سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى فتواى هه‌رێم بۆ ‌هاوڵاتی: ئه‌وانه‌ى مزگه‌وته‌کان ته‌سلیمى سه‌له‌فییه‌کان ده‌که‌ن؛ رۆژێک دێت ئه‌ژنۆى خۆیان ده‌گه‌زن

پرۆفیسۆر حه‌سه‌ن موفتى: بیرى سه‌له‌فیه‌ت نامۆیه‌ به‌واقع و راستیه‌کانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام و کورده‌واریی

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

 

پرۆفیسۆر حهسهن موفتى، سهرۆکى ئهنجومهنى باڵاى فتواى ههرێمى کوردستان لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتی دا وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە کەئاڕاستەی ئهنجومهنى باڵاى فتواى ههرێمى کوردستان دەکرێت لەسەر چەند فەتوایەک کە بەم دواییانە دەریانکردووە.

هەروەها رەخنەش لە دەسەڵاتداران دەگرێت کەمزگەتەکانیان رادەستی سەلەفیەکان کردووەو دەڵێت رۆژێت دێت ئهژنۆى خۆیان دهگهزن، چونکە بەبڕوای ئەو سەلەفیەت بیری توندڕەوی و تەکفیریی بەرهەمدەهێنیت و داعشیش ئەو فکرەیە جێبەجێ دەکات.

پرۆفیسۆر حهسهن موفتى  دهڵێت «بیرى سهلهفیهت نامۆیه بهواقع و راستیهکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام، نامۆیه بهنهریتى کوردهوارى و نامۆیه بهچوارده سهده لهمهوبهرو توندڕهون و بیرێکى توندڕهون و مهترسییان زۆر زیاتره«.

لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا پرۆفیسۆر حهسهن موفتى لهبارەی پرسى خهتهنهکردنى مێینه، دەڵێت «ئهمه شتێک نیه لهئاینى پیرۆزى ئیسلامدا هەبێت، هیچ گرفتێکى تێدانیه که مێینە خەتەنە نهکرێت».

هاوڵاتی: ئایا ئهو فتوایهى ئهم دواییه دهربارهى شۆفێرى تاکسى قسهى خهڵک بوو یان بۆ ئهو فتوایهتان دا لهم کاتهدا؟

دکتۆر حهسهن موفتى: ئهو پرسیارانه کراوهو ههندێک کهس ههبووه و تهحهڕوش کراوهو زۆر بوون و سودى بهکارهێنانى شۆفێرى پیشهى تاکسى کراوهو له لهسهدا 99یان  رێکوپێکن، بهڵام چهم بێ چهقهڵ نابێت، ئهو یهکهش دهبێتههۆى ئهوهى ئهو پیشهیه ناشرین بکرێت، بۆیه خهڵک پرسیارى کردووهو نموونهى پێشتر ههبووه کهئافرهتێکى بیانى تهحهروشى پێکراوه، ههربۆیه کهبتوانن بیانیهک کهڕێزى زیاترى ههیه، کراویشهو پرسیارێکى زۆرمان بۆ هاتووه لهلقهکانهوهو وهڵاممان داوهتهوه به روونى باسمان کردووه لهچ حاڵهتیکدا حهرامهو لهچ حاڵهتێکدا حهرام نیهو ئهم فتوایه ههڵقوڵاوى بهرژهوهندى ئافرهتان بووهو گهڕانهوهى رێزو شکۆ بووه بۆ ئافرهتان و لهبهر خاترى ئهوان کردوومانه.

هاوڵاتی: ههر خانمانن که گلهیتان لێدهکهن؟

دکتۆر حهسهن موفتى: خانمان سێ بهشن، زۆربهیان لهسهدا 99یان مرۆڤی رێکوپێکن و رۆشنبیرن و خانم ههیه زۆر پێى باشه، ئهوانهى بهخهم حهیاى خۆیانهوهن تێدهگهن له روونکردنهوهکهى ئێمه، بهشێکى کهمیشى ئهوانهى که رهخنهیان ههیه، دهبن بهدوو بهشهوه، چاویان بهرایى نایهت بهرامبهر ئایین و شهریعهتى ئیسلام و ههرچۆنێک باسى بکهیت ههر دژى دهوهستنهوه، بهشهکهى تریش نهیخوێندۆتهوه، ههر لهخۆیهوه رهتیدهکاتهوهو نهچوونهوه سهر روونکردنهوهکه، ههندێکیش بازاڕهکهى نامێنێت، بۆیه ئهوانه پێیان ناخۆشهو ئیعتراز دهگرن و نایانهوێت بڕیارێکى ئاوا.

هاوڵاتی: هاوڵاتیان لهههرێمى کوردستان لهکهرتى تایبهت و گشتى کاردهکهن و لهدهرهوهن ، پێتان وانیه دهبوایه ئهو فتوایه گشتى بوایه؟

دکتۆر حهسهن موفتى: پرسیارهکان که بۆ ئێمه هاتووه زیاتر  کێشهى شۆفێرى تاکسى بووه و گرنگترین و دیارترین دیاردهیهو ئهگینا لهپاسیشدا لهوانهیه ههبێت.

هاوڵاتی: پێتان وایه تهحهروش لهزۆر شوێن ههیهو بڵاوبۆتهوه؟

دکتۆر حهسهن موفتى: تهحهروش وهخته بڵێم لهحاڵهت دهردهچێت بۆ دیارده، لهناوهنده ئهکادیمیهکان و ناوهندهکانى خوێندن، لهههموو ئاستهکاندا تادهگاته زانکۆش ههیهو  تهحهروش ههیهو بێزارکردنى  ئافرهتان ههیهو لهوانهیه ههشبێت ئافرهت پیاوان بێزار بکات.

هاوڵاتی: لهههرێمى کوردستان کابینهى نۆیهم دهستى کردووه بهچاکسازى و قسهی که ههیه کهدهوترێت ئهنجومهنى باڵاى فتوا خهریکى شتى لاوهکى دهبێت، ناچنه سهر سهرهکیهکان و گهندهڵى یان دزى موڵک و ماڵى خهڵکى حهرام ناکهن، قسه لهگهڵ موچهى فهرمانبهران ناکهن؟

دکتۆر حهسهن موفتى:  مهسهلهى گهندهڵى سهلیقهیهو ههموو کهسیش دهزانێت حهرامهو منداڵێکیش دهزانێت،  فتوا بۆ شتێکه کهشاراوه بێت لاى خهڵک، هۆشیارى پێویستهو یاویشمانه، بهردهوام داومانه بهناوهندهکانى خۆمان و  نزیکهى (پێنج) ههزار ئهنداممان ههیهو بهشێکه لهکارهکهى ئێمه و له رێگهى رۆژنامهى  هاوڵاتیشهوه داوا دهکهین کهههر لایهن و کهسێک و دهستهى نهزاهه بێت و دهستخۆشیان لێدهکهین که کهیسێکى گهندهڵى باس بکات و  ههرکهس کهههر پێگهیهکى ههبێت بهیاننامهمان لهسهر گهندهڵى ههبووهو فتوایهکمان بهدهستهوه بۆ پاڵپشتى ههنگاوهکانى حکومهت و رهحم بههیچ کهس و حزب و دهسهڵاتێک ناکهین و چ کهیسێک ههیه.

هاوڵاتی: لهسهر پرسى رۆژئاوا فتواتان ههبوو،  واته کوشتنى کوردتان حهرام کرد؟

دکتۆر حهسهن موفتى: ئێمه بهشێکین لهیهکێتى زانایان و بهیاننامهى ئیدانهمان بڵاوکردۆتهوهو یهکهم کهس بووین و  لهپێش زۆرێک لهشوێنهکانهوهو حهراممان کردو وتمان ئیستیغلالى دینى کردووه و  شتمان لهسهر بڵاوکردۆتهوهو وهک بهعس کهئیستیغلالى ئاینى پیرۆزى ئیسلامى کردبوو،  ئهردۆغانیش واى کردووهو سهرکهوتوو نابێت تیایدا.

هاوڵاتی: بۆ نمونه ههموو حهدهسێک مامۆستایانى ئاینى لهکاتى رووداوهکهدا باسى بکهن؟ واته بۆ نمونه چیتان به کابینهى حکومهت وتووه که (100) رۆژ  بهرههمى خۆیان راگهیاند؟بۆچى لهگهڵ واقعدا و لهڕۆژدا فتوا دهرناکات؟

دکتۆر حهسهن موفتى:  گهندهڵى دهچێتهوه سهر سهلیقهو کێشهى کارهبا دهچێتهوه سهر خواردنى مافى هاوڵاتیان، ئهم فتوایه گرنگتره، بۆ پارێزگارى لهشهرهف و ناموس و کهرامهتى ئافرهت،  ئهمەیان گرنگتره  چونکه ئهولهویەتیان لەئایینى ئیسلامدا بریتیه لهپێنج شت،  پارێزگارى لهدین، شهرهف و ئهقڵ و ناموس و سهروهت و سامان.

هاوڵاتی: لهههولێر و سلێمانى دیسکۆ ههیه، خهڵک دهچێت و سهردانى دهکات، بهئاشکرا ههیه، پێتان وانیه ئهمه گرنگتره لهوروژاندنى باسی سەرکەوتنى ئافرهت لهتاکسی؟

دکتۆر حهسهن موفتى: پێویسته ئێمه ههموو کهیسێک رابگهیەێنین بهئاشکرا؟ تۆ چوزانى که تهنسیقمان نیه لهگهڵ وهزارهتى پهیوهندیدار و وهزارهتى ناوخۆو  کێ دهڵێت ئهوان پرسیاریان نهکردووهو تهداخولاتمان نهبووه، بهڵام مهرج نیه ههموو شتێک رابگهیهنرێت، دیسکۆ له روانگهى شهریعهتى ئیسلامهوه حهرامهو شکى تێدانیه، پێویسته کۆمهڵێک پرسیار بێته لاى ئێمهو لێی بکۆڵینهوهو بزانین ههیه ئینجا فتواکه بدهین، تائێستا کهسێک پرسیارى نهکردووه، بهڵام ههندێک شت ههیه پرسیارى ناوێت و ههموو کهس دهزانێت حهرامه و قومارخانه و دیسکۆو ههمووی حهرامه و کۆمهڵگاى ئێمه  رۆشنبیرهو ئهو شتانه نامۆیه دهزانن که حهرامه، ئێمه نهچووینه ناو ئهو وردهکاریهوه چونکه دهزگایهکى قهزایى نین، داوامان نهکردووه، چونکه پرسیارهکان نهگهیشتۆته لاى ئێمهو کهس گومانى نیه لهحهرامبونى و وهزارهتى ناوخۆ جارجار دهدات بهسهر ئهو شوێنانهداو چاودێرییان دهکات، بهڵام لهمستهواى ئێمهدا نیهو دهزگایهکى دادوهرى و قهزاى نین، چونکه داواکردن کاتێکه که پرسیارهکه بێت چونکه کههات پێویسته بزانین لهناو موسڵماندا ههیه یان لهناو مهسیحیهکان ، چونکه جیاوازیمان ههیه و فتواکان جیاوازن.

هاوڵاتی:  خهڵکێک لهههرێمى کوردستان موسڵمان دهبن بهمهسیحى و زهردهشتى، واته بهمهسیحیبون بهردهوامه؟ ئهمه ئاساییه؟

دکتۆر حهسهن موفتى: بێگومان ئاسایى نیه و دووپاتى دهکهینهوه، کهکوردستان له 16ی کۆچییهوه  بهبێ هیچ زۆریهک بۆته موسڵمان و خۆى بووه به موسڵمان و نه بهشمشێر بووه به موسوڵمان نه له رێگهى بازرگانیهوه، ههر لهسهر ئهو ئهساسهشه  کهماوهتهوه، ههر ئێستاش وهک ئهوهى کهئهردۆغان تهمسیلى ئیسلام ناکات و تهوجیهى هیچ رێکخراوێک ناکهین کهپشگیرى ئهوه بکات، بهتایبهت لهدانیشتنهکانى خۆماندا باسمان کردووهو وهزارهتى ناوخۆو داد، مهترسى ئهو حاڵهتانهمان بۆ باسکردون و پێمان راگهیاندوون، مهترسى ئهو حاڵهتانه، نهشمان کردووه بهوهى کهکهسێک واز له ئاینهکهى بهێنێت ئێمه سزاى بدهین، چونکه مانهوه لهسهر موسڵمانى یان موسڵمان بوون شتێکى ئیفکارییه و ئینکارى لهدیندا نیه،  ئێمه سیاسهتێکى داعشیزممان نیه پهیڕهوى بکهین.

هاوڵاتی: بهشێکی زۆر لهمزگهوتهکانى ههرێمى کوردستان دراون بهمهلا سهلهفیهکان لهلایهن یهکێتى و پارتییهوه، پارته ئبسلامیهکانیش پێیانوایه ئهمه بۆ دژایهتى ئهوانه، تۆ چهند لهگهڵ ئهوهى مزگهوتهکان بهسهلهفیهکان راسپێردرێن؟

دکتۆر حهسهن موفتى: ئهگهر وابێت، تاڵاوى ئهو ههنگاوه یهکێتى و پارتى دهیچێژێتهوه، که پارتى و یهکێتى مساوهماتیان کردبێت بۆ ئهوهى مزگهوتهکان تهسلیمى سهلهفیهکان بکرێت، یان سهلهفیزم بهرجهسته بێت لهکوردستاندا، ئهمڕۆ بێت یان بهیانى ئهژنۆى خۆیان دهگهزن، لهو رووهوهى ئهو بیرى توندڕهویه داعش بهرههمدههێنێت، بهڵام داعشهکان چهکدارن، ئهمانهش خهڵکیان بۆ دهنێرن، چونکه فکرهکه وهک یهکهو ههر یهک ئاڕاستهیه، یهک ئایدۆلۆژیایه و ئایدۆلۆژیایهکى تەکفیریه و قبوڵى نیه بێجگه خۆى  کهسى تر ههبێت لهسهر شتى زۆر بهسیت خهڵک دهکوژێت.

هاوڵاتی: پێتان وایه سهلهفیهکان مهترسی بن وهک ئهوهى حزبێکى ئیسلامى کهنوێنهریان ههیه لەپهرلهمان؟

دکتۆر حهسهن موفتى: بێگومان هیچ گومانى تێدانیه، ئهو بیره توندڕهوه تهکفیرییه، مهترسیداره، بهڵام پارتێک خۆى راگهیاندبێت و بهرنامهک دیاربێت و خۆى ناسراوبێت، کارى سیاسى بکات و به رهزامهندى حکومهت هیچ جۆره مهترسیهکى نابێت، مهگهر  ئهو پارته ئیسلامییه خۆى لهناخیدا باکگراوندێکى سهلهفى ههبێت.

هاوڵاتی: پێت وایه کۆمهڵ و یهکگرتوهکان باشترن کهبانگخوازى مزگهوتهکان بن یان سهلهفیهکان؟

دکتۆر حهسهن موفتى: بێگومان بیرى سهلهفیهت نامۆیه بهواقع و راستیهکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام، نامۆیه بهنهریتى کوردهوارى و نامۆیه بهچوارده سهده لهمهوبهر و توندڕهون و بیرێکى توندڕهون و مهترسیان زۆر زیاتره،  بێگومان کۆمهڵ و یهکگرتوو باشترن بۆ بانگخوازى مزگهوتهکان بهمهرجێک باکگراوندهکهیان سهلهفى نهبێت.

هاوڵاتی: پێتوانیه کاتى ئهوه هاتووه مهلاکان باسى ئهو واقعه بکهن که روویداوه؟

دکتۆر حهسهن موفتى: بهرنامهى ئیسڵاحى وتارمان ههیهو پێشکهشى وهزارهتى ئهوقاف کراوهو هاریکاریان بووین بۆ چاکسازى لهوتارهکاندا و  ههندێک وتار شایستهى ئهوه نیهو خهڵکێک ههیه تووشى مهلهل دهبێت و ههندێک مزگهوت ههیه کهههر پێویست ناکات، بۆیه پێویسته وهزارهتى ئهوقاف و دهزگا ناوهندهکان ههڵسن بهوهى کهچاکسازییهک  بکهین و وابێت و وتارهکان هاوچهرخ بن و هاوچهرخیش پێویسته.

هاوڵاتی: رێکخراوێکى ناحکومی ههیه  کهکار لهسهر خهتهنهى مێینه دهکات، لهسهر ئهم پرسه داواتان لهدایکان و باوکان کردووه کهچۆن مامهڵه بکهن؟

دکتۆر حه‌سه‌ن موفتى: له‌پرسى خه‌ته‌نه‌کردنى مێینه‌، ئه‌مه‌ شتێک نیه‌ له‌ئاینى پیرۆزى ئیسلام، ببێته‌ کێشه‌یه‌ک و ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌موسته‌هه‌قه‌و  خوار سوننه‌تیشه‌، هیچ گرفتێکى تێدانیه‌ که‌نه‌کرێت، ئه‌وه‌ى که‌ نه‌شیکات هیچ گرفتێکى تێدانیه‌، پێشمان باشه‌ که‌نه‌کرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار