کەشناسیی: سبەی لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت، سبەی تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێن لێزمەباران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، یەکشەممەش شەپۆلەکە بە گشتگیری بەردەوام دەبێت و دووشەممە لاواز دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کورستان و پێشبینیی کەشناسان، سبەی یەکەم بارانی گشتگیری ئەم وەرزەی بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 14-11-2025، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان دەبێتە هەوری تەواو، "لە ئێوارەدا سەرەتا نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەبارێت و دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ زۆرینەی هەرێمی کوردستان."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "سبەی بەگشیی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت؛ لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت، هەندێک کات لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ لێزمەباران و هەورە برووسکە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکان کەمێک بەفر ببارێت."
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو پێشبینییەی بۆ بڕی باران کردبوومان کەمتر بووە لەوەی هەیە، بەشی یەکەمی شەپۆلی بارانبارین سبەی شەممە دەستپێدەکات و تەواوی شارەکان دەگرێتەوە."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، سبەی لە "پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکووک و نەینەوا باران دەبارێت؛ یەکشەممەش شەپۆلەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و بەشێکی نێوەڕاستی عێراق بەردەوام دەبێت، لە دووشەممە لاواز و کەم دەبێتەوە بۆ بەشێکی هەرێمی کوردستان."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما چوار بۆ شەش پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 22 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی
