هاوڵاتی

بەم ڕەمەزانە شارۆچکەیەکی گەرمیان بێ ئاوی خواردنەوەن

دیمەن ئیسماعیل دانیشتوانی ناحیەی باوەنور نزیکەی مانگێکە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، بەوتەی خۆیان شياو نیە بۆخواردنەوە، بەڕیوەبەری ناحیەی باوەنوریش رایدەگەیەنێت "ئاوەکە کێشەی نیەو شیاوە بۆخواردنەوە. سەیوان مەحمود،هاولاتیەکی دانیشتوی ناحیەی باوەنورە،بە "هاولاتی" وت  "ناحیەی باوەنور نزیکەی مانگێکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە، خەڵکی ناحیەکەش پەنا بۆ ئاوی کانیاوەکانی دەورو بەری باوەنور ئەبەن و بوە بەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور، ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە ئاوی پێدێنن، ئەوانەشی ئۆتۆمبێلیان نیە نزیکەی 2 کیلۆمەتر  چەندین دۆڵ ئەبڕن تاکو ئاو بهێنن" وتیشی "تاکو ئەم خولەکەی قسەبۆتۆ دەکەم کێشەکە بەردەوامە، بەڵام ئەوان ئەڵێن چارەسەری سەرەتایمان کردوە، ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور خراپە، بۆماوەی بیست ڕۆژە کەس بەکاری ناهێنێت، بەهۆی ئەوەی زێرابی ناحیەکە بەتەنیشتی دا تێدەپەڕێت، تام و ڕەنگ و بۆنی ئاوەکە خراپ بوە" سەیوان کە دانیشتوی ناحیەکەیە زیاتر بۆ هاولاتی  دواو وتی "سەرەڕای ئەوەش ئێستا کۆمپانیا پارەی ئاو کۆدەکاتەوە، واتەکۆمپانیا دێت پارەکە لەخەڵک وەردەگرێت حەقی بەخراپبونی ئاو شکانی بۆری و ئەو شتانە نیە، حکومەت چاکی دەکاتەوە لەهەمان کاتدا پارەکە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا، ئێستا ئێواران خەڵکی ناحیەکە یان لەبازاڕ ئاودەکڕن یان دەچن لەکانی ئاودێنن" ئارام جەبار، چالاکوانی مەدەنیە لە ناحیەی باوەنور، لەبارەی پیسی ئاوی خواردنەوەوە بە هاولاتی وت "خەڵکی باوەنور ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان پێیە دەچن لەئاوەخوێڕی یاخود مەتعمەکان ئاودێنن، ئەوەشی ئۆتۆمبێلی نیە ناچار لەو ئاوە دەخواتەوە:" وتیشی "هەفتەی ڕابردوش وەک گروپی هیوا سەردانی مدیر ناحیەمانکرد پێی ڕاگەیاندین سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەکات بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵی چاککردنی ئەدەن، بەڵام ڕەنگە بەهۆی زۆری ئاوەوە گرفت دروست بوبێت" رونکردنەوەی زیاتری دا "ناحیەی باوەنور بیست و حەوت ساڵە کێشەی ئاوی هەیە لەڕوی نەبون ودابەش کردنەوە هەر هۆکارێکی هەبێت خەڵکی بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنێت" بەرێوەبەری ناحیەی باوەنور لەبەرامبەر دا وتی کە ئاوەکە کێشەی نیەو شیاوە بۆخواردنەوە عەزیز محەمەد، بەرێوەبەری ئاوی باوەنور بە هاولاتی راگەیاند "سەبارەت بەئاوی باوەنور بەوشێوازە نیە کەتێکەڵی زێراب بوبێت، چونکە دوێنێ پشکنینی بۆکراوە کێشەی نیەو لەپشکنین دەرچوە و شیاوە بۆ خواردنەوە،بەلام گرفتمان هەیە بەهۆی لافاوی سیروانەوە کۆمەڵێک زەرەرو زیانی داوە لە پرۆژەکان، بیرێکمان بەتەواوەتی خاپور بوەو ئاوبردویەتی" وتیشی "ئێستا هەنگاوی سەرەتای ئێمە، دوڕێگە چارەمان هەیە ڕێگەچارەی یەکەم ئێمە ئێستا حەوزو تەنکیەکانمان پاککردوەتەوە سبەینێش بیرەکان یەک یان دوانی پاک دەکەینەوە، ئەوانەشی کەئێستا ئاوی لێهێنین کێشەی نیە و دوڕۆژە حەفارە ئیش لە ئاوەڕۆکان دەکات" عەزیز محەمەد، رونیکردەوە کە پلانیان بۆ داهاتو هەیەو "ئێمە دەرخستەو پرۆژەیەکی ترمان هەیە بۆئەوەی شوێنی پرۆژەکە بەگشتی بگوازینەوە بچینە شوێنێکی ئەوەیان دەرخستەیەکی تەواوەو لەوەزارەتی داراییە 800 ملوێن دیناری ئەوێ، بەهۆی قەیرانەوە ساڵێکە پێمان دەڵێن نیە و دەستی دەستیمان پێدەکەن، ئەگەر ئەو پارە سەرف بکەن ئێمە ئەو پرۆژەیە بکەین ئەوە چارەسەرێکی ڕیشەییە بۆئەوەی لەمەترسی لافاو پیسبون و هەموشتێک پارێزراوبێت و  ئاوێکی بەردەوام بەخەڵک بدەین"   ماوەی ساڵێکە ئەو پرۆژە لەوەزارەتی کشتوکاڵەوە ڕۆشتوە بۆ وەزارەتی دارای بوئەوەی پارەی تەرخانبکرێت بکرێت بەلام وتویانە پارە نیە. عەزیز محەمەد جەختیکردەوە ئەوئاوە شیاوە بۆخواردنەوە و وتی "پشکنینی بیرەکان و تەنکیەکان و حەوزەکانیان کردوە  شیاوە بۆخواردنەوە لەڕوی ئەوەوە هیچ مەترسیەکی نیە تێکەڵ بەزێراب نەبوە، زێرابەکە نزیکیەتی، بەڵام دڵنیایتان ئەدەینێ بۆئەوەی هاوڵاتیش بزانێت ئێمە ئێستا پشکنینمان لەبەردەست دایە، شیاوە بۆخواردنەوە، ئەو هەنگاوانەمان ناوە، لەم چەندڕۆژەداهەنگاوی تریشمان دەبێت، بەڵام لەڕوانگەی ئێمەوە ئەوە چارەسەرە ئەو دەرخستە تازەیەمان بۆبخەنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆئەوەی بەیەکجاری شوێنی پرۆژەکە بگۆڕین بۆشوێنێکیتر و سەلامەت ترو تەندروست تربێت" ڕونیشیکردەوە "لەئێستادا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور، ئەو پرۆژەیە کەلەسەر سیروان ئاو وەردەگیرێت و دواتر ئەدرێت بەهەردو تەنکیەکەی باوەنور، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێک هەیە ڕەنگە له ودۆڵ و شیوانە ئاویان ڕاکێشابێت بۆخۆیان و ئاویتریان هەبێت بەڵام ئاوی سەرەکی هەرئەوەیە". لەبەرامبەر دا سەیوان محمود وتی "ئەگەر ئاوەکە شیاوی خواردنەوە بێت، بۆچی هاوڵاتیان رو لەکانیاوەکان دەکەن بۆ هێنانی ئاو؟" ناحیەی باوەنور دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی کەلار سلێمانی، لە نێوان هەردو قەزای کەلار و دەربەندیخان، هەمو ساڵێک روبەروی کێشەی نەبونی ئاو دەبێتەوە. ڕوباری سیروان بەتەنیشت ئەم ناحیەیەدا تێپەڕ دەبێت.


هاوڵاتی

ئەمەریکا و ئێران.. لە دووڕیانی جەنگ‌و ئاشتیدا

‌هاوڵاتی، کاکەلاو گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و ترسی ئەوە هەیە کە پێکدادان دروست ببێت. گومانی ئەمریکاش لە هەڕەشەکانی ئێران، وایکردووە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن تا ئامادەبن بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی لەناکاو. بەدەر لە گوشاری بەردەوامی ئابوری لەسەر ئێران، لە هەڵمەتێکی نوێدا ئەمریکا دەستی کرد جوڵاندنی هێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناردنی سیستەمی موشەکی پەیتریۆتی بۆ نزیکی کەنداوی فارس ڕاگەیاند. بڕیارە سیستەمەکە لەگەڵ کەشتی جەنگی ئارلینگتۆن ڕەوانە بکرێت، بۆ یاوەری کردنی کەشتی جەنگی ئەبراهام لینکن. سیستەمی بەرگری موشەکی پەیتریۆت دەتوانێت دژی موشەکی بالیستی و موشەکی دەریایی و فڕۆکەی پێشکەوتوو بوەستێتەوە. ئەم سیستەمە توانای هەیە لەدووری ١٠٠کم جوڵەی هەر موشەکێک دیاری بکات کە جێی هەڕەشە بێت و لەماوەی ٩ چرکەدا بەرپەرچی بداتەوە. ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەکە، دوای ئەوە دێت کە پێنتاگۆن لە بەیاننامەکەیدا لە هەینی ڕابردو ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئەمریکا وەڵامی هەر ئەگەرێکی هێرش دەدەنەوە بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، «ئامادەیی چڕی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن» وایکردووە کە ناردنی کەشتی جەنگی پێویست بێت. هەر بەپێی بەیاننامەکە بێت، ئەمریکا چاوی لە هەڵگیرسانی شەڕ نییە دژی ئێران، بەڵکو تەنها ئەو چالاکییە سەربازییانە بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەبێت بۆ بەرگری. هەر لەدوای ڕاگەیەندراوەکەش، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم بڕیارەی ئەمریکای بە «جەنگی دەروونی» وەسف کرد دژی ئێران کە ئامانج لێی ترساندنی وڵاتەکەیەتی. مەرجەعێکی باڵای شیعەش، ئەیەتوڵا تەباتەبی نەژاد، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانن کەشتیگەلەکەی ئەمریکا بە یەک موشەک لەناوبەرن. وتیشی، «ئەگەر هەوڵی هەر جوڵەیەک بدەن، ئەوا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک موشەکی ئێمە دەبنەوە.»  هەروەها ئەمیر عەلی حاجیزادە، بەرپرسی بەشی ئاسمانی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند کە ئەوەی پێشتر هەڕەشە بووە بۆ ئێران ئێستا وەک هەلێک دەبینرێت. وتیشی «کەشتییەکی جەنگی کە لانی کەم ٤٠ بۆ ٥٠ فڕۆکەی لەسەرە و شەش هەزار سەربازی لەخۆگرتووە، پێشتر بە هەڕەشە دادەنرا بۆ سەر ئێران، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە گۆڕاوە بۆ دەرفەت و ئەگەر ئەمریکییەکان هەر جوڵەیەک بکەن، لەسەریان دەدەین و مێشکیان دەپژێنین.» سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ویلیام فاڵۆن، فەرماندەیەکی پێشووی ئەمریکی، پێیوایە ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە سەرناکێشێت بۆ جەنگ بەپێچەوانەی ئەو زیادەڕەوییە میدیاییەی کە هەیە. وتیشی، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ چەند دەیەیەکە بەردەوامە و هیچ دەرئەنجامێکی جدی لێنەبینیوە. هەروەها حیشمەتوڵا فەلاحەت کە بەرپرسی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانییە لە پەرلەمانی ئێران، بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئێڕان چاوی لەوە نییە قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەدواین لێدوانیدا ئەوەی نەشاردەوە کە دەرگای دانوستان و لێکتێگەشتن هێشتا دانەخراوە بەڕووی ئێراندا و  دەیانەوێت ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکەن هەرچەندە ئێران هەڕەشەیەکی چالاکە بۆ سەر ئەمریکا. هەروەها وتیشی، سزاکانیان تەنها گوشارێکە لەسەر ڕژێمی ئێران و هەوڵدانێکە تا بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە و گۆڕانێکی سیاسی دروست ببێت تا ئەوەی خەڵکی ئێرانیش بەوە ئاواتە بگەن کە دەیانەوێت. سەرۆکی ئەمریکاش، دۆناڵد ترەمپ، پێشتر داوای ئەوەی لە سیاسییەکانی ئێران کردبوو کە پەیوەندی پێوە بکەن تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە «ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە» بەڵام کاربەدەستانی ئێران دووپاتی ئەوەیان کردووەتەوە، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەتایبەتی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. هەروەک یەدوڵا جەڤانی، بەرپرسی سیاسی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند «هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکرێ و ئەمریکیەکان جورئەتی ئەوەیان نابێت کردەی سەربازی دژمان ئەنجام بدەن.» ئەم جۆرە لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ئێران سەرۆکی ئەمریکا بە کەسێکی نابەرپرسیار وەسف دەکات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێیانوایە جێی متمانە نییە. لەدواترین هەنگاویشیدا، ئێران ڕایگەیاند کە دەگەڕێتەوە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم ئەگەر وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا ڕێگەچارەیەک نەدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمریکا بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و بانکیدا. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە هەندێک بەندی سەرەکی ڕیکەوتنەکەی ٢٠١٥ پاشەکشە دەکات کە بونەتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی وڵاتەکە. هۆشداری ئەوەشیدا بە وڵاتە ئەوروپییەکان کە ماوەی ٦٠ ڕۆژیان هەیە تا چارەسەرێک بدۆزنەوە. وڵاتە ئەوروپیەکانیش، بەتایبەتی وڵاتە بەشداربووەکانی ناو ڕێککەوتنەکە کاردانەوەی جیاوازییان هەبوو سەبارەت بە ڕاگەیندراوەکەی ڕۆحانی. لەنێویاندا وەزیری بەرگری فەرەنسا، فلۆرێنس پارلی ئێرانی ئاگادارکردەوە کە ئەگەر پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەوەکەوە، ئەوا سەپاندنەوەی سزا ڕەچاودەکەنەوە. سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیاش، ئەنجێلا مێرکل وتی، «ئێمە وەک ئەوروپی و وەک ئەڵمانییەکان کاری خۆمان بەجێدەگەیەنین لە ڕێکەوتنەکەدا و چاوەڕێی پابەندبوونی تەواوەتیش لە ئێران دەکەین.» لەهەمانکاتدا، ڕووسیا ئەمریکا بە تۆمەتبار دەزانێت بۆ درووستبوونی ئەم قەیرانە. سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا تۆمەتبارە بۆ ئەم بارودۆخە و واشی لە ئێران کردووە کە نەتوانێت بەتەواوی ئەرکەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ بکات. وتەبێژی فەرمی ڤلادمیر پۆتینش، دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد «سەرۆک چەند جارێک باسی لە ئاکامەکانی هەنگاوی بێباکانە کردووە پەیوەست بە ئێرانەوە کە ئەویش ئەو بڕیارانەیە لەلایەن واشنتۆنەوە دەدرێن.» ئەوەشی وتووە کە بڕیاری هەڵەشە و تاکڕەوانە سەردەکێشێت بۆ گوشاری بێپاساو بۆ سەر ئێران و هەنگاوی تری نەخوازراو دروست دەکات، کە لە ئێستادا شایەتحاڵی ئەوەین.» بارودۆخەکە قوڵتربوەتەوە و سزاکانی سەر ئێران چوونە قۆناغێکی نوێوە، بەو پێیەی ئەمریکا ئەمجارە بەرهەمەکامی ئێران لە  پۆڵا و مس و ئەلەمنیۆمی کردە ئامانج، کە ئەمەش بەتەواوی ئێران دەخاتە حاڵەتێکی ئابووری مەترسیدارەوە. لەدواین لێدوانیدا، حەسەن ڕۆحانی تاڕادەیەک دان بە گەورەیی مەترسییەکانی سزاکانی ئەمریکا دەنێت و پێیوایە ئەم شەپۆلانە لە سزا قورسترین شەپۆلن کە تائێستا ئێرانی گرتبێتەوە و  بە بێهاوتا وەسفیانی کرد، تەنانەت لە سزاکانی جەنگی عێراق-ئێران خراپترن. وتیشی، «ئەم شەپۆلی سزایانە ئاماژەن بۆ جەنگ و ئێران لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە.» لەنوێترین لێدوانیشدا، یوڤال ستاینتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل، ترسی خۆی دەربڕی لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و سەرکێشانی ئەم گرژیانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، یاخود هێزە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵاوە. ڕاشیگەیاند، «کێشەکان تادێت قوڵتردەبنەوە، بۆیە هەموو بژاردەیەک ئەگەری ڕوودانی هەیە و ڕەنگە ئێران موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات، یاخود  تەنانەت شێت ببن و جەنگ دژی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕابگەیەنن.» ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا هۆشداریدابوو کە ڕەنگە ئێران یان هێزە پرۆکسییەکانی کەشتی ئەمریکی یاخود هاوپەیمانەکانی بکانە ئامانج لە ناوچەکەدا. لەدواین پێشهاتیشدا، وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، کە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، چوار کەشتی بازرگانی کراونەتە ئامانج بۆ هێرش بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکات. هەروەها خالید ئەلفالح، وەزیری وزەی سعودیە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوو کەشتی نەوت هەڵگری سعودی لەکەناراوەکانی ئیمارات تێکشکێنراوە لە هێرشێکدا کە زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە. هەر دوای ڕاگەیەندراوەکەی سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری کردووە لەسەر ئەو ڕووداوە. وتەبێژی وەزارەت، عەباس موسەوی ڕایگەیاند کە دەبێت ڕوونکردنەوەی زیاتر دەربارەی ڕووداوەکە بڵاوبکرێتەوە. هۆشداری ئەوەشیدا کە نابێت سەقامگیری و ئاسایشی دەریایی ناوچەکە بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بە ڕێکخستنی پیلان و موئامەرە لەلایەن کەسانی قین لە دڵەوە.


هاوڵاتی

لیرەی تورکی باجی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەدات

‌هاوڵاتی، کاکەلاو عەبدوڵا هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بۆ شاری ئەستەنبوڵ هەڵوەشاندەوە کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان کۆنتڕۆڵی شارەکەی لەدەستدا بۆ پارتی جەهەپە. ئەم بڕیارە، جارێکی تر لیرەی تورکی دابەزاند و جەهەپەش بە کودەتا ناوزەندی کرد. لەدواین لێدوانیدا، ئەردۆ‌غان باسی لەوە کرد کە بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە ئەنستەنبوڵ، باشترین هەنگاوە بۆ وڵاتەکەی. وتیشی، «ئەم بڕیارە بە باشترین هەنگاو دادەنێین کە ئیرادەمان بەهێز دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا.» سەرۆکی تورکیا ڕاشیگەیاند کە «دزەکان» لەسەر سندوقی دەنگدانەکان «ئیرادەی نیشتمان»یان دزیوە. ئەم لێدوانەی دوای ئەوە دێت کە باسی لەوە کردبوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵدا کاری نایاسایی و دەستێوەردان کراوە لە ئەنجامەکاندا. بەپێچەوانەوە کەمال کیلشدارۆغلو، سەرۆکی پارتی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە رۆژی دووشەممە،  داوای لە ئەردۆ‌غان کرد کە ئەگەر دزی کراوە با بەڵگە بخاتەروو لەسەر ئەو بابەتە. وتیشی، «ئەوەی دزراوە ئیرادەی خەڵکی تورکیایە و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دیکتاتۆریەتی سیستەمەکە دەسەلمێنێت.» جێگری سەرۆکی پارتی جەهەپەش، ئۆنۆرسال ئەدیگوزێل، ڕایگەیاند ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن  ئەوە پیشان دەدات بردنەوە لە ئاکپارتی نایاساییە و بڕیارەکەی بە «دیکتاتۆرێتی تەواوەتی» وەسف کرد. وتیشی «ئەم سیستەمە کە زاڵە بەسەری ئیرادەی هاونیشتمانیان و یاسا وەلادەنێت، نە دیموکراتییە و نە یاساییە.» ئەکرەم ئیمامۆگلوش کە بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ وەک کاندیدی جەهەپە و دواتر نازناوەکەی لێسەندرایەوە، ئیدانەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی کرد و وتی کە کاریگەری پارتی دەسەڵاتداریان لەسەرە. ڕاشیگەیاند، «ئێمە هەرگیز ساش لە بنەما سەرەکیەکانمان ناکەین. ئەم وڵاتە ٨٢ ملیۆن نیشتمانپەروەری تێدایە کە دەجەنگن بۆ دیموکراسی تا دوا هەناسە.» هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ی مارسدا ئەنجامدرا کە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان، ئاکپارتی، براوە بوو بەڵام هەر سێ شارە گەورەکەی تورکیا، ئەستەنبوڵ و ئەزمیر و ئەنقەرەی دۆڕاند بۆ پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە. ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش، دوای ناڕەزایی ئاکپارتی لە ئەنجامەکان، بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا لە ئەستەنبوڵ لە ٢٣ی حوزەیران. دوای ئەم بڕیارەش، هەندێک لەناو پارتی جەهەپە داوای بایکۆتکردن دەکەن بەوپێیەی پارتەکەی ئەردۆ‌غان جێی متمانە نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. بەڵام سەرکردایەتی جەهەپە دەڵێن کە دووبارە کەمپین ڕێکدەخەن، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی و چەند پارتێکی دیکەش پشتگیرییان لێدەکەن. ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی ئەم دواییە بونەتە جێی مەترسی بۆ سەر ئابووری تورکیا. هەر دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان، لیرەی تورکی بەهاکەی زیاتر لەدەستدا کە لەماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا کەمترینی تۆمارکرد بەشێوەیەک کە یەک دۆلار بەرامبەر ٦.٢٤ لیرەی تورکییە لەکاتێکدا کە پێش بڕیارەکە دۆلارێک بەرامبەر لە کەمتر لە ٦ لیرە بوو. بەوپێیە بێت، بانکی ناوەندی ڕووبەڕووی پەستانی زیاتر دەبێتەوە بۆ جێگیرکردنی دراوەکە بە زیادکردنی ڕێژەی سوود، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئەردۆ‌غان بێزار دەکات، چونکە بە بەردەوامی داوای ئەوە دەکات، سوودی قەرز کەمبکرێتەوە. ئابوریناسان بڕوایان وایە کە حکومەت پەستانی خستووەتە سەر بانکە حکومییەکان تا دراوی بیانی بفرۆشن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لیرە لە داڕمانێکی خراپتر بپارێزن. بەپێی قسەی بازرگانان بێت، خاوەن قەرزەکان زیاتر بە بەهای  ٤٠٠ ملیۆن دراوی بیانیان فرۆشتووە، دوای ئەوەی لیرە خراپترین ئاستی تۆمارکرد لە حەوت مانگی ڕابردوودا. هەر بەپێی قسەی بازرگانان بێت، ئەم بڕە دواتر زیاد بوو بۆ یەک ملیار. ئابوریناسێکی تورکی، موستەفا سۆنمیز، پێیوایە کە ئەم هەوڵە بۆ جێگیرکردنی بەهای لیرە لە ڕێی کەرتی حکومییەوە، تەمەنی کورت دەبێت چونکە بۆ جێگیرکردنی ئاڵوگۆری دراو، بانکی ناوەندی دەبێت ڕێژەی سوود زیاد بکات، ئەگینا لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێ، بەڵام لەم حاڵەتەدا لەژیر پاڵەپەستۆیەکی توندا خۆی دەبینێتەوە لەبەرئەوەی ئەردۆ‌غان و بازرگانانی ناوخۆیی بەتوندی لەدژی ئەم هەوڵە دەوەستنەوە. وتیشی، «داڕمانی لیرە تەنها پەیوەست نییە بە گرژی سیاسی ناوخۆی و نادڵنیایی لە هەڵبژاردنەکان بەڵکو هۆکاری تر هەیە، وەک کەشی سیاسی جیهانی. یەکێکیش لەوانە گرژی و ئاڵۆزی نیوان ئەنقەرە و واشنتۆنە کە ئەمەیان کاریگەرییەکی بەردەوامی هەبووە لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە.» پێشبینی ئەوەشی کرد کە لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەستبدات لەحاڵەتی ڕازیبوونی تورکیا بە هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی بە بەهای دوو ملیار دۆلار کە هۆکاری سەرەکییە بۆ سزاکانی ئەمریکا لەسەر تورکیا و دەگونجێت سزاکان دوای ئەم هەنگاوە زیاتریش ببن.


ئیتر قسە ئەكەم..4
عەبدولڕەزاق شەریف
بۆچی پەلامارمان دەدەن؟
د. یوسف محەمەد سادق