ڕۆژنامەی هاوڵاتى دەبێتەوە بە هەفتەی دووجار
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى وەکو یەکەمین رۆژنامەی ئەهلی لەکوردستان لەهەوڵێکی تردا بۆ پاراستنی سەنگی رۆژنامەی کاغەزی ئەهلی و بە دوکۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی رووداوەکان، بڕیار دەدات لە هەفتەی داهاتوەوە دووجار لە هەفتەیەکدا دەربچێت، ئەمەش دوای ئەوەی توانی سەرکەوتووبێت لەدەرکردنەوەی رۆژنامەکە لەماوەی ساڵێک و چوار مانگی رابردوودا.
رۆژنامەی هاوڵاتى وەک یەکەمین رۆژنامەی ئەهلی لەباشووری کوردستان لەرۆژی 5/11/2000 دا یەکەم ژمارەی لێ دەردەچوو، لە سەرەتادا هەفتەی جارێک بڵاودەکرایەوە، پاشان کرا بەهەفتەی دووجارو دواتر کرایە رۆژنامەیەکی رۆژانە. هاوڵاتىلە ئێستادا دەیەوێت هەمان ئەزموونی رابردووی کاری خۆی دووبار بکاتەوە لەفراوانکردنی ئاسۆیی و ستوونی رۆژنامەکە.
هاوڵاتى کە ساڵی رابردوو بڕیارمان دا ڕۆژنامەکە هەفتانە دەربکەینەوە، بڕیارمان دابوو وەکو سەرەتای دامەزراندنی بکرێتەوە بە هەفتەی دووجارو پاشان بکرێتەوە بە رۆژانە.
رۆژنامەی هاوڵاتى لە رۆژی 27-2-2016 راگیرا دوای ئەوەی قەیرانی دارایی لەکوردستان کەوتە قۆناغێکی قوڵەوە، هاوڵاتى بۆ ماوەی دوو ساڵ راوەستا، بەڵام دوای ماوەی دوو ساڵ و دوو مانگ و بەدیاریکراوی لە ٤ی مانگی نیسانی ٢٠١٨ەوە دەستی بەدەرچوون کردەوە لەوکاتەوە تا ئێستا هەفتانە بڵاوبۆتەوە. قورسی ئەو قۆناغە هیچ کەمتر نەبوو لە قۆناغی سەرەتاکانی دەرکردنی هاوڵاتى لە ساڵی ٢٠٠٠دا.
ئێمە لە هاوڵاتى کە ساڵی رابردوو بڕیارمان دا ڕۆژنامەکە هەفتانە دەربکەینەوە، بڕیارمان دابوو وەکو سەرەتای دامەزراندنی بکرێتەوە بە هەفتەی دووجارو پاشان بکرێتەوە بە رۆژانە.
کاتێک هاوڵاتى لەساڵی ٢٠٠٠ بڕیاریدا هەفتانە دەربچێت هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا تاوکو قەڵەمە جدییەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەو هەروەها وەرگری کوردیش بپارێزێت لەبەردەم هەژموونی میدیای حزبیی، ئێستاش وا هەستەدەکەین ئەم بۆشاییەی کە دروست بوە هەر بە هاوڵاتى پڕ دەبێتەوە. لەکاتێکدا هەژموونی میدیای حزبی و تاکەکەسی ناو حزبەکان بەشێوازێکی نوێ پانتاییەکی گەورەیان لە نێو میدیای کوردی داگیرکردوە.
ئەرکی هاوڵاتى لە ئێستادا وەکو میدیای جدی و پرۆفیشناڵ ئەوەیە وەرگری کورد بپاریزێت لەهەواڵی ساختەو چەواشەکارو بەلاڕێدابەر، ئەگەرچی ئەم کارە ئاسان نیە و ماندووبوونی زۆر دەوێت، بەڵام مەحاڵیش نیە بۆ کەسانی خاوەن ئیرادە
هاوڵاتى بەوپێیەی پێشتر ئەم ئەزموونەی تاقیکردۆتەوە، هەوڵدەدات قۆناغی داهاتووش تێپەڕێنێت و وەکو ناوێکی زیندوو بمێنێتەوە. پێشمانوایە ئەرکی ئێمە وەکو میدیایەک پیشەیی قورستر بووە، چونکە خوێنەر کەوتۆتە بەر لێشاوێکی چڕی هەژموونی جۆراوجۆری میدیا کەئاسان نییە بتوانێت سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری راستەقینە بدۆزێتەوە ئەگەر کەسێکی بەئاگا نەبێت.
ئەرکی هاوڵاتى لە ئێستادا وەکو میدیای جدی و پرۆفیشناڵ ئەوەیە وەرگری کورد بپاریزێت لەهەواڵی ساختەو چەواشەکارو بەلاڕێدابەر، ئەگەرچی ئەم کارە ئاسان نیە و ماندووبوونی زۆر دەوێت، بەڵام مەحاڵیش نیە بۆ کەسانی خاوەن ئیرادە.
ئێمە لەو ڕوانگەیەوە ئەم ئەرکە دەخەینە سەرشانی خۆمان کەهەست بەبۆشاییەکی گەورە دەکەین، بەتایبەتی کاتێک دەبینین رووداوێک لەکوردستان روودەدات میدیا ئاڕاستەکراوەکان هەریەکەو بەپێی بەرژەوەندی خۆیان رووداوەکە نیشانی بینەرو بیسەرو خوێنەر دەدەن و دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتیان لەناو خەڵکیدا دروستکردوە.
هەر بۆ نموونە لەپرسی رووداوەکانی ئەم دوو ساڵەی دواییدا بینیمان میدایاکان چۆن هاوڵاتیانیان دابەشکرد، لەوانە ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت و پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و رووداوی تەقەکردنەوەی ریستۆرانتی هۆقەباز لەهەولێر. بێگومان ئەمەش شتێکی هەرەمەکی نیەو لە پشتەوە کاری بۆ دەکرێت، ئەوانەی هەژموونیان هەیە بەسەر میدیا حزبی و شەخسیەکان کە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان شکست و قەیرانەکان بە دەستکەوت نیشاندەدەن، بە پێچەوانەشەوە خۆ ئەگەر نەیارەکانیشیان دەستکەوتێکیان هەبێت ئامادەن وێرانی بکەن، لێرەشەوە میزاجی خوێنەر تێکدەدرێت.
خوێنەر لەژێر ئەم جۆرە گوتارانەدا پێویستی بەمیدیایەک هەیە رووداوەکان وەکو خۆیان پیشان بدات. هاوڵاتى دەیەوێت خوێنەر دووربخاتەوە لەو یاریپێکردنانەی کە بە میزاجیان دەکرێت، جارێک ناچاری دەکەن بڵێت بژی، جارێکیش ناچاری دەکەن بڵێت بڕوخێ
ئەگەرچی وەرگر لەئیستادا هۆشیارترە بەراورد بەساڵانی رابردوو بە ئاسان هەڵناخەڵەتێ، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی لەژێر کاریگەری هەژموونی میدیا ئاڕاستەکراوەکاندان.
بۆیە خوێنەر لەژێر ئەم جۆرە گوتارانەدا پێویستی بەمیدیایەک هەیە رووداوەکان وەکو خۆیان پیشان بدات. هاوڵاتى دەیەوێت خوێنەر دووربخاتەوە لەو یاریپێکردنانەی کە بە میزاجیان دەکرێت، جارێک ناچاری دەکەن بڵێت بژی، جارێکیش ناچاری دەکەن بڵێت بڕوخێ.
هەروەها دەیەوێت بۆ مێژووش بەرپرسیارانە ڕووداوەکان وەکو خۆی بخاتە سەر کاغەزو دوکۆمێنت و ئەرشیفیان بکات، بەجۆرێک لە داهاتوشدا بۆ بابەتی توێژینەوە وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ سوودی دەبێت بۆ توێژەران.
رۆژنامەی هاوڵاتى وەکو یەکەمین رۆژنامەی ئەهلی کە لەدەرەوەی رۆژنامە حزبیەکان لە 5/11/2000 یەکەم ژمارەی لێدەرچوو، لەو کاتەشدا هەستی بە زەرورەتی دوورخستنەوەی هەژموونی میدیای ئارستەکراو کرد لەسەر تاکی کورد، هاوڵاتى توانی سەرکەوتوانە ئەو قۆناغە بەڕێبکات.
هەربۆیە لەبەر ئەو ئامانجانەی سەرەوەو وەکو پێداویستی قۆناغەکە لە هەفتەی داهاتووەوە هاوڵاتى هەفتەی دووجار رۆژانی یەکشەممان و چوارشەممان دەردەچێت.
لێرەشەوە بانگەوازێک بۆ ئەو نووسەرو رۆژنامەنوووسانە دەکەین کە باوەڕیان بەو ئامانجانەی سەرەوەیە، دەرگای هاوڵاتى لەسەر پشتە کە بیانەوێت کارمان لەگەڵدا بکەن.
سامان مەجید- بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی هاوڵاتى
07701980767
07701570625
07701509032