سەرۆک بارزانی: هیوادارم ئەنجامی هەڵبژاردن عێراق بخاتە سەر ڕێچکەی دروستی خۆی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بارەگاى بارزانى ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هاووڵاتیانی کوردستان و هەموو عێراق کرد.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو عێراق دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم."
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو عێراق دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی سەرکردایەتی و ئەندامان و کادران و جەماوەری پارتی و هەروەها دامودەزگە ئەمنییەكان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەم كە بە ماندووبوون و شەونخونیان كەشێكی ئارام و هێمنیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕەخساند. هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی ببێتە هۆی ئەوەی عێراق بكەوێتە سەر ڕێچكەی دروستی خۆی.
مسعود بارزانی
12ـی تشرینی دووەمی 2025
