هاوڵاتی دوای ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان دەربڕی دوای ئەوەی شەوى رابردو بەهۆى سوتانى باڵەخانەیەکە لە شارى سۆران، 14 گیانیان لەدەستداو و حەوت کەسى دیکەیش بریندار بون وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا د. وائل حتاحت ،هەڵسوێنەری کاروبارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جێهان WHO لە عێراق پەیوەندی بە وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەی ڕێکخراوەکەی بۆ چارەسەری بریندارانی ڕوداوەکە دەربڕیوە. هاوکات بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە د. وائل حتاحت سەرەخۆشی لە ئەندامانی خێزانی قوربانیانی ڕوداوەکە کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوى رابردو بەهۆى سوتانى باڵەخانەیەکە لە شارى سۆران، 14 گیانیان لەدەستداو و حەوت کەسى دیکەیش بریندار بون و ئێستا لەژێڕ چاودێرى پزیشکیدان ،و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەستی پێکردووە و تا ئێستا دوو کەس دەستگیرکراون. لەم بارەیەشەوە رەوەند هاودیانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران تایبەت بە هاوڵاتی وتی، "کۆتا ئاماری قوربانیەکانی روداوەکەی شەوی رابردوو بەم شێوەیە، 14هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 7 هاوڵاتی سڤیل برینداربوون لەگەڵ 8 کارمەندی بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیس کە لەگەڵ ئێمە هاوکاربوون بۆ کۆنتروڵکردنەوەی ئاگرەکە." لەبارەی دۆخی تەندروستی برینداران، رەوەند هاودیانی وتی: سوپاس بۆخۆا دۆخی تەندورستی هەموو بریندارەکان جێگیرە، ئەوەی پێویست بێت بۆ بریندارەکان کراوە،هەروەها هەموو لایەک ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکان." دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە قوربانێەکانی ڕووداوەکەی شاری سۆران دەپرسێتەوە ... شەممە ۲۰۲۳/۱۲/۹ ... بەمەبەستی دەربڕینی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی چارەسەری برینداران، ئەمڕۆ بەڕێز (د. وائل حتاحت) هەڵسوێنەری کاروبارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جێهان WHO لە عێراق پەیوەندی بە بەڕێز (د.سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی سۆران بۆ ڕوداووی سوتانی باڵاخانەی نیشتەجێبوون لەشاری سۆران و ئامادەیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان WHO بۆ پێداویستی چارەسەری برینداران دەربڕی. بەڕێز (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی، سوپاسی هەماهەنگی بەڕێزیان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهان WHO کرد. هیوایان خواست خوای گەورە کۆچکردووان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای چاکبوونەوە و سەلامەتی بۆ برینداران ببەخشێت.
هاوڵاتی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران رایگەیاند خاوەنی باڵەخانە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەکەی روداوەکەی سۆران دەستگیرکراون، دەشڵێت، هۆکاری زۆری قوربانییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هاوڵاتییان هۆشییاری تەواوەتییان نییە لەکاتی رودانی ئەو روداوانە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵگورد سێخ جەنیب لەسەر روداوی ئاگرەکەی سۆران کە 14 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش برینداربوون وتی، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکهێنراوە و خاوەنی بالەخانەکە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەکە دەستگیرکراون. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران وتیشی، هۆکاری سەرەکی ئەوەی رێژەی قوربانییەکان زۆر بووە لە روداوەکە ئەوەیە کە خەڵک هەوڵی رزگارکردنی خۆیان نەداوە و بابەتی هۆشیاری خەڵکە لەکاتی ئەو روداوانە کە چۆن بتوانن ئەو باڵەخانەنە چۆڵ بکەن لەکاتی رودانی روداوێکی لەو جۆرە. هەڵگورد سیخ نەجیب باسی لەوەشکرد، "زۆر رێگا هەبووە بۆ خۆ دەربازکردن لەکاتێکدا باڵەخانەنەکە پەیژەی رزگاربوونی لە بەشی دواوە و خۆیان دەرباز نەکردووە یاخود بۆ نەچوونەتە سەربان لەکاتێکدا ئاگرەکە لە نهۆمی یەکەم دروستبووە."
وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە هاوڵاتی راگەیاند لیژنەیەکی باڵا بۆ بەدواداچوون لەسەر هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەکەی سۆران پێکهێنراوە، دەشڵێت، بریندارەکان تەندروستییان جێگیرە و ئەوانەیشی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی بیانیشی تێدایە کە ئێرانی و عەرەبن. شەوی رابردوو ئاگر باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سۆران کەوتەوە و لە باڵەخانەکە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و خەڵکی تری ئاسایی تێدا دەژیان، روداوەکەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 کەس. رەوەند هاودیانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران تایبەت بە هاوڵاتی وتی، "کۆتا ئاماری قوربانیەکانی روداوەکەی شەوی رابردوو بەم شێوەیە، 14هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 7 هاوڵاتی سڤیل برینداربوون لەگەڵ 8 کارمەندی بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیس کە لەگەڵ ئێمە هاوکاربوون بۆ کۆنتروڵکردنەوەی ئاگرەکە." لەبارەی دۆخی تەندروستی برینداران، رەوەند هاودیانی وتی: سوپاس بۆخۆا دۆخی تەندورستی هەموو بریندارەکان جێگیرە، ئەوەی پێویست بێت بۆ بریندارەکان کراوە،هەروەها هەموو لایەک ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکان. لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانییان لەدەستداوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران باسی لەوە کرد، "ناسنامەی هەموویان ئاشکرابووە، بەشێکیان خەڵکی سۆرانن، بەشێکی تر خەڵکی ئێرانن هەروەها عەرەبیشی تیادایە، لای ئێمە هەموویان وەکو یەکن هیچ جیاوازییان ناکەین." هاوکات لەسەر لێکۆلینەوە لە هۆکاری روداوەکە رەوەند هاودیانی دەڵێت، "ناتوانین جارێ باس لە هۆکارەکانی روداوەکە بکەین، چونکە نامانەوێت پێش شتەکان بکەوین، لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە ئەو لیژنەیە بەوردی ئیش لەسەر روداوەکە دەکات، دوای کۆتایی هاتنی کارەی لیژنەکە ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."
هاوڵاتی لاهور شیخ جەنگی پەیامێکی سەبارەت بە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران بڵاوکردەوە و دڵگرانی خۆی لەبارەی روداوەکەوە دەربڕی، دەشڵێت "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە." دوای ئەوەی شەوی رابردوو روداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سۆران رویدا و تێیدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش برینداربوون، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خەمبار و دڵگرانبووم بە روداوی کارەساتباری ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەیەک لە شاری سۆران، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەس و کاری قوربانییەکان دەکەم، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم." لاهور شیخ جەنگی وتیشی، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە."
هاوڵاتی تائێستا ئاوارەكانی دهۆك نەوتیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا وەرزی سەرما دەستیپێكردووە، ئەو ئاوارانەی شەنگال كە لە 15 كەمپی پارێزگاكەن چاوەڕێی نەوتن، بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت نەوتی عێراقیان بۆ هاتووە بەڵام پشكنینیان بۆ كردووە كبریتی تێدابووە. هەرچەندە بڕیاربوو لە 1-10-2023 وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەشە نەوتی ئاوارەكانی دهۆك ڕەوانە بكات، بەڵام نەوتەكە دواكەوت و پاش پشكنینی دەركەوت كبریتی تێدایە كە ئەوەش مەترسی كارەساتی لێدەكرێت. پیر دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ وكۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم بە هاوڵاتی وت: بەڵێنمان لەوەزارەتی كۆچ وكۆچبەرانی عیراق وەرگرتبوو كە لەسەرەتای مانگی 10نەوت بگاتە دهۆك وبەسەر ئاوارەكاندا دابەشی بكەین، باوەرناكەم هیچ ساڵێك وەكو ئەمساڵ دواكەوتبێت، ئاوارەكان بەناچارییەوە لەسەر حسابی خۆیان نەوت دەكڕن. وتیشی: هەفتەی رابردوو حكومەتی عیراق لەكەركوكەوە چوار تانكەری نەوت كەهەریەكێكیان بڕی 36هەزار لیتری لەخۆگرتبوو هێنایە دهۆك، پێش دابەشكردن رەوانەی تاقیگەی دهۆكمانكرد تاوەكو پشكنینی بۆ بكرێت، دەركەوت بڕێكی زۆر لەكبریت لەناو نەوتەكەدا هەیە، ئێمەش سەرووی خۆمان ئاگاداركردەوە ووتمان ڕازی نین ئەم جۆرە نەوتە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكرێت، جگە لەوەی كواڵیتیەكەی خراپە هاوكات ماددەی كبریت لەگەڵ نەوتەكەدا زوو دەبێتە هۆكاری سووتان.
هاوڵاتی لەئامەدی باكوری كوردستان تابلۆیەك بەزمانی كوردی لەیەكێك لەشارۆچكەكان دانرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگەیان نەدا و لایانبرد. تابلۆیەك لەگوندێكی دوورە دەستی باكوری كوردستان بەزمانی كوردی لەسەری نوسرابوو "هوون بخێر هاتن" بەڵام سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی بسمیل سەر بە پارێزگای ئامەد كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە وەك قەیووم دانراوە تابلۆكەی لابرد و لەجێگەی تابلۆیەكی داناوە كە بە توركی لەسەری نوسراوە "بەخێر بێن لە بسمیل بەختەوەرم". هەر ئەو تابلۆیە نییە كە لەلایەن ئۆرهان ئەیاس سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی بسمیل (قەیوم) لابراون بەڵكو پێشتریش تابلۆی دوو گوندی لابردووە كە بەكوردی لەسەریان نوسراوە و بەزمانی توركی لەشوێنیان تابلۆی داناوە. جێی ئاماژەیە بەر لە یاسای گەورە شارەکان و لە ساڵی 2015دا کە شارەوانی لە دەستی پارتی ئاشتی و دیموکراسی-بەدەپە بوو و ئەم گوندە شارەدێ بوو، تابلۆی کوردی "بەخێر بێیت" دانرابوو، لە دوای دانانی قەیووم لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لە 2016دا، تائێستا بە سەدان ناوی گوند و شارۆچکە و دامەزراوەکان بە زمانی کوردی لابراون و لە شوێنیان تابلۆ بە زمانی تورکی دانراون. نەك هەر لەسەر ڕێگەی شار و شارۆچكەكان بەڵكو لەسەر دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتیەكانی باكوری كوردستان ڕێگە نادرێت بەزمانی كوردی تابلۆ دابنرێت، لەكاتێكدا بەزمانی عەرەبی و ئینگلیزی ڕێگەی پێدەدرێت.
عەممار عەزیز دوای تێپەڕبوونی ساڵێک هێشتا بەشێک لەزیانلێکەوتوانی تەقینەوەکەی دهۆک کە بەهۆی غازەوە روویدا قەرەبوو نەکراوەنەتەوەو کەیسەکەش لەدادگا یەکلایی نەکراوەتەوە. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەیەکیک لەباڵەخانەکانی سەنتەری دهۆک بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غازی LPG حەوت کەس گیانیان لەدەستداو٤٠ کەسی تریش برینداربوون. تەقینەوەکە لەسیستمی غازیی فڕنێکدا بوو کەبەشە ناوخۆییەکیش لەنهۆمی سەرەوەی فڕنەکەدا بوو. فڕن و بەشە ناوخۆییەکە دەکەونە گەڕەکی گرێ باسێ لەدهۆک. مەروان جەواد، کەیەکێکە لەبریندارانی رووداوەکە بەهاوڵاتی راگەیاند، «پێش تەقینەوەی تانکیی غاز بەچەند رۆژێک ئاگاداری کۆمپانیای غازی مزگین-مان کرد کە غاز لەتانکییەکە دەچێت، کۆمپانیاکە هەڵسان کەسێکیان نارد تاوەکو کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام ئەو کەسە هیچ شارەزایی نەبوو ژمێریاری کۆمپانیا بوو، بۆە کێشەکە هەروەکو خۆی مایەوەو رۆژ بەڕۆژ زیاتر غاز لەتانکییەکە دەهات تاگەیشتە ئەوەی تەقییەوە». مەروان جەواد کەدوکانێکی لەو باڵەخانەیە هەبووە کە تەقیوەتەوەو هێشتا قەرەبوو نەکراوەتەوە، دەشڵێت» لەکاتی رووداوەکە من لەدوکان بووم بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە حەوت مەتر منی فڕێدا، چەند رۆژێک لەنەخۆشخانە بووم تا بەتەواوی چاکبوومەوە، راپۆرتی کۆتایی لەدادگا دەرچووە کەهۆکاری رووداوەکە کۆمپانیاکە بوو، سەڕەرای ئەمە ساڵێکە کێشەکەمان لەدادگایە تا قەرەبووی خۆمان وەربگرین بەڵام کۆمپانیاکە ئامادەنیە بمانداتێ». مەروان جەواد لەسەر زیانەکان باسی لەوەکرد کە بەبڕی ٣٧ هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کە «دەچینە کۆمپانیا پێمان دەڵێن ئەگەر دەتانەوێت وەک خێر دوو هەزار دولارتان پێدەدەین، ئێمەش قبوڵمان نەکردووە، کەسوکاری قوربانیان و خوێندکاران قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام ئێمە کە چوار کەسین لەگەڵ خاوەنی بیناکە تائێستا قەرەبوو نەکراوین، داوای مافی خۆمان دەکەین و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری دۆسیەکەی خۆمان نابین». دوای رووداوەکە، لیژنەیەکی باڵا پێکهنێرا بۆ لێکوڵینەوەو چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، کەهەریەک لەبەرگری شارستانی، پولیس، ئیدارەی پارێزگای دهۆک سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد. بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بەهاوڵاتی وت، «ئێمە لەلیژنەکەدا بووین بەڵام دوای کۆتاییهاتنی کارەکانمان لەئێستادا ماوەتەوە لای دادگا، تاپێش مانگێکیش کەیسەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، دادگا داوای شارەزای کردووە لەبارەی غازی LPG تا بەتەواوی بۆیان روون ببێتەوە کەهۆکاری راستەقینەی رووداوەکە کێ بووە، بەپێی ئەو لێکوڵینەوەیەی ئێمە کردوومانە دیاربووە پێش رووداوەکە غاز لەتانکییەکە دەچوو، بەڵام کێ خەتابارە نازانین، ئایا خاوەن فڕنەکە ئاگاداری کۆمپانیاکەی کردبوو پێشتر یان ئاگادارکراوتەوەو کۆمپانیاکە ئیهمالی کردووە، ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەڵگەیە ناتوانین شتێک لەسەر خۆمان بکەینە ماڵ و دواتر راست دەرنەچێت». بێوار عەبدولعەزیز دەشڵێت، «چەند کەسێک ئەوانەی لەبیناکە دوکانیان هەبوو و ئیشیان دەکرد، لەدادگا سکاڵایان تۆمارکردووەو هێشتا دەرئەنجامی سکاڵاکە یەکلایی نەبووەتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین تابڕیاری دادگا دەردەچێت». لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، بێوار عەبدولعەزیز وتی: ئەوەندەی ئاگادارین چەند کەسێک قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام نازانین هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە یاخود هێشتا هەندێک کەس ماون، چونکە پارە نەهاتووەتە لامان تائێمە دابەشی بکەین، لەسەر ئاستی باڵا لیژنه پێکهێنراوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئێمە دڵنیاین کەهەر کەسێک زیانی بەرکەوتووە حکومەت قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام کەی و بڕەکەی چەندە، ئەمە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری حکومەت». هۆشیار واحد، خوێندکارە لەپەیمانگای وەرزشی دهۆک، یەکێک بوو لەقوربانیەکانی تەقینەوەکە بەهاوڵاتی وت: بەدوو قوناغ قەرەبوو کراوین، جاری یەکەم بڕی 200 دولارمان وەرگرت و جاری دووەم لەلایەن لیژنەیەک لەوەزارەتی پەروەردە وەک قەرەبوو هەر خوێندکارێک 408 هەزار دینارمان وەرگرتووە، کۆی ئەو پارەیەی لەوەجبەی دووەم دابەشکراوە 20 ملیون دینار بوو، دابەشکرا بەسەر 49 خوێندنکاردا». هۆشیار واحد دەشڵێت: ئەوەندی زانیاریم وەرگرتووە تەواوی ئەو خوێندکارانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو کراونەتەوە، جار ئەگەر کەسێک وەرینەگربێت یان بەهەر هۆکارێکی تربێت ئەوە شتێکی ترە». کۆمپانیای «غازی مزگین» غاز دەداتە ماڵان و خاوەن فڕنەکان، هاوکات تانکی فڕنی ئەو بینایەی کەتەقینەوەکەی لێ روویداوە هەر لەلایەن ئەو کۆمپانیایەدا بووە، بۆ یەک رۆژیش کۆمپانیاکە سزانەدراوەو هەر لەوکاتەوە تائێستا ئیشی خۆی دەکات. پەیامنێری هاوڵاتی، چەند جارێک پەیوەندی بەئیدارەی کۆمپانیاکەوە دەکات، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.
هاوڵاتی سێ زیندانیی کورد کە خەڵکی دەوروبەری شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارەدران. ئەمڕۆ هەیینی 8ی کانونی یەکەمی 2023 رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند هەریەک لە عەلی شاهیننژاد، سەولەت تەوسەن و جانعەلی نەدیمی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ لەسێدارەدران. بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، لە سێ دۆسیەی جیاوازدا بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سێ هاوڵاتییەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و دواتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. عەلی شاهیننزادی تەمەن 39 ساڵ خەڵکی گوندی پێسانی سەر بە ناوچەی تەرگەوەر، جانعەلی نەدیمی تەمەنی 40 ساڵ خەڵکی گوندی پیرانجخی سەر بە ناوچەی سۆما و سۆلەت تۆسەنی تەمەن 62 ساڵ خەڵکی گوندی قشلاقی تەرزیلیای ورمێ بوون. جانعەلی نەدیمی چوار ساڵ لەمەوبەر و عەلی شاهیننژاد سێ ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراون، لەکاتێکدا سەولەت تەوسەن ساڵی رابردوو دەستبەسەرکراوە. وێنەی ئەو هاوڵاتییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەسێدارەدران:
دلێر عەبدوڵڵا حزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، چاویان لەهەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانەو تائێستاش بزووتنەوەكە بڕیاری كۆتایی نەداوە دەنگی بۆ كام لیست و قەوارە دەبێت، بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیاییدا كە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لیستەكانی پارتی دەبێت و پێی وایە كەپارتی لەڕووی نەتەوەییەوە لەحزبەكانی تر لەپێشترە بۆیە دەنگی گۆڕان بۆ ئەوان دەبێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دڵنیایە لەوەی دەنگی زۆرینەی كەركوك بەدەستدەهێنن. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق نزیكبووەتەوەو بانگەشەی حزبە بەشدارەكانی نێو ئەو پرۆسەیەش گەرمتربووە، بەتایبەت لەپارێزگای كەركوك كەبووەتە شوێنی ململانێی نێوان حزبەكان، یەكێتی و پارتی وەك دوو حزبی ركابەری یەكتری، توندترین هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوەدەبەن و هەریەكەیان لەهەوڵی ئەوەدایە دەنگی جەماوەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی تر كە بەشدارنین لەپرۆسەكە بۆخۆیان ببەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە كەبریارە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان و چەند حزبێكی تری سیاسی بایكۆتیان كردووە، تائێستاش ئەو حزبانە هەڵوێستی خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو بڕیاری كۆتاییان نەداوە لەبارەی ئاراستەكردنی جەماوەرەكانیان بۆ كاتی هەڵبژاردن، لەوبارەیەوە دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی یەكلایی نەكردووەتەوەو لەبەر هەستیاری كاتەكە تائێستا بڕیاری ئەوە نەدراوە چۆن دەنگدەرانمان ئاراستە بكەین، رای جیاواز هەیەو هەریەكەو بەجۆرێك بۆچونی خۆی دەربڕیوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەكات و ساتی خۆیدا دەدریت.» لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەڕۆژی 10ی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان توانی لەکەرکوک دوو هەزارو481 دەنگ بەدەستبهێنێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە بەشدارەكان چاویان بڕیوەتە ئەو دەنگانەو چاوەڕێی هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانن، لەتیف نێروەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەك یەكێتی پێشبینی دەكەین زۆرینەی دەنگەكان بۆ ئێمە بێت، بەتایبەت لەپارێزگای كەركوك كەئەندام و جەماوەرێكی زۆری یەكێتی تێدایە، تائێستاش داوامان لەهیچ حزب و گروپێك نەكردووە، بەڵام چاوەڕێین كەهەمووان دەنگ بەیەكێتی بدەن.» پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەدی حاجی مەحمود، لەو هەڵبژاردنە بەشدارەو ئەوانیش وەك حزبێكی كوردی بەنیازی ئەوەن دەنگی هێزو گروپ و لایەنە نابەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوان بێت، مامۆستا رەفعەت بەرپرسی مەكتەبی ئامارو هەڵبژاردنی ئەو حزبە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت دەنگی لایەنە نا بەشدارەكان بۆ ئێمە بێت، راستە تائێستا بەفەرمی بەبزووتنەوەی گۆڕانمان نەوتووە، بەڵام لەگەڵ چەندین گروپ و كەسایەتی و سەرۆك هۆزدا كۆبووینەتەوەو بەڵێنمان وەرگرتوون كەدەنگیان بۆ ئێمە دەبێت، بەو پێیەی حزبەكەیان قوربانی داوە بەتایبەت لەكەركوك و ناوچە دابڕاوەكاندا كە رۆڵ و كاریگەریمان دیارو بەرچاو بووە.» لەئێستادا ململانێیەكی زۆر لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە لەكەركوك، بەتایبەت پاش پەیوەندیكردنی دوو كادری دیارو پێشكەوتووی پارتی بە یەكێتییەوە، بۆیە ئەگەری هەیە تەراوزی دەنگەكان لەو پارێزگایە گۆڕانی بەسەردا بێت، لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «ئەو دوو كادرەی پەیوەندیان بە یەكێتیەوە كردووە، كوڕی بنەماڵەیەكی دیارو تێكۆشەری كەركوكن، بەدڵنیاییەوە پەیوەندیكردنی ئەوان بەیەكێتیەوە، كاریگەری لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێت لەكەركوك.» پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەتەواوی هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگی زۆرینەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت پارێزگاری لەدەنگەكانی بكات، بەرپرسێكی ئەو حزبەش پێی وایە كەدەنگی گۆڕان بۆ ئەوان دەبێت، عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنەینەوا بەهاوڵاتی وت «من لەو قەناعەتەم كە پارتی كورسی لەپارێزگای دیالەو كەركوك و نەینەوا بەدەستدەهێنێت، بەتایبەت پاشی گەڕانەوەی بارەگاكانمان بۆ كەركوك، پێموایە كورسی باش دەهێنین لەهەرسێ پارێزگاكە. دڵنیاین كە ئەو حزبانەی بەشدارنین لەهەڵبژاردن دەنگ بەئێمە دەدەن، دڵنیام كە گۆڕان دەنگ بەو حزبە دەدات كەزیاتر لەڕووی نەتەوەییەوە لەپێشن و خاكپارێزن.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی هەستیاری دۆخەكەو دروستنەبوونی كاریگەری لەسەر ململانێی نێوان حزبەكان، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێكی نەداوە، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەبزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «ئاشكراكردنی دەنگی گۆڕان، كاریگەری لەسەر ململانێی نێوان حزبەكان دەبێت، بەتایبەت یەكێتی و پارتی. بۆیە گۆڕان بەباشی نازانێت هەڵوێستی خۆی بخاتەڕوو. رەنگە بەنهێنی و لەڕێی مەكۆكانەوە دەنگدەرانمان ئاراستە بكەین، ئەوەش لەبەر لایەنە نەتەوەییەكە كەپێویستە هەموو كورد بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات بەتایبەت لەكەركوك.» بزوتنەوەی ئیسلامی كەپێشتر بریاری ئەوەیاندابوو بەپێی رێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەنگی جەماوەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام تائێستا ئەوانیش بڕیاری كۆتاییان نەداوە، لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بەهاوڵاتی وت «لەئێستادا هیچ بڕیارێكمان نەداوەو یەكلاییمان نەكردووەتەوە كە دەنگمان بۆ كێ دەبێت.» پێشتر مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند كە بیر لەبەرژەوەندی حزبەكەیان دەكەنەوەو بۆ هەڵبژاردن دەنگ بەو لیست و قەوارەیە دەدەن كەداواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكەن. بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە 15 پارێزگای عێراق هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت، كەتێیدا زیاتر لەشەش هەزار كاندیدی حزبی و سەربەخۆ كێبڕكێی بەدەستهێنانی 275 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، ئەمە جگە لە 10 كورسی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق. لەم هەڵبژاردنەدا 39 هاوپەیمانی و 29 پارتی سیاسی بەشدارن و كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگی هاووڵاتیانی عێراقی دەكەن.
هاوڵاتی دوای ئەوەی هێرش کرایەسەر بالێۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەکان کارێکی "قبوڵنەکراوە"، دەشڵێت، "فەرمانم بە هێزە ئەمنییەکان کردووە هێرشکەرەکان بدۆزنەوە." دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8ی کانونی یەکەمی 2023، وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتەسەر باڵیۆزخانەکە بەبێ ئەوەی هیچ گروپێکی دیارکراو تۆمەتبار بکات، بەڵام باسی لەوە کرد کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هێرشەکە لەلایەن گروپە میلێشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درابێت. لەسەر هێرشەکە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند کە فەرمانی بە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان کردووە بەدوای هێرشبەرانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بگەڕێن و بیاندەن بە دادگا. سودانی دەشڵێت، "بە ئامانج گرتنی نێردە دیپلۆماسیەکان کارێکی قبوڵ نەکراوە و زیان گەیاندن بە ئارامی و ئاسایشی عێراق کاری تیرۆریستیە." وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند کە لەدوای 17 تشرینی یەکەمی 2023 زیاد لە 75 جار هێرش کراوەتەسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا.
هاوڵاتی دوای 48 کاتژمێر ئەو پاسەوانەی دزینی نەوتی لە خوێندنگایەکی دهۆک ئاشکراکرد، ئازاد کرا بەڵام کورەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. دوای دوو رۆژ لەدەستگیرگردنی سەگڤان یونس سەلیم، ئەو پاسەوانەی دزینی نەوتی لەلایەن بەڕێوبەرێکی خوێندنگایەکی دهۆک ئاشکرا کرد، ئازاد کرا، بەڵام هەر دواتر کوڕەکەی دەستگیرکرا. سەگاڤن یونس پێشتر قسەی بۆ هاوڵاتی کردووە و ئەوەی ئاشکرا کرد رووداوەکە دوو جار رویداوە و لە جارێکیان هەڕەشەی لێکراوە و لە کوڕەکەشی دراوە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی رووداوی دزییەکە نێوانیان چەند ساڵێکە. سەرچاوەیەکی تایبەت کە ئاگاداری دۆسیەکەیە بەهاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ سەگڤان یونس، ئەو پاسەوانەی دزینی نەوت لەیەکێک لەخوێندنگایەکانی ئاشکرایکرد ئازاد کرا، بەڵام شتی سەیر ئەوەیە هەر لەگەڵ ئازادکردنی کورەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا. سەگڤان یونس سەلیم، لەدایکبووی1967 لەساڵی 2002 دامەزراوە. یەکەمجار لەخوێندنگای جگەرخوێن دەست بەکاربووە، دوای ئاشکراکردنی دزییەکە لەخوێندنگای هەڵات دەگۆازریتەوە بۆ خوێندنگای "کەزان"ی کچان. بەوتەی سەرچاوەیەك بۆ هاوڵاتی، رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەگڤان یونس لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی دهۆكەوە دەستگیركرا و هۆكاری دەستگیركردنەكەشی پەیوەندی بەو دۆسیەی دزینی نەوتەوە هەیە لەكاتێكدا پێشتر چووەتە پەروەردەی دهۆك و پێیان ڕاگەیاندبوو دۆسیەكەی چارەسەر بووە. وێنەی کوڕەکەی سەگڤان یونس:
هاوڵاتی مەسرور بارزانی لە بۆنەیەکی تایبەتدا لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵی گشتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و داوایکرد "کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن." مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردەی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە لە ئێوارەخوانێکی تایبەت بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبونی مەسیح و سەری ساڵ. سەرۆکی حکومەت لە وتارێکدا لە ئێوارەخوانەکەدا پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لە باڵیۆز و کونسوڵەکان کردووە و هیوای ساڵێکی "پڕ لە شادی و سەرکەوتن"ی بۆ خواستوون. مەسرور بارزانی دەڵێت لە وتارەکەدا "ئاماژەمان بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و نیگەرانی و خەمگینی خۆمان بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختمان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە، داواشمان کرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن."
هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو پشووەی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە بۆ رۆژی یەکشەممە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکان دەوامی فەرمییە. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رۆژی یەکشەممە 10ـی کانوونی یەکەم، لە سەرجەم دامودەزگاکان دەوامی فەرمییە و پشووەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق رۆژی یەکشەممەی کردە پشوو وەک رۆژی ئازادکردن و سەرکەوتنی عێراق بەسەر داعشدا کە لە رۆژی 10ـی کانوننی یەکەمی 2017 حکومەتی ئەوکاتی عێراق سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا راگەیاند.
سەركۆ جەمال دوای زیاتر لە 12 ساڵ لەخۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات كە لەسلێمانییەوە لەژێر كاریگەری خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی سەریهەڵدا هێشتا ناڕەزایەتیەكان لەهەرێمی كوردستان بەردەوامن، بەڵام ئەوكات بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بوون و ئێستاش بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكان، چاودێرێكی سیاسی پێی وایە هۆكاری بێئەنجامبوونی خۆپیشاندانەكانی ئێستا ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنێكی رامكراو دروستبووە، پەرلەمانتارێكی پێشووتریش دەڵێت «ئەم دەسەڵاتدارانە تا نەڕووخێندرێن بەئاگا نایەنەوە»، رۆژنامەنوسێكیش پێی وایە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا خزمەت بەئەجێندای دەسەڵات دەكەن. رۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2011 تۆڕی بەرگری لەماف و ئازادییەكانی خەڵك لەسلێمانی داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لەشۆڕشەكانی تونس و میسرو فشار خستنەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی كرد .خۆپیشاندانەكان لە رۆژی 17ی شوبات ئەنجامدرا و زیاتر لەدوو مانگ بەردەوامبوون سەرئەنجام هیچ چاكسازییەك ئەنجامنەدراو خۆپیشاندانەكەش چەند قوربانییەكی لێكەوتەوە، جگە لەوەی ئەو كەسانەی دەستیان هەبوو لەكوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران هیچ سزایەك نەدران. بەپێچەوانەی ناڕەزایەتیەكان لەهەرێمی كوردستان كە تائێستا بێئەنجام بوون، بەهاری عەرەبی لەسەرەتا بزوتنەوەیەكی گەورەی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە بوو لەكۆتاییەكانی ساڵی 2010و سەرەتای ساڵی 2011 سەریانهەڵدا، ئەویش لەژێر كاریگەری شۆڕشی تونس كە بەهۆی خۆسوتاندنی محەمەد بوعەزیزی سەریهەڵداو توانی ببێتەهۆی رووخاندنی رژێمی زەینولعابدینی سەرۆكی پێشووی تونس، دواتریش ئەو شۆڕشە درێژەی كێشاو لەزۆر وڵاتی دیكە وەكو میسرو لبییا ئەنجامی هەبوو، بەپێچەوانەشەوە لەچەند وڵاتێكی دیكە گۆڕانكاری ئەوتۆی دروستنەكرد. ئەو هۆكارانەی لەو وڵاتانە بۆ بەرپابوونی شۆڕش و ناڕەزایی هەبوون وەك گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابوری و سەركوتی سیاسی و مەدەنی لەئێستادا بەڕای چاودێران و رۆژنامەنوسان بەزیادەوە لەهەرێمی كوردستان هەن. لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان خواست و داواكاری خەڵك لەچاككردنی سیستم و جیاكردنەوەی حزب لەحكومەت پاشەكشەی كردووە بۆ نان، بەڵام خواستە سەرەكییەكانی خەڵك هەر ماوەو لەبیر نەكراوە، ئەمەش ترسی لەخۆپیشاندان لای دەسەڵات كردووەتە پلان بۆیە رێگاكانی ئەنجامدانیان بەرتەسككردووەتەوە. لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لێدان و گرتنی چالاكوان و مۆڵەتنەدان بەخۆپیشاندانی هێمنانە کەمبووەتەوە، تەنانەت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین راپۆرتیان لەسەر بەرتەکسبوونەوەی ئازادییەکان لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە. سزادانی پێنج چالاكوانی خۆپیشاندانەكان لەسنوری بادینان لە رۆژی 16ی شوباتی 2021 بەپێی مادەی یەكەم لەیاسای ژمارە 21ساڵی 2003 واتە( سیخوڕی )كردن، پێدانی ئەو هۆشدارییەی دەسەڵاتە بەگوێی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت شەقام بجوڵێنن. ئومێد قەرەداغی نووسەر لەسەر سزادانی خۆپیشاندەران و چالاكوانی مەدەنی باس لەبڵاوكردنەوەی ترس دەكات لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوەو ئەو دەڵێت: لەگەڵ راپەڕینی خەڵكی كوردستان لەبەهاری 1991و دواتریش دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، ئومێدمان هەبوو كۆمەڵگایەك لەدایك ببێت كەترس تیایدا رەگەزی سەرەكی نەبێت، كەئامرازەكانی بەرهەمهێنانی ترس كۆتاییان پێبێت و كۆمەڵگای ئازادو مرۆڤی ئازادی جێگای بگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە راستیەكە ئەوەیە لەهەرێمی كوردستاندا ، كۆمەڵگای ترس وەك بەدیلی كۆماری ترس هاتووەتە ئاراوە. ئومێد لەپەیوەست بەسزادانی ئەو گیراوانە وەك ئامانجی بڵاوكردنەوەی ترس دەشڵێت: ئەمە لەڕاستیدا دروستكردنی كۆمەڵگای ترسە، دروستكردنی كۆمەڵگایەكە كە لەسەر بناغەی هێز راوەستاوەو ئامانجی دروستكردنی تاكێكە كە لەهەموو شت بترسێ ، تەنانەت لەگروپێكی ماسنجەرو كۆمێنتێكی فەیسبوك. عەبدوڵا مەلا نوری، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خۆپیشاندان لەڕابردووشدا ئەنجامێكی زۆر گەورەو دڵخۆشكەری نەبووە، بەڵام نەبوونی ئەنجام هەرگیز ناكاتە ئەوەی مرۆڤ لەچالاكی مەدەنی و جەماوەری بێهیوا بێت. وتیشی: «كارێكی سروشتییە لەسایەی ئەم حوكمڕانییەی هەرێمدا گوێ لەجەماوەر نەگیرێت، چونكە لەڕاستیدا ئەوانەی كەحوكمڕانن هیچ مەرج و بنەمایەكی ئەخلاقی حوكمڕانییان تێدا نییە، روون و راشكاو ئەمانە كۆمەڵێك خەڵكی گەندەڵ و هیچن كەحوكمڕانی دەكەن». «بۆیە ئەوانە تا ئەم ساتە، لەزمانی خەڵك لەبەدبەختی و كێشەكانی خەڵك تێناگەن و توانای چارەسەریشیان نییە تەنها ئەوكاتەی كەدەڕوخێنرێن بەئاگابێنەوە». ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان وای وت. ئارام سەعید نووسەرو چاودێری سیاسی پێی وایە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا رامكراون ئارام سەعید بەهاوڵاتی وت:» هەمومان دەزانین داواكانی مامۆستایان رەوایەو مافی خۆیانە بۆ داواكاریەكانیان بایكۆت بكەن، بەڵام هۆكاری سەرەكی وەڵامنەدانەوەی دەسەڵات بەبایكۆتی مامۆستایان ئەوەیە مامۆستایان هەر بەتەنها خۆیانن و ئەمەش كارناكاتە سەر دەسەڵات و پێگەی ئابوری و بەمشێوەیە چەند بەردەوام بێت كێشە بۆ دەسەڵاتێك دروست ناكات كەباكی بەپەروەردەو بژێوی مامۆستایان نیە، بەڵام ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران و كاسبكاران و تووێژەكانی تر پێكەوەبن و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت و كار لەئابوریان بكات ئەوە دەبێتە مەترسی و ئەوكات سەركوت و رێگرتن و دیوە راستەقینەكەی دەسەڵات دەستپێدەكات و دەردەكەوێت». ئارام سەعید وتیشی:» رەفتارەكانی دەسەڵاتی سیاسی دیارو روونە ئەگەر تووێژێكی وەك مامۆستا بەتەنها بێت ئەوا هیچ رێگریەكیان لێناكەن بەڵام ئەگەر خوێندكاران و فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانەی رۆژانە پارە بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە بچنە پاڵ مامۆستایان ئەوكات كاریگەری گەورە دروستدەكەن و دەسەڵات ناچاردەكەن بەوەڵامدانەوەیان». «سەبارەت بەئۆپۆزسیۆنیش تائێستا پشتگیری دەكەن، بەڵام تێڕوانینێكی راشكاوانە نیەو ئەوەی دەیبینین لەڕاگەیاندنەكانیانەوە پشتگیرییەو ئەمەش پێناچێت هیچ ئاكامێكی هەبێت، مامۆستاش كاتێك پشتگیری ئۆپۆزسیۆن دەكات كەدڵنیابێت لەوەی بەرنامەكەیان گۆڕانكاری دروستدەكات، ریسك ناكەن بەوەی جارێكی تر وەك گۆڕان بێئومێدیان بكاتەوە، چونكە بەشێكی زۆری ئۆپۆزسیۆن خۆیان بەبەدیلی دەسەڵات نازانن و بوونەتە هاوپەیمانێكی سیاسی دەسەڵات، دەسەڵاتی سیاسیش ئەو رووبەرەیان پێدەبەخشێت لەناڕەزایی، ئەمەش لەسیاسەتدا پێی دەگوترێت توانای گۆڕینی هێزی بەرەنگاربوونەوە بەئۆپۆزسیۆنی رامكراو». ئارام سەعید وای وت. ئیحسان فواد، رۆژنامەنوس و چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنییە، پێی وایە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا خزمەت بەئەجێندای دەسەڵات دەكەن ئیحسان فواد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەر مەسەلەی مووچە لەدوای 2014وە خۆپیشاندان ئەنجامدراوە ئەگەرنا پێشتر لە 1991ەوە ناڕەزایی هەبووە، دەیان خۆپیشاندان كراوە لەكابینەكانی رابردوو، بەڵام هیچ لەدۆخەكە نەگۆڕاوە، كێشەكە ئەوەیە ئەگەر پەیامیش نەگات دەبێت بەردەوامبێت». ئەو چالاكوانە مەدەنییە دەشڵێت:»خەڵك دەزانێت داهاتی ناوخۆ هەیەو حكومەت توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە بەڵام نایكات، بەهیچ شێوەیەك هیچ بەرپرسێكی حزبی ئامادەنین یەك رۆژ بەبێ دەستكەوتی ماددی دەوام بكەن، بەڵام مەسەلەیەكی دیكە هەیە كەئەویش خۆپیشاندانەكان سەرتاسەری نین». «خۆپیشاندانەكان هێشتا نەگەیشتووەتە پایتەخت، لەهەر وڵاتێكیش خۆپیشاندان نەگاتە پایتەخت ئەنجامی نابێت، ئەوە هیچ ئۆپۆزسیۆنی ئێستا یان كارتۆنین یاخود ئەجێندای دەسەڵات جێبەجێدەكەن، بەڵام پێشتریش كەئۆپۆزسیۆن هەبوو كاك نەوشیروانیش نەیتوانی ناڕەزایی بگەیەنێتە ئەودیو دێگەڵە، مەسەلە ئەوە نیە دژی لایەنێك بێت، بەڵام پایتەخت گرنگەو كاریگەری هەیە وەك شۆڕشەكان بەتایبەتیش ئەوانەی بەهاری عەرەبی كە لەپایتەختەكانەوە روویداوەو ئەنجامیشی هەبووە». ئیحسان فواد وای وت. ئەو چالاكوانە پێی وایە «هەموو حزبە ناڕازییەكانی ئێستا كەمووچەخۆریشیان لەحكومەت هەیە نەیانتوانیوە 100 كەس لەپایتەخت كۆبكەنەوەو كاریگەری دروستبكەن، ئەوەش بەشێكە لەپۆپۆلیستیەتی ئەو حزبانە».
هاوڵاتی بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ لە بارەی دورخستنەوەی لە پۆستەکەی دهڵێت، "داوام لێدەکرێت هۆکارى بەزۆر دەستلەکارکێشانەوەم ئاشکرابکەم" و وردەکارى لەبارەى دورخستنەوەکەی و خراپى کەرتى تەندروستى و خزمەتگوزاریی لە چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات. د. فەرهاد محەمەد، لە رونکردنەوەیەکیدا کە لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتى:"ئەوەى لەگەڵ هاوڕێکانمانو لەماوەى دەستبەکاربونمان بۆ تەندروستى چەمچەماڵمان کردوە بەدرێژایی ئەم سێکتەرو شارەکەش نەکراوە، سودى چییە قسەکردن لەکاتێکدا هەموو خەڵکى کوردستانو چەمچەماڵ زانییان حەوزى سەرەکى ئاوى خواردنەوە، حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوە، لەسەرى هاتومەتە دەنگ، بەڵام دەریانکردم". دەشڵێت، "سودى چییە گەر هەموو خەڵکى چەمچەماڵ ئاگاداربکەمەوە کە سەربڕخانەکانیان لەزبڵدان پیسترەو هیچ مەرجێکى تەندروستیان تێدانییە، ویستم ئەمجارە وەک زۆر بهرپرسى دیكه دەست بەکڵاوەکەمەوە بگرم با نەیباتو شار بۆ هەتاهەتایە جێبێڵمو خەریکى ژیانى تایبەتى خۆم بم". لە نوسینەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە تەنها چەمچەماڵ هێندەى فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانى سروشتى هەیە کەچى 15 رۆژ جارێک ئاوى خواردنەوەیان پێدەدرێت و ئەو ئاوەش حەوت ساڵە لەناو زبڵداندا گلدەدرێتەوە، دەپرێت: سودى چییە ئاگاداریان بکەمەوە؟ ههر لهو ڕونكردنهوهیهدا د.فهرهاد ئاماژهى بهوهشكردوه، "وامزانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندییو سەنتەری گورچیلەی دەستکردو سەنتەری پسپۆڕی ددانو سەنتەری فریاکەوتنو خودەجو پزیشکی دادوەریو دەیان هۆبەو بەشو هۆڵی منداڵبونو دوو نەخۆشخانەو سەدان ئامێری پزیشکیو ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمانو ئیسعاف بەبڕی هەشت ملیار دینار کەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ ئەم تەندروستی ئەم شارە بکڕم، پەیکەری ڕیزلێنانم بۆ دروستدەکەنو مندڵەکانم شانازی بەپەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن، کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە دروستکردبوو، دەریان کردم". د.فهرهاد درێژه بهڕونكردنهوهكهى دهداتو باسى لهوهشكردوه، "ئێستا داواکارى گشتى ئەم نوسینانە دەبینێتو دەزانێت بەهۆى کەسێکەوە ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵ پاکنەکراوەتەوە، بزانم لەسەرى یەتە دەنگ؟". پێشتریش بەڕێوەبەرى تەندروستى چەمچەماڵ لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵو لەئاگادارییەکدا کە ئاڕاستەى قائیمقامیەتى قەزاى چەمچەماڵى کردبوو هۆشدارى دەدات کە بە هێواشى خەڵکى چەمچەماڵ جینۆساید دەکرێن و سەرچاوى ئاوى خواردنەوە بەهۆى کەسێکەوە رێگرى لە پاککردنەوەى دەکرێت و ئەو ئاوەى دەدرێتەوە هاوڵاتییان پیسە و شیاوى خواردنەوە نییە.
