وەزیر چووە پەرلەمان‌و کارەباش زیادی نەکرد

لەکۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە چۆن پارەی قەرزی کارەبا بگەڕێنرێتەوە کە لەتریلیۆنێک دینار زیاترە

2019-12-11 07:24:54



 شاناز حه‌سه‌ن

هیچ گۆڕانکاریەک بەسەر پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بەهاوڵاتیان نایەت دوای سەردانەکەی دوێنێی وەزیری کارەبا بۆ پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا بانگهێشت کرابوو.
دوێنێ  سێشه‌ممه‌ 10ى کانوونى یه‌که‌مى 2019، له‌دانیشتنى په‌رله‌ماندا تاووتوێکردنى که‌مبوونه‌وه‌ى کاره‌باى نیشتیمانى یه‌کێک بوو له‌ته‌وه‌ره‌کانى کۆبوونه‌وه‌که‌، وه‌زیرى کاره‌باش به‌شدارى دانیشتنه‌که‌ى کردو هۆکاره‌کانى که‌مبوونه‌وه‌ى کاره‌باى خسته‌ڕوو.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتارى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتى وت «له‌کوبوونه‌وه‌که‌ کێشه‌ى که‌مى کاره‌با له‌کوردستان باس کرا که‌ئه‌و کاره‌بایه‌ى هه‌یه‌ وه‌ک پێویست ئیداره‌ نه‌دراوه‌، چى بکرێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی».

له‌ئێستادا به‌رهه‌مى کاره‌با  (3400 بۆ3600) مێگاوات کاره‌بایه‌، هێڤیدار وتیشی «وه‌زیر ئاماژه‌ى بۆ ئەوه‌ کرد بۆ دابینکردنى (24) کاتژمێر کاره‌باى نیشتیمانى پێویستمان به‌ شەش هه‌زار مێگاوات کاره‌با هه‌یه‌«.

«بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى که‌مى کاره‌با پێویسته‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌کارهێنان و پێدانى کاره‌با رێکبخرێته‌وه»، که‌مال محه‌مه‌د، وه‌زیرى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێم دوێنێ لە پەرلەمان وایوت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو «ئه‌گه‌ر رێکخستنه‌وه‌ بۆ کاره‌با نه‌کرێت ته‌نها مێگاواته‌کانى کاره‌با زیادبکرێت ناتوانین کێشه‌ى کاره‌با چاره‌سه‌ر بکه‌ین».

وه‌زیرى کاره‌با له‌په‌رله‌مان وتیشی «له‌ئێستادا پێویستمان به‌زیادکردنى هه‌زار مێگاواتى دیکه‌ کاره‌با هه‌یه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویستمان به‌ (147) ملیۆن دۆلار هه‌یه‌«.

وه‌زاره‌تى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ئێستادا (سێ) هه‌زارو (540) مێگاوات کاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنێت و ده‌ستیانکردووه‌ به‌دانانى پێوه‌رى زیره‌ک بۆ ماڵان و تائێستا نزیکه‌ى (80) هه‌زار پێوه‌رى زیره‌ک به‌ستراوه‌.

وه‌زیری کارەبا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ به‌دانانى پێوه‌رى زیره‌ک وته‌واوى بوونى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌شێکى زۆرى کێشه‌ى کاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌بێت. 

بەبڕوای هێڤیدار ئەحمەد، داتاکانى وه‌زیر ئاماژەبوون بۆئەوەی کە (500) مێگاوات کاره‌باى دزراو هه‌یه‌ که‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ به‌تێکڕا سێ کاتژمێر کاره‌باى هه‌رێم دابینده‌کات.
هێڤیدار وتی «ئیمه‌ش داوامان له‌په‌رله‌مان کردووه‌  پاڵپشتى له‌وه‌زاره‌ت بکات و  ئیجرائاته‌کان توندبکاته‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و کاره‌با دزراوه‌«.

باسی لەوەشکرد کەزۆر شوێن هه‌یه‌ که‌خانووى ته‌جاوزن و مۆڵه‌تى شاره‌وانییان نیه‌و سه‌عاتى کاره‌بایان نیه‌، یان باخێکى گه‌وره‌یه‌و به‌که‌یفى خۆى کاره‌با به‌کارده‌هێنێت.

وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەودەکات کەهاوڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاتر لە ترلیۆنێک دینار پاره‌ى کاره‌با قه‌رزارن.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتی «باس له‌پلانێک کراوه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى که‌هاوڵاتیان قه‌رزارن  و پاره‌ى کاره‌بایان نه‌داوه،‌ دیراسه‌ى وردترى بۆ ده‌که‌ین تاشێوازى دانه‌وه‌که‌ى چۆن بێت».

«که‌س نازانێت کێشه‌ى کاره‌با  که‌ى چارەسەر‌ ده‌کرێت، چونکه‌ له‌2008ـەوه‌ که‌سانى به‌رپرسى گه‌وره‌ له‌ئاستى حزبى و حکومی، وه‌عدى چاککردنى دۆخى کاره‌بایان داوه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌رپرسانى کابینه‌ى نۆیه‌م به‌ ڕاست و دروستى ستراتیژى خۆیان به‌ خه‌ک بڵێن که‌له‌ چ کاتێکدا کێشه‌ى کاره‌باچاره‌سه‌ر ده‌که‌ن»، دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى کورستان، له‌ ڵێدوانێکدا بۆ‌ ‌هاوڵاتى وای وت.

وتیشی «له‌ دۆخى ئێستاى مافیاى هه‌رێمى کوردستاندا که‌س ناتوانێت وه‌عدى ئه‌وه‌ بدات که‌ى کاره‌با باش ده‌بێت، به‌تایبه‌ت که‌ به‌شێکى رێگه‌ى دابینکردنى نه‌وتى ره‌ش و گازوایل بووه‌ به‌بازرگانی».
بەڵام وتی «ئێمە هه‌ر شتێک له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بێت، هه‌وڵده‌ده‌ین دابینی بکه‌ین بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى خراپى کاره‌با».

له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى سه‌رماو سۆڵه‌، جارێکى تر کاتژمێره‌کانى پێدانى کاره‌باى نیشتیمانى به‌هاوڵاتیان رووى له‌که‌مبوونه‌وه‌ کردووه‌، وه‌زاره‌تى کاره‌باش هۆکاره‌که‌ى بۆ زۆربوونى خواست له‌سه‌ر ئه‌و وزه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

ئومێد ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى کۆنتڕۆڵى کاره‌باى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت «3200 بۆ 3500 مێگاوات به‌رهه‌مى کاره‌بامان هه‌یه‌، به‌پێی خواستى به‌کارهێنانه‌، رۆژى وایه‌ خواسته‌که‌ به‌رزه‌، رۆژى واش هه‌یه‌ خواست نزمتره‌، واته‌ گۆڕانکارى به‌سه‌ردا دێت، به‌گشتى رۆژانه‌ له‌نێوان (9 بۆ 12) کاتژمێر کاره‌با ده‌درێت».

یه‌کێک له‌خاڵه‌کانى کارنامه‌ى کابینه‌ى نوێی حکومه‌تى هه‌رێم چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى کاره‌بایه‌، به‌ڵام دواى (100) رۆژ له‌پێکهێنانى کابینه‌که‌ هێشتا ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌.

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت دوێنێ له‌وتارێکدا به‌بۆنه‌ى تێپه‌ڕبوونى (100) رۆژ به‌سه‌ر پێکهێنانى کابینه‌ى نوێدا وتی «ئێستا زیاتر گازی کوردستان بەکاردەهێنین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەمەش ئێستا کەمتر پشت بەگازوایلی دەرەکی دەبەسترێت، بەوجۆرەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارمان لەتێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەمدەبێتەوە».، بەڵام هیچ کاتێکی دیاری نەکرد بۆ کۆتایی هێنان بەکێشەی کارەبا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار