یەکگرتوو: پێنج کورسیمان مسۆگەرە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، لە هەر سێ بازنەکانی هەرێمی کوردستان 5 کورسیی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەر کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی پێشێلکردنی رێنوێنییەکانی هەڵبژاردن، ژمارەیەک سکاڵایان تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-11-2025 سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، کۆمەڵێک زانیاریی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەنگی حیزبەکەی خستەڕوو.
سەباح بابیری رایگەیاند، ''رازیین لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام گەلێک تێبینیشمان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە هەیە.''
بە گوتەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەگشتی 175 هەزار و 918 دەنگی بەدەستهێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە هەر سێ بازنەکانی سلێمانی، دهۆک و هەولێر دەنگی حیزبەکە زیادی کردووە.
پێچەوانەی ئەنجامە بەراییەکان، سەباح بابیری رەتی دەکاتەوە حیزبەکەی لە هەولێر کورسیی بەدەستنەهێنابێت و دەڵێت، ''لە هەولێر 38 هەزار و 151 دەنگمان بەدەستهێناوە و پێمان وایە کە لە هەموو هەرێمی کوردستان 5 کورسی بەدەستدەهێنین. دوو کورسی لە بازنەی سلێمانی، دوو کورسی لە بازنەی دهۆک و کورسییەکیش لە هەولێر.''
سەبارەت بە پێشێلکردنی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن لەلایەن هەندێک بەربژێر و لیستەوە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ''تاوەکو کاژێر 15:00 پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر کەشەکە گۆڕا و یەکێک لە دیاردە ناشیرینەکان کە کڕینی دەنگە، لەبەردەم بنکەکانی دەنگداندا بیندراوە، پارە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرا، بۆئەوەی دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن.''
بەگوێرەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 24 بۆ 48 کاژێر بەر لە دەنگدان، بانگەشەی هەڵبژاردن دەوەستێت. سەباح بابیری گوتی، ''لەکاتی دەنگداندا لەبەردەم هەندێک لە بنکەکانی دەنگدان بانگەشە هەر بەردەوام بوو.''
وەک بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لە هەرسێ بازنەکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵایان لەسەر پێشێلکارییەکان تۆمار کردووە و لە کاژێرەکانی داهاتوودا، ژمارەیەک سکاڵای دیکەش تۆمار دەکەن.
رۆژی سێشەممە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووو بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی بەدەستهێنا، دوای ئەویش یەکێتی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، هێشتا ئەنجامە بەراییە فەرمییەکان رانەگەیێنراوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە کۆمیسیۆن ئەو ئەنجامە فەرمییە بەراییانە رابگەیێنێت.
