کۆدەبێتەوە. لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، 39 هەزار و 13 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە 29 هەزار و 466 مامۆستای میلاک، نۆ هەزار و 546 فەرمانبەر و 600 وانەبێژن. 386 هەزار و 422 قوتابیش لە قوتابخانە حکومییەکان وانە دەخوێنن. لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، 101 قوتابخانەی تایبەت هەن کە سێ هەزار و 470 مامۆستا تێیاندا وانە دەڵێنەوە و 29 هەزار و 555 قوتابیش تێیاندا وانە دەخوێنن. داواكاری مامۆستایان رێكخستنه‌وه‌ی مووچه‌كانیان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ و دیاریكردنی چاره‌نووسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیانه‌.

هاوڵاتی نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شایستەی دارایی مانگی 10ی ساڵی 2023ـی مامۆستایانی وانەبێژ لە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە کوردستان دابەشدەکرێت. عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی وت :شایستە داراییەکانی مانگی10ی وانەبێژان لەماوەی پێنج رۆژ دا دابەش دەکرێن بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکشەممە ٢١ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی شێخان ،دووشەممە ٢٢ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی سێمێل و بنەسڵاوە،سێشەممە ٢٣ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی شەنگال و دەوروبەر" عەلی رەئووف ووتیشی: هەروەها لە رۆژی چوارشەممە ٢٤ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی بەردەڕەش و ئامێدی،کۆتا رۆژیش پێنجشەممە ٢٥ی ١ی ٢٠٢٤ پەروەردەی ئاکرێ و زاخۆ ، شەقڵاوە ، خەبات ، کۆیە ، ناوەند. کەرکوک بەشی کوردی دابەش دەکرێت" بە پێی ڕێنوێنییەکانی وەزارەتی دارای مامۆستایانی وانەبێژ کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالریۆسن شایستە داراییەکانیان لە نێوان  250 بۆ 400 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمیش لەنێوان 250 بۆ 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 37 هەزار مامۆستا دەبێت، شایستە داراییەکانی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینار دەبێت.

هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەمە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ی ئەمریکی لە زاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە دوای چوار مانگ بوردومانی بەردەوامی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە ، پێدەچێت کە لە ٪20بۆ٪30 چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرابن . هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هەرچەندە بزوتنەوەکە چەند مانگێکە لە لایەن سوپای ئیسرائیلییەوە گەمارۆ دراوە ، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی حەماس جبەخانەیەکی فراوانی لەبەردەستا ماوە و دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ئامانجەکانی لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت. لەلایەکی ترەوە بەرپرسە ئیسرائیلییەکان لەلایەن خۆیانەوە ئەوەیان ئاسکرا کردووە ، کە بزووتنەوەی حەماس هەوڵی سەرکەوتن لە جەنگەکەدا نادات بەڵکو هەوڵی ئەوە ئەدات کە بە کەمترین زیان لە جەنگەکە بێتە دەرەوە . لەلایەن خۆیشیەوە وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ڕایگەیاند ، کە تا ئێستا 24،927 هەزار فەڵەستینی لە ئاکامی بوردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە کووژراون و لە تازەترین ئاماریشدا سوپای ئیسرائیلی ئەوەی ئاشکرا کە تا ئێستا لە جەنگی غەزە 195 سەربازی کووژراوە.    

هاوڵاتی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە بکەوێتە ناو ململانێکەوە. جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت و عێراقیش بەدەر نییە لەو ململانێیانە، ئەوەش ھەڕەشەی سەرھەڵدانی رووبەرووبوونەوەیەکی گەورەتر دەکەن. پلاسخارت دەشڵێت، سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە رابکێشرێتە ناو ئەو ململانێیەوە. دووپاتیشیکردەوە، ئەو ھێرشە بەردەوامانەی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، دەبێتە ھۆی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی دوای ھەوڵێکی زۆر لە عێراقدا بەدەست ھاتووە. راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە پێشینەی کارەکانیانە و بانگەوازی خۆیان بۆ ھەموو لایەنەکان دووپاتدەکەنەوە کە زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن. هۆشدارییەکەی یونامی لەکاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 100 رۆژی تێپەڕاندووەو تا دێت گرژییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەبن، حوسییەکانی یەمەن هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە سنوورە ئاوییەکان و ئێران هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و پاکستان وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. هاوکات  بەیانی ئەمڕۆش شەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق، بەگوێرەی زانیارییەکان لانی کەم 10 کەس کوژراون، لەنێویاندا دوو فەرماندەی سوپای پاسداران هەبوون.  

هاوڵاتی لە گرتەڤیدیۆییەکەدا دکتۆر هانا هاوسەری  پێشڕەو دزەیی باس لە شەوی رووداوی هێرشە مووشەکییەکە دەکات و رایدەگەیەنێت، منداڵەکانی لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵ دایەنەکەیان لە ژووری خۆیان بوونە پێشڕەویش لەگەڵ هاوڕێیەکی بووە بەناوی کەڕەم. ئەو دکتۆرەیە هاوسەری پێشڕەو دزەیی، ئەو سەرمایەدارەی هەولێرە کە 15ـی ئەم مانگە ماڵەکەی بە مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشی کرایە سەر، ئەو قسانەشی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەیکات بۆ ئەو لیژنە ئەمنییەیە کە لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهاتووە. ئەو گرتەڤیدییە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوبووتەوە، هانا جووتیار، هاوسەری شەهید پێشڕەو دزەیی وردەکاریی شەوی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ماڵەکان دەگێڕێتەوەو دەڵێت، کچ و کوڕەکەم لە ژووری خۆیان بوون،  پێشڕەو و میوانەکەی لە نهۆمی خوارەوە دانیشتبوون و هەر ئەوەندەمان زانی بە مووشەک هێرشمانکرایە سەر. دکتۆرە هانا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت " دوای ئەوەی لە نان خواردن تەواو بوین بە کارگوزارەکانی ماڵەکەم وت کە ئەوان بڕۆنە خوارەوە نان بخۆن تەنها یەک دانەیان لە سەرەوە لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە پاشان لە پڕێکدا هەستم بە داڕوخانی بنمیچی خانووەکە دەکرد و گوێم لە دەنگێک بوو دەیگوت دکتۆرە قاچت نزم بکەوە با یارمەتیت بدەین دواتر من خۆم لە نێو ئەمبوڵانسێکدا بینیەوە". ئاماژە بەوەش دەکات ،ئه‌وان له‌ ماڵه‌كه‌یاندا كه‌ ماڵی هه‌میشه‌ییانه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ پشووی ئاسایی رۆژانه‌ی خۆیاندا بوون و كه‌ره‌م میخائیل میوانی  پێشڕه‌و دزەی بووەو و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ نهۆمی خواره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا دانیشتبوون كاتێك هێرشه‌كه‌یان كراوه‌ته‌ سه‌ر.   د. هانا لەو هێرشەدا کە 15ـی ئەم مانگە کرایە سەر ماڵەکەیان لە مەلا ئۆمەری هەولێر، پێشڕەو دزەیی هاوژینی و ژینای کچی لەدەستدا، هەروەها کوڕە تەمەن حەوت ساڵانەکەی بەناوی رەوان، بریندارە.    

هاوڵاتی پۆلیسی چالاکەمەدەنییەکانى سلێمانى ڕێگەینەدا مامۆستایانى ناڕازى کۆنگرەى رۆژنامەنوسی ئەنجامبدەن لەسەر دەستگیرکردنى مامۆستایان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییە. بریاربوو کاتژمێر ٨ی ئەمشەو مامۆستایانی ناڕازی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بکەن لەبارەی ھەلوێستییان بەرامبەر دەستگیرکردنی بەشێک لە ھاوڕێکانیان کە ئەمرۆ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر ڕاگیران، بەڵام ھێزە ئەمنیەکان ڕێگەیان نەدا کۆنگرەکە بکرێت و ھێزێکی زۆر لە شوێنی دیاریکراوی کۆنگرەکە کۆکراوەتەوە. سەڕەڕای ڕێگرییەکان مامۆستایان لە ڕەوشێکی ئەمنی تونددا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام داو ڕایانگەیاند،" سبەینێ کاتژمێر ١٠ ی بەیانی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا بە دروشمی بەردەوامی و کۆڵنەدان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین ". ڕاشیانگەیاند، " داوا لە فەرمانبەران و کاسبکاران و بەخێوکەری خوێندکاران دەکەین بەشداربن وهەموان پێکەوە دژی زوڵم و ستەم لەسەر شەقام  دەوەستینەوە ". سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆنگرەکەیان لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا مامۆستایان ڕایانگەیاند لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە ڕێگرییان لێکراوەو دەشڵێت،" نوێنەرانی مامۆستایان لە ئوتومبێلی جیاجیادا ڕۆشتون و بە دوای ئوتومبێلەکانیانەوە بوون". جێگەیباسە چەند سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانییەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە ، لە سبەینێوە مامۆستایان غیاب دەدرێن گەر لە بایکۆت بەردەوام بن؛ مامۆستایانی وانەبێژ تا ٢٣ ی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن و مامۆستایانی میلاکیش گەر لە بەیانییەوە تا ٩ی مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن. بڕیاریشە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت پلەکەی لێوەبگیرێتەوە."  رۆژی 8ـی ئەم مانگە پەروەردەی گشتیی سلێمانی ساڵنامەی نوێ خوێندنی راگەیاند و بەگوێرەی ساڵنامەکە، بڕیار بوو رۆژی 9ـی ئەم مانگە دەوام لە سنوورەی پارێزگای دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 دەبێت تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەبچێت.  ئەم رێکارە تووندانەی پەروەردەی گشتیی سلێمانی لە کاتێکدایە،  بەیانی ئەمڕۆ نوێنەرانی مامۆستایان لە شاری سلێمانی و پارێزگاو قەزاو ناحییەکان بانگێشتی ئاسایشی سلێمانی کران و مامۆستایانی سلێمانی بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر لە ئاسایش دەستبەسەربون.  

هاوڵاتی دوای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی كە شەوی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانەوە بڵاوكرایەوەو  تیایدا رایانگەیاند "وەك مامۆستایانی ناڕازی سنوری بایكۆت بەردەوام دەبن لەبایكۆت کردن." نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای بانگێشتکردنیان بۆ ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرکران. لەم بارەیەوە ئاوات ئازاد یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵآتی وت، " نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە لایەن ئاسایشەوە پەیوەندیمان پێکرا داوایان لێکردین سەردانی بنکەی ئاسایشی سلێمانی بکەین بەو پێیەی ئێمە لە ڕێگەی بەغدا بوین و هەشت نەفەر بوین نەڕۆشتین بەڵآم پەیوەندی بە هاوکارانمانەوە کراوەو دوای سەردانکردنیان دەستبەسەرکراون". وتیشی،"  ئاسایشی سلێمانی تەنها لە سنوری سلێمانی بانگی مامۆستایانی نەکردووە و لە سەرجەم قەزاو ناحیەکان و شارەکانی دیکەی هەرێمیش نوێنەری مامۆستایان بانگی ئاسایش کراون و دوای دووکاتژمێر مانەوەیان ئازادکراون". بەرپرسێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانیش بە هاوڵاتی راگەیاند، هیچ مامۆستایەک دەستگیرنەکراوە، تەنیا ژمارەیەک مامۆستا بانگهێشتکراون و بە بڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە راگیراون. و دواتر ئازادکراون . سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی سلێمانی بە هاوڵآتی وت، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 12 کەسە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئاسایش راگیراون." سەبارەت بە هۆکاری بانگکردنی ئەو مامۆستایانە بۆ ئاسایشی سلێمانی وتی، "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندان بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە ". ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ڕونکردەوە کە لە ئێستادا سەرجەم ئەو مامۆستایانە گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان و لە ئاسایش نەماون. ئەمەش لە کاتێکدایە، ، بڕیارە سبەی لە 13 پەروەردەی سنووری سلێمانی خۆپێشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان بەڕێوەبچێت و لە بارەی خۆپیشاندانەکەشەوە ئاسایشی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، " بەڵێ لەناو گفتوگۆکانماندا باس لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێش کراوە". هاوکات بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر هەشت مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامی خۆیان سەبارەت بە بایکۆت و پێشهاتەکانی ئەمڕۆ بگەیەنن ،چاوتان لەسەر هاوڵاتی بێت  

هاوڵاتی  دوای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی كە شەوی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانەوە بڵاوكرایەوەو  تیایدا رایانگەیاند "وەك مامۆستایانی ناڕازی سنوری بایكۆت بەردەوام دەبن لەبایكۆت و دەشڵێن فشارەكانتان رابگرن، چونكە بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان و پاشەكشە ناكەین و رۆژی یەكشەمە هەموان لەسەر شەقام دەبین" ئەمڕۆ دەستگیركران.    بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتون، "ژمارەیەك مامۆستای ناڕازی و وانەبێژ لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەناوی چاوپێكەوتنەوە بانگهێشتی ئاسایشی سلێمانی كراون و تائێستا دەستبەسەرن". هاوكات عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمڕۆ ژمارەیەكی دیار لەمامۆستایان و وانەبێژانی هەڵسوڕاوی خۆپیشاندانەكان دەستگیر كراون". ئەوەشی خستوەتەڕوو "زیاتر لە 100 ڕۆژە مامۆستایان بەشێوازێكی مەدەنی و شارستانیانە داوای مافی یاسایی خۆیان دەكەن لەمووچەو پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی وانەبێژان، حكومەتی هەرێم یەك هەنگاوی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان". "حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لەبری جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، پەنای بردوەتە بەر دەستگیركردن و هەڕەشەكردن، مامۆستا شایانی ڕێزلێگرتنە نەك بێ ڕێزی پێكردن". عەتا ئەحمەد وا دەڵێت.

هاوڵاتی  ژووری بازرگانی دهۆك رایگەیاند لێكۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بەرهەمی ئێرانی دەكەن بۆ بازرگانەكانیان تا بە بەرهەمی وڵاتانی دیكە پێداویستییەكانی خەڵكی پارێزگای دهۆك پڕبكەینەوە. ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك ئەمڕۆ 20ی كانونی دووەمی 2020، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی كاڵای ئێرانی لە بازاڕەكانی دهۆكدا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك بەووردی لێكۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەكەین، تاوەكو بە بەرهەمە خۆماڵییەكان و بەرهەمی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە پێداویستییەكانی خەڵكی پارێزگای دهۆك و كوردستان پڕبكرێنەوە". ئەوەشی خستوەتەڕوو "یەكێك لە پلان و كارەكانی ئێمە ئەوەیە، بەرهەمە خۆماڵییەكان بەگوێرەی ستانداردی جیهانی ببەینە ئاستی بەرهەمی وڵاتان، تا لەساڵانی داهاتوودا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان ببەستین لە جیاتی بەرهەمەكانی دەرەوە". شەوی رابردوو ژووری بارزگانی و پیشەسازی هەولێر لە راگەیەنراوێكیدا بڕیاریدا بەهۆی هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر بایكۆتی كاڵای ئێرانی بكەن ئەوەشی راگەیاندبوو "داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەكەین، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت بازاڕێكی گرنگی ساغكرنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردەی كوردستان و عێراق دەكرێت، بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران بكەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن"    

رێكخەری گشتی گۆڕان رایگەیاند بەشێكی شكستی جێبەجێنەكردنی ئەو كارنامەیەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەم كابینەیەدا كردویەتی رووی تیمە حكومییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، كە نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكە،  بەشێكیش لەگۆڕانەكانیش بزوتنەوەكەیان بەجێهێشت كە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لەگۆڕان چنییەوە، دەشڵێت لەدوای روخانی بەعسەوە هیچ كاتێك بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتارێكیدا لەدووەمین كۆنفرانسی بزوتنەوەكەیان رایگەیاند "هیوادارین كۆنفرانس سەكۆی كاری پێكەوەیی و بەخۆداچونەوە بێت لەشێوازی كاركردندا، داوای لێبوردنیشتان لێدەكەین كۆنفرانسی دووەم لەبەر زۆر هۆكاری ناوخۆی و بابەتی لەكاتی خۆیدا نەبەسترا، بەڵام بۆ كاری هەستانەوەی گۆرَِان هیچ كات درەنگ نیە، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە بەئیرادەكی پتەوەوە هەنگاو بۆ رۆژگارێكی باشتری بزوتنەوەی گۆڕان بنێین"، " مەرگی نەوشیروان مستەفا بۆشاییەكی جەرگبڕ بوو، بزوتنەكەمانی روبەڕووی كۆمەڵێك تەنگەژەو ئاڵنگاری كردەوە كە تائێستاش ئاسەوارو كاریگەرییەكانی ماون". عومەر سەید عەلی وای وت. رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند" مامەڵەی یەكێتی و پارتی لەبەغداد بۆ خۆیان یان هەریەكەیان بەتەنها وایانكردوە رۆڵی لایەنەكانی تر پشتگوێ بخەن و لەهەوڵی پلەو پۆستدابن بۆ خۆیانن". وتیشی "ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان لەژێر بارێكی دارایی قورسدا دەژین و مووچەو بودجە بەسیاسی كراوەو ئەوەش بەهۆی سیاسیەتی هەڵەی بەناو ئابوری سەربەخۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم، هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن". عومەر سەید عەلی ئاشكراشیكرد "لەبەردەم لێكەوتەوەو مەترسی نوێداین، بەهۆی ناتەبایی و پەرتەوازەی هەرێمەوە دەشێت پریشكی شەڕ هەرێم بگرێتەوە كە هیچ گەرەنتیەك بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەئارادا نیە". ئەوەشی خستەڕوو "لەدوای روخانی بەعسەوە هیچ كاتێك بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووەو مەترسی وڵاتانی هەرێمی لەسەر حكومەتی هەرێم زیاتر بووە، بەتایبەت دابەشبوونی دوو حزبەكەی هەرێم بەسەر وڵاتانی هەرێمی". ئەوەشی وت " گەندەڵی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و بنەماڵەی هۆكاری سەرەكی لاوازبوونی پێگەی هەرێم، بێباكی پارتی و یەكێتیش بەرامبەر داخوازی خەڵك مەترسیەكی جدییە لەسەر هەرێم بەئاڕاستەی روكردنە  بەغداو پشتكردنە دەسەڵاتی خۆماڵی". لەبەشێكی تری وتارەكەیدا رێكخەری گشتی گۆڕان رەخنەی توندی لەئەدای تیمی حكومی بزوتنەوەكەی گرت و وتی "بەشێكی شكستی جێبەجێنەكردنی كارنامەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم رووی تیمە حكومییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، كە نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكەی گۆڕان لەحكومەت، بەئاڕاستەی وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی هاووڵاتیان". ئەوەشی وت"بەشێك لەگۆڕانەكان بەهۆكای شەخسی و بەرژوەندی تایبەت پابەند نەبوون بە بەڵێنی سیاسی و یاسای و ئەخلاقیەكان و بزوتنەوەكەیان بەجێهێشت كە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لەگۆڕان چنییەوە".  

هاوڵاتی  گوڵاڵە وەتەندوست، پارێزەرو چالاكی بواری ژنان و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خەڵكی مەریوان و دانیشتوی سنە، سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بە پێی هەواڵێك كە ناوەندی هەواڵی كوردپا بڵاویكردۆتەوە "لقی یەكی دادگای ئینقلابی سنە بەسەرۆكایەتیی دادوەر كەرەمی، بەتۆمەتەكانی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی دروستكردنی گروپ و بەڕێوەبردنی دەستە و گروپ، كۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و خراپ نیشاندانی دۆخ، سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندكرانی هەڵپەسێردراوی بەسەر ئەم چالاكە كوردەدا سەپاندووە". كۆتاییەكانی مانگی 6ی ساڵی 2023، كۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بەتۆمەتەكانی ئەم پارێزەرە لە لقی ناوبراودا بەڕێوەچوو، دۆسییەی گوڵاڵە وەتەندوست پاش ناڕەزایەتی دەربڕین ڕادەستی دادگای پێداچوونەوە كراوە. گوڵاڵە وەتەندوست، لەڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی 3ی 10ی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانەوە لە سنە دەستبەسەر كرا، دواتر  بە دانانی بارمتەی یەك ملیار تمەن لە بەندیخانەی سنە ئازاد كرا. هەروەها رۆژی22ی 2ی 2021، گوڵاڵە وەتەندوست بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەتی پێوەندیدار بەداكۆكی لە مافی ژنان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مەریوان  كراو لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرا.\

شوان عەباس بەدری  لەبەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 2024/1/15 ، سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەتۆڵەی کووشتنی فەرماندە باڵاکانی سووپای پاسداران و بەرەی بەرگری لەسووریا و لوبنان و بەمەبەستی داکووتینی بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەناوچەکە، چەند هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش بۆ سەر هەولێر  ئەنجامداوە. هەرچەندە ئەم جۆرە هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تازە نین و لەماوەکانی رابردووشدا سوپای پاسداران بەبیانووی داکووتینی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و بنکە سیخورییەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی هاوشێوەی ئەنجامداوە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە هێرشەکە لەگەرمەی کەف و کوڵ و کۆڵانی ناوچەکەو ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیلیدا، جیاوازترو پەیامەکەی بۆ لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم و هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا تووندترو روونتر بێت، بەتایبەتیش کەئێران ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی ئەو ئەرکە بەباڵە چەکدارییەکانی خۆی لەناو عیراق بسپێرێت، راستەوخۆ خۆی ئەم ئەرکەی گرتەئەستۆو هێرشەکانی ئەنجامدا. هەتا ئێستاش دیار نییە کەئێرانییەکان وەک هێرشە مووشەکییەکەی  8ی کانوونی دووەمی 2020ی  سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار کە لەتۆڵەی کووشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سووپای قودس  لەژیر ناوی "چالاکی شەهید سولەیمانی"، پێشتر ئەمریکییەکانی ئاگادارکردووەتەوە یان خود نا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە رەنگە دوای ئەم هێرشانەی ئێران، جەنگی بەوەکالەتی وڵاتە ئیقلیمییەکان و ئێران لەلایەک و ئەمریکاو ئێران لەلایەکی ترەوە لەڕێی باڵەکانیان لەناو عیراق بەگشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی و سوریاو لوبنان و یەمەن تووندترو چڕتربێتەوە . ئاشکراشە گەر ئەو گریمانەیەی پێکدادنی باڵانە رووبدات، ئەوا کوردو قەوارەی هەرێم  یەکەم زەرەرمەندی ئەو جەنگە بەوەکالەتەی نێوان زلهێزە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە و جیهان دەبێت، بە تایبەتیش کەکورد ئەزموونێکی ناخۆشی لەگەڵ ئەم جۆرە ململانێ بەوەکالەتەی هەیە. هەرچەندە دوابەدوای هێرشەکانی سەر هەولێر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئەمریکاو بەریتانیاو چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکانیان کردو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی کردو تۆمەتەکانی ئێرانی رەتکردەوەو هێرشەکانی بەکاریکی دوژمنکارانە وەسفکرد، بەڵام ئاخۆ ئەم ئیدانە و رەتکردنەوانەی تۆمەتانە تاچەند لەرزە بەگیانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستە باڵاکانی ئێراندا دەهێنێت، بەتایبەتیش ئیران کە لەڕێی گروپ و میلیشیا شیعەکانی پەیوەست بەخۆیەوە، لەڕێی درۆنی بۆمبرێژکراوو موشەکەوە ماوە ماوە هیرش دەکاتەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەک چۆن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەدوای هێرشەکان رایگەیاند، لەساڵی 2020 وە هەولێر لەلایەن سووپای پاسدارانەوە بەبیانووی جیا جیا، کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەک و درۆنەوەو دان بەخۆداگرتنمان سنووری هەیە.  بەڵام لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کەئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ، چۆن و بەچ شێوەیەک وەڵامی ئەو دەستدرێژیانە دەداتەوە کەدەکرێتە سەر شارەکانی ژێر دەسەڵاتییەوەو توانای بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و هێرشی هەیە بۆ ناوخۆی ئێران و بنکەو بارەگاکانی سوپای پاسداران و باڵە چەکدارەکانی لەناوخۆی عێراق؟ خۆ گەربێتو بەنیازبێت کارتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی ئێرانی ناو هەرێمی کوردستان لە دژی ئیران بەکاربهێنێت، ئەوە بۆ هەموان روون و ئاشکرایە کەوەڵامی ئێران چۆن و بەچ شێوەیەک دەبێت، هەرچەندە بەبڕوای زۆربەی چاودێرەکان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، نە توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارەیان هەیەو نە هێزو چەکێکی ئەوتۆیان هەیە کەبتوانن بەپێی پێویست بەرگری لەخۆیان بکەن.  هەرچی ئەمریکاشە هەرگیز بەرژەوەندییە باڵاکانی نە لەبەر کوردو نە لەبەر هیچ لایەن  و دەوڵەتێکی دیکە ناخاتە مەترسییەوە.  لەلایەکی دیکەوە دوای هێرشەکان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ڵێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکان دەرکرد، بەڵام روون و ئاشکرایە کەئەم فەرمان و بڕیاڕە تەنها بۆ سڕینەوەی عارەقی شەرمەزاری حکومەتی ناوەندە لەبەرامبەر بەزاندنی بەردەمی ئاسمان و خاکی عێراق و هیج شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نابێتەوەو تەنها بۆ ئیستهلاکێکی ناوخۆییەو هیچی تر. هەرچەندە مێژووی پەیوەندییەکانی  کورد لەکوردستانی عیراق و ئێرانییەکان چ لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی و چ لەسەردەمی دوای رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و هاتنەکایەی کۆماری ئیسلامی ئێران، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیەو مێژووی ئەم پەیوەندیانەش بەپێی پێویستییە سیاسییەکانی سەردەم هەورازو نشیوی بەخۆوە بینیوە ، بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە سەرەڕای نشێوییەکانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەو پەیوەندییانە تا رادەیەکی باش پاریزراون و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی نەیانهێشتووە داری ئەو پەیوەندیانە لەڕەگەوە وشک ببێتەوە. لەڕاڤەی پەیوەندییە سیاسییەکانیشدا قسەیەکی کلاسیکی باو هەیە کەدەڵێت: لەسیاسەتدا کەس تاسەر دۆست و دوژمن نییە. ئەم قسەیەش لەئێستادا پراوپڕ پڕ بەبەری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیرانە.  بەتایبەتیش وەک باسمان کرد، گەر بیتۆ چاوێک بەمێژووی ئەم دوو لایەنە ناکۆکە رووکەشە دۆستەی پشت پەردەکە بخشێنین، ئەوا دەبینین کە لایەنی ئێرانی چەندین جار لەمیژووی شۆڕشەکانی کوردی باشوور، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی  پشتی کوردەکانی بەرداوە، بەڵام بەرپرسە باڵا پلە یەکەکانی ناو شۆڕشەکەی بەپێی گرنگییان بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران چ لەو سەردەمە و چ لەئەگەری داهاتوو لەناو خاکی خۆی داڵدە داوەو زەقترین نموونەی ئەو پشتبەردان و دەستهەڵگرتنە ئاشبەتاڵی 1975 و رێکەوتنی نێوان موحەمەد رەزا شای پەهلەوی و رژێمی بەعسی پێشوو بوو و دەتوانین جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقی سەردەمی سەدام و خومەینیش بەفریادڕەسێکی باش بۆ پشتگیریی هەمەلایەنەی شۆڕشی کورد لەو سەردەمە بزانین، گەر نا رەنگە ئاخوندەکانی ئێرانیش، هاوشێوەی رژێمەکەی پەهلەوی، بەڕێکەوتنێکی ستراتیژی سنوورەکانی خۆیان بە رووی کورددا دابخستایەو بەپێی پێویست یارمەتی لۆجیستی شۆرشەکەیان نەدایە. هەرچەندە لەئێستادا ئێران زۆنی زەرد بەناوچەیەکی بەهەشت ئاسا بۆ بنکە سیخوڕی و سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا راڤە دەکات و تێبینییەکی زۆریشی لەسەر زۆنی سەوز هەیەو هاوشێوەی زۆنی زەرد، بنکەو بارەگای هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوردومان کردووە، بەڵام دەبێت راستییەک بزانین کەمانگی هەنگوینی پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی بەم هێرش و پەلامارانە کۆتایی نایەت و بابەتی پشت پەردەکان زۆر زیاترن لەو بابەتانەی کە لەمیدیاکان باس دەکرێن و تیشکیان دەخریتەسەر. لەکۆتاییدا لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزی و کێشەو جەنگ و ململانییەی ناوچەکە پرسیاریک خۆی قووت دەکاتەوە کەئاخۆ پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن خۆیان لەئەگەری ئەو جەنگە بەوەکالەتە سووتینەرە بەدووربگرن و درێژە بەمانگی هەنگوینی پەیوەندییە ئاشکراو نهێنییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بدەن، یان خود نا لەژێر گووشاری وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان کۆتایی بەو هاوسەرگیرییە کاتۆلیکییە دێنن و مانگە هەنگوینییە چەندین ساڵەکەیان پێش دڵنیابوون لەڕووخاندنی کۆماری ئێران دەکەن بەخەزانی هێرشی مووشەکی و درۆنی؟ بێگومان هێرشی دوای کۆتایی هاتنی مانگە هەنگوینییەکەش وەک هێرشەکانی پێشووتر نابێت و بەرپرسانی هەریمیش باش ئەم راستییە دەزانن.      

هاوڵاتی  كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان رایگەیاند هەرێمی كوردستان لەڕیزی ئەو وڵاتانەدایە كە بەتۆمەتی تیرۆرو دژە دەوڵەتبون دەخرێتە پاڵ رۆژنامەنوسان و دەخرێنە زیندانەوە. كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) لەڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەداوە "هەرێمی كوردستان هاوشێوەی میسر، سعودیە، مەغریب لەم ساڵانەی دواییدا تۆمەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، تیرۆرو تۆمەتی دژە دەوڵەتی لە دژی رۆژنامەنوسان فراوانتر كردوە". كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردوە "لەمەغریب و جەزائیر هیچ حاڵەتێكی نوێی زیندانی كردنی رۆژنامەنوسان تۆمار نەكراوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان چوار رۆژنامەنوس لە زیندانن كە یەك حاڵەتیان نوێیە". هەریەك لە رۆژنامەنوسان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوكری بە تۆمەتی جیاجیا لە زینداندان و ماوەی نزیكەی سێ مانگیشە سلێمان ئەحمەد لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتی رفێندراوەو بێسەروشوێنكراوە. ئەوەشی خستوەتەڕوو " لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میسر خراپترین وڵاتە بۆ زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان و هاوشێوەی توركیا، پلەی هەشتەمی لە جیهاندا گرتوە بەدەستگیركردنی 13 رۆژنامەنوس و سعودیە لە ریزبەندی نۆیەمدایە بە دەستگیركردنی 10 رۆژنامەنوس".  

هاوڵاتی  بزوتنەوەی گۆڕان دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی ساز دەكات و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش چاودێری كارەكانی دەكات. ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی بڕیار و ڕاسپاردەی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژانی شەممەو یەكشەممە بەدروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێكی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان) دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی سازدەكات. بەپێی زانیارییەكانیش نزیكەی 900 ئەندام بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش چاودێری كارەكانی دەكات، لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسەكەشدا راپۆرتی لیژنەكان دەخرێتەڕوو، لە دووەم رۆژیشدا راپۆرتەكان دەخرێنە دەنگدانەوە.  چۆمان محەمەدیش کە بە وتەبێژی دوەمین کۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە سەبارەت بە کۆنگرەکە ڕایگەیاند، کۆنفڕانسەکە لەژێر ناونیشانی گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەکان بەڕێوەدەچێت و لە پێنج ڕاپۆرتدا بە وردی پێداچونەوە بۆ هەیکەلییەت و دۆخی بزوتنەوەکە دەکرێت. وتیشی، دەیانەوێت بۆ شێوازی سیاسەتکردن بچنە قۆناغێکی نوێوە و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و ڕابردوی نوێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن.  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا به‌دۆخێكی نائاساییدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا كه‌ له‌ 10ی مانگی 10ی ساڵی 2021دا به‌ڕێوه‌چوو، نه‌یتوانی هیچ كورسیه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ هه‌ڵبژاردنی 18ی 12ی 2023ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش به‌شداری نه‌كرد. له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ ساڵی 2010  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك سێیه‌م گه‌وره‌ترین هێزی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت، له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا 487 هه‌زار و 181 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و هه‌شت كورسی مسۆگه‌ر كرد.