هیچ مامۆستایەکی ئایینی نەیتوانیوە کورسی پەرلەمان بەدەستبێنێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، حەوت مامۆستای ئایینی بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆیان کاندید کردبوو، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچیان نەیان توانیوە کورسی پەرلەمان بەدەستبێنن.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی و تایبەت تاوەکوو ئێستا هیچ مامۆستایەکی ئایینی نەیتوانیوە کورسی پەرلەمان مسۆگەربکات.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتیشی: دیارنییە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆتایی و فەرمی کەسیان دەردەچن یان نا، بەڵام لەو حەوت مامۆستا ئایینیە کەسیان دەرنەچوونە.
پێشتریش عەبدوڵڵا شێرکاوەیی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان حەوت مامۆستای ئایینی، هاوکات کە ئەندامی کارای یەکێتیی زانایانن کاندیدن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
دوێنێ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت.
