رێباز حه‌ملان: بارزانى چیایه‌که مێژوو سه‌لماندویه‌تى هیچ ره‌شه‌بایه‌ک نایله‌رزێنێ
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دوێنێ فیلمێکی دیکۆمێنتارى که له‌لایه‌ن هه‌وادارانی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی کوژراوی سوپای قودس به‌فراوانی بڵاوکرایه‌وه‌و کاردانه‌وه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستانى لێکه‌وته‌وه و رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:" بارزانى چیایه‌که مێژوو سه‌لماندویه‌تى ھیچ ره‌شه‌بایه‌ک نایله‌رزێنێ".
فیلمه دیکۆمێنتاریه‌که به‌ناوی (توکل) بڵاوکرایه‌وه تیایدا یه‌کێک رۆڵی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پێشووی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌بینێت که تیایدا داوا له ده‌وڵه‌تان ده‌کات فریای هه‌رێمی کوردستان بکه‌ون نه‌هێڵن داعش داگیری بکات.
ڕێباز حه‌ملان به‌رگریى له مه‌سعود بارزانى ده‌کات و ده‌ڵێت، "نه‌یار و دوژمنانى کورد سه‌رۆک بارزانى به ئامانجى خۆیان ده‌زانن، به‌ڵام بارزانى هیچ ڕه‌شه‌بایه‌ک نایله‌رزێنێ و بۆ هیچ کام له سه‌ختییه‌کان خۆى نه‌چه‌ماند و خۆى ناچه‌مێنێ".
رێباز حه‌ملان ده‌شڵێت "له ئیمام شافیعییان پرسی: چۆن بزانین ئه‌ھلى حه‌ق کێیه له‌زه‌مه‌نى زیاد بوونى فیتنه‌دا، ئه‌ویش فه‌رمووی: دواى تیرى دوژمن بکه‌ون ئه‌وه ئه‌تانبات بۆ لاى ئه‌ھلى حه‌ق! چه‌ندین ساڵه تیرى دوژمن ڕووى له سه‌رۆک بارزانییه به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى به درێژایى مێژووى خه‌بات و تێکۆشانى گه‌له‌که‌مان ئه‌م سه‌رکرده‌یه توانى زۆربه‌ى لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌کانى ھه‌رێم کۆبکاته‌وه‌و توانى ده‌نگى زیاتر 92%ى میلله‌ته‌که‌مان به‌ھه‌موو جیاوازى ئاین و ره‌نگ و ئایدۆلۆژیا به ده‌ست بھێنێت و بلێ "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان به‌رامبه‌ر به ھه‌موو شۆڤێنییه‌کان."
هاوکات جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که" بارزانى چیایه‌که مێژوو سه‌لماندویه‌تى ھیچ ره‌شه‌بایه‌ک نایله‌رزێنێ و رووداوه‌کانى رابردوو شاھیدن که بۆ ھیچ کام له سه‌ختییه‌کان خۆى نه‌چه‌ماند و خۆى ناچه‌مێنێ."