دۆ چۆن نەڕژێ کاسە لەچوار لاوە شکاوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی 

 کاتێک جووتیارێک خەریکی ڕەنجە بۆ پشوودان دێتەوە سێبەری کەپرێک نان و دۆیەک بخوات، بەڵام چەند منداڵێکی لاساری هەیە جمووجۆڵی نائاسایی دەکەن کاسەکەی دەشکێ و دۆ دەڕژێ. ( دۆی دادە ڕژا ). ئیتر ڕەنج بەخسار دەبێت بە برسێتیش توانای کارکردنی نامێنێ.

نموونەی ئەو کاسە دۆیە لەتەک ماڵی کوردیدا بەراوردکە پاش ڕەنج و قوربانی دانێکی زۆری میللەت و تێکۆشەران  و هاوکاری دۆستانی کورد و ڕێکبوونی بەرژەوەندی زلهێزەکان دەرفەتێک درا بەکورد کە کاسایەک ماڵێکی نیمچە سەربەخۆ بۆ خۆی دروست بکات بۆ ئەوەی چیتر کورد سەپانی باوکی کەس نەبێت و شکۆمەندانە بژی، بەڵام هەر چۆن منداڵەکانی جوتیارەکە لاسار بوون کاسەکەیان شکاند ئێستاش لەبەر لاساری ئەحزابی کوردی کاسەکەی کورد لەچوار لاوە شکاوە خەونەکانمان وردە وردە دەڕژێت 

ئێستا پێویستمان بەکاسەیەکی نوێ هەیە ئەویش لەپێکهێنانی کابینەیەکی تۆکمەو خزمەت گوزار و بەهێز و داداپەروەردا دەبێت، لەتەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز ئەمە تەنها چارەو دوا دەرفەتە بۆ کورد بۆ دروستکردنەوەی کاسەیەکی نوێ، بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو ترازانە ترسناکەی ناو ماڵی کوردی، هەروەها بەجدی وەرگرتنی ئەو لێدوانانەی ئەمریکییەکان کەدەڵێن عێراق وەک جاران بەهێز دەکەینەوە یاخود باس لە ناوەندێتی دەسەڵات دەکات پێیان وایە ناناوەندێتی گونجاونیە. 

بەکورتی و بەکوردی ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەرداین، یاخود هەموان بەشێک لەو لوتبەرزی و عینادیە وازبێنن و گوتارێکی نوێ بەرهەم بهێنن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەرەکان یاخود دۆڕانێکی تراژیدی چاوەڕێمانە، ئیتر هەردەبێ بەدیار کاسە شکاوەکەوە بگرین  گریانیش وەک دەڵێن هی پیاوی ئاقڵ و بەهێز نیە، "نالی" جوانی وتووە : بۆ مەی نەڕژێ، شیشە لە سەد لاوە شکاوە! .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار