مەزڵوم عەبدی: هەسەدە جێگرەوەی نییەو ساڵی 2026 یەكلاكەرەوە دەبێت

11 كاتژمێر لەمەوپێش



ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی باس لەچەند پرسیکى جیاواز دەکات و دەڵێت:

ـ لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا 100 هەزار هێزی پشتیوانیمان هەیە، 70 هەزار كەسیان جەنگاوەرو 30 هەزاری تریان پۆلیس و ئاسایشن و بەرپرسن لە پاراستنی ناوچەكانیان. 
ـ سەرۆك ترەمپ دەیەوێت سوریا سەرلەنوێ مەزن بكاتەوە، لەپێناو ئەمەشدا دەبێت پاڵپشتی هێزە سوریای دیموكرات بكرێت و بەشداری پێ بكرێت لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و لە حكومەتی نوێی سوریا.

ـ یارمەتی ئەمریکا زۆر پێویستە بۆ لامەرکەزی دەسەڵات لە سوریا.
ـ رێككەوتنێكی بەرایمان هەیە بۆ تێكەڵكردنی پەیكەرە سەربازی و مەدەنییەكان لە دەوڵەتی نوێی سوریادا كە بە رێككەوتنی 10ی ئازار ناسراوە. 
ـ چاومان بە تۆم باراك نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریاو سوپای ئەمریكا كەوت، گفتوگۆمان كرد لەبارەی تێكەڵبوونمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا و سوپای نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆی سوریا. 

ـ رێككەوتووین لەسەر هێشتنەوەی سێ فیرقەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و دوو كەتیبەی تایبەت، یەكێكیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورو ئەوی تریان كەتیبەیەكی ژنانەو، هەموومان بەشێك دەبین لە وەزارەتی بەرگریی. 
ـ سەقامگیری لە ناوخۆی دیمەشق پێویستی بە ئەمریکا هەیە بۆ ئەوەی لێرە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بمێنێتەوە.

ـ پێویستمان بە گفتوگۆیەکی فراوانترە لەسەر سزاکانی قەیسەر. پشتگیرییەکە پێویستە مەرجدار بێت. پشتیوانی ئەمریکا نابێت بێ مەرج بێت. لە ئێستادا هیچ مەرجێک بۆ (سەرۆکی کاتی سوریا) ئەحمەد شەرع نییە.
ـ لەوكاتەوە كە فەرماندەی دەستەی تەحریر شامە ئەحمەد شەرع دەناسین، ئەزموونی پێشوومان پێکەوە هەیە، زۆر باش سروشتی هێزەکانی دەزانین.

ـ ئێستا ئەحمەد شەرع كار بۆ قایلكردنی خۆرئاوا دەكات بۆ ئەوەی دەرفەتێكی نوێ بە سوریا بدەن، بەڵام هێشتا مەترسی راستەقینە هەیە، لە لازقیە 2 هەزار عەلەوی كوژران، لە سوەیدا هەزار دروز كوژراون. ڤیدیۆكان بڵاودەكرانەوە، ئەوە پەیام بوو كە دواتر نۆرەی كوردە. 
ـ هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوپەیمانی كوردو عەرەب و عەلمانی و مەسیحی و نەتەوە جیاوازەكانەوەو كێشەی ناوخۆیی و ململانێی و تائیفەگەریمان كەمترە، چونكە ئێمە فرەچەشنین.

ـ ئاڵنگاری گەورە هەیە لە تێكەڵكردنی هێزەكان، چۆن دەكرێت كەتیبەیەكی ژنان تێكەڵ بكەن لەكاتێكدا ئەوان (مەبەستی حكومەتی سوریایە) كەتیبەی ژنانیان نییە.
ـ پێش ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوكاری بكات، لە ساڵی 2013 تا 2014 حیزبوڵڵا هێزێکی شەڕکەری جددی بوو لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوان زیانیان بۆ دۆزی کورد هەبوو، هەرچەندە ئێران ئێستا لاوازترە، بەڵام هێشتا هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی گروپە بە وەکالەتەكان دەدات.

ـ ئێمە دەزانین هەندێک لە ئەفسەرانی پێشووی ڕژێم لە دەرەوەی وڵاتن و، پێشتر پەیوەندییان پێوەکراوە پێدەچێت لە هەوڵی دروستکردنی گروپی بە وەکالەتدا بن. 
ـ نازانم ئەحمەد شەرع بەهێزتر دەبێت یان لاواز، ئەمە لەسەر خۆی وەستاوە، ئایا عەقڵانی دەبێت. ئەگەر پێداویستییەكانی گەلی سوریا دابین بكات سەردەكەوێت. ساڵی 2026 یەكلاكەرەوە دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار