دەستەی دەستپاکی عێراق به‌ڕێوەبه‌رێکى کوردى بە 5 ساڵ بەندکردن سزادا

بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانی عێراق، 40 ملیۆن دۆلار زیانی بەو بانکە گەیاندووە

3 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگه‌یاند بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانی عێراق (TBI) حەمدییە ئەلجاف لەلایەن دادگاوە بە 5 ساڵ بەندکردن سزادراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی‌ ده‌ستپاكی‌ عیراق لە راگەیێندراوێكیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی TBI، بەهۆی ئەنجامدانی "هەڵەیەکی زۆر گەورە"، 40 ملیۆن دۆلار زیانی بەو بانکە گەیاندووە.

بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكی عێراق وردەکاریی دۆسیەکەی بۆ دادگا بەرز کردووەتەوە و تێیدا بەڕێوەبەری پێشووتری بانکەکە بە ئەنجامدانی "هەڵەیەکی گەورە و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی" تۆمەتبارکراوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەکە، حەمدیە جاف کە کوردە، ئاسانکاری دارایی بەبڕی 40 ملیۆن دۆلار بۆ یەکێک لە بانکەکان پێشکەشکردووە بەبێ ئەوەی ئەو بانکە لەڕووی داراییەوە توانای گەرەنتیکردنی گەڕاندنەوەی پارەکەی هەبووبێت. هەروەها ئەو بانکە مامەڵەی تایبەت بە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرز تەواو نەکردبوو.

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، دادگای تاوانەکانی کەرخ تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، لەدوای تەماشاکردنی بەڵگەکان و گوێگرتن لە گوتەکانی نوێنەری یاسایی بانکەکە، گەیشتە ئەو بڕوایەی کە تۆمەتبار تاوانی کردووە و بەگوێرەی ماددەی  341 لە یاسای سزاکانی عێراق، بە غیابی بە 5 ساڵ زیندانی کرا.

بڕیاری دادگا هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی تاوانبار و قەدەخەکردنی گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات و دەستگرتن بەسەر سامانی گوازراوە و نەگوازراوەکانی لەخۆگرتووە، هەروەها ئەو لایەنەی کە زیانی بەرکەوتووە دەتوانێت داوای قەرەبووکردنەوە بکات.

حەمدیە جاف لە 18-7-2011 بە بڕیاری نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کرایە بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراق، ئەمەش دوای تۆمەتبارکردنی حوسێن ئەزری، سەرۆکی پێشووتری بانکەکە بە گەندەڵی ئیداری و دارایی.

حەمدیە جاف تاوەکو ساڵی 2016 لە پۆستەکەی مایەوە، دواتر بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق لە پۆستەکەی لادرا و فەیسەڵ وسام هیمس بە وەکالەت لە شوێنەکەی دانرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار