عێراق لە ساڵی 2026 ماڵئاوایی لەپارەدانی کاش دەکات

6 كاتژمێر لەمەوپێش



بانکی ناوەندیی عێراق پێشبینی دەکات مانگی تەممووزی ساڵی 2026 وادەی کۆتاییهێنان بێت بە پارەدانی کاش لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان و دامەزراوەکانی دیکە.

د. زرغام موسا، بەڕێوەبەری چاودێری دامەزراوە داراییە نابانکییەکان لە بانکی ناوەندی بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕاگەیاند: بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی یاسادانان و ڕێنماییەکاندا و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران و پسپۆڕانی وەزارەتەکانی دیکە، پێشکەوتنێکی باشی لە بواری پارەدانی ئەلیکترۆنیدا بەدەستهێناوە، تریلیۆنەها دینار بە شێوەی ئەلیکترۆنی دراون، جگە لەوەی بە تەواوی مامەڵەی کاش لە فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆدا نەماوە.

لە 30 ئابی ئەمساڵ، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بە میکانیزمی پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی کرد و جەختی لە پابەندکردنی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بە مامەڵەکردن بە پارەدانی ئەلیکترۆنی لەبری کاش کردەوە.

لەهەمان کاتدا د.زرغام ئەم ئاماژانەی بە "نایاب" ناوبرد و هیوای خواست ئەم ئەزموونە بڵاوبکرێتەوە بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی دەوڵەت، ڕوونیشی کردەوە "زیاتر لە دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ هاندانی دامەزراوە حکومییەکانی دیکە بۆ چوونە ناو چوارچێوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی."

زرغام پێشبینی کرد "عێراق بە تەواوی ماڵئاوایی لە مامەڵەی کاش لە دامەزراوە حکومییەکان و تەواوی دامەزراوەکاندا بکات لە تەممووزی ساڵی داهاتوو".

 خالید جابری، سەرۆکی "دامەزراوەی ئەسڵ بۆ پەرەپێدانی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام" ڕایگەیاند، بەردەوامی هەیە لە چاکسازییەکانی سیاسەتی دارایی و نەقدی و هێڵەکانی چاکسازی بانکی، بەڵام "بەم چاکسازییانە ناتوانرێت لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بێت بۆ ئەوەی مامەڵەکانی کاش بەم خێراییە کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە پێویستی بە یاسادانان و ڕێکخستنەوەی هەندێک ڕێکاری دیاریکراو و زۆر وردەکاری دیکە هەیە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار