هاوڵاتی زیاتر لە 100 ڕۆژە هۆڵەكانی خوێندن لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەداخراوی ماونەتەوە، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت ئاسۆیەكی ڕوون بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافی مامۆستایان، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت داوای مووچەكانیان لەژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ كردووەتەوە. دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند: "بەنوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی كوردستان ڕۆژی ٢٤ی مانگ ئامادەبووین لە دووەم دانیشتنی دادگایكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەوەی كە ئەم حكومەتە بەشێوەیەكی نایاسایی پلە بەرزكردنەوە كە مافی هەموو فەرمانبەرێكی میریە وەستاندووە، هاوكاتی ئەوەش بەبێ بوونی هیچ بنەمایەكی یاسای مووچەی مووچەخۆران نادات ". دڵشاد میرانی وتیشی :" لە دانیشتنەكەدا كە حكومەتی هەرێم بە دوو پارێزەر بەشداربوو، بۆمان ڕونبوویەوە كەوا ئاسۆیەكی ڕوون بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافە خوراوەكانمان ، چۆن لە شەقام بەڵێنمان پێدان مافەكانتان وەردەگرینەوە، دڵنیاتان دەكەینەوە ٢١ی مانگی داهاتوو كە دانیشتنی سێهەمی دادگایە دادگا ئەم كەیسە لە سودی مامۆستایان و فەرمانبەران یەكلایی دەكاتەوە، هەموومان دڵخۆش دەبین و بەمافی ڕەوای چەند ساڵەمان دەگەین". نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی ڕاشیگەیاند : "لێرەوە پەیاممان ئەوەیە كە هەموومان بەتاسەوە چاوەڕیی ئەو سەركەوتنە بكەین لەمانگی داهاتوو كە حكومەت ناچار دەكەین مل بۆ داوا ڕەواكانمان بدات، دڵنیابن تاسەندنەوەی مافەكانمان هەرگیز كۆلنادەین و پشوونادەین" . هاوكات، كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"لەپاش وەرگرتنی شایستەی دارایی ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ لەسلێمانی لەلایەن پەروەردەوە داوایان لێكراوە پارەكە بگەڕێننەوە بۆ خەزێنە". وتیشی:"بەو مامۆستایانەیان وتووە كەمتر لە 12 بەشە وانەتان هەبووە و بەوهۆیەوە دەبێت ئەو پارەیەی وەرتان گرتووە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنە، لەكاتێكدا وەزیری پەروەردە خۆی وتوویەتی مامۆستایانی وانەبێژ كەمتر لە 12 وانەش بڵێنەوە جگە لەو پارە جێگیرەی بۆیان دانراوە پارەی وانەكانیان بۆ هەژمار دەكرێت". كارزان فیزیك دەشڵێت:"لەكاتێكدا وەزارەتی پەروەردە داوای پارەی بەشە وانەكان لەمامۆستایان دەكاتەوە هێشتا داواكاری مامۆستایانی جێبەجێنەكردووە كە خۆی لەپێدانی مووچە لەكاتی خۆیدا و پلەبەرزكردنەوە و ڕێگرینەكردن لەچوونە سەر بەغدای مووچەی مامۆستایان دەبینێتەوە". هاوڵاتی لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەوە كرد بەڵام پەیوەندیەكانیان بەردەست نەبوون. زیاتر لەسێ مانگ و بەدیاریكراوی 103 رۆژ بەسەر وادەی دەستپێكردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان دەرگای ناوەندەكانی خوێندن نەكراونەتەوەو مامۆستایان ئامادەنین بایكۆت بشكێنن، وەزیری پەروەردەش دەڵێت هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە خوێندنی ئەمساڵ لەسلێمانی و هەڵەبجە نەفەوتێت. بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەیەكەم رۆژی دەسپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكرا، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردو تائێستاش چارەنووسی پڕۆسەكە نادیارە. بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دواكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێك، تائێستاش چارەنووسی موچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم نادیارە، بەهۆی ئەم دواكەوتنەشەوە مامۆستایان نەچوونەوە هۆڵەكانی خوێندن و بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەنیازن وەزری دووەمیش درێژە بەبایكۆت دەدەن، بەو هۆیەشەوە لەسنووری سلێمانیدا خوێندن لەهەزارو ٣٩٠ ناوەندی خوێندندا پەكیكەوتووە بەم شێوەیە دابەشبوون: ١٠٦ باخچەو هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی و ٢١ دواناوەندی و ٢١٧ ئامادەیی و ٢٣ ناوەندی فێركردنی خێراو ١٦ ناوەندی پیشەیی و دوو كۆمەڵگەو پێنج ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری. رۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەقوتابخانەی «نالی بنەڕەتی تێكەڵاو» لەهەولێر بەبۆنەی رۆی ئاڵاوە وتەیەكی پێشكەشكردو وتی: هەموو هەوڵێكی ئێمە ئەوەیە كە خوێندنی ئەمساڵی ئەو ناوچانە نەفەوتێت، ئەوەی پێویست بێت لەسەر شانی ئێمە وەك وەزارەتی پەروەردە لەڕووی تەكنیكییەوە ئامادەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاری بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانی سلێمانی  و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان بین. وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وتیشی: ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە ناوەندەكانی خوێندن و دەستبكەنەوە بەپڕۆسەكە، چونكە كاتێكی زۆر رۆیشتووە، دەستپێنەكردنی دەوام كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە كەدەوامیان تێدا نەكراوە، بەڵام ساڵی خوێندن دواناخرێت.

هاوڵاتی وەڵامی ئەمریكا بۆ برینداربوونی سەربازەكانی لەهەولێر دوانەكەوت، كە لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە دوێنێ كرایە سەر بنكەیەكی سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر . لەوەڵامەكەی ئەمریكادا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-12-2023 بوو بۆ سەر پێگەی چەند گروپێكی چەكداری عێراقی كە نزیكن لەئێران بووە هۆی كوژرانی چەكدارێك و برینداربوونی 24 چەكدار و سەربازی عێراقی كە 10 یان سەربازی عێراقین. ئەمجارە ئەمریكا چەند بنكەیەكی میلیشیا شیعەكانی لەنزیك بابل و واست كردە ئامانج و وێرانكارییەكی گەورەی لەو بنكانە جێهێشت، هەرزووش پنتاگۆن پشتڕاستیكردەوە كە چەند پێگەیەكی چەكدارانی نزیك لەئێرانیان لەعێراق كردووەتە ئامانج. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو هێرشەكان وەك وەڵامێك بوون بۆ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر فەرمانبەران و سەربازانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا لەلایەن ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، باسی لەوەشكردووە ئەو هێرشەی لەلایەن گروپێكی سەربەئێران كرایە سەر بنكەی هاوپەیمانان لەهەولێر بووەتە هۆی برینداربوونی سێ سەربازیان. پنتاگۆن دەشڵێـت ئەمریكا نایەوێت ئاڵۆزیەكان لەناوچەكەدا زیاتر ببن بەڵام ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی. بەپێی ئامارێك لەحەوتی ئۆكتۆبەری ڕابردوەوە كە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە دەیان هێرشكراوەتە سەر بنكەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا و لە 17 ی ئۆكتۆبەریشەوە بەدیاریكراوی 103 جار هێرشكراوەتەسەر بنكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی لەعێراق و سوریا. هێرشی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە كە بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بكاتە ئامانج، بەڵكو هەشتی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا بە مووشەك هێرشكرایەسەری بەڵام هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوو و هیچ لایەنێكیش بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاند. هەرچەندە حكومەتی عێراق ڕایگەیاندووە چەند كەسێكیان دەستگیركردووە لەو كەسانەی كە ئەمریكیەكان لەعێراق دەكەنە ئامانج و پەیوەندییان بە هێزە ئەمنیەكانەوە هەبووە، بەڵام زۆربەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر ئەمریكیەكان لەعێراق گروپێك بەناوی "بەرگری ئیسلامی" بەرپرسیارێتییان دەگرێتە ئەستۆ.  

هاوڵاتی  بەپێی ئامارێك لەمساڵدا 73 كرێكار بەهۆی ڕووداوی جیاجیای كارەوە گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ئامارێك كە دەنگی كرێكار بڵاویكردوەتەوە: دۆخی كرێكاران لەنەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی شوێنی كار، نەبوونی پێداویستیەكانی خۆپارێزی، ناهوشیار كردنەوەی كرێكاران لەلایەن كۆمپانیاو خاوەنكارەوە لەمەترسیدایە. ئاماری قوربانیانی شوێنی كار لەبەرواری ١-١-٢٠٢٣ هەتا ١٠-١٢-٢٠٢٣ كۆی گشتی گیانلەدەستدان:  ٧٣ كرێكار بووە ٥٢ قوربانی لەهەرێمی كوردستان و ٢١ قوربانیش لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بووە سلێمانی      ١٩قوربانی هەولێر     ٢٢ قوربانی دهۆك      ٦  قوربانی هەڵەبجە   ٥  قوربانی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان  ٢١ قوربانی هۆكارە باوەكانی قوربانیەكان ئەمانەی لای خوارەوەیە: ١-كەوتنە خوارەوە ٢-كارەبا گرتن ٣-بوون بەژێر ئامرازەكانی كاركردنەوە ٤-سوتان ٥-خنكان ٦-تەقینەوەی ئامێرو ئامرازەكان بەپێی ئامارەكە تەمەنی قوربانییەكان لەنێوان ١٥ ساڵ بۆ ٧٠ ساڵ بووەو لەكۆی قوربانییەكانیش ١٨ كرێكاریان بیانی بوون.  

هاوڵاتی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازی و خزمەتگوزارییەكانی رۆژئاڤای كوردستان بەردەوامەو زیانەكانیشی بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش دەڵێت: بۆردومانی دووبارەی توركیا بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی رۆژئاوای كوردستان سیاسەتی برسیكردن و داگیركارییەو ئەمەش تاوانی جەنگە.   پەیامنێری هاوڵاتی لەڕۆژئاڤا سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا ڕایگەیاند: لەشاری كۆبانێ كارگەیەكی چیمەنتۆ و لەشاری قامیشلۆش چەندین كارگەو دامەزراوە كراونەتە ئامانج، دەشڵێت: ئەو شوێنانەی بەئامانج گیراون  شوێنی بیناسازی و كارگەو كۆگای شتومەكی ڕۆژانەو چاپەمەنی و كارگەی چیمەنتۆ و دروومانن.   بەوتەی پەیامنێری هاوڵاتی لەڕۆژئاڤای كوردستان، ئەمڕۆ بەگشتی ٣٧ جار هێرش كراوەتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و هەشت كەس شەهیدبوون و 13 ی دیكەش برینداربوون. وەك پەیامنێری هاوڵاتی دەڵێت هێرشەكان لە كۆبانێ و قامیشلۆ و ئامودێ و شێراوا و  منبج ئەنجامدراون، و هەریەك لە ناوەندی پەتڕۆڵ و كارگەی خواردەمەنی و چاپخانە و ناوەندی وەرشەی ئۆتۆمبێل و نەخۆشخانە و ناوەندی كۆگای كشتوكاڵ و كۆمپانیای كاروباری گشتی  و كۆگای پەین و شتومەكی ڕۆژانە كراونەتە ئامانج. چڕبونەوەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاڤای كوردستان دوای پەسەندكردنی دەستوری رۆژئاوای كوردستان  دێت  كە دوای سێ ساڵ لەگفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان رۆژی 12-12-2023 لەشاری رەققە ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا لەكۆبوونەوەیەكدا ئەو رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەی پەسەند كردو ڕۆژئاوای كوردستان بووە خاوەن دەستوری خۆی. بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاڤای كوردستان داوای لە نەتەوە یەكگرتوەكان  و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان  دەكات چاودێری هێرشەكانی توركیا بكەن بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و هۆشداریشیداوە لە كاریگەری نەرێنی لە سەرتاسەری ناوچەكەو دروستبوونی قەیران.  بەڕێوبەری خۆسەری لە راگەیەنراوەكەیدا دەشڵێت: داوا لەنەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین لێكۆڵینەوە بكەن و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەكان پێكبهێنن بۆ چاودێری و بەڵگەكردنی هێرشەكانی توركیا. مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند: بۆردومانی دووبارەی توركیا بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان لە رۆژئاوای كوردستان سیاسەتی برسیكردن و داگیركارییە ئەمەش تاوانی جەنگە. عەبدی لە تویتێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە راشیگەیاند: لەماوەی ئەمساڵدا ئەوە سێیەمین جارە هێرشی لەم شێوەیە لەلایەن توركیاوە دەكرێتە سەر رۆژئاوای كوردستان كە ئامانج لێی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەیە. فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەشڵێت: لە كاتێكدا دانیشتوانی ناوچەكە خۆیان ئامادە دەكەن بۆ پێشوازیكردن لە ساڵێكی نوێ و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانمان لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ هێنانەدی سەقامگیری، كەچی ئەنقەرە پێداگری دەكات لەسەر سیاسەتە شەڕانگێزە ناڕەواكانی و هەناردەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی. بەپێی راپۆرتەكانیش، زیانی بۆردومانەكەكانی توركیا بۆ سەر دامەزراوەكانی نەوت و غازو كارەباو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی تری رۆژئاڤای كوردستان ملیارێك دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەكرەم سلێمان، هاوسەرۆكی فەرمانگەی وزە لە ناوچەی جەزیرە ڕایگەیاند: وێستگەكانی گواستنەوەی دێرك، تەربەسپی، تەل كۆچەر، تەل حەمیس، تەل عەلۆ، باكوری قامشلۆ، باشووری قامشلۆ، عامودێ و وێستگەی تەربەسپی هەموویان بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لەكاركەتوون كە كارەبای زیاتر لە نیوەی ڕووبەری ناوچەكەیان دابین دەكرد. هاوسەرۆكی فەرمانگەی وزە لە ناوچەی جەزیرە ئاماژە بەوەشدەكات، ناوچەكە بەشێوەیەكی سەرەكی بەدەست كێشەی كارەباو سوتەمەنی و گازەوە دەناڵێنێت، بەئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانەش بە تاوانی جەنگ دەزانێت دژی گەلی سوریا. بەپێی ئەو ئامارانەشی لەبارەی زیانە گیانیەكانی بۆردومانەكانی توركیاشەوە بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاڤای كوردستان بڵاوكراونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو زیاتر لە 136 هاوڵاتی شەهیدو بریندار بوون. ئاوارە حسێن هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی و راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات كە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان تاوانی نێودەوڵەتیەو، دەڵێت: ئەو داگیركاری و بۆردومانانەی توركیا دەیكات بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان تاوانی نێودەوڵەتییەو بەمەبەست دەكرێت. ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەشی وت: دەوڵەتی توركیا تاوانی جەنگ و جینۆساید تاوانی دوژمنكاری بەرامبەر خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە. هەر لەوبارەیەوە نوسەر سەردار عەزیز، دەڵێت : بۆمبارانكردنی ژێرخان و بنكەی مەدەنی و ئابورییەكانی ڕۆژئاڤا لە لایەن توركیاوە، تاوانی جەنگە.

هاوڵاتی سەرچاوەیەكی پارتی كرێكارانی كوردستان هەواڵی تیرۆركردنی ئەندامێكیان لەسلێمانی ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت "نۆ مانگ لەمەوبەر ئەو هەڤاڵەمان لەشەڕێكدا شەهیدبووە و خۆمان هەواڵی شەهیدبوونەكەیمان بڵاوكردوەتەوە". سەرچاوەیەكی باڵا لەباڵی سەربازی پەكەكە بە هاوڵاتی وت:"ئەو هەواڵەی كە گوایە میت لە سلێمانی ئۆپەراسیۆنی كردووە و هەڤاڵێكمانی شەهید كردووە، سەرتاپا درۆیە". ئەو سەرچاوەیە وتیشی:" ئەو هەڤاڵەمان لە شەڕدا و لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لە گەڵ دوو هەڤاڵی دیكەی نۆ  مانگ لەمەوپێش لە مانگی ئاداردا شەهید بوون و  خۆشمان ١٥ی ئەم مانگە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو سێ هەڤاڵەمان بڵاوكردووەتەوە". بەوتەی ئەو سەرچاوە باڵایەی پەكەكە، "سوپای توركیا كە شكستێكی جەرگبڕ لە سەر دەستی گەریلا خواردووە، بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكارانە ، كە گوایە ئۆپەراسیۆنێكی نوێیە، دەیەوێت ورە بداتە ئەو گروپە فاشیست و بەكرێگیراوانەی  كە پشتیوانی لێ دەكەن."  "كاتێك كە هیچ بەڵگەیەكیان نییە سەركەوتنی خۆیان نیشانبدەن، لە ناو ئەرشیفی راگەیاندنەكانی هەپەگە دەگەڕێن و وێنە و ڤیدیۆكان كۆپی دەكەن و وەك هەواڵی دەست یەكی خۆیان رایدەگەینن، ئەمە ئاستی داماوبوون و بێچارەبوونی دەوڵەتی فاشیستی توركیا لە ئاست خۆڕاگری گەریلا نیشان دەدات". سەرچاوە باڵاكەی پەكەكە وای وت. جێی ئاماژەیە ڕۆژی 15 ی ئەم مانگە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە سەبارەت بە سێ گەریلا لە هەڕێمەكانی پاراستنی میدیادا شەهید بوون ڕاگەیەندراوێكی بلاو كردەوە. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: ١٠ی ئازاری ٢٠٢٣ لە ئەنجامی هێرشێكی دوژمن بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا، هەڤالانمان عەلی خەبات، ڕێناس و جەسور شەهید بوون.  

هاوڵاتی دوو جوتیاری گوندی تۆپزاوای کەرکوک نزیکەی دوو ڕۆژە لەسەر سکاڵای سوپای عێراق دەستگیرکراون و دادگا ئامادە نیە بە کەفالەت ئازادیان بکات. له‌په‌یامێكدا ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی گوندی تۆپزاوه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، له‌ كاتژمێره‌كانی ڕابردو هاوڵاتی و نوێنه‌ری جوتیارانی گونده‌كه‌مان له‌لایه‌ن سكاڵای سوپای عێراق ساتع ناسیح و سۆران نازم له‌ بنكه‌ی پۆلیسی یایچی ڕاگیراون، به‌تۆمه‌تی جیا جیا. دەشڵێن، مه‌به‌ست له‌ ده‌ستگیركردنی دو جوتیاره‌كه‌ی گونده‌كه‌مان ساردكرنه‌وه ‌و كپكردنی ده‌نگی جوتیارانه‌ بۆ به‌رگریكردن‌ له‌ زه‌وییه‌كانمان. ئه‌وه‌شیانخستۆته‌ڕو، داوا له‌هه‌مولایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك و چالاكوانان و رێكخراوه‌كان ئه‌كه‌ین گردبونه‌وه‌یه‌كی ناره‌زایی هێمنانه‌ له‌ كاتژمێر 3:30 ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م بینای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامئه‌ده‌ین ئاماده‌بونتان به‌رگریكردن و داكۆكیكردنه‌ له‌ زه‌وی و زاره‌ كشتوكاڵیه‌كانمان و ده‌نگی حه‌ق.  

هاوڵاتی  بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا چوار هاوڵاتی شەهیدبوون و نزیکەی نۆ کەسیش بریندار بوون و چاوەڕواندەکرێت ژمارەیان زیاد بکات. ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتژمێرەکانی پێش نیوەڕۆوە تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ژێرخانی ئابوری ڕۆژئاوا دەستپێکردوو زیاتر لە شەش ناوچەی جیاوازی بە ئامانجگرت لە ئەنجامی بۆردومانەکانیش ژامارەیەکی زۆر هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون و بریندار بوون هاوکات چاوەڕواندەکرێت ژمارەیان بەرزبێتەوە، لە هەمانکاتدا ئاژانسی تورکیا ڕایگەیاندووە لە هێرشەکانی ئەمڕۆیاندا ٢٦ کاسیان بە ئامانجگرتووە.  لە ئێستادا چوار هاوڵاتی کە خەڵکی سڤیلن و کارمەندی ئەو کارگە و چاپەمەنییانەن بە ئامانجگیراوە گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی ٩ کەسیش بریندار بوون و چاوەڕواندەکرێت ژمارەیان بەرزبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ١٥ هێرشی جۆراو جۆر کراوەو ئەو ناوچانەی هێرشیانکراوەتە سەر لە ڕۆژئاوای کوردستان بریتین لە: ١- قامیشلۆ ٢- عامودا ٣- ترباسپی ٤- کۆبانێ ٥- ڕیگای ئێم فۆر ٦- شێراوا عەفرین هاوکات هەر لەناو قامیشلۆشدا هێرشکراوەتە سەر زیاتر لە ٦ کارگەو سەنتەر و چاپخانەو دامودەزگای جیاواز: ١- ناوەندی کشتوکاڵی جەزیرە ٢- چاپخانەی سیماڤ پرێس ٣- کارگەی ئێم و عەلەفی جەزیرە ٤- وێستگەی شەمەندنەفەر ٥- سەنتەری کاروباری گشتی لە گەڕەکی عەلایە ٦- سەنتەری بەرگدروی مەیسەلیە   وێنەی یەکێک لە شەهیدەکانی ئەمڕۆی بۆردومانەکانی تورکیا لە قامیشلۆ  بێریڤان زوبێری تەمەن ٣٠ ساڵ  کارمەندی چاپخانەی سیماڤ لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە شەهید بوو   هاوکات لە ئێستادا خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی قامیشلۆ دژی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان دەستی پێکردووە:     هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان چڕبونەوەی بە خۆوە بینی کاتێک دوای سێ ساڵ لەگفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان رۆژی 12-12-2023 لەشاری رەققە ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا كۆبوونەوەی ژمارە 90ی خۆی ئەنجامداو  رێككەوتنی كۆمەڵایەتیی پەسەند كرد، كە لەلایەن لیژنەی بەرفراوان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەكە پێشكەش كرا و ڕۆژئاوا بووە خاوەن دەستوری خۆی.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، بازرگانێکی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان لەشاری هەولێر دەستگیرکرا و هەروەها  دوو بازرگانی دیکە لەپارێزگای (ذی قار) لەگەڵ بڕی (100 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری کەپتاگۆن) دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمڕۆ دووشەممە  بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە هەولێر و سێ تۆمەتبار لە پارێزگای زیقار بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی راگەیاند.  بە گوێرەی دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو سێ تۆمەتبارەی لە پارێزگای زیقار دەستگیرکراون بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر 100 کیلۆگرام حەپی کەپتاگۆن (جۆرێکی مادەی هۆشبەر)ـدا. هاوکات ئاسایشی کوردستانیش ڕایگەیاند  لە ئەنجامی هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچون بۆ دەستگیرکردنی سێ بازرگانەکەی پارێزگای زیقار توانیویانە بازرگانێکی نێودەوڵەتیش لە شاری هەولێر دەستگیربکەن

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ژمارەیەک کارگەو کۆگای لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانج گرت و بە گوێرەی زانیارییەکان بریندار هەیە. پەیامنێری هاوڵاتی لە ڕۆژئاوا سەبارەت بە هێرشەکان ڕایگەیاند، هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٥-١٢-٢٠٢٣ کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی لە شاری کۆبانێ کارگەیەکی چیمەنتۆ بۆمباباران کراوە. دوابەدوای ئەو هێرشە لە شاری قامیشلۆ لەنێوان کاتژێر ١١.٠٠--١٢:٣٠ ٥-٦ جار لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆمبباران کراوە . وتیشی، هێرشەکان لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٣ پارت لە ڕۆژئاوای کوردستان ویستویانە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەن بۆ ئیدانە کردنی هێرشەکانی تورکیا کە ڕۆژی شەممە کردیانە سەر دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابوری ڕۆژئاوا . سەبارەت بە زیانە مادی و گیانییەکان و ئەو ناوچانەی بە ئامانج گیراون، پەیامنێری هاوڵاتی دەڵێت، تا ئێستا حەوت کەس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر کارگەو کۆگا سوتاون و زیانێکی ماددی زۆری هەبووە و ئەو شوێنانەی بە ئامانج گیراون  شوێنی بیناسازی و کارگە و کۆگای شتومەکی ڕۆژانە وچاپەمەنی و کارگەی چیمەنتۆ و دوورمانن. لەهەمان کاتتدا لەسەر گوندەکانی شێراوە کە سەر بە کانتۆنی عەفرینە. بەهەمان شێوە هێرشی ئاسمانی بەردەوامە. بە گوێرەی زانیارییەکان  یەکێک لەو ناوچانەی هێرشی کراوەتە سەر ناوچەیەکی سەربازی بووە و تا ئێستاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چاودێری بەسەر ئاسمانی قامیشلۆدا دەسوڕێتەوەو بە ئاسانی دەنگی دەبیسترێت. هاوکات لە هێرشێکی هاوشێوەدا ئێوارەی  شەممە، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانکردنەوەی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری رۆژئاوایان دەستپێکردەوە، لەگەڵ چەندین هێرشی ئاسمانی و بۆ سەر دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری و نەوتی لە گوندەواری قامشلۆ و دێریک. فەرمانگەی وزە لە رووپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، وێستگەکانی گۆڕین و دامەزراوەی غازی سویدییە لە گوندەواری دێریک، بەهۆی بەرکەوتنیان بە بۆردومانی تورکیاوە، لە خزمەتگوزاری دەرچوون. ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو دامەزراوە غاز و نەوتیانەی کە سووتەمەنی بۆ تۆرباینەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دابین دەکەن لەکارکەوتوون. هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان چڕبونەوەی بە خۆوە بینی کاتێک دوای سێ ساڵ لەگفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان رۆژی 12-12-2023 لەشاری رەققە ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا كۆبوونەوەی ژمارە 90ی خۆی ئەنجامداو ئەو رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەی پەسەند كرد، كە لەلایەن لیژنەی بەرفراوان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەكە پێشكەش كرا و ڕۆژئاوا بووە خاوەن دەستوری خۆی.         لەم لینکەوە تەواوی زانیارییەکان لەسەر دەستورەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بزانە:  دەستوری ڕۆژئاوا

هاوڵاتی  نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەرەتای مانگی سێ دەستبەکار دەبن و لە خانەقین و کەرکووک و مەخمور بڵاوەیان پێدەکرێت، دەشڵێت "چیتر تەعدا لە کورد ناکرێت و زەویەکانیشیان داگیر ناکرێت"، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا و جوتیارێكی دیكەی كورد لەسەر سكاڵای فیرقەی 11 ی سوپای عێراق لەكەركوك بەندكران. لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی وتووە:" دوو لیوای ھاوبەشی  پێشمەرگە و سوپای عێراق  نزیکەی مانگێکە دەستیان بە مەشق و ڕاھێنان کردووە و بۆ ماوەی سێ مانگ لە مەشق و ڕاھێنان بەردەوام دەبن، دواتریش دەستبەکار دەبن و لەناوچە کوردستانییەکان، لە خانەقین  و کەرکووک و مەخمور بڵاوەیان پێدەکرێت، بەپێی ڕێککەوتن ئەو شوێنانەیان بۆ دیار کراوە کە بۆشایی ئەمنیان ھەیە، بارەگای سەرەکییان لە کەرکووک لە سەربەشاخ دەبێت کە نزیکە لە سەرگەڕان" . لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتیشی:" ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ھاوکارییەکی باش دەبێت بۆ خەڵکی کورد بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ تەعدایان لێ بکات و زەویان داگیر بکات، چونکە لەو دوو لیوایە یەکێکیان ئامر لیوایەکەی کورد دەبێت و جێگریشی عەرەب و لیوای دووەم  ئامر لیوا عەرەب دەبێت و جێگری کورد دەبێت، ئەمە یەکلایی کراوەتەوە و دیاریش کراون، بڕیاریشە سەرەتای مانگی ٣/٢٠٢٤لە ناوچە کوردستانییەکان ھەردوو لیوا دەستبەکاربن". وتەكانی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ساتیع ناسیح نوێنەری جوتیارەكانی تۆپزاوا لەسەر سكاڵای فیرقەی 11ی سوپای عێراق رۆشتە بەردەم دادگای كەركوك و بە فەرمانی دادوەر لەگەڵ جوتیارێكی تر بەندكران. فیرقەی 11ی سوپای عێراق كۆمەڵێك تۆمەتیان ئاراستەی كردووەو لەنێویدا بانگەوازكردن بۆ كۆبونەوەی خەڵك لەسەربازگەی تۆپزاوا بۆ بینینی شانۆگەری، یەكێكی تر لەدەستگیركراوەكان سۆران مام نازمە كە ماوەیەك پێش ئێستا باوكیشی دەستگیركراو دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.  

هاوڵاتی جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پێشبینی دەكرێت بەمزوانە وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە و لەسەر چەند پرسێك دەست بەكۆبونەوەكانیان بكەنەوە.  فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە: ڕۆژی 24ـی كانوونی یەكەمی 2023 جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان كۆ بووە و لە کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکەشدا، جگە لە پرسە میدیاییەكان، وردەكاریی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقی ڕوون كردەوە. لەكۆبوونەوەكەدا جوتیار عادل وتوویەتی:" گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە و مووچە و نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن." لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاندووە: "پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا ماوەتەوە." هەروەها لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەشكردووە: "ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە. لە ماوەی ڕابردوودا بڕی پێویستی نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە؛ ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا كراوە. بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت." لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات،   جوتیار عادل دەڵێت: "ئێمە یاسای ئیدارەدانی دارایییمان هەیە، لە ماددەی 29ـدا دەڵێت: <ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی ڕادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت>. ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە." یەكێك لە پرسەكانیی دیكە، بریتی بوو لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە جوتیار عادل ڕایگەیاندووە:"حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكوو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە."  

هاوڵاتی دوای نزیكەی دوو ساڵ لە زیندانیكردنی، ئەمڕۆ 24ـی تشرینی دووەمی 2023 دادگای پێداچونەوەی هەولێر بڕیاریدا بە ئازادكردنی كچە میدیاكار و وەرزشكار ناڵە سوپەر.  ناڵە سوپەر لە ڕۆژی 12-5-2022 دەستگیركرا و لە مانگی نۆی هەمان ساڵ بە دۆسیەی ساختەكردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێك سزا درا. ناڵە پێشتر بە مادەی 289ی تایبەت بە ساختەكردن و 298ی بەكارهێنانی نوسراوی فەرمی ساختە، دۆسیەی بۆ كرابویەوە، بەڵام دواتر بڕیارەكە  تەمیز كرایەوە و هەڵوەشایەوە،  جگە لەوە بە دۆسیەی هەڵگرتنی چەك  سێ مانگ زیندانی كرا. دوای تەواوكردنی ئەم سزایانە، دەبوو  ناڵە سوپەر ڕۆژی 12-11-2023 ئازادبكرێت، بەڵام ئەمجارە لە ژێر بڕگەی یەك لە یاسای 21ـی ساڵی 2003 بۆ پێنج ساڵ و مانگێكی تر بەتۆمەتی سیخوڕیكردن زیندانییەكەی درێژكرایەوە.  بەڵام دوای چەند ڕۆژێك لە سەپاندنی سزاكەی، ناڵە سوپەر لە تۆمارێكی دەنگیدا سەرجەم تۆمەتەكانی ڕەتكردەوەو تیمی پارێزەرانی  لە دادگای تەمیزی هەولێر، داوای دووبارە پێداچوونەوەیان كرد بە بڕیاری پێنج ساڵ زیندانیكردنی ناوبراو، دواجار ڕۆژی 24ی كانونی دووەم، دادگای تەمیزی هەولێر، بڕیاری سزادانی ناڵەسوپەری بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو زیندانیكردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵوەشاندەوەو دەستبەجێ ناوبراو ئازادكرا.  

 هاوڵاتی  ڕۆژنامەنوس محەمەد هەڵەبجەیی كە كار بۆ میدیایەكی پارتی دەكات، لەسەر كۆمێنتێك بۆ تەندروستی هەڵەبجە ئەمڕۆ كاتێك چووەتە بەردەم دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە. هاوڵاتی قسەی لەگەڵ برایەكی محەمەد هەڵەبجەیی كرد، پشتڕاستیكردەوە كە كار بۆ میدیایەكی پارتی دەكات و لەسەر نوسینی كۆمێنتێك بۆ پەیجی تەندروستی هەڵەبجە لەلایەن بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، كاتێكیش محەمەد چووەتە بەردەم دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە تا هەشتی مانگی یەكی ساڵی 2024 بەڵام وەك براكەی دەڵێت هەوڵدەدەن سبەینێ بە كەفالەت ئازادی بكەن. هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندیكرد بەبەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەڵام پەیوەندیەكانی بەردەست نەبوون.  

هاوڵاتی بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر ناوچه‌ى ترپه‌سپى له‌ڕۆژئاواى كوردستان چه‌ند شارێكى ڕۆژئاوا به‌ته‌واوى بێ كاره‌با بون. شەوی ڕابردوو فڕۆکەجەنگیەکانی تورکیا زیاتر لە سێ جار چەند کێڵگەیەکی نەوتیان لە نزیک شارەکانی دێرک و تربەسپی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد. بە گوێرەی زانیارییەکان شه‌وى ڕابردوو فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى توركیا 3 جارو له‌سه‌ریه‌ك بۆردومانى كێڵگه‌ى نه‌وتى (سەیدا)یان كردوه‌ لەنزیک گوندی گردەم هاوكات هێرشیش كراوه‌ته‌سه‌ر كێڵگه‌ى (ئێودایا)و کارگەی پلاستیکیش له‌نزیک بەنزینخانەی شابۆ. هاوکات وێستگەیەکیشیان لەگوندی بانیشیکێفت کە سەر بەناوچەی سنوریی دێرکه‌ لەسەر سنوری باشوری کوردستان بۆردومانکردوە. ئەمەش لە کاتێکدایە لەڕۆژى 5ی ئۆکتۆبەرى ئه‌مساڵدا تورکیا هێرشێكى قورسى کردەسەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و سه‌رجه‌م وێستگەکانی نەوت‌و کارەباو ئاوو بەنزینەکانی کردە ئامانج‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانێکی گه‌وره‌ى لێكه‌وته‌وه‌.  

هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ یەکشەممە  دانیشتنی تایبەت بە دو سکاڵای موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجامدەدات، هەردو سکاڵاکە لەلایەن کۆمەڵێک فەرمانبەرانی هەرێمەوە تۆمارکراوە و داوا دەکەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عیراق پابەندبکرێن بە یاسای بودجە و موچە. بە گوێرەی خشتەی کاروبارەکان، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تایبەت  لەبارەی دوو سکاڵا لەبارەی "پێدانی مووچە لە وادەی خۆی" و "دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەران تۆمار کراوەو ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی بۆ دەکرێت  یەکێکیان تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و لەلایەن ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمار کراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو مامۆستایانە لە سکاڵاکەیاندا، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2018ی هەموارکراوی فیدراڵی و داوا ئەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنەوە. هەروەها سکاڵای دووەم، کە بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، تاوتوێی بکات، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراوە لەنێویاندا د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد و عەلی بابان داوایانکردووە دادگاکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025 پابەند بکات، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بێ دواکەوتن وەربگرن. هەر ئەمشەویش ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا گەشتنە بەغداد و دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت : هاتنمان بۆ دووەم دانیشتنی ئەو  سكاڵایەیە كە پێشتر تۆمارمان كردووە.  وتیشی: دەمانەوێت لەسەر پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی موچەپاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی كۆبینەوە تاوەكو دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ كێشەی مامۆستایان.  زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆكاری پێنەدانی موچەكانیان لە كاتی خۆیدا و ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندیان كردووە تا ئێستاش دیار نیە لە دووەم وەرزی خوێندن دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی خوێندكاراندا دەكەنەوە یاخودنا.