تۆڕی شەمس: 501 حاڵەتی پروپاگەندە و 359 حاڵەتی دوورخستنەوەی چاودێران تۆمارکراوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆڕی هاوپەیمانیی ڕێکخراوە نیشتمانییەکان (تۆڕی شەمس) بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، وردەکاریی چاودێریی خۆی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی خستەڕوو.
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی تۆڕی شەمس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆڕەکەیان لە ڕێگەی 5 هەزار و 89 چاودێرەوە لە سەرانسەری 18 پارێزگای عێراق، چاودێریی پرۆسەکەیان کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا 18 هەزار و 168 ڕاپۆرتی جیاوازیان ئامادە کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕەکە، ڕێژەی دەنگدەرانی تەمەن 18 ساڵ لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتووەتە سەدا41ـی کۆی دەنگدەران. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی پسوڵەی بایۆمەتری، سەدا 56ـی دەنگدەرانی عێراق بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.
تۆڕی شەمس ژمارەیەک حاڵەتی نەخوازراو و پێشێلکاریی تۆمار کردووە، لەوانەش: 501 حاڵەتی ئەنجامدانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن لەبەردەم بنکە و وێستگەکانی دەنگدان. هەروەها 415 حاڵەتی ڕوون نەکردنەوەی شێوازی دەستپێکردنی پرۆسەکە و نەدانی زانیاریی پێویست بە کارمەندان. لەگەل 382 حاڵەتی بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ ناوەندەکانی دەنگدان، کە بەپێی ڕێکارەکان قەدەغە بوو. لەگەڵ 359 حاڵەتی ڕێگە نەدان یان دوورخستنەوەی چاودێران، کە بەشێکی هەرە زۆری لە کاتی ژماردنی دەنگەکاندا بووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.
ناوەندەکانی دەنگدا لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە کراونەوە و پرۆسەی دەنگدان تاوەکوو 6:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. سەرجەم بنکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگاری کران، هاوکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان کرد.
