دیمەنی سوریا، هەڵکشانەکان و دابەشبوونی قووڵی نێوخۆیی کوردەکان و هەسەدە، هێزێکی دڵنیا لە ناوچەیەکی نادڵنیادا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردن: هاوڵاتی
هەتا بێت پەیوەندییەکان گرژیی و لێکدوورکەوتنەوەی زیاتریان لێدەکەوێتەوە.
سووریا، شانۆی خۆبەرجەستەکردنی هێزە ناوچەییەکان و سیناریۆ ناکۆکەکان، لە چەند مانگی ڕابردووەوە دیمەنی گەرمی سیاسیی ناوچەکەیە و کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە و هاوکێشەکانی هێز و پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانییەکان داناوە. بفەرموون لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێک:
لە دوای هەردوو کۆمەڵکوژی دروزییەکان و عەلەوییەکانەوە لەلایەن چەکدارە توندڕەوە دینییەکانی نزیک لە ئەحمەد شەرع و هێزە بەدەوییەکان و بەشێک لە سوپاکەی شەرع، ڕێککەوتنی نێوان کوردەکان و دیمەشق گرێکوێرەی تێکەوت. ڕێبەرانی پەیەدە و هەسەدە متمانەیان بەرامبەر شەرع کە لە ژێر کاریگەریی توندی تورکیادایە تا نزمترین ئاست دابەزیوە و بۆ ئەمەش مەرج و تایبەتمندییەکانی خۆیان بۆ ڕێککەوتن فراوانتر کردووە.
هەسەدە وەکو هێزێکی تەواو ڕاهێنراو و نیزامی، بووەتە جێگا متمانەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی ئەوروپیی و ئیسرائیل. هەروەها ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانییەوە، بە تەواوی بەهرەمەندن لە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش، بە تەواوی پیشاندەرەوەی ئەو مۆزایکە دینیی، ئیتنیکیی و کۆمەڵایەتییەی ناوچەکەن.
لە دیمەشق، دەسەڵاتێک بە شوناسێکی نەتەوەیی عەرەبیی و دینی ئیسلامیی و مەزهەبیی سونییەوە، مایەی نەوەکو متمانەی ناوەندە سیاسیی و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو تەنانەت جێگای متمانەی دەوڵەتانی عەرەبیی سوننیی و پێکهاتە نێوخۆییەکانی سوریاش نییە.
لە سیناریۆیەکی تورکییدا، ئەنەکەسە کە گروپێکی نزیک و سپۆنسەرکراوی تورکین و لە کوردەکانی سوریا پێکهێنراون، هەوڵدەدرێت وەکو کورد لەگەڵ دیمەشق کۆببنەوە و بە ئاماجی لاوازکردنی هەڵویستی هەسەدە و پاشەکشەپێکردنی لە هەڵوێست و داواکارییەکانی و هەروەها لەتکردنی یەکڕیزیی کوردەکان، بەڵام ئەمە سیناریۆیەکی پێشوەخت شکستخواردووە و پلانێکی پووچ و بێئەنجامە.
ئەحمەد شەرع لە لێدوانێکدا ووتی: هەسەدە نوێنەرایەتی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا و کوردەکان ناکات.
لەلایەن ئاڵدار خەلیلەوە وەڵامدرایەوە ووتی: ئەحمەد شەرع کێ تۆی هێنایە سەر تەختی دەسەڵات؟ تۆ نوێنەرایەتی کێ دەکەیت؟ تۆ هەڵنەبژێردراوی بەڵکو دانراوی. تۆ تەنها نوێنەرایەتی خۆت دەکەیت و زیاتر نا.
دیمەنەکە ئێستا بەم شێوەیەیە: ناوچەیەکی فراوانی باشوری سوریا و تا نزیک دیمەشق لە پارێزگای سوەیدا و درعا لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدراە دروزییەکان و سوپای ئیسرائیلدایە. هێزە چەکدارە دروزییەکان بە تەواوی پاڵپشتیی چەک و پارە لە ئیسرائیل وەردەگرن. هەروەها دروزییەکان درێژبوونەوەکی ئیتنیکییان هەیە بۆ نێو ئیسرائیل.
تورکیا وەکو هێزێکی کاریگەر بەسەر دیمەشقەوە پلان و سیناریۆکانی تا ئێستا نەوەکو سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە، بەڵکو تەنانەت پێدەچێت سوریا ببێتە زەلکاوێک کە نەزانێت چۆن دەربچێت لێی و ڕزگاری ببێت. هەرچەندە تورکیا لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە، توانی عفرین و سەرێکانیی و گرێ سپیی دەستبەسەردا بگرێت بەڵام هەر ئێستا کشانەوە و بەجێ هێشتنی ئەو ناوچانە، بۆی دەبێتە شکستێکی گەورە و مانەوەشی هەر مانەوەیە لە زۆنگاوێکدا کە تابێت باجەکەی قورستر دەبێت لە هەموو لایەنێکەوە.
تورکیا بەهۆی دژایەتیکردنی هەسەدە و کوردەکانەوە، کەوتووەتە بەرەی دژ بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلەوە.
ئیسرائیل لە دوای هێرشەکانییەوە بۆ سەر قەتەر، ئیسرائیل بووەتە تاکە هێزی باڵادەستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئیسرائیل دۆخی جەنگی سەپاندووە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا و هیچ یەک لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی سەروەری دەوڵەتان لەبەرچاو ناگرێت.
ئیسرائیل هێزێکی پێشکەوتووی تەکنۆلۆژیای سەربازیی هەیە و هاوپەیمانییەتێکی توند و مێژوویی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی ڕۆژئاواییش پشتگیریی دەکەن.
کۆنگرەی دەوڵەتانی ئیسلامی لە قەتەر هیچ ئەنجام و هەڵوێستێکی لێنەکەوتەوە، جگە لە بەیاننامە. لە دۆخی جەنگدا بەیاننامە بە دەردی هیچ ناخوات.
ئێستا تورکیا بەهۆی پاڵپشتیی بۆ حەمماس لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیلدایە و هەروەها ئێرانیش هەر سات بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ژێر هەڕەشەدایە.
ئێرانیش لە ژێر هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگدایە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لە دیمەنی نائارام و نادڵنیای سوریادا تاکە هێزێکی دڵنیا لە ئامادەیی و ئامانجی ڕوون و ڕەواوە، هەسەدە و کوردەکانن.
ناوچەکە لە نەخشەکێشانێکی نوێدایە لە ئایندەیەکی نزیکدا. هەروەکو سەرۆکی کەنەدا وتی، ساڵی ١٩١٨ و ١٩٤٥ و ١٩٨٩ جەنگ ڕوویاندا و نەمانزانی بەرەو کوێمان دەبات. ئێستاش جەنگ هەڵگیرساوە و نازانین بەرەو کوێمان دەبات.
سەرۆکی یەکیک لە ٧ وڵاتە گەورەکەی جیهان، ئەوە بۆچوونی بێت، هەڵبەت کە پێشبینی و لێکدانەوە بۆ ئایندەی ململانێ و جەنگ لەم ناوچەیە ئاسان نابێت. با بزانین گۆڕانکارییەکان و پەرەسەندنەکان دەگەن بە کوێ و ئاڕاستەی ململانێ و جەنگ بەرەو کوێمان دەبەن.
بۆچوونی تۆ وەکو هاوڵاتییەکی بە ئاگا لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لەسەر دیمەنی سیاسیی ئێستای سوریا و ناوچەکە بە گشتی چییە؟

