تەڤگەری ئازادی: لەمێژووی گەلانی عێراقدا نەبووە داگیرکاریی قبوڵ بکرێت

5 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تەڤگەری ئازادی، پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات و کۆمەڵگە لە زەنگێکی مەترسیدار ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە کوردستانییان و گەلانی عێراق، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، بێدەنگ نەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھاتنەناوەوەی سەدان تانک و زرێپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا، بەبیانوی ھەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە رۆژانی 22 و 23 حوزەیران بۆ ناو خاکی ھەرێمی کورستان و عێراق، لە سنوری پارێزگای دھۆک، پێشھاتێکی مەترسییدارە و لە ناوەڕۆکدا پیلانێکە بۆ داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنی خاکی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی".

دەقی پەیامەکەی تەڤگەری ئازادی:

تەڤگەری ئازادیی لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگە لە زەنگێكی مەترسییدار ئاگادار دەكاتەوە پەرلەمانتاران، سەۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، لەبەردەم تاقی کردنەوەیەکی گەورەدان، چۆن وەڵامی ئەو داگیرکاریی و دەست درێژەیەی سوپای تورکیا ئەدەنەوە؟ پێویستە کوردستانییان و گەلانی عێراق، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، بێدەنگ نەبن و خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانیی و ئەخلاقیی بن.

لەمێژووی گەلانی عێراقدا، نەبووە داگیرکاریی قبوڵ بکرێت، ھاتنەناوەوەی سەدان تانک و زرێپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا، بەبیانوی ھەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە رۆژانی 22 و 23 حوزەیران بۆ ناو خاکی ھەرێمی کورستان و عێراق، لە سنوری پارێزگای دھۆک، پێشھاتێکی مەترسییدارە و لە ناوەڕۆکدا پیلانێکە بۆ داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنی خاکی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی.

ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و گەلانی عێراق، دەبێت ئەو بێ ھەڵوێستییەی حکومەتی فیدراڵ و ھاوکارییەکانی «پارتی-بنەماڵەی بارزانیی» بۆ سوپای داگیرکەر رەتبکەنەوە و شەرمەزاری بکەن.

ئەوەی رووئەدات، پێشێلکارییەکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە و ژیان و ئاسایشی ھاووڵاتییانی بەتەواوی خستووەتە ژێر ھەڕەشەو مەترسییەوە، پەرلەمانتارانی عێراق دەبێت خاوەنداریی لەو سوێند خواردن و بەڵێنە بکەن کە خوێندویانە داویانە بەگەلی عراق، چۆن و بەچ شێوەیەک بەرگریی لەخاک و سەروەریی وڵاتەکەیان و ھاووڵاتییانیان دەکەن؟ سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراق، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان، چۆن وەڵامی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی دەوڵەتی تورکیا ئەدەنەوە، ئەو داگیرکارییەی سوپای تورک ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت.

ئەوەی بەرەوروی ئەو داگیرکارییە وەستاوەتەوە و بەرگریی دەکات، ھێزی پاراستنی گەلانە، ھەر ئەو گەریلایانە بوون فریای شەنگال و ئێزدییەکان کەوتن و لە کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنی یەکجاریی رزگاریانکردن.

نابێت حکومەت و گەلانی عێراق، ئەو رۆژانەیان لە بیر بچێتەوە، کە حکومەتەکەی ئەردۆغان و تیرۆریستەکان و ھێزە وابەستەکانی بۆ پارچەکردنی خاک و گەلانی عێراق، ھاوکار و پشتیوانیی داعشیان دەکرد، بەسەدان ھەزار ھاووڵاتیی لەھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی گەلانی عێراقی کردنە قوربانیی؛ موسڵ و ئەنبارو نیوەی شار و شارۆچکەو خاکی عێراقیان پێ خاپورکرد.

لە جیاتی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی رێوشوێنە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، داوای یاسایی لەسەر دەوڵەتی تورکیا و ھاوکارەکانی و داعش تۆمار بکات، کە بەسەدان بەڵگە سەلمێنراوە، بە پێچەوانەوە بەو بێدەنگیی و بێ ھەڵوێستییەی دەبێتە بەشێک لەو وێرانیی و داگیرکارییە لەسەر خاکی خۆی! ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانیی و ئەخلاقیی، وێڕای شەرمەزارکردنی بێ ھەڵوێستیی حکومەتی عێراق و ھاوکارییەکانی پارتی بۆ سوپای تورکیا، بە ئەرکی ئەخلاقیی و مێژوویی خۆمانی دەزانیین، لە ھەموو ئاستێکدا کار بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو داگیرکارییە بکەین.

لەسەر ئەو بنەمایە، بانگەواز لە تەواوی ئەو لایەنانەدەکەین کە ناخوازن لەژێر سێبەر و رەحمەتی سوپای داگیرکەراندا بژین، دەبێت خاوەنداریی لە سەروەریی و شکۆی گەل بکەین و بەیەک ریز لەگەڵ گەلەکەمان بوەستین و داگیرکاریی و خیانەت تێک بشکێنیین.

گەلی ئێمە بە کورد و عەرەب و تەواوی پێکھاتەکانیەوە، لەبەرامبەر داگیرکاریی و پێشێلکردنی سەروەرییە نیشتمانییەکانیی، ھەرگیز لایەن و ھێز و حکومەتێک پەسند ناکات کە بێھەڵوێست بێت.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

27/6/2024

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار