شیوەنی ئور

8 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

شیوەن یان ماتەم دەربڕینێکی سۆزداری خەم و پەژارەیە، ئەمەش زۆرجار لەشێوەی مۆسیقا، شیعر یان گۆرانی خەمڕەوێندا دەردەکەوێت. دەقی شیوەن، لەناو کۆنترین شێوەکانی نووسیندا هەیەو نموونەی لەناو هەموو کەلتوورە کۆنەکاندا دەدۆزرێتەوە.

شیوەن بۆ ئور یەکێکە لەپێنج دەقی «شیوەنی شار» لەمیزۆپۆتامیا، ئەم دەقانە زیاتر لەزاری مێخوای شارەکانەوە کراوە بەرانبەر بەوێرانبوونی شارەکەیان. شیوەنی شارە کۆنەکانی تری میزۆپۆتامیا بۆ شارەکانی نیپور، ئێریدو، ئوروکە.

«شیوەنی شاری ئور» مێژووەکەی لانیکەم بۆ ٤٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەم دەقە بەزمانی سۆمەری لەدەوروبەری سەردەمی کەوتنی ئور لەلایەن ئیلامییەکان و کۆتایی هاتنی سێیەم شانشینی شارەکە لەنزیکەی ساڵی ٢٠٠٠ پێش زایین نوسراوە.

ئەم شێوەنە لەچوارسەد دێڕ زیاتر پێکهاتووە و باس لەوە دەکات کەچۆن مێخوای شارەکە نینگاڵ، شیوەن و گری بۆ کەوتن و وێرانبوونی شارەکەی دەکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی بێهیوا دەبێت لەوەی داواکەی لەجڤاتی خواکان بەرانبەر بەڕاگرتنی ئەم وێرانەیە قبوڵ بکرێت. لەیەزدانناسی میزۆپۆتامیادا، هەر بڕیارێک و فەرمانێک بەرلە دەرچوونی لەناو جڤاتی خواکان تاوتوێ کراوەو دواتر بڕیارەکە لەلایەن ئینلیلەوە دەرکراوەو بەهیچ شێوەیەک هەڵنەوەشێندراوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بەردەوام مێخواکان و خوا پارێزەرەکانی شارەکان هەوڵیانداوە کەبڕیارەکە رابگرن یاخود هەڵبوەشێندرێتەوە.

هەر لەناو دەقەکەو لەنێوانشیوەن و گریانی مێخواکەدا، هەندێ بەش هەن، کە باس لەساتی دوای وێرانبوونی شارەکە دەکەن و وەک شارێکی خێو وەسفی دەکات، هەروەها، باس لەتوڕەیی خواش دەکات بەرانبەر بەشارەکە، سا بەشێکیشی نزاو داخوازییە لەخواکان تاوەکو شارەکە لەبەڵاو نەهامەتی داهاتوو بپارێزێت.

نینگاڵی مێخوا، هاوژینی خوای مانگ نانا، لەسەرکردەکانی جڤاتی خواکان دەپاڕێتەوە، کەبیرۆکەکانیان بگۆڕن و ئور لەناو نەبەن. داواکارییەکەی بۆ خواکان بەم شێوەیە رووندەکاتەوە:

«بەڕاستی لەبەردەم ئان فرمێسکەکانم رشت و بەڕاستی پاڕامەوە،

من خۆم لەبەردەم ئێنلیل پاڕامەوە: «شارەکەم وێران نەکرێت، پێم گوتن، ئور وێران نەکرێت.»»

وێرانکردنی ئور لەلایەن ئیلامییەکانەوە هاوشێوەی وینەی ئوستورەی هەڵسانی لافاو تۆفانە مەزنەکەیە، لەدەقەکەدا دەخوێنینەوە:

«هاوار، تۆفان لەدوای تۆفان بەسەر خاکەکەدا هەڵیکرد: تۆفانی مەزنی ئاسمان، تۆفانی هەمیشە گرمەدار، ئەو تۆفانە خراپەکارەی هەموو خاکەکەی گرتەوە، ئەو تۆفانەی شارەکانی وێران کرد، ئەو تۆفانەی ماڵەکانی وێران کرد،

... ئەو تۆفانەی هەموو شتێکی باشی لەخاکەکە بڕییەوە».

فەرمانڕەواکانی ئوری سێیەم بەردەوام لەململانێ و جەنگدا بوون لەگەڵ بەرزنشینەکانی چیاکانی زاگرۆس کە لەبەشی باکووری رۆژهەڵاتی میزۆپۆتامیا نیشتەجێ بوون. گرنگترینی ئەم هۆزانە شانشینی هۆزەکانی سیموروم (بەبڕوای هەندێ شوێنەوارناس، شاری سیموروم ناوچەی قەڵای شێروانە، کەلاری ئێستایە) و لولوبی بوون. هەروەها زۆرجار لەگەڵ ئیلامدا ناکۆکییان هەبووە. سا، لەدەوروبەری ٢٠٠٠ پێش زاین، ئیلامییەکان هێرش دەکەنە سەر ئورو کۆتایی بەدەسەڵاتی ئوری سێیەم دەهێنن و ئیبی سینی پاشایان دەستگیردەکەن و دەست بەسەر گەنجینەی پەرستگای ئوردا دەگرن و ناوەندی دەسەڵات لەسۆمەر گواسترایەوە بۆ شاری ئیسین.

ئەرکی ئەم شیوەنانە جگە لەدیووە یەزدانییەکەی کەسروتێکی پیرۆز بووە وەکوو هەموو سروتەکانی تر؛ هۆکارێک بووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەوتنی دەسەڵاتێک یان وێرانبوونی شارێکی گرنگ کە وەکوو برینێکی سەخت و نەگیرساوە لەویژدان و یادگەی گشتیاندا خۆی نەخشاندووە. بەدەربێنیكی تر ئەم شیوەنانە بۆ پاساودانی شکستی گەلێک یان فەرمانڕەواییەک بووە؛ لەسەر دەستی خواکان نەوەک مرۆڤەکان. ئەمەش ئەو کاتە زیاتر روون دەبێتەوە، مرۆڤ بەرانبەر خواکانی خۆی شکست بخوات خۆشترە وەک لەوەی بەرانبەر دوژمنە مرۆییەکەی؛ لەم رێگەوە جگە لەوەی هۆکاری شکستە ناوەکی دەکەنەوە؛ ئەوا باڵاشی دەکەنەوە بۆ ئاستی خواکان. لەئەنجامی ئەم پرۆسەدا کەتێیدا وێرانبوون و کۆتایی هاتن بەدەسەڵاتێک وەکو غەزەبی خودایی دەبینرێت، شکۆی دەسەجەمی و متمانەبەخۆبوونی تاک کەمتر وێران دەبێت و ئاسانتر قەرەبوو دەبێتەوە. جگە لەوەش فەرمانی خواکان هاوشێوەی فەرمانی سروشت بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ بینراوە؛ واتە لەدەسەڵاتی تاک بەدەرە. هەموو ئەمانە وا دەکات شێوەن خەمڕەوێن بێت و یارمەتییان بدات لەوەی زیاتر بەرگەی بگرن.

شتێکی تر کە پێمباشە لەکۆتاییدا ئاماژەی پێبدەم ئەویش نووسینەوەی ئەم شیوەنانەیە کە لەڕوانگەی دەسەڵاتی فەرمانڕەواوە نووسراوەتەوە، هەردەم لەم جۆرە دەقانەدا قێزەون پیشاندانی ئەویتری نەیار و بەدێوکردنی دەگات بەلووتکە؛ واتە هەموو کردەیەکی قێزەون و قەبوولنەکراو بەگوێرەی ئیپستمی خۆیان دەدەنە پاڵ نەیارەکەیان تاوەکوو بەهەموو جۆرێک لەدیووە مرۆییەکەی دایبماڵن و بۆ هێرشی پێچەوانەی خاپوورکەر خەڵکەکەی خۆیان ئامادە بکەن. بەنموونە ئەم شێوەنەی شاری ئوور هەمان روانگەی بەرانبەر ئیلامییەکان تێدا نووسراوەتەوە کەگوایە ئیلامییەکان شارەکان و ماڵەکان و هەموو شتێکییان وێران کردووەو لەڕاستیدا بەو جۆرە نەبووە، راستە هێرش دەکەنەسەر ئورو کۆتایی بەدەسەڵاتەکە دەهێنن بەڵام تەنیا کاریان بەسەر کەرتی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەبووەو کەرتەکانی تری ژیان وێران نەکردووە. جگە لەوەش چەند ساڵێک پێش هێرشی ئیلامییەکان، بنەماڵەی ئوری سێیەم هێرش دەکەنەسەر سوسای ئیلامییەکان و وێرانی دەکەن. ئیلامییەکان راستە ئەزەلنەیاری میزۆپۆتامیای خوارووبوون و ئەوانیش بۆ ئیلامییەکان هەمان شت بوون و بەدرێژایی سێ هەزار ساڵ هێرش لەنێوانیاندا روویداوە، بەگوێرەی بەڵگە مێژووییە ئارکۆلۆژی-تەوەرەکان هەمیشە میزۆپۆتامیای خواروو توندوتیژترو وێرانکارتر بوون بەتایبەت لەئوری سێیەمەوە بەرەو پێش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار