بۆ بڕیاربەدەستانی پارتی و یەکێتی!!

کاتژمێرێک لەمەوپێش



عەتا شەمێرانى

بەزمانێکی زۆر سادە ، دوور لەگرێ و گۆڵی دیبلۆماسی!! 

تاران و بەغدا و ئەنقەرە ،ڕەنگە لە هەموو شتێکدا ناکۆک بن، بەڵام هەمیشە لەسەر یەک شت کۆکن، ئەویش ئەوەیە کە ناتەبایی نێوان ئێوە، وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی سەیر دەکەن، پێیان وایە نابێت هەرگیز بەفیڕۆ بدرێت. ئەم ڕاستییە بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی لە گەورەیی ئەو زیانە مێژووییە تێبگەن کە زۆرجار دووبارە بووەتەوە و بووەتە بەشێک لە هاوکێشەی "بەڕێوەبردنی ناوچەکە لە دەرەوە!!

ئەمڕۆ باشووری لەسەر زەمینەیەکی نائارام وەستاوە. تەواوی ناوچەکە بە خێرایی دەجووڵێت: هاوپەیمانییەکان دەگۆڕدرێن، سنوورەکان دەکۆڵرێنەوە و فشارەکان لە هەموو ئاراستەیەکەوە دەڕژێنە ناوەوە. لە دڵی ئەم هەرێمە پڕ لە گێژاوەدا، دابەشبوونی ناوخۆ نەک تەنیا ناکۆکییەکی سیاسی، بەڵکو دەبێتە هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر سەقامگیری و شوناس و خواستەکانی گەلەکەی!!

بۆشایی حکومی تەنیا بۆشایی نییە؛ بانگهێشتی کەسانی تر دەکات بۆ پڕکردنەوەی. هەرچەند پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، ئەو هێزانەی لە پەراوێزدا چاوەڕوانن، نفوزی خۆیان فراوانتر دەکەن و تا ململانێیەکە زیاتر درێژە بکێشێت، بڕیاردەرانی کورد توانای پاراستنی خۆیان کەمتر دەبێتەوە!!

کاتێک ئەو دوو حزبە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەستەبەر دەکەن، ئەمە نەک تەنها هێزی هەڵبژاردن بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی مێژووییش نیشان دەدات. ئەم کورسیانە تەنها هێما نین، بەڵکو ئەمانەتن و خەڵک دڵسۆزی بە قسە ناپێوێت، بەڵکو بە توانای دابینکردنی حکومەتێکی کارا کە پلانی کاریگەر دابڕێژێت و هەرێم لە کەوتنە دەستی ئەو کەسانە بپارێزێت کە هەوڵی ئیستغلالکردنی دەدەن!!

خەڵک چیتر چاوەڕێی دروشمی نوێ یان لێدوانی دڵنیاکەرەوە نییە. یەک حکومەتیان دەوێت نەک دوو حکومەت؛ یەک بینین نەک دوو دیدگا؛ و خاکێکی یەکگرتوو، نەک نەخشەیەک کە لە نێوان ڕێککەوتنە ناسکەکاندا هەڵواسرابێت. سلێمانی و هەولێر نەیار نین لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو دوو باڵی یەک باڵندەن؛  ئەگەر باڵێک بشکێت، باڵندەکە دەکەوێتە خوارەوە، هەرچەندە باڵەکەی تر بەهێز بێت!!

فەلسەفەی سیاسی فێرمان دەکات کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە کۆنتڕۆڵکردنی پێگەکانی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە توانای تێپەڕاندنی بەرژەوەندی خۆدا هەیە. ئەمەیە کە ئەم دوو حیزبە لەمڕۆدا پێویستیان پێیەتی: درککردن بەوەی کە چارەنووسی کورد لە هەموو حیساباتێکی حزبی گەورەترە و مێژوو- وەک چەندین جار سەلماندوویەتی- لێخۆشبوون نییە بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵەکانیان دووبارە دەکەنەوە!!

پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو، تەنیا هەنگاوێکی ئیداری یان ڕێککەوتنێکی فەرمی نییە، بەڵکو بڕیارێکی چارەنووسسازە کە سنووری دەسەڵاتی کورد لە ساڵانی داهاتوودا دیاری دەکات. ماڵێک کە درزەکانی بە دەستی خۆی چاک نەکاتەوە، دراوسێیەک دێت و بەئارەزووی خۆی پڕی دەکاتەوە!!

چاوەڕوانییەکە زۆر بووە، مانۆڕی سیاسیش زۆر درێژ بووە. ئەمڕۆ خەڵک بە ڕوونی، بە دەنگێک کە لە کێشکردنی ئەو ساتە تێدەگات، دەڵێن:

یەکبگرن... حکومەت پێکبهێنن... و بڕیاری کورد پتەو بکەن پێش ئەوەی چارەنووستان ببێتە بەڵگەنامەیەک کە لە پایتەختەکانی تردا بنووسرێتەوە ،عەقڵ و لۆژیک دەڵێت؛ یان بە هێزێکی هاوبەش حوکمڕانی هەرێم دەکەیت،  یان جوگرافیا دێت و لەبری تۆ حوکمڕانی دەکات!! 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار