هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ و قائیمقامی شارەكە ئاشكرایكرد: هێرشە درۆنیەكەی سەر كۆمپانیای دانەغاز، زیانی مادی هەبوە بەڵام قەبارەی زیانەكان نەزانراوە.

رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ  رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان، لە كاتژمێر نزیك 06:30 بۆ 07:30 دەنگی تەقینەوەیەك بیستراوە، دواتر دەركەوتوە هێرشەکە بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر بووەو بە درۆن کراوە.

وتیشی، هێشتا دڵنیا نین، تا ئێستاش زیانە گیانی و مادییەکان بە رونی نازانرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوە لە روداوەكە و قەبارەی زیانەكان تیمەكانمان راسپاردوە.

هاوکات سەرچاوەیەکیش لەناو کێڵگەکە زانیارییەکانی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند، دەنگێکی بەهێزیان بیستووەو لە ئێستادا ئاگرکەوتۆتەوە و ڕێگە نادرێت کارمەندەکان شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن بەهۆی ئەوەی مەترسی هێرشی دیکە هەیە.

کێڵگەى غازى کۆرمۆر دەکەوێتە سنورى قەزاى چەمچەماڵەوە و لە ساڵى ڕابردووەوە چەندینجار بە موشەک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.

ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار