هەرێمی کوردستان سەرکردەی دەوێت
54 خولەک لەمەوپێش
موفید محمد نووری
لەژێر ڕۆشنایی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە لە هەرێمی کوردستاندا، وێنەیەکی ڕوون و بێ تەمی دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی دەرکەوت. ئەم هەڵبژاردنە ئاوێنەیەک بوو کە ڕووی ڕاستەقینەی هەردوو هێزە سەرەکییەکە (پارتی و یەکێتی) تێدا دەرکەوت. جارێکی دی سەلمێندرایەوە کە ئەم دوو هێزە نەیانتوانیوە لە سنوری جوگرافیای دەسەڵاتی نەریتیی خۆیان تێپەڕن.
پارتی لە سنوری سلێمانی تووشی پاشەکشەی گەورە بووە و نەیتوانیوە متمانەی دەنگدەری ئەو ناوچەیە بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا یەکێتی لە زاخۆ و دهۆک تووشی شکستێکی چاوەڕوانکراو بووەتەوە. ئەم دابەشبوونە جوگرافییەی زۆنی زەرد و سەوز لەم هەڵبژاردنەدا نەک کاڵ نەبووەوە، بەڵکو وەک سنورێکی کۆنکرێتی سیاسی چەسپێندرایەوە.
لە ناو هەر ڕێکخراوێکی سیاسیدا، کاتێک ئەنجامەکان بەم شێوەیەن، ئەگەر ڕێکخراوەکە نەیتوانیبێت لە دەرەوەی بازنەی جەماوەریی خۆی گەشە بکات، سەرکردایەتیی حزب بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی هەڵدەگرن؛ دەستلەکارکێشانەوە ڕوودەدات، ستاف و ڕێکخستنەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە، ستافی تازە دادەنرێت، چونکە مانەوە لە چوارچێوەیەکی جوگرافی دیاریکراودا، ئاماژەیە بۆ "شکستی بونیادی"؛ واتە شکست لە بنەمای سیاسی، شکست لە شێوازی ڕێکخستن، و شکست لە نەبوونی گوتارێکی نیشتمانی کە بتوانێت سنوورە دەستکردەکان ببڕێت.
ئەمڕۆ لە کوردستان، ئێمە باسی دوو حزبی تازە دەرکەوتوو ناکەین. ئێمە باسی دوو ڕێکخراو دەکەین کە تەمەنیان لە تەمەنی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە زیاترە، پارتی لە ١٩٤٦ـەوە دامەزراوە و یەکێتی لە ١٩٧٥ـەوە. بە کۆی تەمەنی هەردووکیان زیاتر لە سەدەیەکە لەسەر شانۆی سیاسین، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە هێشتا نەیانتوانیوە ببنە "چەترێکی نیشتمانی" بۆ هەموو خاکەکە. پارتی لە سلێمانی وەک "میوانێکی نامۆ" دەردەکەوێت و یەکێتیش لە بادینان وەک "هێزێکی دەرەکی" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم هێزانە شکستیان هێناوە لە ئەدای سیاسیدا لە ئەدای سەرکردایەتیدا لە هونەری بەڕێوەبردن و بەرخوردکردن لەگەڵ خەڵکدا. کاتێک حزبێک دوای نیو سەدە هێشتا نەیتوانیوە زمانی دیالۆگ لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بدۆزێتەوە، مانای وایە لە بنەڕەتەوە خاوەنی بنەمایەکی هەڵەیە. واتە ستراتیژی کارکردنیان تەنها بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی خۆیانە و فەرامۆشکردنی زۆرینەی کۆمەڵگایە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن وەک سەرکردەی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی تەواوی هاوڵاتیاندا بکەن. ئەم دۆخە دەرخەری بۆشاییەکی سیاسییە، ئەویش "نەبوونی سەرکردەی نیشتمانیـیە. کوردستان سەرکردەیەکی دەوێت کە خاوەنی دنیابینی و بەرنامەیەک بێت هەمووان لە خۆی کۆبکاتەوە، نەک تەنها دانیشتوانی گەڕەک و شارەکەی خۆی.
لەم ساتەوەختەدا، مێژووی وڵاتی "نیکاراگوا"م بیردەکەوێتەوە، کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین کە وانەیەکی مەزنی لە سەرکردایەتیدا پێشکەشی جیهان کرد. نیکاراگوا بۆ ماوەی دوو دەیە گۆڕەپانی شەڕێکی خوێناوی و وێرانکەر بوو. لە نێوان "ساندینیستەکان" (بە پشتیوانی بلۆکی سۆڤیەت) و لە لایەکەی تر هێزەکانی "کۆنترا" (بە پشتیوانی ئەمریکا) وڵاتەکەیان کردبووە گۆڕەپانی "جەنگی بەوەکالەت".
وڵات دابەش ببوو، رق و کینە گەیشتبووە لوتکە. خاڵی وەرچەرخان لە تراژیدیایەکەوە دەستی پێکرد؛ ساڵی ١٩٧٨، کاتێک "پیدرۆ چامۆرۆ"، سەرنووسەری دیارترین ڕۆژنامەی وڵات تیرۆر کرا. هاوسەرەکەی، "ڤیۆلێتا چامۆرۆ"، بڕیاریدا ببێتە سیمبولی کۆکردنەوەی نیشتمان. لە ساڵی ١٩٩٠دا، ڤیۆلێتا وەک یەکەم ژنە سەرۆکی نیکاراگوا هەڵبژێردرا. ئەو توانی هاوپەیمانییەک بەناوی (UNO) دروستبکات کە ١٤ پارتی سیاسی جیاواز و دژ بە یەکی لەژێر یەک چەتردا کۆکردەوە. بە جلە سپییەکەیەوە، کە هێمایەک بوو بۆ "لاپەڕەیەکی سپی" و کۆتاییهێنان بە سەردەمی جلە سەربازییەکان، توانی قەناعەت بە چەکدارەکان بکات چەکەکانیان دابنێن.
یەکێک لە کاریگەرترین دیمەنەکانی سەرکردایەتی ئەو، لە چیرۆکێکی سادە بەڵام پڕ مانادا دەردەکەوێت. دەگێڕنەوە لە کاتی دانوستانێکدا بۆ ڕازیکردنی یاخیبووەکان بە چەکدانان، ڤیۆلێتا سەرنج دەدات قۆپچەی کراسی یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکان شل بووە و خەریکە دەکەوێت. بەبێ ئەوەی گوێ بە پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتی بدات، پێشنیار دەکات بۆی بدورێتەوە. کاتێک بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکەن، ئەو دەڵێت: "ئازیزم، ئێمە هەموومان مرۆڤین، کێ هەیە لەم دنیایەدا پێویستی بە کەسێک نەبێت قۆپچەیەکی بۆ بدورێتەوە؟" ئەو بەم ڕەفتارە پەیامێکی پێدان و پێی وتن: من لێرە نیم بۆ فەرمانڕەواییکردن بەسەرتاندا، من لێرەم بۆ چاککردنەوەی ئەوەی لێتان تێکچووە. بەم شێوەیە وڵاتەکەی لە قۆناغی جەنگەوە گواستەوە بۆ ئاشتی و دادپەروەری.
ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر تینووی سەرکردەیەکی نیشتیمانییە. ئێمە زۆر سەرکردەی جەنگ و ململانێمان بینی، زۆر حزبمان بینی کە دابەشکارییان قوڵتر کردەوە. بەڵام ئەوەی لێمان ونە، سەرکردەیەکە، کە بتوانێت لە سەرووی ململانێی "زەرد و سەوز"ەوە بوەستێت. تا ئەو کاتەی سەرکردەیەک دەرنەکەوێت کە دان بەوەدا بنێت "هەموومان مرۆڤین و پێویستمان بە یەکترە" و ئامادە بێت قۆپچەی متمانە بدورێتەوە، ئێمە لە بازنەی داخراوی دوو زۆنیدا دەخولێینەوە و ناتوانین ببینە خاوەنی یەک نیشتمان.
