بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە خوێندکاران و مامۆستایان تۆمەتبارێک دەستگیرکرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند کە قسەی ناشیاویان بە خەڵک وتووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان چووەتە بەردەم خوێندنگای کچان و بێڕێزی بە مامۆستا و خوێندکاران کردووە.
رائید عیماد حسێن، وتەبێژی پولیسی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ کەسێکمان دەستگیرکردووە کە چووەتە بەردەم خوێندنگایەکی کچان و بێ رێزی بەرامبەر خوێندنکاران و مامۆستایان کردووە، لەبەردەم دادوەر دانی بەتاوانەکەی خوی داوە و بەپێی مادەی ٤٠٢ لە یاسای سزادان دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوە بەردەوامە".
وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی "تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٥ ساڵە خەڵکی ئاکرێیە و دوو خوێندکار سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە، سزای ئەم جۆرە تاوانانە بەپێی یاسای زیندانیکردنە بۆسێ مانگ یان پێبژاردنە".
ئەوەشی خستەڕوو "هاوکات لەلایەكی دیكەوە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (أ.ن.أ.) و (أ.ئ.أ.) كە ویستوویانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەنجامدانی كاری نەشیاو بەكاربهێنن دەستگیركراون رێكارە یاساییەكانیان بەرامبەر گیراوەتەبەر".
