داعش له‌ ئینته‌رنێت راوده‌نرێت

داعش بەرەو پووکانەوەی میدیایی دەچێت بەهۆی راونانی لەئینتەرنێت و نەبوونی ڤیدیۆی کوالێتی بەرزەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دابەزینی ئاستی ئامێری پڕوپاگەندەی داعش کە رۆژێک لەڕۆژان زۆر پێشکەوتوو بوو، لەدەستدانی خاک و ئایدیۆلۆژیاکەی گروپەکە دەردەخات کە لەم چەندساڵەی دواییدا دووچاری هاتووە، ھەروەھا ھەزاران ئەکاونتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکان داخراوەو پەنا بۆ تۆڕە کەمناسراوەکان دەبات.

کەناڵە پڕوپاگەندەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە تەلەگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم چەند مانگەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو خراپبوون، کە بڵاوکراوەکانیان تەنیا نووسین و جارجارەش وێنەو ڤیدیۆی بێکوالێتی لەخۆدەگرن.

ئەم دۆخەی رەنگدانەوەی ئەو لەدەستدانانەیە کە گروپەکە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەئەفغانستان و بەشەکانی دیکەی جیهان دووچاری هاتووە.

شکستی ناوچەیی داعش لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەئازاری 2019 گورزێکی کوشندەی لەناوەندی سەرەکیی پڕوپاگەندەی گروپەکە وەشاند، لەکاتێکدا ئەندامان و پڕوپاگەندەچییەکانی یان کوژران یان دەستگیرکران دوای داڕمانی بەناو «خەلافەتەکە».

لەوکاتەوە، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری توانا تەکنیکییەکانی گروپەکەیان سنووردار کردووە و زۆربەی سەکۆ میدیاییەکانی، تەکنەلۆژیا، ڤیدیۆگرافەرەکان، تەکنیکارانی دەنگ و پڕوپاگەندەچییەکان و کارمەندەکانی دیکەشی لێدابڕیون.

ماوەی دوای ژمارەیەک هێرشی گەورەی ئەمدواییە بەرەو خراپترچوونی ئۆپەراسیۆنە میدیاییەکانی گروپە تیرۆریستییەکەیان دەرخستووە.

لەچەند ساڵی رابردوودا، میدیای داعش چەندین وێنەو ڤیدیۆی کوالێتی بەرزی تاوانەکانی، لەپێش ئەنجامدان و لەکاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانیانی بڵاودەکردەوە.

بەڵام ئێستا، لەگەڵ کاڵوکرچ بوونی توانای میدیاکەی، وێنەی بێ کوالێتی بڵاودەکاتەوە، ئەوەش دەریدەخات گروپە تیرۆریستییەکە هیچ توانایەک و کەرەستەیەک یان کارمەندێکی نییە بۆ دۆکیومەنتکردنی هێرشەکان بەدرێژایی پرۆسەی ئەنجامدانیان.

خراپبوونی ئاستی ئەو میدیایە لەسوریاو عێراق زۆر روونە، ئەو شوێنانەی گروپەکە رۆژێک لەڕۆژان زۆرترین ناوچەی لەژێردەستدا بوو.

لەکاتێکدا چیتر ناتوانێت سەرکەوتنی سەربازیی پیشانبدات یان زوڕنا بۆ خەلافەتەکەی لێبدات، گروپەکە ئێستا بەزۆری پەیامی نووسراوی سادە بڵاودەکاتەوە کە زۆربەی کات لەئەستۆگرتنی ئەنجامدانی هێرشەکانی ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە.

داعش لەههموو جیهاندا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راودەنرێت

لەوکاتەوەی داعش لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان قەدەغەکراوە، گروپەکە توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی.

شیکاروانانی هەواڵگری و رۆژنامەوانی دەڵێن رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بووەتەوە لههەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت.

هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان -- لەنێویاندا فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام -- کهناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووەو ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی.

ئەمە زیاتر دهرکهوت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بەئاژانسی هەواڵی ناشری داعشهوه هێرشەکەی 29ی تشرینی دووەمی سهر پردێکی لەندەن (لهندهن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیام گۆڕینەوەی روسییەوە بەناوی تامتام.

دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لەهێرشەکە، بەهەزاران ئەکاونت و کهناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن.

بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3ی کانوونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بەداعشی سڕییەوەو بەشێوەیەکی کاریگەر گرووپەکەی لەمینبەرەکە دەرکرد.

لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش

رەعد کەعبی مامۆستای تووێژینهوه رۆژنامەوانیەکان لەزانکۆی بەغدا، باس لەوەدەکات کەهەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان «سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کەبیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان».

کەعبی وتی «وادیارە هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لەهەر رێگەیەکەوە بێت.

زۆرێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرۆگرامی وایان داڕشتتووە کە خۆکارانە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی برهو بهداعش دهدهن.

لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزارو (500) کهناڵی قەدەغەکردووە کەپروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە، داعش گواستییهوه بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لەتویتەرو فەیسبووک دەرکرایە دەرەوە.

ههروهها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبووکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لەگەڵ سناپچات و ھەروەھا تیک تۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلتهرهکانی زیرەکی دەستکردەوە چاودێری دەکرێن.

لەتشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بەئاژانسی فرانس پرێسی وت مینبەرەکە نزیکەی (10) ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە لهسهر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بەچەکەوە.

تیک تۆک، کە رێ بەبەکارهێنەرانی دەدات ڤیدیۆی کورت دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاواندا باوە.

پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووەو نزیکەی (26) هەزار ماڵپەڕو ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە.

هەڵمەتەکە ئەکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی لهخۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی «ناشر»، کە بابەتهکانی «ئەعماق»ی بڵاودەکردەوە، که باڵی پروپاگەندەی داعشه.

سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بەئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کەدەگەڕێتەوە بۆ 2016.

پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21ی کانونی دووەم بڵاوکرانەوەو رایانگەیاند کهفەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لەبواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک.

کەعبی وتی «لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت سەرکەوتوو بووە»و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لەتیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەرو مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن».

رێگرتن لەپروپاگەندەی داعش

فازل ئەبوڕەغیف پسپۆڕی عێراقی لهبواری هەواڵگریدا، وتی «وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق توانیویانە رێگربن لەچالاکییە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن».

باسی لەوەکرد «ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕو کەسێک کە تێوەگلابوون لەدروستکردن و بەڕێوەبردنی چەندین پەیج و ئەکاونت کەپشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان».

نزیکەی دوو ھەزار کەس لەتەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و (22) مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون.

ئەبوڕەغیف وتی «بەدەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لەتەواوی جیهانداو داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان «سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بەکارنامەکەی».

وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که رێدهگرن لەمە.»

بەڵام هۆشدارییدا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن».

ھەروەھا وتی «بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێریی ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە».

دوای لەدەستدانی سەکردەو پارەکانی، میدیاش لەدەستدەدات

داعش گەیشتووەتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شهڕکردنی.

ئیبراهیم سەراجی بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرگری لەمافەکانی رۆژنامهوانان، وتی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێریی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانهوه بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی لهتیرۆر دەکەن.»

سەراجی وتی «سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵەو چالاکییەکانی داعشەو راستییەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه، مانای ئهوه نییه دەتوانن لەوە رزگاربن کەئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون».

جەختیکردەوە لەپێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگربن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەو برەودان بهتووندڕەوی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار