گۆڕستانی شاهانە لە ئور

6 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

گۆڕستانی شاهانە ناوچەیەکی شوێنەوارناسییەو دەکەوێتە شارۆچکەی زیقار لەعێراقی ئیمڕۆ. لەساڵانی ١٩٣٢ بۆ ١٩٣٤ ناوچەکە کنەکراو پشکنراو دۆزینەوەکان ئێستا براونەتە مۆزەخانەی بەغدادی پایتەختی عێراق. لەناوەڕاستی ١٩٠٠کاندا، مۆزەخانەی بەریتانیا و زانکۆی پێنسیلڤانیا تیمێکیان بۆ کنەکردنی ناوچەکە پێکهێناو ئەوەی زیاتر وای لێکردن بوونی زیگورات و پەرستگای نانا بوو لەو ناوچەیە - پەرستگای مێخوا ئینانا، مێخوای عەشق، سێکس و بڕشتی. لەکاتی گەڕان، تیمەکە ٢٠ هەزار کێل و گۆڕیان لەناو پەرستگاکەدا دۆزیەوە، گۆڕێک کە گۆڕی شاهانەو کەسایەتییە خانەدانەکانی سەردەمەکەی خۆی بووە بەو پێیەی خشڵ و رازاندنەوەی ئاڵتوون، زیوو بەردی بەنرخ لەنێویاندا دانرابوون. ئەوەی سەرنجکێش بوو لەناو گۆڕەکاندا ئەوەبوو هەندێک نیشانەی تێدابوو بۆ بەقوربانیکردنی مرۆڤ  واتە خزمەتکاری خێزانی شاهانە کە لەگەڵ گەورەو سەروەرەکەیدا نێژرابوو هەم بۆ پیرۆزی و مەزنی هەم بۆ ئەوەی تا لەگواستنەوەی بۆ جیهانێکی تر یاوەری بێت. ئەم دۆزینەوەیە شتگەلێکی سەرنجڕاکێشی دەربارەی رێوڕەسمەکانی ناشتنی ئەم کولتوورە دێرینە ئاشکرا کرد.

بەشێوەیەکی باو، گۆڕەکانی میزۆپۆتامیا بونیادێکی سادەیان هەبوو تەنیا چاڵێکی هەڵکەندراو بوون و بەس، کەچی ١٦ دانە لەم گۆڕانە گۆڕی نامۆ بوون و ئاسایی نەبوون. ئەم گۆڕانە، لەشێوەی  ژووری بەبەرد یان خشت لەشێوەی گۆڕدا دروستکرابوون، ژوورگەلێکی چوارگۆشەی سەرداخراو لەژێر زەویدا کە بەپلیکانە یان تەڵانێک بەسەرەوە بەسترابوونەوە. تەرمی مردووەکە لەگەڵ چەندین کەلوپەلی رازاندنەوە و تایبەت بەگۆڕ و ناشتن بەگالیسکەیەکی گا یاخود گوێدرێژ دەبرایە ژوورەوە. مردووەکە یان کرابووە ناو تابوتێکی قوڕینەوە یان لەناو پوش و پەڵاش و دانەوێڵەدا پێچرابووەوە. لەدەوروبەری ژوورەکەش کۆمەڵێک جەستەی تر کەوتبوون کەڕوونە خزم یان خزمەتکاری مردووەکە بوون و یاوەرییان کردووە. ئەو ١٦ گۆڕەی لەچەندساڵی سەرەتادا پشکنران هیچ شتێکیان لەیەک نەدەچوو و هەریەک ژوورەکەی قەبارەیەک بوو؛ ژمارەی نێژراوەکانی ناوی جیاواز بوون و ڕەگەزیشیان جیاواز بوو  ژن و پیاویشی تێدا بوو. سەرەڕای ئەوەی دزو تاڵانچی کەلوپەل و شتە ئەنتیکییەکانیان زۆرینەی بردبوو کەچی هێشتا شتگەلێکی باش جێ مابوون بۆ کنەکردن.

هەرچی سەبارەت بەنێژراوەکانی چاڵاییەکەی ناو ژوورەکانە، پێدەچێت ئەو ژن و پیاوە خزمەتکار بن کەهەر لەوێ سەربڕاون و نێژراون. بۆ نموونە لەیەکێک لەگۆڕەکاندا، لەبەردەرگای ژوورەکە پاسەوانێک بە قەڵغان و درعەوە کەوتووە؛ لەبەشی خوارەوەی ژوورەکە، نۆ ژنی هاوەڵی بەخشڵ و رازاندنەوە و تاجەگووڵینەوە نێژراون؛ لەبەردەمی ژوورەکە دوو عەرەبانەی چوار پێچکەیی لێیە کە بەسێ گاوە بەستراونەتەوە و سواری عەرەبانەکەش ئێسقانەکەی هەر لەو ناوە کەوتووە.

یەکێک لەگۆڕەکان گۆڕی شاژن پو-ئابی بوو کەناوەکەی لەسەر کێلەکە بەپێشگری نینەوە کە بەواتای شاژن دێت هەڵکۆڵراوە. شاژنەکە یەکەمین شاژنی میزۆپۆتامیایە کە بۆ یەکەمجار دۆزرابێتەوە و لەتەمەنی ٤٠ کان بووە لەژوورێکدا بەدرێژی ١٢ بە ٦ پێ نێژراوە. نەریتی ناشتنەکەی بەجۆرێکی زۆر شاهانە بووەو  تاجەگووڵینەکەی سەری ئاڵتوون و بەردی بەنرخ و پیرۆزی مینا  بووەو لەشێوەی گوڵ و گەڵای ئاڵتوونیدا. لەدوای تاجەگووڵینەکە لەسەر ناوچاوانی یەک ریز ئاڵتوون هەبوون؛ چەندین قردێلەی ئاڵتوونی لەناو قژیدا دانرابوون کەڕەنگە قژی خۆی یان باڕۆکە بووبێت بەو پێیەی دەزانین کە ژنانی میزۆپۆتامیا بۆ رازاندنەوەی خۆیان باڕۆکەیان لەسەر دەکرد. شاژنەکە چەندین مورووی لەئاڵتوون، مینا و زیوی لەمل بوو کەتاوەکوو کەمەری درێژ دەبوونەوە و زۆر قورس بوون بەڵام دیمەنێکی سەرنجڕاکێشیان دروستدەکرد. بەدەر لەمانەش چەندین خشڵی تری پێوە بوو کەجەستەیان داپۆشیبوو. لەبەردەم جەستەی شاژنەکەدا ژن و پیاوێک لەبەر پێیدا کەوتبوون و بەو پێیەی خشڵێکی وایان پێوە نەبوو پێدەچوو تەنیا خزمەتکاری ئاسایی بن نەک خزمی نزیکی شاژن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە دەربارەی شاژنەکە، هەبوونی ئەو سەرەشێرانەیە لەناو گۆڕەکەیدا. چەند سەرەشێری گەورەی ئاڵتوونی بەدوو چاوی کراوە و رەشکراوەوە لەناو چەند رازاندنەوەیەکی تردا ماونەتەوە. زۆرێک جەستەی ژن و پیاو لە گۆڕەکەیدان و بەشێکی ژنەکان ئامێری مۆسیقی وەکوو سازو قیسارە بەدەستەو جوان خۆیان رازاندۆتەوە. پیاوەکانیش ملوانکەو بازن و تاک گوارەیان لەگوێیە ئەمە لەکاتێکدا ژنەکان هەردوو گوێیان گوارەیە بەڵام پیاوەکان خەنجەریان لەکەمەرەو دیارە بۆ بەرگری و پاراستن لەوێ بوون.

لەم گۆڕستانەدا، بۆیەکەمجار دۆزینەوەی کەرەستە و خشڵی لەو شێوەیە لەمیزۆپۆتامیای باشووردا تۆمارکراوە. دۆزینەوەکان بریتی بوون لەکۆتەرەیەکی ئەستوور، خەنجەری ئاڵتوون و پشتێنی ئاڵتوون، خەنجەری لەمینا درووستکراو، چەند چەکی مسیی و هەندێک کەرەستەی پاکەرەوە. گۆڕەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی حکومڕانی یەکەمی ئورو دوو جۆرن. یەکەمیان ئەوەیە لەگەڵ مردووەکەدا شتگەلی گرانبەهاو تەنانەت مرۆڤیش دەنێژرێت بۆ ئەوەی بۆ جیهانەکەی تر لەگەڵی بێت. بۆ نموونە پێکاتەکانی ناو گۆڕێکیان بریتی بوو لەخەنجەری ئاڵتوون و موزایک یاخود سندوقی دەنگ، دوو بزن کەهەر چوار پەلیان کراوەتەوە لەسەر دارێک و بەبەردی مینا رووپۆش کراوە؛ سازو چەڵەمەیەک کە بەشاخی گا رازێندراوەتەوە؛ خشڵ و بەردی بەنرخ و کانزای بەکەڵک؛ گەڵای ئاڵتوونی و هەندێک کەرەستەی کەم بایەختری وەکو قەڵغان و چەک. ئەم جۆرە لەڕێوڕەسم و ناشتنە دەرگایەکی نوێی بەڕووی میزۆپۆتامیادا کردەوە، کولتوورێک کەدەستەبژێرو کەسانی پلەبەرزەکانی هاوشێوەی خوایەک (بەجۆرێک هاوشێوەی فیرعەونەکانی میسر) دەنێژران و رێوڕەسمی ئاڵۆزیان بۆ ئەنجامدەدرا ئەمەش ئاماژە بوو بۆ رەهەندە پیرۆزییەکەی ناشتن لەو کولتوورە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم دۆزینەوانە شوێنەوارناسیی ناوچەکەیان دەوڵەمەندتر کرد بەڵام بەجۆرێک واتایەکی نەرێنی و تووندوتیژانەشیان لەخۆیاندا هەڵگرتبوو کە بوو بەپێناسەیەک بۆ میزۆپۆتامیای خواروو. بێجگە لەو کەرەستە جەنگی و چەکییانە، وێنە هەڵکۆڵراوەکانی سەر دیوارەکان زیاتر پاڵەوانانی سۆمەر بوون کەدوژمنیان راو دەنا؛ پیاوەگەورەکانی سۆمەر بارمتەکانیان لەبەردەم خۆیاندا بەڕووتی داناوە و لەهەڵکۆڵدراوێکدا کە پاشای سۆمەر دەنوێنێتەوە، تێیدا دەستکەوتی جەنگ و بارمتەی جەنگی بۆ دەهێنرێت. بەم شێوەیە لەدۆزینەوەی کەرەستە و دۆزراوەکانی ئەم گۆڕستانەوە دەردەکەوێت کەشارستانیەتی سۆمەر، شارستانییەتێکی پێشکەوتوو و ئاڵۆز و کۆمەڵگایەکی سەربازی بووە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار